لە پەڕلەمانی ئەوروپا پێشانگایەکی یەک هەفتەیی و کۆبوونەوەیەکی تایبەت سەبارەت بە جینۆسایدی کورد ساز دەکرێت... زانا کوردە
ڕۆژی چوارشەممە (20/2/ 2013) پەڕلەمانی ئەوروپا ڕەزامەندی نیشاندا لە سەر سازدانی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی پەڕلەمان لە ساڵیادی کارەساتی هەڵەبجەدا.لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا ستروان ستیڤنسن پەڕلەمانتار و سەرۆکی لیژنەی پەرلەمان بۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق، ڕەزامەندی پەڕلەمانی ئەوروپای ئاشکراکرد بۆ سازدانی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی پەڕلەمان سەبارەت بە جینۆسایدی گەلی کورد کە تێیدا پەڕلەمانتارانی تەواوی فراکسیۆنەکانی نێو پەڕلەمانی ئەوروپا بەشدار دەبن و کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەسوکاری قوربانیانی جینۆسایدی گەلی کورد بانگهێشت دەکرێن.ستروان ستیڤنسن ئاماژەی دا بە گرنگیی ئەو کۆبوونەوەیە کە دەبێتە سەرەتایەک و هەلێک بۆ گفتوگۆکردنی سیاسی لە سەر پرسی جینۆسایدی کورد لە پەڕلەمانی ئەوروپادا و نزیککردنەوەی ڕاوبۆچوونی فراکسیۆنەکانی نێو پەڕلەمان لەمەڕ ئەو پرسە.
لە لایەکی ترەوە، پەڕلەمانی ئەوروپا بە فەرمی ڕەزامەندی دەربڕی لە سەر سازدانی پێشانگایەکی وێنەیی سەبارەت بە جینۆسایدی کورد کە ئەمساڵ لە بیرەوەری 25 ساڵەی کارەساتی هەڵەبجەدا، لە نێو باڵەخانەی پەڕلەماندا لە برۆکسل بەڕێوە دەچێت و ماوەی هەفتەیەک دەخایەنێت.
ئەو بڕیارەی پەڕلەمان لە دووتوێی کۆبوونەوەیەکدا هات لە نێوان بەڕێز خاتوو (یوانا سینەژین) ئەندامی پەرڵەمانی ئەوروپا و جێگری سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی پەڕلەمان، لەگەڵ (زانا کوردە)، لۆبیکار لە یەکێتی ئەوروپا.خاتوو سینەژین ئەو هەواڵەی وەک مژدەیەک گەیاندە خەڵک و سەرکردایەتی کوردستان و پیرۆزبایی لێکردن کە بۆ یەکەم جار هەنگاوێکی لەو شێوەیە سەبارەت بە جینۆسایدی گەلی کورد لە پەڕلەمانی ئەوروپادا ئەنجام دەدرێ و بانگهێشتی کەس و کاری قوربانیان و کاربەدەستانی حکومەتی هەرێم کرد بۆ بەشدار بوون لەو بۆنە گرنگەدا.
لە ووتەیەکدا پاش کۆبوونەوەکان، زانا کوردە لۆبیکار لە یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند کە ئەوان لە ماوەی ڕابردوودا بە هاوکاری دوو رێکخراوی نێودەوڵەتی شارەزا و هەندێک لە پەڕلەمانتارانی ئەوروپی، خۆبەخشانە، نەخشەڕێگایەکان سەبارەت بە کۆکردنەوەی پشتگیری سیاسی لە ئەوروپا و بەفەرمی ناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد لە پەڕلەمانی ئەوروپادا داڕشتووە کە لەوەشدا سوودیان لە ئەزموونی هۆڵۆکۆست و جینۆسایدی ڕواندا وەرگرتووە.ناوبراو ڕایگەیاند کە لە ئێستادا هەندێک لە هەنگاو و بڕگەکانی ئەو نەخشەڕێگایە لە ئەوروپا و هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ دەکرێن و ڕێکخستنی کۆبوونەوەی تایبەت و پێشانگایەک سەبارەت بە جینۆسایدی گەلی کورد لە پەڕلەمانی ئەوروپا تەنها دوو هەنگاوی سەرەتایی ئەو نەخشەڕێگایەن.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
