هه‌مووان ئه‌و راستييه ده‌زانين که (فه‌يسبووک) پێگه‌يه‌کی ئه‌ليکترۆنيی جيهانييه و زۆرترين به‌شداربووی هه‌يه. رۆژانه به ميلیۆنان بابه‌تی جۆراوجۆری تێدا بڵاو ده‌کرێته‌وه. کورديش پشکی خۆی تێدا هه‌يه و به هه‌زاران له رۆشنبيران و نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان و ژه‌نياران و مامۆستا و خوێندکاران له هه‌موو ئاسته‌کاندا، له هه‌موو ره‌گه‌زه‌کاندا تێيدا به‌شدارن و رۆژانه بابه‌ته‌کانی خۆيانی تێدا بڵاو ده‌که‌نه‌وه. به‌کوريييه‌که‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌م پێگه ئه‌ليکترۆنييه جيهانييه، جه‌ماوه‌رێکی فره زۆری له‌يه‌کتری نێزيک کردووه‌ته‌وه و به‌هۆی ئه‌م پێگه‌يه‌وه ئاگاداری ده‌نگوباس و شێواز و شوێنی ژيان و بيرکردنه‌وه و بيروباوه‌ڕ و نووسين و به‌رهه‌مه رامياری و وێژه‌يی و هونه‌رييه‌کانی يه‌کتری هه‌ن. رۆژانه له‌م پێگه‌يه‌وه ئاڵوگۆڕی هه‌زاران جۆری پێوه‌ندی و به‌رهه‌می جۆراوجۆری يه‌کتر ده‌کرێت. با لێره‌دا بێينه سه‌ر کرۆکی مه‌به‌سته‌که‌ی ئه‌م وشانه: جێگای سه‌رسوڕمان و شايسته‌ی لێوردبوونه‌وه‌يه که هه‌تا ئێستا هيچ کوردێکی به‌شداربووی ئه‌م پێگه‌يه، هيچ يه‌کێ له سه‌رانی پارتی و يه‌کێتی و ده‌سه‌ڵاتی به‌ناو کوردیی نه‌بيبيوه که به‌شداريی له‌گه‌ڵ هيچ کورد و کوردستانييه‌کی به‌شداربووی ئه‌م پێگه گرنگه جيهانييه‌دا بکه‌ن!؟ هه‌تا ئێستا هيچ سه‌رکرده و به‌رپرسێکی ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستان و هيچ يه‌کێ له‌و پارته کوردی و کوردستانييانه نه‌بينراون که ده‌ستخۆشانه و ئافه‌رين له به‌رهه‌می هيچ کوردێکی به‌شداربووی فه‌يسبووک بکه‌ن. لێره‌دا با به دوو گريمانه ئه‌م ديارده‌يه باس بکه‌ين: ئه‌م به‌رپرس و سياسه‌تمه‌دارانه‌ی باشووری کوردستان، يان به‌هيچ شێوه‌يه‌ک ئاگايان له ميلله‌ت نييه و هه‌رده‌م له سه‌ر پاره و بودجه‌ی ميلله‌ت، هه‌ر سه‌رگه‌رمی خۆده‌وڵه‌مه‌ند کردن و سه‌رمايه کۆکردنه‌وه و گه‌شتوگوزار و هه‌ر سه‌رمه‌ستی کورسی و ده‌سه‌ڵات و رابواردن و خۆشگوزه‌رانی و ژيانيی تايبه‌تيی خۆيان و ماڵومناڵيانن، يان هێنده له‌خۆبايی و لوتبه‌رز و خۆبه‌زلزان و بيرته‌سک و نابه‌رپرسيارن که ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ميلله‌تی خۆيان به‌که‌م و نه‌زان و بێ نرخ و به‌ها و بێ بايه‌خ ده‌زانن که شايسته‌ی ئه‌وه نه‌بن، له رۆژێکدا ته‌نها يه‌ک خوله‌کی ژيانی خۆيان ته‌رخان بکه‌ن بۆئه‌وه‌ی که هه‌ر هيچ نه‌بێت ئافه‌رينێک و ده‌سخۆشانه لێکردنێک له‌و هه‌موو دڵسۆزی و ر‌ه‌نج و ماندووبوون و نووسين و به‌رهه‌مه جۆراوجۆرانه‌ی هاوخوێن و هاونيشتمان و هاوزمان و هاوچاره‌نووسانه‌ی خۆيان بکه‌ن!؟ لێره‌دا پێويسته ئه‌وه‌ش بڵێين که سه‌رکرده و سياسه‌تمه‌داری نه‌ته‌وه‌کانی ديکه هه‌ميشه له‌ناو ميلله‌تی خۆيان‌دا ن و له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی وڵاتی خۆياندان و له هه‌موو خۆشی و ناخۆشييه‌کدا ئاگايان له نيشتمان و له نه‌ته‌وه‌ی خۆيان هه‌يه. رۆژانه به‌چاوی خۆمان، له ميديای بيستراو و بينراوه‌وه، سه‌رکرده و سياسه‌تمه‌داره‌کانی پێشکه‌وتووترين نه‌ته‌وه و وڵاتانی جيهان ده‌بينين که له‌به‌رده‌م که‌مته‌مه‌نترين خه‌ڵكی خۆيان‌دا بۆ رێزگرتن و بايه‌خ پێدانيان ده‌چه‌مێنه‌وه و گوێ له داخوازی و خواست و پێداويستی و بير و بۆچوونه‌کانيان ده‌گرن. له‌ڕاستيدا ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت و وا نه‌بن، ئه‌ی کاريان چييه و سه‌رکرده و به‌رپرس و سياسه‌تمه‌داری چين و هی کێن!؟ به‌پێچه‌وانه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ديکه‌وه، به‌رپرسان و ده‌سه‌ڵاتداران و سياسه‌تمه‌دارانی ئێمه، بۆ ده‌رمانيش له‌ناو ميلله‌تدا نابينرێن!؟ بۆئه‌وه‌ی ئه‌م وشانه زۆر درێژتر نه‌که‌ينه‌وه و زۆرتر کاتی ئێوه نه‌گرين، با خوێنه‌ر خۆی بڕيار له‌سه‌ر ئه‌م دوو گريمانه‌يه بدات!؟ نووسه‌ری ئه‌م چه‌ند وشه‌يه پێی وايه که کێشه‌که هه‌ردوو گريمانه‌که‌يه پێکه‌وه.
12. 10. 2013
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
