به‌ره‌و گوتارێكی- سیاسی یه‌كگرتووی توركومانی كوردستان، پلاتفۆڕمێك بۆ ڕێكخستنی كاری سیاسی ...خه‌سرۆ پیرباڵ

به‌ره‌و گوتارێكی- سیاسی یه‌كگرتووی توركومانی كوردستان، پلاتفۆڕمێك بۆ ڕێكخستنی كاری سیاسی ...خه‌سرۆ پیرباڵ  

ئێمڕۆكه‌ واقیعی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، به‌قۆناغێكی نویدا تێده‌په‌ڕێت، ئێستاكه‌ جگه‌ له‌و گۆڕانكارییه‌ گه‌وره‌یه‌ی له‌ عیڕاق و هه‌رێمی كوردستاندا ڕوویان داوه‌، له‌سه‌رتاسه‌ری ناوچه‌كه‌، دیارده‌ی (ڕابوونێكی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد) له‌ئارادایه‌، وه‌ ئه‌زموونی حكومڕانی كورد و پێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێم، ڕۆژ به‌ڕۆژ به‌هێزتر و كاریگه‌رتر بووه‌.ڕۆڵی سه‌رۆكی هه‌رێم و سیاسه‌تی حكوتی هه‌رێمی كوردستان وه‌كوو پارسه‌نگێكی گه‌وره‌ و كاریگه‌ر له‌لایان وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و زلهێزه‌كان مووعه‌ڕه‌ف كراون.ئیمڕۆكه‌ میلله‌تی كوردستان، به‌ قۆناغێكی پێشكه‌وتوودا گووزه‌ر ده‌كات و ئێستاكه‌: قۆناغی ڕابوونی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌.

له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌، عیڕاقی ئیمڕۆكه‌، ئه‌گه‌ری له‌سه‌رپی مانه‌وه‌ی به‌و پێكهاته‌ی ئێستاوه‌ بێ هێزبووه‌، له‌سێبه‌ری ئه‌و سیاسه‌ته‌ چه‌وتانه‌ی جه‌نابی سه‌رۆكوه‌زیرانی عیڕاق، تاوه‌كوو دێت لاوازترده‌بێت، ئه‌گه‌ر لێكرازانی گه‌وره‌ی هه‌یه‌، پێده‌چێت جه‌نابی مالیكی، ڕه‌چاوی هاوسه‌نگییه‌ ناوه‌خۆییه‌-ستڕاتیژیه‌كان نه‌كات، تێكڕای پڕۆسه‌ی سیاسی عیڕاقی به‌ره‌و كۆتای ببات.

لێره‌دا واقیعی هه‌رێمی كوردستان، میلله‌تی توركمانی وه‌كوو پێكهاته‌یه‌كی گرینگ خوی مه‌تڕه‌ح ده‌كات، پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌ی توركومان، له‌ڕووی ژماره‌وه‌ دوهه‌مین پێكهاته‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌، كورد و توركومان، له‌گه‌ڵ ئه‌و عه‌ره‌به‌ ڕه‌سه‌نانه‌ی كه‌ وه‌كوو هاوڵاتی و دۆستی میلله‌تی كورد، پێكه‌وه‌ سه‌دان ساله‌ ژیاون و تێكه‌ڵ و ئاوێته‌ی یه‌كتربوونه‌، ئه‌مانه‌ وه‌كوو فاكتێك، له‌ نه‌خشه‌ی سیاسی- ئیمڕۆكه‌ی هه‌رێمی كوردستان دیارن.

   

به‌قه‌ناعه‌ت و بۆچوونی به‌نده‌، پێویسته‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سیاسه‌تێكی نوی له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌خشه‌ نوییه‌دا په‌یڕه‌و بكات، هاوته‌ریب- جگه‌ له‌و دانووساندن و گفتووگۆیانه‌ی له‌گه‌ڵ لایانه‌ سیاسیه‌كانی ئۆپۆزیسیۆندا ده‌یكات، فاكته‌ر و لایانی توركومانیش به‌شداری هه‌موو ئه‌و هاوكێشانه‌ بكات، كه‌ به‌نیازی به‌شداریكردن و ڕاوێژپێكردندا ئه‌نجام ده‌درێت.

ئه‌و ناوچه‌ كوردستانیانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، میلله‌تی توركومانی تێدایه‌ وه‌كوو پێكهاته‌یه‌كی گرینگ، وه‌ شاری كه‌ركووك به‌تایبه‌تی، توركومانی ڕه‌سه‌نی تێدایه‌، ده‌بێت ته‌عاموولیان له‌گه‌ڵدا بكرێت و ئه‌و لایانه‌ سیاسیانه‌ به‌شدارپێبگه‌ین له‌ ئه‌زموونی حكومڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، چوونكه‌ توركومانه‌-ڕه‌سه‌نه‌كانی هه‌ولێر و كه‌ركووك، وه‌كوو كورده‌كان، دڵسۆز و هاوڵاتی باشی ئه‌م هه‌رێمه‌ن.

ئێمه‌ داوا له‌ تووركومانه‌كانی كه‌ركوك و خانه‌قین ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندابن، به‌شداربن له‌ بنیاتنانه‌وه‌ی هه‌رێم و بووژانه‌وه‌ی وڵات- له‌هه‌مان كاتتدا، ده‌بێت ئێمه‌ش وه‌كوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، فوورسه‌تی ئه‌وه‌یان پێبده‌ین به‌شداربن له‌ حكومرانی له‌ هه‌رێمی كوردستان و هاوكارییان بین بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌غداش خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، ده‌بێت سیاسه‌تی به‌شداریپێكردێنكی كاراترمان هه‌بێت له‌وه‌ی ئێستاكه‌ په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ین.

   

له‌ نه‌خشه‌ی نویی هه‌رێمی كوردستاندا، پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌ی توركومان، له‌ڕووی ژماره‌وه‌ دووه‌مین نه‌ته‌وه‌ی ڕه‌سه‌نی كوردستانه‌، به‌قه‌ناعه‌تی به‌نده‌، ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌رچی زووه‌ بیر له‌ نه‌خشه‌كێشانی سیاسه‌تێكی نوی بكاته‌وه‌، وه‌هاوكاری لایانه‌ سیاسیه‌كانی توركومانی بێت (به‌ جه‌بهه‌ی توركومانیشه‌وه‌) بۆ ئه‌وه‌ی دیالۆگێكی نیشتیمانی ناوه‌خۆی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بدرێت و به‌ جیددی سوود له‌و پێكهاته‌ ڕه‌سه‌نه‌ی هه‌رێمی كوردستان وه‌ربگیرێت.

   

ئه‌زموونی حكومڕانی هه‌رێمی كوردستان، نه‌خشه‌و پیكهاته‌و ئاراسته‌یه‌كی نوی به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت و پێویسته‌ به‌خۆداچوونه‌وه‌یه‌كی گشتی بكرێت له‌سیاسه‌تی سه‌رۆكایه‌تی هه‌ریمی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ته‌عاموول له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی توركوماندا، هاوكار و یاریده‌ه‌ربین بۆ درووستكردنیان و چالاككردنیان، چوونكه‌ ئه‌وه‌ی تاوه‌كوو ئێستاكه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان په‌یڕه‌و ده‌كرێت، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی نوێنه‌رایه‌تی توركومان ده‌كه‌ن، نه‌یاتوانیوه‌ باره‌كه‌ باش هه‌ڵبگرن و خزمه‌ت به‌ توركومان بكه‌ن.

   

توركومانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێویستیان به‌ مه‌ڕجه‌عێك هه‌یه‌، لێره‌ش پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لایانی كوردی_ – هاوكاریان بین له‌ مه‌تڕه‌ح كردنی بیروكه‌ی (پلاتفۆڕمێكی نه‌ته‌وه‌ی توركومانی) بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌و دووكانه‌ بچكۆلانه‌ی به‌ناو حیزبی تووركومانی هه‌ن له‌ كوردستان دابخرێت، هاوكاری چه‌ند كه‌سایه‌تی ناودار و خاوه‌ن پێگه‌- سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ناوداریان وه‌كوو مه‌ڕجه‌عێك توركومانی درووست ببن، ئه‌وكات كه‌سایه‌تییه‌ به‌هێز و لێوه‌شاوه‌كانیان به‌شداربن له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رجه‌م دامووده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، وه‌ به‌مه‌ش جگه‌ له‌وه‌ی خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی ئه‌زموونی حكومڕانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، ده‌بنه‌ دوستی ئێمه‌ی كورد، له‌هه‌مانكاتشدا، له‌سه‌رجه‌م ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ تووركومانی ڕه‌سه‌نیان تێدایه‌، ئه‌و كه‌سانه‌، ده‌توانن به‌ پڕۆژه‌ی جوان و پێویست، خزمه‌تی كولتوور و ئه‌ده‌ب و زمان و مێژووی توركومانی ده‌كه‌ن، به‌مه‌ش پێكهاته‌ی توركومانی ده‌بێته‌ دۆست و لایانگیری و هاوڵاتی باش له‌ كوردستاندا.

   

ئیمڕۆكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، له‌سایه‌ی ئه‌و ئازادی و دیموكراسییه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌موو لایانه‌ سیاسیه‌كانی توركومانی باره‌گاو شوێن و ڕۆژنامه‌و بڵاوكراوه‌كانی خۆیان هه‌یه‌، هیچ توركومانێكی هه‌رێم دووچاری پاڵه‌په‌ستۆی سیاسی نین، هیچ گیرووگفتێكیان نیه‌ له‌لایان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارته‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێم، گرفتی هه‌قیقی تووركومانه‌كانی هه‌رێم، له‌ناوه‌وه‌ی خۆیانه‌، له‌ نه‌بوونی خه‌تێكی پان له‌نێوانیانه‌وه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌یان و سیاسه‌تێكدایه‌، نه‌بوونی مه‌ڕجه‌عییه‌تێكی به‌هێز له‌ناویاندا، چه‌ند لایانێكی سیاسی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كۆبوونه‌وه‌ی گشتی له‌گه‌ڵیاندا ئه‌نجامداوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش داوایان لێكراوه‌ كه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ناوه‌خۆی له‌نێونیاندا ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌بوونی دووبه‌ره‌كی و سێبه‌ره‌كی- نه‌یاتوانییوه‌، سه‌ركه‌وتووبن و به‌داخه‌وه‌، سه‌رجه‌م كۆبوونه‌وه‌كانیان فه‌شه‌لی هێناوه‌ و گه‌یشتوونه‌ته‌ بنبه‌ستی گه‌وره‌.

توركومانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، پێویستی به‌ پلاتفۆرمێكی گه‌وره‌ هه‌یه‌ بۆ درووستكردنی مه‌ڕجه‌عێكی سیاسی، ئه‌و مه‌ڕه‌جه‌عه‌ دیاره‌ و ده‌بێت خاوه‌ن پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی بێت.لێره‌دا توركومانه‌كان پێویستیان به‌ هاوكاری و یارمه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ بۆ سازدانی و ده‌بێت حكومه‌ت به‌شار بێت وه‌كوو چاودێرێك بۆ ڕێكخستنی ئه‌و دیالۆگه‌ نیشتیمانیه‌ –توركومانیه‌.

   

ئیمڕۆكه‌ ئه‌زموونی حكومڕانی كوردستانی پی ده‌نێته‌ قۆناغێكی پێشكه‌وتوو له‌ ئازادی و دیموكراسیدا، پێویسته‌ هاوكاری توركومانه‌كانی هه‌رێم بین، به‌مه‌به‌ستی ڕێكخستنیان و هاوكاریكردنیان له‌ درووستكردنی ئه‌و مه‌ڕجه‌عه‌ سیاسیه‌ی كه‌ هه‌موو توركومانه‌كان كۆده‌كاته‌وه‌، به‌جییدیش كار بكه‌ین به‌ئاراسته‌ی به‌شداریپێكردنیان له‌دام و ده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌مه‌ش هه‌رێمی كوردستان نه‌ته‌وه‌یه‌كی تریش ده‌كاته‌ دۆست و ئه‌زموونی دیموكراسیمان ده‌وڵه‌مه‌نتر ده‌بێت.

   

خه‌سرۆ پیرباڵ - هه‌ولێر

 This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

بابەتی زیاتری نووسەر