تاوانبارێكی گەورە خۆی شاردووەتەوە تكایە سزای بەن ..وەڵامێك بۆ بزووتنەوەی گۆڕان كە دەڵێ با ئەنجامدەرانی تاوانی هەڵەبجە لەبری ئازادكردن و داڵدەدانیان بە سزا بگەیەنرێن...ڕێبوار هەڵەبجەیی
هەڵەبجە ئەو تاوانە مەزنەیە جگە لەوەی دڕندەیی و بێباكیی دوژمنانی گەلی كورد دەردەخات ئاماژەیەكیشە بۆ بێویژدانیی جیهان و یاساكانی نێودەوڵەتی و هەروەها بەرژەوەندیخوازیی زلهێزەكان كە لە بەرانبەر كارەساتێكی وەك كۆمەڵكوژییەكەی هەڵەبجە بێدەنگییان نواند.
مێژوو شەرم لەكەس ناكات و بۆ نەوەكانی داهاتوو دەگێڕێتەوە چۆنچۆنی گەلێكی تەنیا و ستەمدیدە بەمجۆرە بوو بە قوربانیی بێویژدانی و بێباكیی ڕووڕەشترین دەستەڵات و بێبەزەیی سیاسەتی نێودەوڵەتی لە سەدەی بیستەمدا.بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا دەبێ دەست بۆ دیوە شاراوەكانی ئەو كارەساتە ببەین و نامرۆڤی و بێویژدانیی ژمارەیەك هێزی كوردی و سیاسەتمەداری كوردییش بۆ خەڵك و نەوەی دواڕۆژ ڕوون بكرێتەوە.
دوژمن دڕندە بوو و جیهانیش بێویژدان بەڵام دەبێ چ تەعبیرێك بۆ ئەو سیاسییە كوردانە بدۆزینەوە كە دەستیان هەبووە لە شەهیدكردنی هاونیشتمانیان لە هەڵەبجەدا.دەبێ ئەو كەسانە ئاشكرا بكرێن كە كورد بوون و سیاسی بوون و بەحیساب لە شاخ بوون و هۆكارێكیش بوون بۆ قڕكردنی و كیمیانبارانكردنی خەڵكی بێتاوانی هەڵەبجە.دەبێ ئەو بێدەنگییە بشكێت و دەمامك لەسەر پیاوێك هەڵبگیرێت كە ناوی (نەوشیروان مستەفا)ـیە و كارەكەی پەڵەیەكی ڕەشە لە مێژووی سیاسیی گەلی كورددا.ئەو كەسەی ئێستایشی لەگەڵدا بێت لە خودا و ویژدانی گەل ناترسێت و خۆی بۆ دژایەتیی خەونەكاتی گەلی كورد تەرخان كردووە.
(نەوشیروان مستەفا) بوو سوپای پاسداران و سوپای بەدری بردە سەر شارەكە و دوو ڕۆژی تەواو شارەكەی ئابڵۆقەدا و نەیهێشت تاكە كەسێك لە شاری هەڵەبجە دەربچێت.وەك بڵێی ئەو پیاوە دەستی لەگەڵ ئەهریمەنی مەرگدا تێكەڵ كردبێت و پلان بۆ مەرگی بەكۆمەڵی شارەكە دابنێت.
ئەو حەقیقەتە مام جەلالیش باسی كردووە و لە چوارەمین پلینیۆمی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە هۆڵی تەلاری سلێمانی لە 29 ئۆكتۆبەری 2009 دەڵێ: " سەرباری ئەوەی نەوشیروان ئاگادار كرایەوە كە بردنی پاسدار بۆ هەر شوێنێك تەنانەت سلێمانیش جوابی بە چەكی كیمیاییە بەڵام نەشیروان گوێی نەدایە و پاسداری برد بۆ سەر هەڵەبجە".لە ڕاستیدا لە پلانی شەڕەكەدا هەڵەبجەی تێدا نەبوو بەڵام نەوشیروان بە دزی لەگەڵ پاسدارەكانی ئێران ڕێك كەوتبوو كە شاری هەڵەبجە بگرن.
شاهیدحاڵێكیش دەگێڕێتەوە (شەوكەتی حاجی موشیر)ـیش كە لەو كاتدا خۆی كردبوو قایمەقامی شاری هەڵەبجە ڕێك لەو كاتەی هێرش كرایە سەر هەڵەبجە برووسكەیەكی بە پەلەی لە (نەوشیروان مستەفا)ـوە بۆ دێت كە "شەوكەت قاسەكانی پارە لەبیر نەكەی خێرا بیانهێنە دەر لە شارەكە".
سەیر كەن بۆ نەوشیروان و هەڤاڵانی پارە و زێڕ گرنگتر بووە لە گیانی هاووڵاتیانی بێتاوان.ئەو نامەردییە لە مێژوودا وێنەی نەبووە چۆن كەسێك ئەوها بەرانبەر بە چارەنووسی هاونیشتیمانیانی بێباك و بێبەزەیی بێت.ئێستاكەیش شەرم لە مێژووی خۆی نەكات بێشەرمانە باسی دیموكراسی و مەدەنییەت و هتد بكات.بەو پێیە نەوشیروان تاوانباری یەكەمە و دەبێ دادگایی بكرێت و نەمێنێ بۆ ئەوەی ئەو كۆسپە شوومەیش لەسەر ڕێگەی خەونەكانی گەلی كورد لا بچێت و دەڤەری سلێمانی و شارەزووریش ئاسوودەیی بەخۆیەوە ببینێت.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
