به‌شه‌ریه‌ت، دواقۆناغی گرنگ كه‌بۆخۆی ده‌سته‌به‌ر كردووه پێشكه‌وتنی زانسته، زانست به‌واتای هه‌رشتێكه كه بواری توێژینه‌وه‌ی تیادا هه‌یه، كه‌نه‌خۆشێك لای پزیشك ده‌ڵێت: كێشم دابه‌زیووه، زیاد هه‌ست به‌تینوێتی ده‌كه‌م، پێستم ئازاری هه‌یه‌و ووشك ئه‌بێته‌وه، بێتاقه‌ت ده‌بم به‌هه‌رشتێك، یه‌كسه‌ر دكتۆریش، ده‌ڵغه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌چێت: ئه‌م هاوڵاتییه تووشی شه‌كه‌ره بووه. ئاوهایه یه‌ك كۆی یه‌ك له‌ماتماتیكدا ده‌كاته (دوو) ئیتر قفڵدراوه‌و پێویست به‌قسه‌له‌سه‌ركردن ناكات. سیاسه‌تیش له‌و بوارانه‌یه په‌یوه‌ندیی به‌هه‌رشتێكه‌وه هه‌یه. ماتماتیكزانین بۆ سیاسه‌توان و توێژه‌ران به‌قه‌د ووزه گرنگه له‌زانستی فیزیادا، به‌مانایه‌كی تر ده‌بێت به (س، ێ) ێك، شته‌كانی كه‌بدۆزیته‌وه، كاتێك سێگۆشه‌یه‌ك دوولای زانراوی هه‌یه، لاكه‌ی تر نه‌زانراوه، به‌دراوو داواكراو ده‌توانیت بیسه‌لمێنی لاكه‌ی تر چه‌نده؟. له‌سیاسه‌تیشدا به‌دراوه سیاسیه‌كان ده‌توانیت ئه‌وه بزانیت كه لێت داواكراوه‌و نه‌زانراوه.
ئه‌و كه‌وچكه‌ی دیموكراسیه‌تی پێده‌پێورێت، پێودانگی پارتیه‌كان نییه. هی منیش نییه، هی ئه‌وانه‌ش نییه كه‌پارتی لایوایه په‌نجاساڵه شه‌ڕی ئیراده‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن. به‌ڵكو دیموكراسیه‌ت شوناس و پێوه‌ری خۆی هه‌یه، ئه‌لف و بای دیموكراسیه‌ت بریتی یه له (بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان) كه مۆنتیسكۆ (1689- 1755) یه‌كه‌م كه‌سێكه لێی دواوه. به‌وپێیه‌شی باشترین فۆرمێك وێڕای سلبیاته‌كانی تا ئێستا مرۆڤایه‌تی پێی گه‌یشتووه (دیموكراسیه‌ته) هه‌مووان له‌سه‌ری كۆكن، (3) مه‌رج وه‌ك بنه‌مای سه‌ره‌كی دیموكراسیه‌ت دانراوه، كه بریتین له: دادگایه‌كی سه‌ربه‌خۆ، هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد، ماف و ئازادییه گشتی یه‌كان.
به‌بێ بونی یه‌كێك، له‌و سێ پێكهێنه‌ره سه‌ره‌كییه، دیموكراسیه‌تێكی ئیفلیج ده‌سته‌به‌ركراوه، ئه‌وسا دادی كۆمه‌ڵایه‌تی و پرسی دادگه‌ریی دێته‌پێش، لای ئێوه عه‌داله‌ت چی یه؟؟. ئه‌وه نییه ئێوه باسی ده‌كه‌ن!. عه‌داله‌ت: ته‌نها بریتی له‌دانانی هه‌موو شتێكی شیاو له‌وشوێنه‌ی ئیستحقاقی هه‌یه. به‌م پێ یه نازانین، پارتی دیموكراتی كوردستان له‌كوێی دیموكراسیه‌ت و دادگه‌رییدایه؟؟. ئێستا كوردستان له‌بری ئه‌وه‌ی بكرێته یه‌ك ئیداره، كراوه‌ته چوار ئیداره كه‌خۆی هه‌رێمێكه!!. پارتی پشكی شێری هه‌یه له‌م دابه‌شكردنه‌ی ناوچه‌كانی كوردستان، له‌وه‌ده‌چێت باشترین هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆپارتی ئه‌وه بێت كه‌ترسی له‌دیموكراتی و دادگه‌ریی هه‌یه، ئه‌گه‌رنا چ مه‌عقوله (هه‌رێمی سه‌وز و هه‌رێمی زه‌ردو هه‌رێمی كه‌ركوك و ناوچه دابڕاوه‌كان و هه‌رێمی قه‌ندیل) هه‌بن!!. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ پارتی لێی ده‌ترسێت و پلانی هه‌یه بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی پێش هه‌رشتێك خۆی باجه‌كه‌ی ئه‌دات، چونكه جارێكی تر پارتی پێمان ده‌ڵێته‌وه، كه ئه‌و حه‌وسه‌ڵه‌ی ئازادیی و ڕه‌خنه‌گرتن و لێپێچینه‌وه‌ی نییه، پارتی له‌شه‌ڕو ئاشتی دا گه‌شه ئه‌كا، به‌ڵام هه‌رگیز پارتی و ناوچه‌ی زه‌رد، له دیموكراسیه‌ت و چه‌سپاندنی ڕای ئازاد‌و شه‌ریكه‌به‌شی هه‌قیقی دا گه‌شه‌ناكه‌ن. له‌گشت تیۆره هاوچه‌رخه‌كاندا هێزو جه‌مسه‌ره سیاسیه‌كان به‌بێ مێژوو نابن، به‌ڵام له‌سه‌ر مێژووش ناژین، هه‌موو ئه‌مانه پێمانده‌ڵێن: پارتی نایه‌وی بچێته ژێرباری جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان و چاكسازیی ڕیشه‌یی له‌هه‌رێمی كوردستان، جگه‌له‌وه‌ی به‌رده‌وام قه‌یرانێك بۆشاردنه‌وه‌ی قه‌یرانێك دروست ده‌كات و، له‌سه‌ر په‌تی ئیقلیمی و په‌یوه‌ندی دیبلۆماسیی-ئابوریی یاری ئه‌كات. تۆبڵێی كه‌سێك له‌پارتیدا شاره‌زای سیاسه‌ت و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه بێت، ئه‌وه نه‌زانێت كه بارودۆخی ناوخۆیی دروست سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندیه ده‌ره‌كیی دروست پێشكه‌ش ئه‌كا!!. دروستی و نادروستی دۆخه‌كه لای پارتی په‌یوه‌ندیی به‌جێبه‌جێكردنی (28) خاڵی سه‌رای ئازادییه‌وه بوو، نه‌یانكرد، پاكیجه‌كانی ئۆپۆزسیۆنیان شارده‌وه، خاڵه‌كانی په‌رله‌مان چوون به‌حه‌وایا، خاڵه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم جێبه‌جێ نه‌كران. !!. كه‌یسی شه‌ڕی ناوخۆ و (17) شوبات به‌هه‌ڵواسراوی له‌سه‌ری ماوه‌ته‌وه، قسه‌كردنیش له‌ڕای ئازاد‌و دیموكراسیه‌ت و دانانی شتی شیاو له‌شوێنی شیاو به‌بێ گڵۆپه سه‌وزه‌كه‌ی جه‌ماعه‌ت بڤه‌یه!!. ئه‌ری ئه‌م ماشێنه تاكوێ بڕ ده‌كات. ؟.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
