تازە ئیتر چۆکدادان هاتۆتە سەر چۆک ..ڕێبوار کەریمی

پێشکەش بە خوێنین کفنەکانی پاریس

دەست مەبوێرن!
هەرچی نەریتی ناڕەوا پێی نەکردوون،
وەرن..ئێوە پێیان بکەن!
بیانگرن،
بیانبڕن،
دەنگیان کپ کەن!

 

ئەگەر خەنجەری ژەنگاویی بەر پشتێنی کۆنی خۆمان
هێشتا شوێنپێی چارەنووسی هەڵنەگرتوون..
ئەگەر مێژووی پڕ دڕک و داڵ
هێشتا باڵی پەپوولەی خولیا وخەیاڵی
نەپرواندوون،
ئەگەر ساڵانی تاڵان-ی بزە و تاسە
سەدەکانی لاقەکردنی خەونەکان،
هێشتا سەری پڕی خەونی خوێنینی پێ
بەرەو نادیارانی هیچکوێ،
هەڵنەگرتوون..
ئەگەر دەبینن هێشتاکە
لە ژێرباری مێژووییەکی کێوپسێندا، هەر بەڕێوەن -
کەوتوون و؛ لە پێ نەکەوتوون..

چاوەڕێی چین؟!
وەرن ئێوە دەست و برد کەن!
وەرن ئێوە؛
هەروا لەبەرچاوی خودا
لە بەرچاوانی نوقاوی داوەڵی ویژدانی دونیا
بیانکوژن، دایانبێژن!
دەنا با دەنگپۆشی چەکتان ترسی هەڵچووی ناو هەناوتان لە قاو نەدات؛
مەیانکوژن، مەیانبێژن
شەرمی ناوێ لەم دنیایە:

لە بێشەڵانەکانی هێز،

لە شۆرەکاتی رەوشت و
لە کوێرە رێگای سیاسەت
لە هەر کوێیەک دڵتان گرتی،
هەر لەوێدا،
بە زیندوویی بیاننژێن!

دەست مەبوێرن!
هەرچی نەریتی ناڕەوا پێی نەکردوون،
وەرن..ئێوە پێیان بکەن!
بیانگرن،
بیانبڕن،
چۆن دەست دەدا، بەو شێوەیە دەنگیان کپ کەن!

ئێوە مابوون
ئێوەش دەستیان لێ‌مەبوێرن!
لە سەر زەمین و لە ئاسمان؛
لە هەرچییەک دەکەوێتە نێوانی وان،
هیچ نەماوە،
هێشتا نەکرابێت بە ئەوان
دەسا ئێوەش،
دەست مەبوێرن؛
چیتان پێ شک دێ نەکرابێ
بێ منەت بن،
ئێوە بیکەن؛
بەو شێویەی بۆتان دەلوێ،

وایان کپ کەن!

 

ستەم لەوەتەی خوا خوایە
پەیژەی مێژووی
بە بەژنی بوونی ئەواندا هەڵبەستووە.
پەیژە ئەوا دای لە کورتی..
ستەم ئەوا چۆکی شل بوو..
فەرموون...کوڵەبنەکانی رۆژگار...فەرموون!
فەرموون...سەردارانی ستەم...فەرموون!
ئێوەش بەختتان تاقی وەکەن..
ئێوە مابوون،
فەرموون ئێوەش،
سەری خۆتان لە بەرد بدەن!

نیوەشەوی ئەنگوستەچاو

رێگەی لەوان بزرنەکرد؛

تازە ئێوە..بەم کازیوەیە لە دوای چین؟!
وێشوومەی شوومی پاییزان،

هێلانەی هیوای ئەوانی پێ‌نەشێوا؛

تازە ئێوە..بەم فێنکایی دەم بەهارە، بەهیوای چین؟!
ئەم قوماری کارەساتە،

سەدەکان بەوانی کرد و نەیبردەوە؛

تازە ئێوە..بەم ساڵانی روو لە هاتە، بە تەمای چین؟!

تازە هەیهات! هەیهات! هەیهات!
ژنی ئەم خاکە سووتاوە
قەقنەسێکن
بە گڕ فرچکیان گرتووە!
ئاوی خەتەر
تازە لە مێژساڵە کەوا
لە سەری پڕ لە سەودایان تێپەڕبووە..
(ئەوان تازە، لە ناو خنکانی خۆیاندا فێرە مەلەن!)
نە دایکی رۆحی پیرۆزن، نە مەسیحن
کەچی ئەوان

مەسیحانە،

خاچی خەمێکی پیرۆزیان
لە سەر شانیان هەڵگرتووە!
ئەگەر گوڵی خەندەیەکیش
لە سەر لێوەکانیان بیندرا..
ئەو گوڵانە،

لە ناو گوڵدانی خەمیاندا پشکووتووە!

 

 

تازە هەیهات!
لە سەرزەمینی باوەڕی ئوستوورەکانی ئەم چەرخە،
لە نیشتمانی "لەیلاکان"
لە چاخی "سەکینە و ڤیدان"
تازە ئیتر؛
چۆکدادان هاتۆتە سەر چۆک!
تازە ئیتر
لە سای بەژنی ژان تێ‌گەڕاوی مێژووی ژن
توانەوە،
هاکا بۆ خۆی توایەوە
تا دوا تنۆک!

 

بیانکوژن،

بیانبڕن،
تازە هەیهات!

دانامرکێت
گڕکانی گیانی کچانی
سەدەی رزگاریی ژن و کورد
بەگشت ئاوی دیجلە و فوڕات!

بیانکوژن،
بیانبڕن،
تازە هەیهات!
تازە هەیهات!



هیندوستان، 13.1.13

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر