منیش گلەییم لە سەرۆكی هەرێم هەیە ... گیڤارا قەرەداغی
ئەمینداری پێشووی یەكگرتوو لە دوایین ژمارەی گۆڤاری لڤین لە چاوپێكەوتنێكیدا حەقیقەتی بەرژەوەندیخوازی خۆی و تاقمەكەی دەرخست كە تاكە شتێك لە لای ئەوان بەهای هەیە دەستەڵات و گەییشتن بە كورسیی حوكمڕانییە نەك ئاساییشی كۆمەڵایەتی و ڕاستگۆیی و ڕێزگرتن لە بەها سیاسی و كولتوورییەكانی كوردستان. ئەوەیان سەیر نییە چونكە ئەم كابرایە خۆی كەسێكی هاوردەیە و نامۆیە بە دابونەریتی كوردەواری.
دەركەوتنی ئەو و سیاسییە هاوشێوەكانی ئەو نە زەرورەتێكی مێژوویی بووە و نەیش هەڵقوڵاوی ویست و ئیرادەی گەلی كوردستان بوونە. كورت و كرمانجی سەلاحەدین بەهائەدین پڕۆژەیەكی دەرەكیی نەیارانی گەلی كوردە، پڕۆژەی ئەوانەیە لە پشتەوەی قڕكردنی گەلی كورد بوون و فەتوای ئەنفالیان دەر دەكرد. سەلاحەدین بەهائەدین پڕۆژەی تێكشكاندنی ئیرادەی كوردە بۆ ئەوەی بە سەربەخۆیی و سەربەرزی نەگات.
ئەو كابرایە لە بەشێكی قسەكانی لە لڤیندا دەڵێ: "ماوەی سەرۆكایەتیی هەرێم خەراپترین ماوەی تەمەنی سیاسی و مێژوویی مەسعود بارزانییە" منیش لەو خاڵەدا لەگەڵ سەلاحەدین هاوڕام و وەك هاووڵاتییەكی كوردستان گلەییم لە سەرۆكی هەرێم هەیە چونكە لە ماوەی سەرۆكایەتیی بارزانی بوو ڕێگە درا بە خەڵكی وەك سەلاحەدین بەشداری پڕۆسەی سیاسی بن و قسە لەسەر چارەنووسی وڵات بكەن. ڕێگە بەو كەسە و ڕێكخراوەكەی درا بەشداری حكوومەت و هەڵبژاردن بن بە بێی ئەوەی تۆزقاڵێك بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە ئەجیندای ئەواندا هەبێ.
حەز دەكەم بە سەلاحەدین بەهائەدین بڵێم بە هیچ شێوەیەك مافی نییە لەبارەی چارنووسی وڵاتەكەم قسە بكات چونكە نامۆیە بۆ وڵاتم و پیرۆزییەكانم. دەمەوێت بەو سیاسییە گۆشەگیرە بڵێم تۆ كە دڵۆپەیەك خوێنت لە پێناو ئازادیدا نەڕێشتووە بە چ مافێك قسە لەسەر چارەنووسی وڵاتەكەم دەكەی؟ تۆ كە بە ناوی یارمەتیدانی هەژاران پارەت لە خەڵكی خەلیج وەردەگرت و دەتخوارد و بۆ كاری حزبەكەت سەرفت دەكرد چۆنچۆنی دەتوانی كاری خەڵك هەڵسەنگێنی و لافی ئیسلامەتیش لێ بدەی؟ تۆ كە بە ناو سەرۆكی حزب بووی و لە پەنای كاری سیاسی كاری سیخوڕییشت دەكرد چۆنچۆنی دەتوانی باسی دواڕۆژی وڵات بكەی؟ سەرۆكی هەرێم كارێكی باشی نەكرد كە نەیهێشت لەسەر سیخوڕی دادگایی بكرێیت.
من خۆم كەسێكی چەپیم و حەزییش بەو دەستەڵاتە ناكەم و بڕیارشم داوە تەدخولی سیاسەت نەكەم لەگەڵ ئەوەش وڵاتی خۆم خۆش دەوێ و ڕێزم بۆ مێژوو و شەهید و خەباتگێڕەكانی هەیە بەڵام كە كەسێكی وەك سەلاحەدین بەهائەدین دێتە گۆ ناتوانم دان بەخۆمدا بگرم و لەڕێی قەڵەمەكەمەوە ڕیسوایان نەكەم. داواش لەو لایەنە عیلمانییانە دەكەم كە لەگەڵ سەلاحەدین هاوپەیمانن ئاگاداری نیفاق و دووڕووییان بن چونكە هەروەك خۆشی بە ڕوونی لە چاوپێكەوتنەكەی لڤیندا باس دەكات كە هاوپەیمانەتییان تەنیا مەسلەحەت و كاتییە. هاوپەیمانی لەگەڵ ئەوان زیانی بۆ گەلی كورد هەیە و قازانجەكەی تەنیا دەچێتە گیرفانی خاوەنانی ئەو پڕۆژەیەی سەلاحەدینیان تەوزیف كردووە.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
