هه‌رچه‌نده، بیری ماتماتیكیانه‌ی خۆت بخه‌یته كار‌و، ته‌ته‌ڵه‌ی سیاسی، ئابوری، مه‌زهه‌بی مێژوویی، بكه‌یت، ئاینده‌ی عێراق، له‌سێ ڕێگه تێپه‌ڕ ناكات، له‌به‌رده‌م (3) هه‌ڵبژاردندا وه‌ستاوین و ده‌وه‌ستین، كه شتێكی تر نییه له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مانه‌دا:
یه‌كه‌م: هه‌نگاونان بۆدیكتاتۆریه‌ت و، گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتخوازی و خوێنڕێژیی و سه‌ركوتكردن، هه‌روه‌ك له پێش (3000) ساڵه له‌دۆڵی رافیده‌یندا ئه‌مه ده‌گوزه‌رێت.جا ئه‌مه باوی ماوه یان نا.كاردانه‌وه‌و ده‌ستوه‌ردانی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی چۆنه، كورد كاری به‌مه نییه.چونكه بڕیاری داوه جارێكی تر ئه‌نفال و جینۆساید نه‌كرێته‌وه، به‌و پێوه‌ره‌ی دونیا چاوی كراوه‌ته‌وه‌و كۆمینیوكه‌یشن هه‌یه.به‌ڵام خه‌یاڵ پڵاون ئه‌وانه‌ی له‌هزری كاری سیاسیاندا ئاوه‌ها عاتفی و خۆخه‌ڵه‌تێنن، ئه‌دی كوا ڕای گشتی جیهانی (public opinion global) .مه‌گه‌ر به‌پێش چاوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان و كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بیه‌وه سورییه‌كان ناكوژرێن و، شاربه‌ده‌ر ناكرێن و ته‌حه‌ڕووشی جۆراوجۆر نییه..!!؟.بۆیه چۆن ناوی ئه‌ردۆغانیان ناوه (ئیسلامی مۆدێرن) ، پێده‌چێت دیكتاتۆرێكی مۆدێرنیش دروست بێت.
دووه‌م: دیموكراتیه‌ت، هه‌ركه‌سێك ته‌نانه‌ت یه‌ك نامیلكه‌ی بچوكیشی له‌سه‌ر مێژووی (ئه‌م عێراقه) خوێندبێته‌وه، تێده‌گا دیموكراسیه‌ت به‌روبومێك نییه له‌م خاكه وه‌به‌ربهێنرێت، چ جای چه‌ندین به‌رگی (بدایه والنهایه) ی ئیبن ئه‌سیرو، مێژوونوسی باوه‌ڕپێكراوی ئیسلام ته‌به‌ریی (تاریخ گبری) و، دواتر (لمحات الاجتماعی) و (چه‌رده‌یه‌ك له‌مێژوویی عێراق) ی (د:عه‌لی وه‌ردی) و.یان هه‌ر نه‌بێت گێڕانه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ی رۆشنبیری به‌عس (باقر یاسین) له (كه‌سێتی تاكی عێراقی) .هه‌ر هیچی ده‌ست نه‌كه‌وت، كورد پیاوی به‌ئه‌زموون و قوتابخانه‌ی گه‌وره‌ی وه‌ك (موكه‌ڕه‌م تاڵه‌بانی) هه‌یه‌و له‌ژیاندا ماون.ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌شی پێگران بوو ته‌نها شیكارێكی ساده‌ی ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی هه‌ڵس و كه‌وته‌كانی مالیكی بكا‌و، ڕوونكردنه‌وه‌و هۆشدارییه‌كانی جیگری سه‌رۆك كۆماری هه‌ڵاتوو (هاشمی) بخاته به‌ر سه‌نگی ئاوه‌زو لێكدانه‌وه‌ی خۆی، ئیتر ڕه‌نگه هه‌ر پێی حه‌یف بێت، به‌نده دیموكراسی وه‌كو بژارده‌یه‌ك ناوهێناوه بۆعێراق.چونكه به‌هه‌موو پێوه‌ره‌كان، دیموكراسی له‌یه‌كه‌م قۆناغدا پێویستی به سازان و بوونی دامه‌زراوه‌ی دیموكراسی هه‌یه، ئاخر زۆر سه‌یره جوتیارێك بیه‌وێت گه‌نم بچێنێت، كه‌چی زه‌ویشی نه‌بێت..!!.ئی دیموكراسی و كلتوره‌كه‌ی پێویستی به‌زه‌مینه‌یه‌ك هه‌یه، كه‌هه‌ر نییه.
سێ یه‌م:جیابونه‌وه (الانفێال) .یه‌كه‌م و كۆتا ڕێگا چاره‌یه له‌به‌رده‌م گه‌لی كورددا، ڕه‌نگه لێره‌دا خوێنه‌ر بیری بۆئه‌وه بچێت كه‌ئێمه نه‌ته‌وه‌په‌رستی ئه‌فرۆشین به‌خه‌ڵكی تر، یاخود شمشێر له (كا) ئه‌ده‌ین، نه‌خێر.هیچ نه‌بێت باش ئه‌و ڕاستیه بۆ دونیا ساغبۆته‌وه كه كوردان گه‌لێكی سته‌ملێكراون، به‌زمانی جیا ئه‌دوێن، جوگرافیا‌و كه‌ش و هه‌واو ته‌نانه‌ت نان خواردنیشمان له‌گه‌لی عه‌ره‌ب جیاتره.له‌گه‌ڵ له‌سه‌رجه‌م كایه‌و بواره‌كانی ژیاندا جیهانی عه‌ره‌بی و رۆژهه‌ڵاتی كاریگه‌ریی و شوێن ده‌ستی خۆیان خستۆته ناو ئه‌زنوون و مێژووی كورده‌وه، به‌ڵام هێشتا مێژوویه‌كی زیندوو، جوگرافیایه‌كی دیاری كرا‌و، كلتور‌و هونه‌رو جل و به‌رگ و شین و شاییه‌كی هه‌ستپێكراوی تایبه‌ت به‌كوردان ده‌بینرێت.بۆیه تاكه بیركردنه‌وه‌و چاره‌سه‌ر جیابونه‌وه‌یه.
له‌ئێستادا، سه‌رۆك كۆمار‌و سه‌ركرده‌ی مێژوویی كورد له‌ناوچه‌كه‌دا، باری ته‌ندروستی ته‌واو نییه، جوووڵه‌ی سیاسی له‌هه‌رێمی كوردستان وێڕای ئیفلیجی و بێ پرۆژه‌یی هه‌ر ده‌بێت به‌رده‌وام بێت، ئه‌زانن هه‌موو كاتێك حزبی سیاسی خاوه‌ن پرۆژه‌و ئاینده‌خوازو ته‌ندروست، ستراتیژێكی به‌فه‌ڕو كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌قامگیر به‌رپائه‌كا، وه به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌ر ڕاسته.كه‌واته: تكایه....تكایه....تكایه.له‌به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سك و تروسك و نه‌فره‌تلێكراوی ناوچه‌گه‌رێتی و حزبایه‌تی و، خۆسه‌رقاڵكردن به بازرگانی و پێچانه‌وه، دوور بكه‌ونه‌وه، ئه‌گه‌ر بڕیاره كورد ئامانج و ستراتیژێكی نه‌ته‌وه‌یی، یان یه‌كیه‌تیه‌كی نیشتمانی ده‌وێ، ده‌بێت كه‌ره‌سته‌ی پێویست و گشت تواناكی بۆبخاته گه‌ڕ، نه‌ك هه‌نگاوی پێچه‌وانه‌ی بۆ بهاوێژێت، تاقه شتێكیش كورد زۆر گه‌ره‌كی بێت بۆ داهاتوو، دیاریكردن و دانانی ده‌سته‌ی بڕیاردانه، وه بونی ئیراده‌شه بۆبڕیاردان.چونكه ئێستا ئه‌توانین بڵێین له‌كوردستان كه‌س ده‌سه‌ڵاتدار نییه، هه‌ر شتێك ئۆپۆزسیۆن پێشكه‌شی بكا، ده‌سه‌ڵات نایخوێنێته‌وه، ته‌نانه‌ت كار گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن نه‌ك هه‌ر پرۆژه پێشكه‌ش بكا، به‌ڵكو ده‌ستپێشخه‌ریش بكا بۆدانوستان.وه ده‌بینین هه‌ركه‌س و هه‌رچییه‌ك ده‌سه‌ڵات دای ئه‌نا، وا ئه‌زانین ژه‌هری پێوه‌یه‌و، مادام هی ده‌سه‌ڵاته خراپه‌و ته‌واو.ئێ كه‌واته گه‌یشتینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌و ئاشتی كوَمه‌ڵایه‌تی، جیابونه‌وه‌مان له‌عێراق نزیك ده‌كاته‌وه له ئه‌مری واقیع.هه‌موو شتی وه‌ك سیسته‌می سیاسی و دانانی ده‌ستوریش چاره‌سه‌ر ئه‌كات.ته‌نانه‌ت كه‌ركوك و گرفتی گه‌ڕانه‌وه‌و مه‌داكه‌شی سانا تر ئه‌بێت.
ئاخر، قه‌د مه‌عقول نییه، هه‌موو كه‌س پاڵی ئۆتۆمبیله‌كه‌ت بنێت تا بكه‌وێته ئیش، شۆفیریش توند ستۆپ بگرێت و سرفێك لێ نه‌دات..!!.ئێستا كوردستان به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان ده‌وڵه‌تێكی ڕانه‌گه‌یه‌نراوه، پارچه‌كانی دیكه چاویان له‌وه‌یه لێره‌وه په‌خشی نان و ئازادیان بۆبكرێت، ته‌كبیرو گردبونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بكرێت.لێره‌ش لایه‌نه سیاسیه‌كان خه‌ریكی فرسه‌ت و هه‌لقواستنه‌وه‌بن له‌یه‌كدی..؟؟.
چه‌ندجارمان، له‌میدیاو له‌حزوری سه‌ركرده سیاسیه‌كاندا ووت، به قسه‌ی "حاجی" بكه‌ن، زه‌ره‌ر ناكه‌ین:
جۆشێ بده‌ن، وه‌كو هه‌نگ
ته‌كبیر بكه‌ن، به‌بێده‌نگ
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
