چەند رۆژ لاى ئێوە، تایبەتە بە ژنان...! سیروان محمد گەنجانى

چەند رۆژ لاى ئێوە، تایبەتە بە ژنان...! سیروان محمد گەنجانى

دیسانەوە لە هەشتى مارسدا خەڵکێک بە چەپکە گوڵى سوورى نایلۆنى بێ هەستەوە خەڵک توشى تەراخوما دەکەن و بە وشەگەلێکى بە باق و بریقى بێ رۆحەوە ئاسمان پڕدەکەنەوە لە هاوار، بە خۆ هەڵکێشانەوە واى دەردەخەن پێشەنگى داکۆکیار و سەرسەختى مافەکانى ژنان و ئافرەتان تەنیا ئەوانن...ئیدى ئەو خەڵکەى دیکە پێویستە یان دروشمەکانى ئەوان بڵێنەوە خۆ گەر نا بخزێنە کونجى بێ دەنگى و سەرکزکردنەوە..

ئەمانە هەرچیەک بکەن هەرچیەک یڵین جێگەى سەرنج و تێبینى من نین..ئەو دیو دەمامکەکانیان ئاشکرایەو جفرەى دەربڕیینەکانیان وەکو تاڵ بەتاڵى دڕک و شەخەڵى ئەو پێ دەشتە دیار و ڕوون و بەرچاون..

بەڵام جەرگم بۆ ئەو ئافرەت و ژنانە دەسوتێ دووى ئەو دەنگە نوساوانە کەوتوون و دەکەون، بەو گوڵە دەستکردانە لەخشتە چوون و دەچن..هەر دوایان کەوتوون و دەکەون و هەر ڕۆشتون و دەڕۆن تا ئیدى نە دیارماون و نە دیاردەمێنن و نەهاتوونەتەوەو نە دێنەوە..

ئێوە چەند رۆژ تایبەت دەکەن بە گرنگى پێدان و ماف و شایستەگرتنى ژنان و ئافرەتانەوە؟!

 من مەملەکەتێک شک پێ دەبەم جگە لەو رۆژەى ئێوە سێ سەدو شەست و پێنج رۆژى دیکەشیان بەو ئەرک وماف و گرنگى پێدانە بەخشیوە!

مەملەکەت و حەشامێکن ئەوان شتێک نیە بەناوى جیاوازى پلەو پایەى ژن لەگەڵ پیاودا، هەموویان ناویان مرۆڤەو هەر رەگەزەیان ئاراستەیەک تایبەت بەخۆیان دەگرنە بەرو کەسیان ئەوى دیکەیان خوس نادات و کەسیان ئەوى تریان بە کۆیلە ناکات و کەسیان دنیاى تایبەتى ئەوى تریان نابەزێنێت..بە نەزمى دەستوور و قانون و ئیقرارێکى بێ کڕین و بێ فرۆشتن پێکەوە گوزەران دەکەن و بەس...بۆ کەسیان دەتوانێت و دەمى دێنێت بەوى دیکەیان بڵێت لەل!!

ئەو مەملەکەت و خەڵکەى من ئاشنایانم دەستور و قانونێک پەیڕەو دەکەن لەهى کەس ناچێت، لە هەموو سوچ و کۆڵان و ماڵ و جێگەو تەنانەت دەشت و دەر و ڕێگا دوورەکانى نێوان شارەکانیشدا کامێراى چاودێریان داناوە بۆ لانەدان لە قانونى مەملەکەت...لانەدان لە هەموو قانونەکان و لە نێویشیدا نەبەزاندنى ماف و حورمەت و کەرامەتى رەگەزى بەرامبەر...ئەوێ ژیانێکە لە سوکنایى و دنیایەکە لە ئارامى و پێکەوە ژیان...

ئێوە رۆژانى دیکەى جگە لە هەشتى مارس چى دەکەن بەرامبەر ژنان و ئافرەتان؟! ئەو سێ سەد و شەست و پێنج رۆژەکەى دیکە چەند جار دەیان فرۆشن و سزایان دەدەن و رۆحیان لە جەستەیان دادەماڵن؟! باشە پێم بڵێن ئەتانەوێت لەم رۆژەدا چى پلانێک جێ بەجێ بکەن؟! مەگەر دەتانەویت ژمارەیەکى دیکەى ژن و ئافرەتى ئازاد و بەرزە فڕ بکەن بە تەڵەکەوە! ئاى چەندە تەماحاوى و چاو برسین، لێزانیشن ئەوەتا زۆر مێینەتان وەکو کەوى ڕاوى بنار لەقەفەس ناوەو پێى دەخوێنن...ئاااى کە ڕاوچیەکى بە ئەزموونن!!

چەند رۆژ لاى ئێوە تایبەتە بە ژنانەوە..؟! چونکە ئەو مەملەکەتەى من ئاشنیانم...!، ..ئێوە چەند...!، ..ئەوان چەند..!!!..ئێوە...!، ...ئەوان هەربەراستى و باوەڕەوە..!!


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر