
لە هەفتەکانی یەکەمی دامەزراندنی فڕۆکەخانەی هەولێر، ناسنامەی کارمەندەکان و نیشانەکان لەسەری نووسرابوو: فڕۆکەخانەی هەولێر، بە ئینگلیزیش نووسرابوو Hawler Airport و بە عەرەبییەکەش نووسرابوو: مطار هولير.
ئەو سەردەمە دەنگۆی ئەوە هەبوو کە گوایە (فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی فڕین) ڕازی نەبووە بە نووسینی ناوی هەولێر بەو شێوەیە، فڕۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی، مطار هولير الدولي و Hawler International Airport، دواجار حکومەتی هەرێم ناوی فڕۆکەخانەکەی بۆ ئەو شێوەیە گۆڕیی کە ئێستا دەیبینین: فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەربيل. لە کوردی و عەرەبی و ئینگلیزییەکەدا، هەر ئەربيل بەکارهێنراوە.
گەلان، ناوی فڕۆکەخانە و شار و ڕووبارەکانيان تاد. لە نووسینی خۆیاندا هەر بەو شێوەیە دەنووسن کە خۆیان دەیهێننە زمان، بەڵام بە زمانی بیانی، بەو شێوەیە دەینووسن کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی پێی ناسراوە: بۆ نموونە، لە مصر بە عەرەبییەکە دەنووسن: مطار القاهرة الدولي، بەڵام بە ئینگلییزیەکە دەنووسن Cairo International Airport. وەک دەبينين، لە مصر بە عەرەبییەکە نەیانوسیوە مطار کايرو الدولي، بە ئینگلیزییەکەش نەیان نووسیوە Qahira International Airport. ، ئەمە بۆ ئەسکەندەرییەش راستە، بۆ نموونە، عەرەبییەکە بە مطار اسکندریة و ئینگلیزییەکە بە ئەلێکزاندرییە ئێرپۆرت نووسراوە. ئەمە نەوەك تەنێ لای ميسرییەکان، بەڵکو لای هەموو گەلێکی تريش بە هەمان شێوەیە، و نموونەی ئەمە لە هەر حەوت کيشوەرەکە دەبينين.
کەواتە دەبێت لە کوردییەکە بنووسرێت "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر" نەوەك "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەربيل)، ئینگلیزی و عەرەبییەکەش وەك خۆی بمێنێتەوە: مطار أربيل الدولي، Erbil International Airport.
بۆ ڕووبار و شار و هتد-یش هەر بەو شێوەیەیە، بۆ نموونە هەموومان لە عێراق و کوردستان دەڵێین دیجلە، بەڵام لەسەر نەخشە بە زمانی بیانی دەنووسین تایگرس (Tigris)، ناوە خۆماڵییەکان بۆ خۆوڵاتییە، ناوە بيانییەکان بۆ بێگانە.
بەم شێوەیە، یەکەمجار هەڵە بوو کە بۆ هەموو زمانەکان هەر (هەولێر) بەکارهێنرابوو، و ئێستاش هەڵەیە کە بۆ هەموو زمانەکان (ئەربيل) بەکاردەهێنرێت، بۆ کوردییەکە ئەربيل هەڵەیە و هەولێر ڕاستە. ئەگەر ئەو سەرگوزەشتەیەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕاست بێت، ئەوا مەبەستیان ناوە عەرەبی و ئینگلیزییەکە بووە، و لە ئێمە باشتر دەزانن کە وڵاتان ناوی خۆماڵی بۆ فڕۆکەخانەکان، و ناوی بیانی بۆ زمانە بیانییەکان بەکاردەهێنن، ئەمە ئەگەر وا ڕێک بکەوێت لێک جیاواز بن. پێویستە ناوە کوردییەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەربیلەوە بگۆڕدرێت بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
