دەربارەی حەقیقەت ...شامیر مولان

دەربارەی حەقیقەت ...شامیر مولان

پێناسە کردنی حەقیقەت کارێکی ئاسان نیە ئەمەش بەهۆی جیاوازی واتاکەی لە روانینێکی فەلسەفی بۆ روانینیکی تری فەلسەفی، لە کایەیەکەوە بۆ کایەیەکی تری ژیان و لە کولتورێکیشەوە بۆ کولتورێکی دی هەر ئەمەش بووەتە هۆی جۆراو جۆری و فرەیی ناسنامەی حەقیقەت بۆ نمونە لە لای زمانگەراکان حەقیقەت خود یا چییەتی(الماهیة)ه، بە واتایەکی دی حەقیقەت ئەوەیە کە بە هۆیەوە شتێک ئەوەیە کە هەیە بەڵام لە لای ریالیستەکان چونیەک بوونی بریارێک(حوکمێک) لەگەڵ واقیعی دەرەکی دا یاخود لەگەڵ جیهانی شتەکان دا دەبێتە حەقیقەت کەچی لە زاراوەی فەلسەفەدا حەقیقەت وەک نەگۆر و رەها پەسن دەکرێت(چاکەکردن بۆ وێنە)

دەکرێت بێژین حەقیقەت چەمکێکی پێوانەییە کاتێک مرۆڤ دەپەیڤێت یا هزر دەکات ئەوا لە هەوڵی دەستگیر بوون و گەیاندن و بڵاو کردنەوەی حەقیقەت دا یە، حەقیقەت لە دەلالەتە باوەکەی دا پشت دەبەستێت بە پێوەرێکی بنەرەتی کە ئەویش پێوەری واقیعی بوونە، بەو چەشنە حەقیقەت ئەو بوونە یە کە شیاوی پەیبردنێکی هەستییانەی راستەوخۆیە یاخود شیاوی وەدیهێنانیک و سەلماندنێکی واقیعییە ئەمەش لێکچواندنێکی هەڵە نییەو دووریش نییە لە هەنذێ لێکچواندنی فەلسەفی(قوتابخانەی ئەزمونگەرا بۆ نمونە) لێ لە رووی زاراوەوە خودان کێماسییە گرنگترین باری سەرنجێک لەم رووەوە جێگای باس بێت ئەوەیە کە حەقیقەت هەمیشە واقیعی نییە یاخود بەشێوەیەکی راستەوخۆ وێکچوی واقیع نییە، حەقیقەتی ماتماتیکی بۆ نمونە زێدەتر لە هەرشتێک بەڵگەییە کەچی داهێنانە هونەری و وێژەییەکان حەقیقەتێکی خەیاڵین ئەمەش لەبەرئەوە نا لە واقیعەوە هەڵقوڵاون بەڵکو لەبەر زەرورەتی ویژدانی

بەشیوەیەکی گشتی حەقیقەت بۆ چەند پۆلێک دابەش دەکرێت

  *حەقیقەتی رەهایی: کە ئەمەش باڵاترین ویستی فەیلەسوفە و دوورترین شتێکە مرۆڤ لە رێگەی هۆش و تێگەیشتنەوە پێی بگات، لەلای (پلاتۆ) حەقیقەت لە جیهانی نمونەدا مانیفێست دەبێت کە جیهانی نەمری و جیهانی راستییە.لە لای ئەرستۆش حەقیقەت ئەو بزوێنەرەیە کە نابزوێنرێت کە بە بۆچونی ئەو (خوایە)

  *حەقیقەتی رێژەیی: ئەم جۆرە لە حەقیقەت زیاتر لە راستییە زانستییەکان دا کورت دەکرێتەوە، راستی زانستیش بریتییە لە پەیوەندی نێوان دیاردەکان کە پتر شێوگێکی یاساییانەی دەگرێتەخۆ، کە ئەمەش دووبارە قابیلی رەتکرنەوەو هەموار و گۆرانکارییە

  *حەقیقەتی چێژی: ئەمەش ئەو هەستەیە کە دەروونی سۆفییەک(میستیک) داگیر دەکات وەختێ دەگاتە حەقیقەتێکی رەبانیانەی رەها، ئەم حەقیقەتەش سەرچاوەکەی لە خواوەو لە رێگەی فەنابوونی مەخلوقەو دەبێت یا لەرێگەی بەیەک گەیشتنی عابید و مەعبود

  *حەقیقەتی فەلسەفی: ئەم چەشنەی حەقیقەت لە نێوان حەقیقەتی رێژەیی و حەقیقەتی رەها

دایە، راستی بوونی خۆی لە واقعی کۆمەلایەتی و دەروونی و ئەندێشەییەوە هەڵدەهێنجێ

بەگوێرەی جیاوازی دید و تێروانینە فیکری فەلسەفییە جیاجیاکان چەن پێودانگێک بۆ حەقیقەت دانراوە لەوانە : پێودانگی رۆشنی: هەندێ لە فەیلەسوفانی وەکو دیکار تو سپینۆزا پێان وایە بریاری دروست وەک پێوەری دروستییەکەی کار دەکات، (دیکارت) وای دەبینێت کە بەدیهی بوون پێوەری حەقیقەتە و هیچ گومانێکیش ناهێلێ، (سپینۆزا)ش دەڵێت لەدەرەوەی حەقیقەت هیچ پێوەرێک بۆ حەقیقەت نییە بە چەشنێک ناکرێت شتێک هەبێت ڕۆشنتر و دڵنیاتر بێت لە فیکرێکی دروست

پێودانگی سود: بەشێک لە پراگماتیستەکان باوەریان وایە حوکمێک تەنها ئەوکاتە دروستە ئەگەر سەربکێشێت بۆ سودێکی کردەیی، هەربۆیە سود تاکە پێودانگی راستییە، (پێرس) دەڵێت حەقیقەت بە پێوەری بەرەنجامی کار دەپێورێت و هەر کردەیەکێش کاتێک حەقیقەتە ئەگەر تەنها ئەگەر ببێتە هۆی سەرکەوتن

پێودانگی بوونگەرایی: سارتەر دەڵێت: بواری حەقیقەت بریتییە لە مرۆیەکی کەسێنراو لە بوونە هەستییەکەیدا، حەقیقەتی مرۆڤیش لە بەدەستهێنانی چییەتیەکەی و دیاریکردنی چارەنوسەکەی دایە حەقیقەتیش مومارەسە کردنی ئەو ئەزمونەیە کە لە نێوان ژیان و مەرگ دا قەتیس ماوە و مایەی ترس و نیگەرانی مرۆڤە.

لە پەیوەنندی لەگەڵ باس و خواس سەبارەت بەچەمکی حەقیقەت، گرنگە لە دەرگای چەند پرسیارێکی جەوهەری بدەین: ئیشکالیەتی سەنتراڵی سەبارەت بە چەمکی حەقیقەت وابەستەی پێگەی حەقیقەتە لە هزر و زمان یاخود واقیعی دەرەکی زمان و هزرە؟پەیوەندی حەقیقەت بە واقیعەوە چییە؟ ئایا حەقیقەت وێنەیەکی هەڵگەراوەی واقیعی هزرەو لە رێگەی زمانەوە گوزارەی لێدەکرێت یا ئایا حەقیقەتێک لە دەرەوەی هزرو زمان هەیە یا نەخێر بەڵکو حەقیقەت هیچ نییە جگە لە پەیوەندییەکی ئۆرگانیکیانەی ئەم دووانەیە؟ ئایا حەقیقەت کیانێکی خودی یا بابەتییە؟ لە هەریەک لەم بارانەش دا ئایا تاکە یەک حەقیقەت هەیە یاخود حەقیقەت سیفەتی فرەیی هەیە؟دواتر ئایا حەقیقەت رێژەیی یان رەهاییە؟ ئایا دیاریکردنی حەقیقەت بەتەنیا کاری عەقڵە یان خولیا و ئارەزوو و رەمەکی مرۆیی بەشدارن لەم ئەرکەدا؟ ئایا حەقیقەت بەهایەکی مەعریفی و ئەخلاقی هەیە یا سودی مرۆڤ پێودانگ و سەنگی مەحەکی رۆنانی حەقیقەتە؟

تەوەری حەقیقەت و واقیع پەیوەندی هەیە بە باسکردنی سروشتی پەیوندی نێوان حەقیقەت وەک فیکر و واقیع وەکو گرۆیەک لە بونیادی ماددی، ئەگەر حەقیقەت لەخۆگری ماناکانی جێگیری و سەاقامگیری بێت کە ئەمەش لە دەلالەتە کلاسیکییەکەی دا هاوواتای واقیعە، واقیعیش هەرشتێکی نەگۆر و جیگیرە یا هەرشتێکە بەشێوەیەکی بابەتییانە لەدەرەوەی هزرو ئیدراکی مرۆڤەوە هەیە کەوا بی چۆن دەکرێت حەقیقەت هاووێنەی واقیعێکی بزۆک و گۆراو بێت؟ بەواتایەکی دی حەقیقەت لە کوێ دایە، لە هزر یا واقیع؟

  (پلاتۆ) پێی وایە حەقیقەت بەوەی کە جێگیر و نەگۆرە ئەوا پێویستە هاوشێوەی واقیع بێت، لێرەدا مەبەست لە واقیع واقیعی مادی هەستپێکراوو عەینی نییە، لەدیدی ئەو دا جیهانی مادی قەوارەیەکی حەقیقی نیە بەڵکو تەنها سێبەر یا تارمایی یاخود کۆپی واقیعێکی جیاوازە کە ئەویش جیهانی نمونەیە، جیهانی نمونە جیهانی حەقیقەتە نەمرو رەهاکانە، ئەم جیهانە بە نامادی و جێگیر و تەواوکۆ وەسف دەکرێت هەرچی دنیای هەستپێکراوەکانە ئەوا جیهانی ماددی و بزۆک و گۆراو و ناتەواوە ئەوەی یەکەمیان حەقیقییە و لەرێگەی عەقلەوە و ئەوەی دووەمیشیان خەیاڵییەو لەرێگەی هەستەکانەوە پەی پێدەبردرێت، لەلای (پلاتۆ) حەقیقەتی مرۆڤ خاسیەتێکی دوالیستیکی هەیە کە تیایدا مرۆ بۆ دوو کائینی لە یەکدی جوێ شیتەڵ دەکات، جەستەیەکی ریسوا و فانی، و روحێکی بەهادار و باقی، روحێک لە سروشتی خوایی، هەرچی دەربارەی خەڵکیشە ئەوا دابەشیان دەکات بۆ دوو پۆلی سەرەکی :رەشەخەڵک، ئەوانەی کۆتکراو و پێبەندی هەستەکانن، دووەم: پۆلی دەستەبژێرەکان ئەوانەی توانستی تێکشکاندنی کۆت و بەندی هەستەکان و تێپەراندنی جیهانی ئەزمونیان هەیە ئەمەش بەبەکارخستنی عەقڵ و پەیکەلکردنی تێرامان، دوالیزمی پلاتۆ لە روانینەکانی ئەو بۆ مەعریفە دووبارە رەنگ دەداتەوە لێرەشدا دوو جۆر لە مەعریفەمان پی دەناسێنێت، مەعریفەیەکی گوومانی کە وابەستەی هەستەکانە، مەعریفەیەکی یەقینی کە وابەستەی عەقڵە، دوو قۆناغ لە نەهجی دیالێکتیکییانەی پلاتۆ دا بوونیان هەیە:دیالێکتیکی هەڵکشاو(گەران بە دوای حەقیقەت دا)، دیالێکتیکی داکشاو(راگەیاندنی حەقیقەت)، پلاتۆ- پێی وایە بەمەرامی گەیشتن بەحەقیقەت لەسەر مرۆڤ پێویستە دەستبەرداری جیهانی مادی ببێت و واز لە ئاریشە جوزئییەکانی ژیانی بهێنێت و عەقڵی وەگەربخات بۆ دۆزینەوەی ئەو حەقیقەتەی کە لە جیهانی نمونەدا حەشاردراوە، لە دیدی پلاتۆدا دوالیزمی جیهانی نمونە- جیهانی هستپێکراو سەردەکێشی بۆ چەند نەکردەیەک:نەکردەی دەرکەوتنی جیهانی هەستی لە جیهانی ئایدیالی گیانەکی، نەکردەی دەرکەوتنی گۆراو و داینامیکی لە جێگیر و ستاتیک پاشان فەوتاو لە نەمر.دواتر جیاوازی حەقیقەت لە بابەتەکەی، کە چۆن دەکرێت شتێک لێرە بێ و حەقیقەتەکەشی لەوێ ئەم کەلێنە وجودییە لە مابەینی شتێک و سێبەرەکەی ئەوە بوو کە ئەرستۆ دەیەویست پری بکاتەوە.

  (ئەرستۆ) بە مەبەستی پرکردنەوەی ئەو کەلێنەی رامانی پلاتۆ دروستی کردبوو و بەستنەوەی شتەکان بە حەقیقەتەکانیان و بۆ تێپەراندنی ئەو نەکردانەی لەسەرەوە نێوم بردن، بەتەواوەتی خۆی لە بیرۆکەی بوونی جیهانێکی ئایدیالی لە جیهانی بەرهەست جوێ دادەماڵی، ئەو بروای وایە جیهانی مادی هەستپێکراو تاکە جیهانێکی هەبووەو لە دەرەوەی ئەمەوە حەقیقەت بوونی نییە هەروەک پێی وایەبۆ چارەسەر کردنی بابەتی پەیوەندی حەقیقەت بە واقیعەوە گەرکە لە نەگۆر و گۆراو بروانین بەو پێیەی دوو لایەنت بەیەکەوە گرێدراوو بەیەکداچوون و یەکەیەک پێک دەهێنن کە نەگۆر تیایدا هەڵگرو پاڵپشتی گۆراوە، واقیعی حەقیقی نەگۆریش وایە لە نێو هەناوی واقیعی هەستی گۆراو، ئەم هەیە لەبەرئەوەی ئەو هەیە.بە بۆچوونی (ئەرستۆ) هەموو شتێک لەم جیهانەدا گوزارشتە لە وێنە و چییەتی(جوهر)، چییەتی ئەو حەقیقەتە نەگۆرەیە کە لەسەر مرۆڤ پێویستە لە فۆرمە رەهاییەکەی دا دەرکی پێ بکات ئەمەش وەدی نایەت لە میانەی لێکچواندنی هەستییانەی وێنە دا نەبێت.کەواتە ناسینی وێنەی شتەکان هاریکارە لە ناسینی جەوهەری شتەکان چونکە بوونی بەرهەست رێگەیەکە بەرەو بوونی دەرهەست .

  (دیکارت) باوەری بەدامەزراندنی حەقیقەت نەبوو لەسەر بناغەی هەستەکان چونکە لە نەزەری ئەودا هەستەکان هەڵمان دەخەڵەتێنن لەبری ئەوەی راستیمان پێبڵێن حەقیقەتی گومانیمان پێشکەش دەکەن، بانگەشەی دیکارت بۆ دەربازبوون لە مەعریفەی هەستی مانای تێپەراندنی جیهانی ماتەریالی نییە بەرەو واقیعێکی غەبییانەی مێتافیزیکی بە واتا دیکارت- نکۆڵی لە بوونی جیهانی هەستی ناکات لێ وەکو گۆشەنیگایەکی گارانتی کراو لێی ناروانێت بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت چونکە لە نەزەری ئەودا حەقیقەت کاری عەقڵە بەتەنها، حەقیقەتیش ئەو شتەیە کە عەقڵ بەبێ پێویستبوونی بەڵگەو بەشێوەیەکی لە خۆوەیی پەسەندی دەکات .لە بنەرەت دا حەقیقەت واقیع نییە بەڵکو هزرگەلێکە لە ئاوەزی مرۆڤ دا.لە کۆجیتۆ بەنێوبانگەکەی دیکارت"من بیر دەکەمەوە، کەواتە من هەم" لەوە تێدەگەین کە لەلای ئەو تایبەتمەندی بیرکردنەوە حەقیقەتی بوونی مرۆڤە، کاتێک مرۆڤ لە بیرکردنەوە دەکەوێت شتێک بە ناوی بوون نامێنێت.بە بۆچونی -دیکارت- رێگەی گەیشتن بە حەقیقەت بریتییە لە گومانی مەنهەجی، گومان مانای دەرچوونی عەقڵ نییە لە خودەوە بەرەو دنیای دەرەوە بەڵکو گەرانەوە روەو خود دەکاتە مەرجێک بۆ پێداچوونەوە بە هەر فیکرێک کە مرۆڤ هەیەتی یا هەیبووە(لەوانەش هەندێکیان بۆماوەیی و برێکی دیشیان بەشیەوەی خۆرسك تیایدا چاپ بووە) ئەمەش لەرێگەی گومانەوە.گومانی مەنهەجی گومانێکی کاتییە، هۆکارە تاوەکو ئامانج، بە واتا گومان نییە لە پێناو گومان خۆی دا، بەڵکو وەسیلەیەکی مەعریفییە کە گومان بە پێویست دەگێرێت بە مەرامی گەیشتن بە حەقیقەتی دڵنییایی، ئەمەش جیاوازە لە گومانی مەزهەبی کە لە خودی خۆی دا ئامانجە و نکۆڵی توانستی مرۆڤ دەکات لە گەیشتن بە حەقیقەتی دڵنییایی حەقیقەتێک کە هیچ جیاوازییەک دەربارەی و هیچ گومانێک تیایدا نییە ئەمەش لە کاتێک دا بەبروای دیکارت ئەرکی سەرەکی گومانی مەنهەجی هاریکاریکردنی مرۆڤە بۆ گەیشتن بە حەقیقەتێکی بابەتییانەی بێ چەند و چون.کردەی گومان بە هزرگەلێک کۆتایی دێت کە چیدی گومان قبوڵ ناکات مەگەر کۆمەڵێک فیکری خۆرسک و سروشتی نەبێت کە ئەمانەش بنەمای یەقینن بەڵام حەقیقەت نییە تا ئەو کاتەی لەسەر ئەو پرنسیپانە ئاوا دەبێت کە لەرێگەی تێگەیشتنی هۆشەکییەوە پەی پێ دەبردرێت لەم میانەیەشەوە و لەڕێگەی بەڵگاندنەوە عەقڵ سەرجەم حەقیقەتە مومکین و ئاوێتەکان هەڵدەهێنجێت بەمە دەردەکەوێت کە عەقڵ خاڵی دەستپێک و کۆتایی حەقیقەتە.بەڵام پەیوەندی نێوان ئەو حەقیقەتەی لە رێگەی عەقڵەوە کەشف دەکرێت و واقیعی بابەتی چییە؟وەکو یەک بوونی حەقیقەت و واقیع پرسیارێکی تر زەق دەکاتەوە: چ واقیعێک هاووێنەی حەقیقەت؟ واقیعی مادی یا شاراوە و چۆن دەکرێت فیکر هاوشێوەی واقیعێکی پەنهان بێت؟ لە گۆشەنیگای گارانتی خواییەوە ەدیکارت وای دەبینێت پەیوەندی وەکیەکبوون مادامێک عەقڵ بە سیفەتی خۆرسکێتییەکەی و واقیعیش بە تایبەتمەندی و یاسا بابەتییەکانی لەیەک ژێدەرەوە سەردەردێنن(خودا) کەواتە یەکبوونی سەرچاوەکەیان زامنی وەکیەکبوونیانە.بەمە دیکارت دەگاتە ئەو باوەرەی کە حەقیقەت لە نێو بازنەی یەقینی تەواوەتی دا گەمارۆ دراوە(عەقڵ) و مادامێک رێگە لەبەردەم هەستەکان دا بە تەواوەتی داخراوە کەواتە هیچ بوارێک بۆ گومان نامێنێتەوە بەڵام دەکرێت حەقیقەت هۆشەکییەکی پەتی بێت؟ و چۆن عەقڵ دەتوانێت پەی بە حەقیقەتی واقیع بەرێت بەبێ بوونی پەیوەندیەکی راستەوخۆ پێیەوە؟ ئەمە لایەنێکی نەشیاوی عەقڵانیەتی دیکارتە کە کانت هەوڵی چارەسەرکردنی دەدات

دەکرێ بڵێین ئەو نزیکبوونەوانەی پێشتر باسمان کرد دەربارەی حەقیقەت سەرباری جیاوانی جەوهەری نێوانیان بەڵام بەلایەنی کەمەوە لە دوو تایبەتمەندی بەیەکدی دەگەن، ئەوانیش: لە یەک گۆشەوە سەیری حەقیقەت دەکرێت یا بە شیوەیەکی بابەتییانی پەتی بۆ وێنە پلاتۆ چییەتی ئەرستۆ یاخود بەچەشنێکی خودییانەی پەتی بۆ وێنە بیرۆکەی خۆرسکییانەی دیکارتی کە بەشێوەی بابەتێکی ئامادەی برێنراوە(واقیعی یا عەقڵی)لە حەقیقەت دەروانێت .کانت زیاتر بە ئەزموونگەراکان و رێجکەی توێژینەوەی باویسەردەمەکەی کاریگەر بوو(مەنهەجی نیوتن و گالیلۆ لە فیزیادا) لە لای کانت حەقیقەت نا بابەتی و نا خودی نییە هەروەک پێدراوێکیش نییە بەو مانایەی نە لەنێو فیکر و واقیع نە لەدەروەی ئەم دووانەش بەشوەی حازر بەدەست نییە بەڵکو لە بری ئەوە حەقیقەت زادەی کارلێکی فیکر و واقیعە، رۆڵی عەقل بەرێوەبردن و رێکخستنی کارلێکی ئەم دووانەیە لەرێگەی پێدراوەکانی ئەزموونی هەستی و ئیزافەکردنی تێگەیشتنی وێنەو شێوە، حەقیقەتیش پێویستی بە مادە و وێنە، فیکر و واقع بەیەکەوە هەیە

لەلای هایدگەریش حەقیقەت تامو بۆیەکی تر و چەمکێکی دی وەردەگرێت، لەدیدی ئەودا حەقیقەت لە بوون دایە، مادامێک بوون ناتوانێت گوزارشت لە خۆی بکات و کەشفی حەقیقەتی خۆی بکات کەواتە پێویستی بە یەکێکە بەم کردەیە هەڵبستێت کە بە بروای ئەم مرۆڤ ئەو تاکە مەخلوقەیە کە تیایدا حەقیقەت تەجەلا دەکات ئەمەش نا لەبەرئەوەی بیر دەکاتەوە بەڵکو لەبەرئەوەی دەدوێ و دەپەیڤێ و تەعبیر دەکات، لە کن هایدگەر مرۆڤ رۆشنایی حەقیقەتە لە شەوەزەنگی هەبوون دا، حەقیقەت فیکرێک نییە لە دەرەوە بەخشرابێتە بوون وەک چۆن دیکارت و کانت بانەشەیان دەکرد بەڵکو لە قوڵایی بوونی خۆی دایە مرۆڤیش هیچ نییە جگە لە زمانحاڵی بوون.

هەرچی پەرەسەندنی زانستیشە ئەوا دوو ئەدگاری رێژەیی و بابەتی دەبەخشێتە حەقیقەت، رێژەیی بوونی حەقیقەت لە زانست دا لە بەیەکەوەگرێدانی مەعریفە بە بابەتەکەیەوە و بە ئامرازە بەکارخستراوەکانی توێژینەوە تیایدا و ئاستی پەرەسەندنی تیۆرە زانستییەکان کە ئەمانە خۆیان بە رێژەیی دەمێننەوەو شایەنی راست کردنەوەو پێداچوونەوەن.هەرچی بابەتی بوونی حەقیقەتیشە ئەوا لە سەر دوو جۆر لە زەرورەتی عەقڵی دادەمەزرێت، زەرورەتی وێنەیی(شێوگی لۆجیکی و ماتماتیکی لە تیۆرە زانستییەکان دا)، زەرورەتی ئەزمونی(رێگەی سەلماندنی راستی تیۆرەکە).

تەوەری جۆرەکانی حەقیقەت پەیوستە بەو بوارەی کە حەقیقەت لێوەی هێزی خۆی وەردەگرێت بە مەبەستی رازیکردن(اقناع)، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا دوو جۆر لە هۆکارگەلی رازیکردن دەبینین: هۆکارگەلی خودی، کە ئەم جٶرە لە نێو حەقیقەت خۆی دایە لە شێوەی بەلگە و گوتار و دیالۆگ...ئەو هۆکارانەی لە دەرەوەی حەقیقەتن و زیاتر پەیوەندیدارن بە دەسەڵاتەوە وەک بەرهەمهێنەری حەقیقەت و داکۆکی لێ کردنی جۆری یەکەم شیوەی جیاجیا وەردەگرێت و تیایدا هەر حەقیقەتێک بەڵگەی پێویستە کە ئەمەش جیاوازە بە جیاوازی یاستی خەڵکی لە تەسدیق کردنی دا ئەوەی تریش سۆفستاییە.

ئایا ئەوەی کە حەقیقییە ناکۆکە لەگەڵ ئەوەی کە ناحەقیقییە؟ یاخود ئەوەی کە نا حەقیقیە(هەڵە، درۆ، وەهم) دەکرێت لە دەرەوەی حەقیقەتەوە هەبێت؟ پاشان ئایا پەیوەندی نێوانیان بەیەکەوە لکاویە یا لەیەکجوداییە؟

  (دیکارت ) پێی وایە مرۆڤ هەڵە ناکات تەنها ئەو کاتە نەبێت کە بریار لە سەر شتێک دەدات کە مەعریفەیەکی وردی لەبەردەست دا نییە و وای دادەنێت کە حەقیقەت بوونێکی ساکار و گونجاوو رۆشنە، وە ئەوەی کە حەقیقییە بە گوێرەی عەقڵ شتێکی بەدیهییە و هیچ پێویستی بە بەڵگە نییە و تەواو جیاوازە لە وەی کە حەقیقی نییە، دیکارت- حەقیقەت بەو رووناکییە دەچوێنێت کە بەبێ بوونی هیچ سەنەدێک دەناسرێت، نا حەقیقیش وەکو تاریکی وایە لەدەرەوەی رووناکی، فیکری دروست بۆ هەمیشە راستو پێچەوانەکەشی بۆ هەمیشە هەڵەیە، ئەم بۆچوونە جیاکاریە لە نێوان حەقیقەت و دژەکەی لە بەرژەوەندی ئەو روانینە کەوتەوە کە پێی وایە پەیوەندی نێوان حەقیقەت و دژەکانی پەیوەندییەکی بەیەکدا چوونە ئەمەش لەبەر چەند هۆکارێک لەوانە دەرکەوتنی بیری دیالێکتیک لەلایەن (هیگڵ و مارکس)، هەروەها رەخنەی دیالێکتیکی عەقڵ کە ئەمە لەگەڵ نیچە شێوەیەکی فەلسەفی و لەگەڵ مارکس سۆسیۆلۆجی و لەگەڵ فرۆید-یش شیوەیەکی دەروونی وەرگرت

لە رێگەی شیکاری دیالێکتیکیەوە، هیگڵ- ئەوەی روون کردووەتەوە هەر شتێک لە هەناوی خۆی دا دژەکەی خۆی هەڵدەگرێت، لەم روانگە دیالێکتیکیەوە، هەڵە، دژبوونی دیالێکتیکیانەی حەقیقەتە بە واتا بنەما و پێکهێنەری حەقیقەتە.هەرچی (باشلار)ە ئەوا پێی وایە حەقیقەتی زانستی هەڵەیەکە کە راست کراوەتەوە(مێژووی زانست مێژووی هەڵەکانی زانستە) هەروەها هەموو مەعریفەیەکی زانستی لە خودی خۆی دا هەڵگری کۆمەڵێک ئاستەنگی ئێپستیمۆلۆجییە کە دەبێتە هۆی هاتنە ئارای هەڵە، یەکەم ئاستەنگیش گومان یاخود پێش بۆچونە ئەمەش بەو مانایەی حەقیقەت بە تاوێک لە دایک نابێت بۆیە هەوڵە بەراییەکانی مرۆڤ لە گەران بەدوی حەقیقەت هیچ نییە جگە لە هەڵە، کەشف کردنی هەڵەو تێپەراندنی هەڵهێنانی یەکەم هەنگاوە رووەو حەقیقەت.ئیدگار مۆران- دەڵێت بیرۆکەی حەقیقەت گەورەترین سەرچاوەی هەڵەیە هەربۆیە ئەو بە پێداگرییەوە ئەوە دەخاتەروو کە گوتاری زانستی ناتوانێت هەڵگری حەقیقەتی پوخت و رەها بێت.هەرچی (نیچە شە) ئەوا پێی وایە حەقیقەت وەهمە ئەمەش بەهۆی لە بیرکردنی چاوگ و ئەرکی زمان چونکە زمان هیچ نییە جکە لە کۆمەڵێک مێتافۆر و لێکچواندن کە بە وێنەی شیعری و رەوانبێژییەوە ئارایشت دەکرێن کە ئەمەش گەیشتن بە حەقیقەت لەرێگەی وشەوە یاخود گەیشتن بە گوزارشتێکی چونیەکی واقیع یان قەوارەی رەسەنی شتەکان تارادەیەک دژوار دەکات، نیچە- پێی وایە خواستی دەستەبەر کردنی ژیانێکی ئاسایش و سەقامگیر بەرهەمهێنەری وەهمە چونکە بناغەی بوونی مرۆیی لەسەر زەمینەی ململانێ لە پێناو مانەوەدا دامەزراوە(یا هۆبز گوتەنی جەنگی گشت دژ بە گشت)، بەڵام ویستی مانەوە دنەی مرۆڤ دەدات بۆ بەکارهێنانی عەقل بەمەبەستی بەرهەمهێنانی وەهم، بەم شێوەیە دەبینین وەهم بە ژیانی مرۆڤەوە نوساوە چونکە گارانتی بەردەوامی و مانەوەی مرۆڤە.(نیچە) دواجار وای دەبینێت ئەوەی کە خەڵک بە حەقیقەتی دەزانێت و دەیپیرۆزێنێت هیچ نییە لە وەهمێک زیاتر

باوەری مرۆڤ بە حەقیقەت و کۆششی بێبرانەوەی ئەو بەدوای حەقیقەت دا کارێکی زەروریە بۆ بەردەوام بوونی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی بەڵام لێرەدا پرسیارێکی گرنگ سەر دەردێنێت، حەقیقەت نرخ و بەهای خۆی لە کوێوە هەڵدەهێنجێت؟ چی وادەکات حەقیقەت خوازراو بێت و ئامانجی هەوڵ و تەقەلاکانی مرۆڤ بێت؟ بەرسڤی ئەم پریسارانە کۆنە و تەنانەت پێش فیکری فەلسەفی کەوتووە بەجۆرێک کە فەیلەسوفانی گریک پێیان وابوو بەهای حەقیقەت لە خودی حەقیقەت خۆی دایە، ئەوەی وا دەکات بەم جۆرە بێت حەقیقەتێکی پاک و بێگەرد و موتەعالییە کە مرۆڤ هەوڵی بۆ دەدات کە ئەمەش خاڵییە لە هەرچەشنە مەفایەکی مادی، لەلای مرۆڤ حەقیقەت ئامانجی گشت مەعریفەیەکە، مادامێک کارەکە بەمجۆرەیە کەواتە حەقیقەتی فەلسەفی تاکە حەقیقەتێکە بە بەهای راستییەوە دەخوڕێت چێژی لێدەبات، ئەم روانینە چەند سەدەیەک بەردەوامی بە مانەوەی خۆیدا، بەڵام لە سەردەمی نوێ دا، لە چەرخی شۆرشی زانستی دا گرنگی دانێکی فرە بە حەقیقەتی زانستی ئەزمونگەرایی وەکو حەقیقەتێکی خودان بەها دەبینین، ئاگۆست کانت -پەسنی مەعریفەی زانستی و رێچکە ئەزمونگەراییەکەی دەکات و پێی وایە حەقیقەتی کردەیی خاوەنی بەها نییە تەنها ئەو کاتە نەبێت کە بەشێوەیەکی ئەزمونی دەسەلمێنرێت، هەر بەم رێگەیەش دەتوانین حەقیقەت و نا حەقیقەت لە یەکدی جوێ بکەینەوە، -پۆزەتیڤیزمی لۆجیکی-ش ئەم بیرۆکەیەی گەیاندە دوورترین تخوبەکانی بە جۆرێک کە شیانی سەلماندن بوو بە پێوەری جیاکردنەوەی حەقیقەت و نا حەقیقەت ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە حەقیقەتی ئاینی و فەلسەفی خاوەنی بەها نین مادامێک پێوەری سەلماندن تیایان دا غائیبە کەواتە ئەمانە حەقیقەت نین بەڵکو هاو شێوەی حەقیقەتن، بەڵام لەلای ئاراستەی (پراگماتیزم )حەقیقەت پێوەرێکی دی وەردەگرێت لێرەدا بەهای حەقیقەت بەستروەتەوە بەو سودو بەرژەوەندییەی لێیەوە دەکەوێتەوە هەروەک وابەستەیە بە چەندێتی ئەو کەڵکەی هەیەتی لە گۆرینی فیکرو واقیع بەیەکەوە کەواتە هەر فیکرێک کردەیی بێت و خودان بەرەنجامی باشە بێت ئەوا فیکرێکی حەقیقیە یا خودی حەقیقەتە.بەستنەوەی حەقیقەت بە سودەوە، لە لای کانت، کارێکی نەکردەیە ئەمەش لەبەر دوو هۆ، یەکەمین ئەوەی کە حەقیقەت دەبێتە رێژەیی و لەم بارەشدا حەقیقەت و دژەکەی تێکەڵی یەکتر دەبن.دووەمیان بە شێوەیەکی تایبەت ئەگەر وەهامان داناحەقیقەتی ئەخلاقی بیسودە ئەوا بەناچاری پەنا دەبەینە بەر نا حەقیقی ئەمەش دواجار دەبێتە هۆی هاتنە ئارای شەر و کاولکاری و تێکچوونی شیرازەی پەوەندییە مرۆییەکان، کەواتە مرۆڤ چیدی پێوەری گشت شتەکان نییە چونکە ئەگەر بریار بێت حەقیقەت وابەستەی مرۆڤ بێت ئەوا مەجدارە بە ئەرکێکی ئەخلاقی، ئەرکێکی هەمەکی و گەردوونی کە هیچ تاکێک لێی ریزپەر ناکرێت

بەڵام (بێرگسۆن) پێی وایە بەهای کردەیی حەقیقەت لە تێپەراندنی روانینی نەریتی نرخی حەقیقەت دا بەیان دەبێت، بۆیە حەقیقەت کۆپی هیچ شتیک نییە بەڵکو راگەیاندنی ئەوەیە کە لە داهاتوو دا دەبێت و ئامادەکارییە بۆ ئایندە، بەهای حەقیقەتیش لە ئامادەسازی مەعریفەی مرۆڤ بۆ پێشکەوتنی ئەوەی کە روودەدات دا پەنهانە.

 


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.