پەرلەمانی بەریتانیا بڕیاریدا گفتوگۆ لەسەر جینۆسایدی کورد بکات ...خەسرۆ ئاژگەیی، لەندەن
ئەمڕۆ پەرلەمانی بەریتانیا بە فەرمی ڕەزامەندی خۆی نیشاندا لەسەر دابینکردنی دانیشتنێکی تایبەت بە گفتوگۆکردن لەسەر جینۆسایدی کورد و پرسی بە فەرمی ناساندنی بە کۆمەڵکوژی گەلی کورد لە عیراق.ئەو هەنگاوە مێژووییە دوا بەدوای بەڕێوەچوونی هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژووی ئەلەکترۆنیەوە دێت کە تیایدا زیاتر لە بیست و حەفت هەزار و پێنج سەد هاووڵاتی بەریتانیا بەشداریان لەو هەڵمەتە کرد و داوایان لە پەرلەمان و حکومەتی ووڵاتەکەیان کرد کە جینۆسایدی گەلی کورد بە فەرمی بناسێنن و بکوژانی گەلی کورد بدەنە دادگا.
-ی 28 دانیشتنەکەی پەرلەمانی بەریتانیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر جینۆسایدی کورد لە ڕۆژی
شوباتی ئەمساڵ لە هۆڵی سەرەکی پەرلەمانی ئەو ووڵاتە بەڕێوەدەچێت.هەر لەو ڕۆژە پرسی جینۆسایدی کورد دەدرێتە دەنگدان.ئەگەر هاتوو دەنگدانەکە سەرکەوتنی وەدەستهێنا ئەوا ئەو پرسە بە فەرمی لە لایەن پەرلەمانەوە دەناسێنرێت.
دەستنیشانکردنی دانیشتنێك بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی جینۆسایدی کورد بە دەستکەوتێکی مێژوویی دەژمێردرێت بۆ ئەو هەڵمەتە گەورەیەی کە بۆ کۆکردنەوەی واژووی ئەلەکترۆنی لە لایەن پەرلەمانتاری بە ڕەگەز کورد نازم زەهاوی دەستپێکرا .هەڵمەتەکە لە مانگی ئاداری پارساڵ دەستی پێکرد کە لە ڕێگایەوە داوا لە حکومەتی بەریتانیا کرا پرسی بە کۆمەڵ کوشتنی گەلی کورد تاوتوێ بکات و ڕاستیەکانی ئەو کارەساتانەی کە بەسەر گەلی کورد هاتوون بە فەرمی بناسێنێت.هەڵمەتەکە هەر لە سەرەتای دەستپێکردنیەوە لە لایەن ڕەوەندی کوردی لە بەریتانیا، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا، پەرلەمانتارانی سەرجەم پارتە سیاسیەکانی ئەو ووڵاتە بە تایبەت ئەندامانی گرووپی کوردستان بە گەرمیەوە پشتگیری لێکرا، بە تایبەتیش پەرلەمانتاران ڕۆبەڕت هاڵفن و مێگ مۆن.هەردوو ناوبراو لەم دواییانە توانیان لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە سەرکەوتووانە لە بەردەم لیژنەی کار و بیزنیسی سەر بە پەرلەمانی بەریتانیا پێشکەشیان کرد ڕەزامەندی ئەو لیژنەیە وەدەستبێنن بۆ ئەوەی دانیشتنێك لە پەرلەمان سازبکرێت بۆ تاوتوێ کردن و گفتوگۆکردن لەسەر جینۆسایدی کورد.
هەر لەو کۆبوونەوەیەی لیژنەکەدا، پەرلەمانتار نازم زەهاوی بە لیژنەکەی ڕاگەیاند کە باوکی ئەو زۆری لێکرا تا عیراق بە جێبهێڵێت تەنها لەبەر ئەوەی کورد بوو و ئامادە نەبوو ببێتە ئەندامی حیزبی بەعس.زەهاوی هەروەها ووتی بەریتانیا هەر لە کۆنەوە بە تەواوی قورساییەوە لەگەڵ گەلی کورد وەستاوە، ئەو هەڵوێستانەی بەریتانیاش دەگەڕێتەوە بۆ کاتی پەیمانی سایکس- پیکۆ.هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی بەڕێز جۆن مەیجەردا لە سەپاندنی ناوچەی ئارام، دواتریش تۆنی بلێر کە لە لایەن گەلی کوردەوە وەك ڕزگارکاری ئەو گەلە تەماشا دەکرێت.
لە لایەکی تریشەوە پەرلەمانتار ڕۆبەڕت هاڵفن ووتی ئەگەر جینۆسایدی کورد بە فەرمی لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە نەناسێنرێت، ئەوا بکوژانی گەلی کورد نادرێنە دادگا و بە سزای خۆیان ناگەن.لە لای خۆیەوەش پەرلەمانتار مێگ مۆن ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆکردن لەسەر جینۆسایدی کورد ڕەنگدانەوەی خۆی دەبێت لەسەر ڕووداوەکانی سوریا.پەرلەمانتار فابیان هامیڵتنیش پشتگیری تەواوی پارتە سیاسیەکانی ناو پەرلەمانی بەریتانیای بۆ ئەو دانیشتنەی پەرلەمان دووپات کردەوە.پەرلەمانتار جەیسن مکاڕتنیش کە ئەفسەرێکی هێزی ئاسمانی بەریتانیا بوو لە زاخۆ لە سەردەمی بەڕێوەبردنی ناوچەی ئارام و پاراستنی گەلی کورد لە لای خۆیەوە ووتی دەستنیشانکردنی دانیشتنێك بۆ تاوتوێکردنی جینۆسایدی کورد لە پەرلەمانی بەریتانیا باشترین سەرەخۆشیە لە یادی بیست و پێنج ساڵەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە.
لە لای خۆیەوەش خاتوو بەیان سامی عبدالرحمان نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا ووتی: " جینۆساید کارەساتێك بوو کە خەڵکی کوردی تووشی نەهامەتی کرد ناڵاندن کرد.خێزانی کورد بە هۆی ئەو تاوانانەوە پارچە پارچە کران.کوڕەکان و باوکەکان بە کۆمەڵ کوژران یان زیندە بەچاڵ كران، ژن و مناڵەکانیشمان بە گازی ژەهراوی بۆمباران کران.ئێمە دەمانەوێت جگە لە خۆمان، دۆستەکانیشمان ئەو نەهامەتیانەی کە بەسەر گەلەکەمان هاتوون بناسێن بۆ ئەوەی کەس و کاری قوربانیان و ئەوانەی کە لە سەر ژیان ماون ئەو لاپەرە پڕ نەهامەتیە دابخەن، لە هەمان کاتیشدا ببێتە پەیامێك بۆ ئەو ڕژێمە زۆردارانەی کە بیر لە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی دەکەنەوە.با بیر لە هەستی کەس و کاری ئەو قوربانیانەمان بکەینەوە کە ئێستا لە بەریتانیا ژیان بەسەردەبەن و خاوەن ڕەگەزنامەی ئەو ووڵاتەن کاتێك لە هۆڵی پەرلەمان دادەنیشن و گوێ لەو دانیشتنەی تایبەت بە جینۆسایدکردنی کەس و کارەکانیان دەگرن."
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا لە ڕێگای نامەیەکەوە بە لیژنەکەی ڕاگەیاند کە لەم دواییانە هەردوو پەرلەمانی سوێد و نەرویژ گفتوگۆیان لەمەڕ جینۆسایدی کورد کرد و ڕەوەندی کوردیش لە بەریتانیا پرسیاری ئەوە دەکات ئاخۆ بۆچی پەرلەمانی بەریتانیا بە هەمان کار هەڵناستێت؟
شایانی باسە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا حکومەتی بەریتانیا لە وەڵامنامەیەکدا بۆ هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژووی ئەلەکترۆنی ڕایگەیاند کە گەلی کورد لە عیراق زیاترین پشکی نەهامەتی و کارەساتی بەرکەوتووە.بەڵام لە هەمانکاتدا بەیاننامەکەی حکومەتی بەریتانیا ئاماژەی بەوە داوە کە کاری حکومەت نیە بڕیار بدات ئاخۆ کارەساتەکانی گەلی کورد دەکەونە ژێر بابەتی جینۆساید یان نا، لەبەر ئەوەی ئەو بابەتە پرسێکی یاسایی ئاڵۆزە.
دانیشتنی پەرلەمانی بەریتانیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی جینۆسایدی کورد لەوانەیە هانی حکومەتی ئەو ووڵاتە بدات بۆ ئەوەی هەڵویستەکەی خۆی لەمەڕ ئەو پرسە بگۆڕێت
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
