زۆربه‌ی كات له‌مێژوودا گۆڕانكارییه ڕیشه‌ییه‌كان، ئه‌و كه‌سانه كردویانه، كه له‌ته‌واوی پرس و دیارده‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌دا بونێكی هه‌قیقی یان هه‌بووه، به‌رده‌وام كلیكیان له‌سه‌ر فۆڵده‌ره په‌ی پێ نه‌براوه‌كان كردووه، هیچ كات له‌گۆشه‌یه‌كی نه‌گۆڕدا ئۆقره‌یان نه‌گرتووه‌و بوه‌ستن، به‌ڵكو هه‌میشه له‌گومان و له‌گه‌ڕاندا بوون به‌دوای فۆڕمێكی باشتر له‌ژیان. چونكه به‌سروشت پرۆسه‌ی دیموكراسیه‌ت كاتێك ده‌ست پێده‌كات كه ڕۆشنبیره‌كان به‌ریه‌ك بكه‌ون. ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یبینین پێچه‌وانه‌یه، بۆنمونه:له‌كۆدا بونی پلۆرالیزمی سیاسیی و ده‌سته‌جه‌معی هه‌ڵگری مه‌غزایه‌كی باش بووه بۆ كۆمه‌ڵگه. به‌واتایه‌كی تر تا خلۆر بینه‌وه ناو باسه‌كه بونی ئۆبۆزسیۆن باشتره له‌نه‌بونی، به‌ڵام ئه‌مه سنورێكی هه‌یه، ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه به‌بێ ڕه‌خنه به‌سه‌رماندا تێپه‌ڕبن، ئه‌وه‌شی وا ده‌كات كاراكته‌ره‌كانی هه‌نده‌ران و ده‌ره‌وه پتر ئه‌م پرسه بجوڵێنن له‌وانه‌ی ناوخۆی كوردستان، یه‌كه‌م: ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه سه‌ربه‌خۆن و له‌سه‌رپێی خۆیان وه‌ستاون، بێباكن له‌مادده. دووه‌م: بێ باكن له‌و ئابڕوبردنه كۆمه‌ڵایه‌تی و هێرشانه‌ی ده‌كرێته سه‌ریان. به‌پێچه‌وانه‌وه له‌كوردستان هه‌ر كه ڕه‌خنه‌ت له لایه‌نێك گرت، ئیتر ده‌چیته لیستی ڕه‌ش یان خۆڵه‌مێشیه‌وه له‌میدیای ئه‌و حزبه. به بێ ماسك ئه‌م نوسینه مه‌به‌ستیه‌تی پرسیار له‌ئۆپۆزسیۆنێكی ئیسلامی بكات، هه‌ر به‌ڕاست ئیسلامی سیاسیی و دیموكراسیی دوانه‌ن؟. ئایا ئیسلام یه‌كسانه به‌دیموكراسیی و ده‌عوه‌ی ئیسلامیش له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت تێكه‌ڵ و ڕاسته‌وانه‌ن؟؟. ده‌مێكه سه‌رمه‌خورێت ئه‌م پرسه لاقه بكه‌م، به‌ڵام ڕاستی یه‌كه‌ی وه‌ك ئیمامی عه‌لی ده‌ڵێت: به‌بۆنه‌ی ووتنی ڕاستی و قسه‌كردنه‌وه، دۆستمان به‌خۆمانه‌وه نه‌هێشت!!".
له‌ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، هێزه ئیسلامییه‌كان دیوارێكی ڕاگریان له‌نێوان هونه‌رو موَسیقاو بون یان نه‌بونی ته‌له‌فزیۆن له‌گه‌ڵ ئیسلامدا دروست كردبوو، له‌لایه‌كی تریش به‌كۆی ڕاو بۆچونیان " دیموكراسیه‌ت كوفربوو"!!. هاتنه ده‌ره‌وه‌ی ئافره‌ت له‌ماڵه‌كانیان، وه به‌شداری سیاسی یان حه‌رام بوو، ئێستا ئیسلامیه‌كانی كوردستان هاوارده‌كه‌ن " ئه‌جێنده‌مان دیموكراسییه!!". ئایا شتێك هه‌یه له‌چوارچێوه‌ی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی‌دا ده‌ساڵ پێش ئێستا كوفر بوبێت و ئێستا حه‌ڵاڵ و به‌رنامه‌ی ژیان بێت؟؟. یان دیموكراسییه‌ت ئه‌و په‌یژه‌یه‌یه كه زۆربه‌ی نوسه‌ره سیكۆلاره‌كان، له‌به‌رایی كتێبه‌كانیان وای ده‌ناسێنن كه ئیسلامیه‌كان به‌سه‌ریدا سه‌رده‌كه‌ون، دواجار په‌یژه‌كه له‌گه‌ڵ ده‌ستی خۆیان ڕاده‌كێشن، تاكه‌سی تر سه‌رنه‌كه‌وێت!!. ئایا ئه‌م هێزانه دین له‌گه‌ڵ خه‌ڵك ده‌گونجێنن یان خه‌ڵك ڕاده‌كێشن بۆ بازنه‌ی ئیسلامی؟؟. ئه‌گه‌ر بڕیاره ئیسلامی سیاسیی ئه‌و شوناسه هه‌ڵبگرێت كه كۆمه‌ڵێك بیر‌و باوه‌ڕو ئامانجی دیاریكراوه، سه‌رچاوه‌كه‌ی شه‌ریعه‌تی ئیسلامییه، وه سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌م شه‌ریعه‌تی ئیسلامییه‌ش، قورئان و فه‌رمووده‌ی سه‌حیحن. ئه‌وه‌نییه. وه ئه‌گه‌ر بڕیاره قوتابخانه‌ی ئیسلامی یه‌كێكه له‌و (4) قوتابخانه‌یه‌ی كه ئێستا له‌جیهاندا هه‌ر سیسته‌مێكی سیاسیی وه‌ك باكگراوه‌ندێكی ئایدۆلۆژی پشتی پێده‌به‌ستێت. بۆچی ڕوونی ناكه‌نه‌وه چۆن له‌كێڵگه‌ی ئیسلامی‌دا دیموكراسیی سه‌وز ده‌بێت؟. دیموكراسیی وه‌ك گشت، نه‌ك پارچه‌یه‌كیم قبوڵه‌و ئه‌وه‌ی تر فڕێ ئه‌ده‌م، ئه‌مه تۆ به‌رهه‌مت نه‌هێناوه تا ناوه‌كه‌ی بگۆڕیت، ئه‌گه‌ریش دیموكراسیه‌ت ئامرازی په‌یژه‌كه‌یه بۆ فریودانی خه‌ڵك. له‌كوێی ئیسلامدا فریودان و خه‌ڵه‌تاندن ڕێگه پێدراو و موباحه؟؟. فاكت ئه‌وه‌یه دیموكراسیه‌ت وێڕای هه‌ندێك زیان و نیگه‌تیڤییه‌كانی، تا ئێستا باشترین فۆڕمه كه مرۆڤایه‌تی پێی گه‌یشتووه، ته‌نانه‌ت كه‌سێكی وه‌ك ئیمام خومه‌ینی وتویه‌تی " ئه‌گه‌ر خۆمان هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێنین، له‌دیموكراسیه‌ت باشترمان ده‌ست ناكه‌وێت". ته‌نانه‌ت له‌ڕووی مێژووییه‌وه دیموكراسیه‌ت زۆر له شارستانییه‌تی ئیسلامی كۆنتره، كاتێك به‌و هێڵه مێژووییه‌دا دێت تاده‌گاته دوای سه‌ده‌ی شانزه، له‌گه‌ڵ لیبراڵیزم یه‌كده‌گرێت و لیبراڵ-دیموكرات دروست ئه‌بێت، ئه‌ی بۆچی ئیسلام- دیموكرات دروست نه‌بو، وه ناشبێت. ئه‌و وڵاتانه‌ی ئێستا له‌جیهاندا پاڵپشتن به پارادایم یان زانینگه‌ی لیبراڵیزم، پێشكه‌وتنی دیموكراسییه‌ت تیایاندا به‌رچاوه، ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌شی سیسته‌مێكی به‌ناو ئیسلامی تێدایه، داهێنان ده‌كه‌ن له تراژیدیا‌و پێشێلكاریی، پێمان بڵێن ئه‌گه‌ر دیموكراسیه‌ت كوفره‌كه‌ی نه‌وه‌ده‌كانه، ئه‌ی بۆ ئێستا موماره‌سه‌ی كوفر ده‌كه‌ن؟؟.
له‌ڕاستی دا، ده‌نگی ڕه‌سه‌نی ئیسلامی ئه‌و ده‌نگه‌یه كه‌ده‌ڵێت خودا فه‌رموویه‌تی: پیاوان باڵاده‌ستی یان به‌سه‌ر ژنانه‌وه هه‌یه. ئه‌گه‌ر بڕواتان به‌مه‌یه چۆن ژنێك ده‌بێته ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و پیاوێكیش له‌به‌رده‌ستی دا كار ده‌كات؟. ئه‌و ده‌نگانه‌ن كه نایشارنه‌وه ئیسلامێك، ئیسلام بێت دیموكراسیه‌تی قبوڵ نییه. ئاخر گرفتی جیهانی ئیسلامی له‌وه‌دایه كه نازانن ده‌عوه بكه‌ن یان سیاسه‌ت؟. فۆڕم و هونه‌رو ئه‌زموون و ئامرازی سیاسه‌ت و دیموكراسیی جودایه له‌گه‌ڵ بانگه‌وازیی ئیسلامی‌دا، كه‌ئه‌مانه‌ی میسر‌و كوردستان تێكه‌ڵیان كردووه. تۆ بڵێی خه‌ڵكی له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه ده‌نگ به لایه‌نێكی ئیسلامی بدات، كه ده‌یخه‌نه به‌هه‌شت، یان له‌پردی سیرات شه‌فاعه‌تی بۆ ده‌كه‌ن، یاخود ده‌نگ و خواستی خه‌ڵك ده‌سته‌به‌ركردنی ژیانێكی دونیاییه و خوازیاری نان و ئازادی و یه‌كسانین. ئه‌گه‌ر بڕیاره دیموكراسیی سیسته‌می حوكمڕانی بێت، ئه‌وا گیانی دیموكراسی و فره‌یی و ئۆپۆزسیۆن بوون، ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵاته. له‌وه ده‌چێت ته‌نها له دێڕی (ئاڵۆگۆڕی ئاشتی یانه‌ی ده‌سه‌ڵات) دا، ئیسلامیه‌كانی كوردستان دیموكراسیی كورت بكه‌نه‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش باروه‌ڕیان پێی بێت كه بۆ گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات باشه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
