چه‌ند جارێك له‌پیاوه ئیمانداره ساده‌و پاك و به‌ته‌مه‌نه‌كانی كوردم بیستووه كه ده‌ڵێن: " به‌خوا له‌ئه‌مڕۆدا دینه‌كه‌یشیان لێتێك داوین، نازانین به‌گوێی كێ بكه‌ین". ئه‌م قسه‌یه هه‌ڵگری ئه‌و ڕاستییه‌كه‌یه كه له‌ئێستادا فه‌وزایه‌ك هه‌یه به‌ناوی (فه‌وزای فه‌توا)، چونكه ئه‌و پیاوانه له‌به‌ر زۆری و دژیه‌كی فه‌تواكان له‌باره‌ی چۆنیه‌تی ته‌قواكردن و به‌جێهێنانی ئه‌ركه ئاینییه‌كان نازانن له‌ئێستادا به‌گوێی كامه مه‌لا یان كامه بانگخواز یان كامه زانای ئیسلامی بكه‌ن، ئه‌مه له‌لایه‌ك. له‌لایه‌كی دیكه‌وه له‌ناو ئه‌و ڕسته‌یه‌یه‌ی پیاوه ئیمانداره ساده‌كانی كورددا دوو زه‌مه‌ن هه‌ن، كه‌دوێنێ و ئه‌مڕۆن و به‌شێوه‌یه‌كی شاراوه به‌راوردێك له‌نێوان هه‌ردوو زه‌مه‌نه‌كه‌دا هه‌ست پێده‌كه‌ین، ئه‌ویش دوێنێی پێش په‌یدابوون و ته‌شه‌نه‌كردنی ئیسلامی سیاسییه له‌كوردستان و ئه‌مڕۆی قۆناغی ته‌شه‌نه‌كردنی ئیسلامی سیاسی و بانگخوازی سیاسییه.
ئه‌و مامه كوردانه‌مان ڕاست ده‌كه‌ن له‌دوێنێدا زانیارییه ئاینیه‌كانی تایبه‌ت به چۆنیه‌تی ڕاپه‌ڕاندنی كاروباره ئاینیه‌كانی خۆیان له مه‌لا ئاینییه نوورانی و ساده‌و زاناكانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بیستووه، كه هه‌میشه به‌ته‌نگ كێشه‌و كاروباری خه‌ڵكه‌وه بوون به‌بێ ئه‌وه‌ی كه له‌دوای كاره‌كانیانه‌وه هیچ ئامانجێكی سیاسی و دونیه‌وی هه‌بووبێت كه بچێته خزمه‌ت كۆمه‌ڵگه‌و گرووپ و ده‌سته‌و تاقمێكی دیكه‌وه. كه من پێموایه ئیسلام له‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا له‌و ئاسته‌یدا تاڕادده‌یه‌كی زۆر له‌ته‌ك سروشتی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ماندا ته‌با بووه.
به‌ڵام له‌ئێستادا كه ئیسلامی سیاسی مۆدێلێكی دیكه‌ی دینداری هێناوه‌ته ناومان كه ڕه‌نگدانه‌وه‌كی سرووشتی مه‌مله‌كه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بی سه‌حرانشینه‌و فه‌توای تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه، ئیدی ئه‌و فه‌توا غه‌ریبانه كه ئیسلامی سیاسی هێناونی، له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا فه‌وزایان دروستكردووه.
فه‌وزای فه‌توا له ئه‌مڕۆدا یه‌كێكه له‌و كێشه دیارانه‌ی كه تابڵێی كاریگه‌رییه‌كی خراپی كردووه‌ته سه‌ر ئاراسته‌ی ڕووداوه‌كانی جیهان، جاران له‌پێش به‌هێزبوونی حزب و لایه‌نه ئیسلامییه سیاسییه‌كان و پێكدادانیان له‌ته‌ك ڕۆژئاوا‌و حزب و لایه‌نه ناسیۆنالیزم و سیكۆلاریزمه‌كان، هه‌موو وڵاتێك یه‌ك موفتی یان چه‌ند موفتییه‌كی هه‌بوو كه كه‌سانێكی كه‌م و دیار بوون و مه‌رجه‌كانی فه‌توادانیان وه‌ك: (زانایی، خوداپه‌رستی، داوێن پاكی، دادپه‌روه‌ری له‌گفتارو كردار، باشی و دروستی ڕێگاو شێوازی فه‌توادانه‌كه‌یان، شیاوی و متمانه‌ی خه‌ڵك پێیان، به‌باشی تێبینیكردنی شته‌كان، ڕاوێژكاری به ئه‌هلی زانست و ئایین و بۆچوون) وچه‌ند مه‌رجێكی دیكه‌ی فه‌توادانیان تیادا بوو كه ده‌كرا نه‌بنه جێگه‌ی مه‌ترسی و نانه‌وه‌ی دووبه‌ره‌كی له‌نێو خه‌ڵكدا.
له‌هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه كه له‌فه‌توای زانایانی پێش ئیسلامی سیاسی‌دا شوێنكات ڕه‌چاو ده‌كرا: به‌و مانایه‌ی فه‌تواكان وه‌ها ده‌دران كه له‌ته‌ك شوێن و كاتی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا ده‌گونجان كه فه‌تواكه په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن. به‌ڵام ئێستا به‌ده‌ر له‌ڕه‌چاوكردنی شوێنكات فه‌توای سعودیه‌و میسر و وڵاته عه‌ره‌بی و ئیسلامیه‌كانی دیكه له كوردستان و ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریكا بڵاوده‌كرێته‌وه‌و له‌زۆر حاڵه‌تیشدا جێبه‌جێ ده‌كرێن.
موفتی جاران هه‌میشه جێگه‌ی متمانه‌و ڕێزی زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵكی ناوچه و شار‌و وڵاته‌كه‌ی بوو، چونكه ده‌یزانی چۆن فه‌توایه‌ك ده‌ربكات و چۆن هه‌وڵبدات ببێته چه‌ترێك بۆ هه‌مووان و به فه‌تواكانی كێشه‌و دووبه‌ره‌كی له‌نێوان خه‌ڵكیدا نه‌نێته‌وه‌و گومان له‌دڵی ئه‌م و ئه‌ودا دروست نه‌كات.
به‌ڵام ئه‌مڕۆ سه‌یر ده‌كه‌ین مه‌سه‌له‌كه ته‌واو پێچه‌وانه بووه‌ته‌وه، هه‌ركه‌سێك دوو پیتی له ئایین خوێندووه یان له‌قسه‌كردندا زمانپاراوه دێت و لێمان ده‌بێت به موفتی و مه‌لاو پزیشكی ئاینی و ئه‌میرو شێخ و ده‌یان شتی دیكه كه به ئایین په‌رده‌پۆش كراون.
بانگخوازی وه‌هامان هه‌یه كه خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كانی قورئان و فه‌رمووده‌ی ڕه‌وان نییه و كه ده‌یانخوێنێته‌وه ده‌یان هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانی ده‌كات، كه‌چی دێت حوكمیان لێده‌رده‌هێنێت و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه فه‌تواكانی خۆی ده‌رده‌كات و به‌سه‌ر كوڕ‌و كیژان و پت و پیرێژن و پیاوی پیرو موسوڵمانانی ساده‌یدا ده‌به‌خشێته‌وه، بۆئه‌مه‌یش حزبه ئیسلامیه‌كان ده‌ستگه میدیاییه‌كانی خۆیان خستووته خزمه‌تی ئه‌وو بانگخوازه‌كانی هاوشێوه‌یه‌وه، ئیدی مادام مه‌رامه‌كه سیاسییه و كاكی بانگخواز ده‌نگ و هه‌واداریان بۆ كۆده‌كاته‌وه، ئیدی بانگخوازه‌كه به هیچ تاقیگه‌یه‌كی زانستیی ئاینیدا تێناپه‌ڕێنن و پێی ناڵێن كاكه تۆ حه‌قی فه‌توادان و قسه‌كردنت نییه. له‌مه‌یشدا پێموایه (یه‌كێتی زانایان) و (وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف) به‌رپرسیارن كه موتابه‌عه‌ی ناوه‌رۆكی قسه‌ی ئه‌و براده‌رانه ناكه‌ن و به‌میزانی شه‌رع و واقیع نایانپێوین و لێپێچینه‌وه‌ی شیاویان له‌ته‌كدا ناكه‌ن.
ئه‌گه‌ر بێت و نها فه‌توا یه‌كنه‌خرێت و به‌وشێوه فه‌وزه‌وییه‌ی بمێنێته‌وه، بێگومان ته‌شه‌نه ده‌كات و خه‌ڵكانێكی نه‌شاره‌زا دێن و خۆیانمان لێده‌كه‌ن به موفتی، هاوكات مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه كه زانا ئاینیه به‌تواناكانیش به‌ده‌ردی (یوسف قه‌رزاوی) و (ناێر العمر) و (خباب مروان) بچن و ببن به تراكتۆری چاندنی تۆوی دووبه‌ره‌كی و گومان له‌ژێر هه‌ژموونی ئیسلامی سیاسی و پادشای مه‌مله‌كه‌تانی ده‌وروبه‌ردا فه‌توای سیاسی و سه‌یر سه‌یر و نه‌گونجاو له‌ته‌ك واقیعی ژیانی كورده‌واری و مرۆڤایه‌تیمان به‌سه‌ردا ببه‌خشنه‌وه.
خۆ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی سیاسی به‌هێزتربێت له‌وه‌ی كه هه‌یه پێده‌چێت به‌زۆر ئه‌و فه‌توایانه‌مان به‌سه‌ردا پراكتیزه بكه‌ن. جا ئه‌گه‌ر زانییان فه‌تواكه‌یان جێگه‌ی خۆی له‌واقیعدا ده‌كاته‌وه به‌سه‌رماندا فه‌رزی ده‌كه‌ن، خۆ ئه‌گه‌ریش جێگه‌ی نه‌بووه هیچ له‌وه ئاسانتر نییه كه دێن به‌یاننامه‌یه‌ك ده‌رده‌كه‌ن و به‌وپه‌ڕی ڕوو قایمییه‌وه ده‌ڵێن: ئێمه شتی وه‌هامان نه‌گوتووه و ئه‌وه كاری عه‌لمانیه كافره‌كانه كه درۆمان بۆ هه‌ڵده‌به‌ستن. یان ده‌ڵێن: قسه‌كه‌مان به‌هه‌ڵه لێكدراوه‌ته‌وه و ته‌ئویلی بۆ كراوه له‌كاتێكدا كه خۆیان شێخی ته‌ئویلن و چۆنیان بوێت ده‌قه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ده‌گونجێنن و له‌ڕێگه‌ی یاری زمانه‌وانییه‌وه چه‌ندین ته‌ئویل و فه‌توای لێده‌رده‌هێنن. یان ئه‌وه‌ته بڵاوكردنه‌وه‌ی فه‌تواكه ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی حیزبێك یان ده‌ستگه‌یه‌كی ڕاگه‌یاندن یان به‌پیلانی جووله‌كه‌و ڕۆژئاوای داده‌نێن. وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له‌مدواییه‌دا هه‌ردوو بانگخواز (ناێر العمر) و (خباب مروان) كردییان.
ڕێگه‌دان به ماره‌بڕینی خوشك له فه‌تواكه‌ی (ناێر العمر) دا
بانگخواز (ناێر العمر) بانگخوازێكی خه‌ڵكی سوننی مه‌زهه‌بی توندڕه‌وی سعودییه و له ساڵی 1952 له‌دایكبووه و سه‌رده‌سته‌ی ئه‌و كه‌سایه‌ته‌ییه ئاینیانه‌ی سعودیه‌یه كه ته‌نانه‌ت دژی هاژوتنی ئۆتۆمبێلن له‌لایه‌ن ئافره‌ته‌وه‌و به‌هه‌وڵێك بۆ به ڕۆژئاواییكردنی ئافره‌ت وفه‌سادكاری داده‌نێت. سه‌یر له‌وه‌دایه له‌مدواییه‌دا ئه‌م بانگخوازه توندڕه‌وه فه‌توایه‌كی سیاسی سه‌یری دا‌و له‌فه‌تواكه‌یدا ماره‌بڕینی خوشك و مه‌حره‌مه‌كانی بۆ موجاهیده‌كانی سوریا حه‌ڵاڵ كرد له‌وكاته‌یدا ئه‌گه‌ر له‌غه‌یری مه‌حره‌مه‌كانیان هیچ ئافره‌تێكی نامه‌حره‌م نه‌بوو تاوه‌كو كاری سێكسی له‌گه‌ڵدا ئه‌نجام بده‌ن.
ئه‌م فه‌توا سه‌یره‌ی كاك ناسر جگه له‌وه‌ی دژ به‌هه‌موو دابونه‌ریتێكه دژ به‌ده‌قی ئایه‌تی ژماره (23) ـی سوره‌تی (النسا و ) یشه كه ده‌فه‌رموێت "حُرِّمَتْ عَڵیْكُمْ ڕُمَّهَاتُكُمْ وَبَنَاتُكُمْ وَڕَخَوَاتُكُمْ وَعَمَّاتُكُمْ وَخَالاتُكُمْ وَبَنَاتُ الڕَخِ وَبَنَاتُ الڕُخْتِ". له‌م ئایه‌ته‌دا خوای گه‌وره به ده‌قێكی ڕوون كه هیچ ته‌ئویلێك هه‌ڵناگرێت، ماره‌بڕینی دایك و كچ و خوشك و خاڵۆژن و مامه‌ژن و كچی براو كچی خوشكیشی حه‌رامكردووه. به‌ڵام كاكی بانگخواز به‌وپه‌ڕی بێشه‌رمییه‌وه به‌رانبه‌ر به ئایه‌تێكی قورئان ماره‌بڕینی مه‌حره‌مه‌كان به‌تایبه‌تی خوشك حه‌ڵاڵ ده‌كات!.
له‌دوای ئه‌وه‌ی كه زانی فه‌تواكه‌ی چ هه‌ڵڵایه‌كی ناوه‌ته‌وه، بانگخواز ناێر العمر ئه‌و هه‌واڵه‌ی به‌درۆوه خسته‌وه كه گوایه به‌ناوی ئه‌وه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و دروستكراوی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی (به‌شار ئه‌سه‌د) ه، له‌كاتێكدا كه به‌ڕێزی له‌كه‌ناڵێكی ئاسمانی و به‌به‌رچاوی هه‌موو بینه‌رانه‌وه ئه‌و فه‌توایه‌ی دابوو، بۆیه‌هه‌رچه‌نده‌ویستی ئه‌و نه‌نگییه له‌خۆی به‌دوور بخاته‌وه، به‌ڵام كه‌س بڕوای پێنه‌كردو قسه‌كانی ڕه‌تكرایه‌وه. چونكه جگه له‌وه‌ی كه خه‌ڵكی گوێیان له‌فه‌تواكه بوو ئه‌گه‌ر له‌ڕووی زمانه‌وانیی و داڕشتنی ئه‌ده‌بیی و ته‌عبیركردنه‌وه خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و فه‌توایه‌و فه‌تواكانی دیكه‌ی بكه‌یت چه‌ند لێكچوونێكیان تێدا به‌دی ده‌كه‌یت.
ڕێگه‌دان به ماره‌بڕینی ئافره‌تی شووكردوو له موجاهیده‌كان به‌دزی مێرده‌كانیانه‌وه
به‌ر له‌بڵاوبوونه‌وه‌ی فه‌توا سه‌یره‌كه‌ی ناێر العمر، له‌چه‌ندین ده‌ستگه‌ی میدیاییه‌وه فه‌توای بانگخوازێكی سعودی بڵاوبوویه‌وه كه‌ناوی (خباب مروان الحمد) ه وسه‌له‌فییه‌كی توندڕه‌وه. ئه‌م بانگخوازه له‌فه‌تواكه‌یدا ماره‌بڕینی ئافره‌تێكی مێردكردووی له موجاهیده سورییه‌كان حه‌لاڵ كردبوو به‌مه‌رجێك مێرده‌كانیان نه‌زانن. دواتر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فه‌تواكه ناقۆڵا بوو، ڕه‌تی كرده‌وه كه فه‌توای وه‌های دابێت و به‌هه‌ڵبه‌ستراوی شیعه‌ی دایه قه‌ڵه‌م و بیانوویشی بۆ فه‌تواكه‌ی ئه‌وه بوو كه ئه‌و باسی له‌وه كردووه كه به‌به‌ڵگه‌وه سه‌لماندوویه‌تی له كتێبی شیعه‌كاندا هاتووه: درووسته بۆ ئافره‌تی شووكردوو كه هاوسه‌رگیری موتعه له‌ته‌ك پیاوێكدا بكات به‌بێ زانیاری پیاوه‌كه‌ی خۆی.
بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و فه‌توایانه به‌ناوی ئه‌و دوو بانگخوازه‌ی كه باسمانكردن، هه‌روه‌ها بڵاوبوونه‌وه‌ی فه‌توای (جیهادی نیكاح) كه به‌ناوی بانگخوازی توندڕه‌وی سعودی (محمد العریفی) یه‌وه بڵاوبوویه‌وه‌و دواتر نكۆڵی لێی كرد‌و ڕه‌تی كرده‌وه، ئه‌گه‌ر دانه‌پاڵیان بۆ كه‌سایه‌تییه‌كان ڕاستبن یان نا، خۆ هه‌ر فه‌توان و به‌ناوی ئایینه‌وه بڵاوبوونه‌ته‌وه‌و له‌ته‌ك ده‌قه‌كانی قورئان و فه‌رمووده‌و عورفی كۆمه‌ڵگه‌و فه‌تواكانی پێش خۆیاندا ناته‌بان و به‌مه‌یش فه‌وزایان له‌ناو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی به‌پله‌ی یه‌ك و كۆمه‌ڵگه‌ی نائیسلامی به‌پله‌ی دوو دروستكردووه. له‌پاڵ ئه‌م فه‌توایانه‌شدا كه خاوه‌نه‌كانیان دواتر خۆیانیان لێ به‌ری كرد، فه‌توای دیكه‌مان هه‌ن كه فه‌وزایان ناوه‌ته‌وه‌و نكۆڵییان لێنه‌كراوه وه‌ك ئه‌و فه‌توایه‌ی كه رێگری له‌ئافره‌ت ده‌كات كه سواری ته‌كسی ببێت به‌بێ ئه‌وه‌ی كه مه‌حره‌مێكی له‌گه‌ڵدا بێت.
بۆیه پێویسته زانایانی ئاین له‌م مه‌سه‌له‌یدا بێنه‌سه‌رخه‌ت و ئه‌و فه‌توایانه ڕاست بكه‌نه‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه نه‌زانایانی ئاینی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بی و نه‌زانایانی ئاینی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و نه یه‌كێتی زانایان و نه وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف قسه‌ی جدییان له‌سه‌ر ئه‌و فه‌توا هاورده‌كراوانه به‌پێی پێویست نه‌كردووه. ئه‌وه‌ی زیاتر نیگه‌رانم ده‌كات ئه‌وه‌یه كه حیزبه ئیسلامیه‌كانی خۆمان به مه‌لاو بانگخواز و سه‌ركرده‌كانیانه‌وه هیچ به‌رچاوڕوونی و به‌یاننامه‌و هه‌ڵوێستێكیان له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و فه‌توا عاجبایه‌تیانه‌ی بانگخوازو زانایانی جیهانی عه‌ره‌بی ده‌رنه‌بڕیوه كه سه‌ربه حیزب و گروپه ئیسلامیه‌كانی وه‌ك ئیخوان و سه‌له‌فییه‌كان و هاوشێوه‌كانیانن، به‌ڵام كاتێك كه مورشیدی ئیخوان (محه‌مه‌د به‌دیع) ده‌ستگیر كرا‌و ئیخوان له حومكڕانیدا شكستی هێناو له‌گۆڕه‌پانی سیاسی كرایه ده‌ره‌وه ده‌ستیانكرد به‌شین و شه‌پۆڕكردن.
ترسی من له فه‌وزای فه‌توا ته‌نها له‌و ئاسته‌دا ڕاناوه‌ستێ كه په‌یوه‌ندی به‌ورده‌كاری مه‌سه‌له و سروته‌كانی خواپه‌رستییه‌وه هه‌یه وه‌ك شكاندنی ده‌ستنوێژ له‌ژنی خۆت یان نا كه تێیدا سه‌له‌فی و سۆفیه‌كان فه‌توای دژبه‌یه‌كیان هه‌یه. به‌ڵكو ترسه‌كه له‌وه‌دایه ئه‌م فه‌توایانه به‌سیاسی بكرێن و بچنه ئاستێكی باڵاتره‌وه كه په‌یوه‌ندی له‌ته‌ك مه‌سه‌له سیاسییه چاره‌نووسسازه‌كاندا ببه‌ستن و بۆ ته‌كفیركردنی نه‌ته‌وه‌كه‌مان به‌كاربهێنرێت و وه‌ها له‌خه‌ڵكی بكه‌ن كه به‌شداری هه‌ڵبژاردن نه‌كه‌ن چونكه حه‌رامن، وابزانم له‌سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی په‌ڕله‌مانی كوردستاندا سه‌ره‌تاكانی به‌دیاركه‌وتنی ئه‌م جۆره فه‌توایانه له‌ده‌می هه‌ندێك له‌بانگخوازه‌كانه‌وه بیسترا.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه سه‌ره‌تای ئه‌م جۆره فه‌تواسیاسییانه له‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ده‌ركه‌وتووه‌و هه‌وڵی " به‌سعودی كردن"ی كۆمه‌ڵگاكه‌مان له‌ئارادایه ــ وه‌ك ڕووناكبیری كورد (مه‌ریوانی وریا قانع) هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر كردووه ــ پێویسته زانایانی ئاینی و بانگخوازانی ئیسلامی و یه‌كێتی زانایان و وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و هه‌ڵوێستی جددی ده‌رببڕن و نه‌هێڵن ئه‌م جۆره فه‌توایانه له‌كۆمه‌ڵگه‌كه‌ماندا په‌ره‌بسێنن و ئایین بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه ئیسلامیه‌كان و حیزبه به‌ناو عه‌لمانیه‌كانمان به‌كاربهێنرێن، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وان له‌ئایینده‌دا له‌كاتی ته‌شه‌نه‌كردنی فه‌توای سیاسی له هه‌رێمی كوردستان به‌رانبه‌ر به‌خوداو گه‌ل به‌رپرسیار ده‌بن. هاوزه‌مان پێویسته ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ڕۆشنبیران و ده‌ستگه‌كانی ڕاگه‌یاندن له‌وباره‌یه‌وه هۆشیاری پێویست به‌هاووڵاتیان بده‌ن، ده‌نا وه‌ك كابرا وتی: " وه‌ها دینه‌كه‌شمان لێ تێك ده‌ده‌ن كه نازانین به‌گوێی فه‌توای كێبكه‌ین".
له‌كۆتاییدا ده‌مه‌وێت بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ئه‌و خاڵه كه‌مادام هه‌وڵێك بۆ به‌سعودی كردنی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌ئارادایه‌و زۆربه‌ی ئه‌و زانا‌و بانگخوازانه‌ی كه فه‌توای عه‌جیب و غه‌ریبیان لێده‌بیسترێت یان كاری سه‌یر ده‌كه‌ن خه‌ڵكی سعودیه‌ن، زۆر دوور نییه كه هه‌ندێك له‌بانگخوازه‌كانی خۆیشمان فه‌توای وه‌هامان له‌كاتی به‌سعودی بوونی كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا به‌سه‌ردا ببه‌خشنه‌وه، یان فه‌توای هاورده‌ی وه‌هامان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ بكرێت كه به‌وڵات و خه‌ڵكی ئێمه نامۆبن.
236585
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
