
منداڵانی کورد لە ئەمستەردام بە موزیک و گۆرانی ئاهەنگی نەورۆز دەگێڕن ...شیرین هۆرامی
زۆرن ئەوانەی کە دەڵێن، هەرچی منداڵی کوردە لە ئوروپا، هەموویان ناسنامە و کلتووری خۆیان دەدۆرێنن و کوردبوونی خۆیان لەبیر دەکەن و دەبنە ئوروپی.پێدەچێت ئەم قسەیە جۆرە گشتگیرییەکی پێوەدیاربێت، بەڵام ئەمە ڕاست نییە، چونکە منداڵێکی زۆری کوردیش دەبینین، کەلە ئوروپادا دەژین هیچ مێژووییەکی وایان لە کوردستاندا نەبووە، بەڵام زۆر شانازی بە نەتەوە و زمان و کلتووری خۆیانەوە دەکەن.دیارە ئەمەش تاڕادەیەکی زۆر پەیوەندی بە دایک و باوکی ئەو منداڵانەوە هەیە کە دێنە ئوروپا، ئایا تاچەندە ئەو دایک و باوکانە دەتوانن هەستی کوردایەتی و خۆشەویستی بۆ کوردستان، لەناخی منداڵەکانیان بچێنن.لە ئەمستەردام تیپێکی موزیکی کوردی هەیە، کە لە کۆمەڵێک منداڵ و مێردمنداڵی کوردی پێک دێت، لەلایەن مامۆستا شۆرشەوە، فێری موزیک و گۆرانی کوردیان دەکات .لە 30 مارسی ئەمساڵدا، لە هۆڵێکی تایبەت، بە ئامادەبوونی خێزانێکی زۆری ڕەوەندی کوردی و بەشداربوونی چەند هۆڵەندییەک، ئەم تیپە ئاهەنگێکی خنجیلانە و جوانیان بەبۆنەی نەورۆزەوە پێشكەشکرد.تێیدا چەندین گۆرانی فۆلکلۆر و نوێی کوردی گوترا، هەروەها کۆمەڵێک پارچە موزیکی ڕەسەنی کوردیش، لەلایەن ئەو منداڵانەوە لێدرا، کە ئەندامی ئەو تیپەن .لە کۆتایشدا هەموو منداڵەکان خەڵاتکران.جێگای گووتنە ئەم تیپی موزیکییە، لەلایەن کۆمەڵێک خێزانی کوردی دانیشتوی شاری ئەمستەردام دامەزراوە.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
