کشانەوە لە حکومەتى عێراق..چەندبارە بونەوەى مێژوو! ...سیروان محمد گەنجانى

کشانەوە لە حکومەتى عێراق..چەندبارە بونەوەى مێژوو!     ...سیروان محمد گەنجانى

جارى یەکەم مێژوو خۆى دوبارە دەکاتەوە ؛ کارەساتە، بەڵام جارى دووەم گاڵتەجاڕیە-مارکس-

برادەران سێ و دووى کشانەوە لە حکومەتى ناوەندى عێراقى دەکەن، ئەوان لەهیچ بارو حاڵێکدا پرس و سێ و دوو هەر خۆیان بوون هەڵبەت ئێستایش هەربەو ڕیتمە درێژەى پێ دەدەن، بەڵام دەکرا هەرلە سەرەتاى هەنگاوە سیاسیەکانەوە بەتایبەت هاوبەشى بوون و پێکەوەژیان لە چوارچێوەى عێراقى فرە نەتەوەو فرە مەزەبدا ئەو بژاردەیەى ملى داهاتووى هەموو خەڵکى کوردى هەرێمى پێوە بەندە جۆرێکى دیکەى ڕیتمى پێکەوە بوون و سەقف و مەوداى دیارى کراوبوایە،  ئەگەر بێت و سەنەدى سەرەتاو کۆتایى بڕیارە سیاسیەکان شەقام و خەڵکى کوردستان بونایە ؛بە پرس، بە ماف و ئەرک، بە توێژینەوەى زانستى و فیکر و باوەڕ؛ هەنوکە نەک هەر ئاقارێکى دیکەى دۆخەکەمان دەبینى بەڵکو هەرگیز نەدەگەیشتە ئەم ناڕێکى و لێڵى و ناڕونییەى برادەرانى تێکەوتوون.

چش لە عومرى تەمەن کردووى هەزران خۆشى نەدیو ؛بەڵام ئەوکاتەى داهاتووى نەوەکانمان پەیوەستى سەرنجامى هەنگاوى نەخوێنراوەى سیاسیەکان و هەڵدێرى ویستە بێ سنوور و مل شکێنەکانى نەتەوەو مەزەبەکانى غەیرە کوردى عێراقى بێت ؛ ئیدى مافمانە بترسین ودەنگ هەڵبڕین، لە ئاستى قەت بە روشد نەگەیشتنى بیرمەندەکان، ئەوانەى لە سەر بەرزیە دوورەکانى پەڕ لە جەماوەر و پەڕ لە پەند وەرگرتنى مێژووى خزمانمان هەڵنیشتوون بێ دەنگ نەبین...بەڵام چى سەوزدەبێت و دەنگ تاکوێ بڕ دەکات؟!

لە پاش ڕوخانى رژێمى سەدام هەرچى ئەو دەنگانەبوون جەختیان لە سوود وەرگرتنى هەلى مێژویى دەکردەوە بە کاڵ و کرچ و کورت بین تۆمەتبار دەکران..

کەسێک دەهات و وەکو باسى سى جزمەى قورئان بکات ئاوا لە دەستوورى عێراقى دەدوا، جزمەکانى ئەوانى نەدەبینى وەک چۆن دەیاننا بەسەر لاشەى یەکتردا ئەوکات ؛ ئاواش وەک چۆن لەکۆتاییدا دەیبینین و ڕوونە ئێستا دەینێن بەسەر قانون و دەستووریشدا !

ئەوکاتەى نێوانى شیعەو سوننە وێران و کوشت و تاڵانى بوو ؛ئەوکەسانەى دادى خۆ قایمکردن و بەرژەوەندى کورد پێش خستنیان بوو بە سەتحى و رەجعى وێنا دەکران..

ئەوکاتانەى ئەم و ئەوى بەرەو مەزەب و سەنگ و قورسایى داریان بەسەر بەردەوە لەق بوبو ؛ئێمەى پێشەوەمان وەکو دیوەخانى بابى عالى دەرگامان لەسەر پشت وسەماوەرمان هەمیشە دەم بوو، کەیفیشمان زۆر و قەت نابڕێتەوە بە وەسف و شانامەیەکى بێگانە..نزمترن بێگانە..

باشە لەبرى کشانەوەکە هەر دەخالەت نەبوایە چى دەبوو! بەش بەحاڵى خۆم دڵنیام نیوەى زیانى ئێستامان وەبەر نەدەکەوت، ئەى ئێستا دەکشێینەوە چى بەدەست دێنین؟! بڵێى کامە هەرێمى و نێو دەوڵەتى لەمەزادیان نابینەتەوە!

کشانەوە لەو دۆخەى ئێستاى ناوخۆى عێراق و بارو دۆخى نێو دەوڵەتى نادیار و بەو پشتە هەرێمی و دوورە دەستە سەرناڕاست و بێ بارانەوە مەگەر هەر ئەو بزانێت چى دەکەوێتەوە!!

ئێستا برادەرێک حەقیەتى بڵێت وتەکەى مارکس هیچ رەبتێکى بە کورد و سیاسیەکانى کوردەوە نیە..راستە ؛ ئەو وتەیە باس لەجارى یەکەم و دووەمى دووبارە بونەوەى مێژوو دەکات، بەڵام ئەوکاتەى ئێمە لە پێنجەم و زیاترى کەڕەتى دووبارە بونەوەی مێژوودابین کەى و چۆن دەمانگرێتەوە!!

سیروان محمد گەنجانى


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر