گەڕان بەدوای بابەتدا

پێشەوا قازی ڕەمزی هەرمانی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت ...قادری خه‌نده‌ڕه‌ش

پێشەوا قازی ڕەمزی هەرمانی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت ...قادری خه‌نده‌ڕه‌ش

گه‌ر چاوێک به‌ مێژووی نەتەوە جیاوازەکانی جیهاندا بخشێنین، زۆر ڕۆژی گرنگ و مێژوویی دەکەونە بەرچاو کە هەرکام لە نەتەوەکان شانازیان پێوە دەکەن، ڕۆژی بەربەرەکانی و هەستانەوەکان بە دژی داگیرکەران، ڕۆژی وەستانەوە و فیداکاری و لەخۆبوردن و قوربانیدانەکان و...ئەو ڕۆژانەن کە هەر کام لە نەتەوەکان شانازیان پێوە دەکەن و لە ساڵیادەکانیان دا ڕێز لە خەبات و ماندوو بوونی ئەو کەسانە دەگرن کە پاڵەوانی هەرکام لەم ڕووداوانە بوونە، هەروەها پەیمانیش لەگەڵ ڕۆحی ئەو کەسانە نوێ دەکەنەوە کە لەپێناو بەرز ڕاگرتنی ئاڵای سەربەخۆیی وڵاتەکەیان دا ماندوو بوونەو و لە ڕێگای خاک و وڵاتەکەیان دا گیانی خۆیان فیدا کردووە، نەتەوەکان شانازی به‌ ڕۆژه‌ مێژووییه‌کانی خۆیانه‌وه‌ ده‌که‌ن و لە هەر هەل و دەرفەتێک دا تێدەکۆشن بۆ ناساندنی زیاتری ڕۆژە مێژوییەکانیان بە نەتەوەکانی دیکەو بە جیهانی کردنی ڕۆژ و یاده‌وه‌ریەکانیان.

نەتەوەی گەورەی کوردیش وه‌ک یه‌کێک له‌ نەتەوە خەباتکار و سەربزێو و کۆڵنەدەرەکانی سه‌ر گۆی زه‌وی، خاوەنی گه‌لێک ڕۆژی مێژوویی و پڕ سه‌روه‌ر‌یه لە مێژووی دوور و درێژی خۆیدا‌، خه‌بات و به‌رخۆدانەکان، شکان و هه‌ستانه‌وه‌کان‌، فیداکاری و قوربانیدانه‌کان و بەربەرەکانێکان بە دژی داگیرکەران بەشێکن لەو ڕۆژە‌ مێژووییانەی کە نەتەوەی گەورەی کورد شانازیان پێوە دەکات و لە ئاوێنەی مێژووی پڕ سەروەری کوردان دا زۆر بە ڕوونی ڕەنگیانداوەتەوە.

١٠ خاکه‌لێوه‌ ڕۆژی شه‌هیدکردنی یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان، حەزرەتی پێشەوا قازی و هاوڕێکانی یه‌کێک له‌م ڕۆژە مێژویانه‌یه‌ که‌ نەتەوەی کورد له‌ لاپه‌ڕه‌ی مێژووی خەباتی پڕ له‌ سەروەری و شانازی و قوربانیدانی خۆی دا به‌ خوێن تۆماری کردووه‌.١٠ خاکەلێوە ڕۆژی شەهید کردنی یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان پێشەوا قازی، ڕۆژێکی مێژویی و لەبیرنەکراوی نەتەوەی گەورەی کوردە کە هەتا کوردێک مابێت، ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی هەر ساڵێکیش ڕێز لە خەبات و ماندوو بوون و فیداکاری شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دەگیرێت.

ئاشکرایە کە پێشه‌وا قازی به‌ده‌ر له‌وه‌ی که‌ پێشه‌واو سه‌رۆک کۆماری کوردستان بوو، زانایه‌كی ئایینی، روناكبیرێكی به‌ تواناو سیاسه‌تزان و مرۆڤدۆست و نیشتمانپه‌روه‌رێکی ڕاسته‌قینه‌ی ڕێگای ئازادی و مرۆڤایەتیش بوو.پێشه‌وا قازی توانی له‌بواری سیاسیدا ڕۆڵێكی گه‌وره‌ ببینێت و ببێت به‌ سونبولی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و خۆشه‌ویستی گه‌له‌ به‌شخوراوه‌که‌ی.

ئه‌گه‌ر بڕوانینە‌ مێژوی نەتەوەکانی دیکە و چاوێک به‌ مێژولکه‌ی ئەواندا بخشێنین، ده‌بینین که‌ گەلێک سه‌ركرده‌ی تێکۆشەر و لەخۆبوردو له‌مێژووی ڕزگاری نه‌ته‌وه‌كاندا رۆڵی گه‌وره‌و به‌رچاویان دیتووه‌، به‌ڵام زۆر ده‌گمه‌نن ئه‌و سه‌رکردانه‌ی که‌ ئاماده‌یی ئه‌وه‌یان تێدا بووە گیانی خۆیان بکەنە قوربانی'' کورد گوتەنی بەڵاگێڕی نەتەوەکەیان'' و بوبێتنه‌ سپه‌ر بۆ پاراستنی گیانی هاونێشتمانه‌کانیان.کەم نین ئەو سەرکردانەی کە لە خەبات و تێکۆشان کۆڵیان نه‌دابێت و تەنانەت زۆریشیان ئازادیان بۆ گەلەکەیان بە دیاری هێناوە، به‌ڵام زۆر کەمن ئەوانەی خۆشه‌ویستیی هه‌تاهه‌تایی نەتەوەکەیان پێبڕابێ و بوبێتنه‌ سونبول و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌کەیان.

پێشه‌وا قازی هەرچەند نه‌یتوانی نەتەوەکەی بۆ هەمیشە له‌ ژێرده‌سته‌یی و به‌شمه‌ینه‌تی ڕزگار بکات، به‌ڵام به‌ خه‌بات و هه‌وڵ و تێکۆشان له‌ پێناو ڕزگاری نیشتمانه‌که‌ی دا بوو به‌ خۆشه‌ویستی نەتەوەی گەورەی کورد و به‌ فیداکردنی گیانیشی بوو به‌ سونبولی فیداکاری و خەبات و هەستانەوە لەپێناو گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی.

پێشەوای نەمر قازی موحەمەد بێ ئەوەی هیچ هێز و گوشار و هەڕەشە و گوڕەشەیەک بەکار بێنێت، بێ ئەوەی پوڵ و پارە و زێڕ و ئاڵتون بخاتە کار بۆ کڕینی نوسەر و قەڵەمەکانیان و تەنیا بە فیدا کردنی گیانی خۆی و بەخشینی ژیانی لە پێناو بە ئازادی و ڕزگاری گەیشتنی نەتەوەکەی، توانی ببێت بە خۆشەویست و ڕەمزی نەتەوەی گەورەی کورد.

لە کەس شاراوە نی‌یە کە دیکتاتۆر، دەسەڵاتدار و ساماندارەکان بە ڕێگا و شێوازی ترساندن و تۆقاندن و یان کڕینی نوسەر و پێنووسەکان کەسایەتی بۆ خۆیان پەیدا دەکەن و دەکڕن، بەڵام ئاشکرایە کە ئەم سومبول سازی و کەسایەتی دروستکردنە شتێکی کاتی و ڕەنگە بۆ ماوەیەکی کاتیی بتوانێ درێژە بکێشێت، بەڵام پێشەوا بە خوێنی خۆی و بە لەخۆبوردویی و فیداکاری خۆی توانی ببێت بە سومبول و ڕەمزی هەرمانی نەتەوەیکی بێ دەوڵەت، ئەوەتا دوای ٦٦ ساڵ لە شەهید کردنی ئەو مرۆڤە مەزنە، کەچی ئێستا زۆر مەزنتر و خۆشەویستتر و ساڵ بە ساڵیش نێوی ئەو مرۆڤە لە نیو دڵی نەتەوەکەیدا هەر بەرز و بەرز تر دەبێتەوە، پێشەوا ئەگەر ٦٦ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لە ناوچەیەکی بەرتەسکی موکریان و دەوروبەری خۆشەویست بوو، کەچی ئەمڕۆ چوار پارچەی کوردستان و نەتەوەیەکی ٤٠- ٥٠ میلیۆنی ڕێز لە یادو بیرەوەری ئەم مرۆڤە مەزنە دەگرێت و شانازی بە خۆیەوە دەکات کە پێشەوا قازی هەیە.

هه‌زاران سڵاو له‌ گیانی پاکی پێشه‌وا قازی و هه‌موو شه‌هیدانی ڕێگای ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان

قادری خه‌نده‌ڕه‌ش

٩ی خاکەلێوەی ٢٧١٣


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر