با زەردەخەنە بکەین بە دروشمی هەمیشەی ژیانمان . . زەردەخەنە بکەین بە رێباز و بە پەیژەی سەرکەوتنمان . . بیکەین بە کلیلی هیوا و خۆشی و شادیمان . . بیکەین بە پەیامێکی پیرۆز و، بە مژدەی ئاشتی و ئاسوودەیی و تەباییمان . . زەردەخەنە بکەین بە نهێنیی بەهێزکردنی برایەتی و خوشکایەتی و هاوڕێتیمان . . بیکەین بە پێشاندانی رێز و سۆز و خۆشەویستیمان . . با بە زەردەخەنە گوزارشت لە رووخۆشی و دڵخۆشی و دڵپاکی و گەشبینیی خۆمان بکەین . . با زەردەخەنە بکەینە پاسپۆرتی بێ ڤیزەمان، بۆ چوونە ناو دڵ و دەروونی کەسانی ترەوە . . با بە زەردەخەنەوە بەرەو داهاتوویەکی گەشتر و شیاوتر، بەرەو ژیانێکی خۆشتر و شیرینتر بەبێ دوودڵییەوە هەنگاو بنێین . . با هەردەم لێو بە خەندە و رووخۆش و رووگەش بین .
مرۆڤی رووگرژ و مۆن، نێوچەوان لۆچ، دۆست و هاوڕێ و ئاشنای کەمە . . لە ناخی خۆی دەخواتەوە . . زیان بە کەسایەتی و بە تەندروستی خۆی دەگەیەنێت . . لە نێو کوردەواریدا، ئەگەر کەسێک رووترش و مەنگ و نێوچەوان لۆچ بێت، بە توانجەوە دەڵێن : " دەڵێی بارە ترشی کەوتۆتە ئاوەوە " یان " دەڵێی کەشتییەکەی نوقم بووە " یان " رووناکی لە دەموچاویدا بەدی ناکرێت " یا " کابرایەکی رووگرژ و مەنگە " . . بە پێچەوانەش کە باس لە خەسڵەتە باشەکانی کەسێک دەکڕێت، دەڵێن : " فڵان کەسێکی رووخۆش و گەشە " یا " کەسێکی ئێسک سووک و خوێن شیرینە " یا " هەردەم لیۆ بە خەندەیە " یا " کەسێکی کراوەیە و دەچێتە دڵەوە " یا . . . هتد . پەندێکی( چینی ) ش هەیە، دەڵێ : " ئەگەر ناتوانیت بزەخەنە بکەیت . . کۆگایەکیش مەکەرەوە . . "
بەر لەوەی بێێنە سەر باسی زەردەخە . . پێویستە ئەوە بزانین، کە ( زەردەخــــەنە ) و ( پێـــکەنین ) دوو شتی جیاوازن، ئەگەرچی لە زۆربەی مەبەست و سوودەکانیاندا، هاومەبەست و هاوسوودن . . باسی ئەمجارەمان تەنها باسی زەردەخەنە و سوودەکانێتی . . هیوادارم لە دەرفەتێکی تردا، باسی پێکەنینیش بکەین .
زەردەخــەنە چیـیە ؟ زۆر وتراوە و، زۆر نووسراوە و، زوریشمان بیستووە، دەربارەی زەردەخەنە و، سوود و کاریگەرییە تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکانی . . بە کورتی :
(*) زەردەخەنە، جووڵەیەکی نەرم و ساکاری لێوەکانمانە، کە لە چاوترووکانێکدا روودەدات . . بەڵام کاریگەری و یاد و ئاسەوارە ئەرێنییەکانی هەتا هەتایە . . لێرەدا مەبەستمان لە زەردەخەنەی راست و ناسک و جوانی هەڵقوڵاوی ناخی دڵمانە . . کە بەرەو ناخی دڵی کەسانێکی کە . . رێگای خۆی دەکاتەوە .
(*) زەردەخەنە، تەنها شێوەیەکی رووکەشی نییە، کە تەنها دەموچاومان بڕازێنێتەوە . . بەڵکو جوانترین تابلۆ و نەخشی سروشتییە . . ناسکترین و جوانترین گوزارشتە لە هەست و نەست و، لە سۆز و لە خۆشەویستیی ناخی دڵ و دەروونمان .
(*) زەردەخەنە، جوانترین و نەرمترین و شیرینترین زمانە لە ژیانماندا . . زمانێکی روون و سادە و ساکاری مرۆڤایەتی و جیهانییە . . کە پێویست بە گۆڕین و راڤەکردن ناکات و، هەموو گەلانی جیهان لێی تێدەگەن . . هیچ پارە و پوولێکیشی تێ ناچێت . . بەڵكو زەردەخەنە خۆی پارەیەکی بەهاداری دەگەمەنە و، لای هەموو کەسێک نییە.
(*) زەردەخەنە، پەیامێکی ناسکی بێ وشە و بێ داڕشتنە . . بروسکەیەکی مزگێنی خۆشە . . کۆمەنتارێکی خۆشەویستی و دڵسۆزی و رێزە بۆ کەسانی دەوروبەرمان .
(*) زەردەخەنە، نهێنییەکی ئەفسوناوی سەیرە . . کليلی شادی و خۆشییە . . زەدەخەنە دەتوانێت قایمترین دەرگای قەڵای رق و کینە هەڵتەکێنێت . . دەتۆانێت ژەنگ و خڵتی دڵ بتوێنێتەو . . دەتوانێت گەورەترین کێوی بوغز، بەرزترین دیواری دوژمنایەتی لەبن بێنێت . . دەتوانێت گڕترین گڕکانی توڕەیی و هەڵچوون خامۆش بکات . . دەتوانێت قووڵترین زام ساڕێژبکات . . دەتوانێت پاییز بگۆڕێت بە بەهار . . شەوی تار و زیل بگۆڕێت بە رۆژی رووناک . . رەشەبای شێت و هاری تووڕەبوون . . بگۆڕێت بە شنەبـای نەرم و فێنکی هێـوربوونەوە . . دەتوانێت بێ ئومـێدی بگۆڕێت بە هیـوا . . شکستی بگۆڕێت بە سەرکەوتن .
(*) زەردەخەنە، گوزارشتە لە شادیی ناخی دڵ و دەروونمان . . لە سۆز و دڵسۆزی و رازیبوونمان . . لە دڵپاکی و سادەیی و خاکيمان . . لە متمانە و بڕوابەخۆبوونمان . . لە دڵنیایی و ويژدان ئاسوودەییمان .
(*) زەردەخەنە، باشترین و کورترین و ئاسانترین رێگایە، بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان . . بۆ چاندنی تۆی برایەتی و خوشکایەتی و هاوڕێتیمان . . زەردەخەنە بەهێزترین هێزی راکێشەرە، بۆ راکێشانی سۆز و خۆشەویستیی کەسانی تر بە لای خۆماندا . . شیوازێکی زۆر ئاسانە بۆ دڵنیایی و بۆ بڕوا پێ کردنمان . . بۆ چوونە ناو دڵ و دەروونی خەڵکییەوە .
(*) زەردەخەنە، ناسکترین وشەیە . . جوانترین رستەیە . . شیرینترین ئاخافتنە، باشترین وەڵاميشە .
(*) لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکدا، ئەوە ساغبۆتەوە، کە لە ( ٦٩ % )ی خەڵکی، ئافرەتانی لێو بە خەندەیان لا جوانترە، لەو ئافرەتانەی، کە بە نایابترین بابەتی جوانکاری ( پۆدرە و بۆیە و سوراو ) ئارایش و تیف تیفەی دەموچاویان دەدەن .
(*) زەردەخەنە، مامۆستایەکی زۆرزانە . . فێرگەیەکی سوودبەخشە . . نەوەیەکی گەشبین و بڕوابەخۆ و ئاسوودەخواز و، هیواداری دڵنەگۆڕ پێ دەگەیەنێت .
(*) تا پێتان دەکرێت زەردەخەنە بکەن . . چونکە زەردەخەنە، پەژارە و غەمەکانتان ساڕێژدەکات . . شادیتان لە خەو هەڵدەسێنێت . . گوڕ و تین و هێزتان پێ دەبەخشێت .
(*) زەردەخەنە بکەن . . هەرگیز کۆڵ مەدەن و بێ هیوا مەبن . . خۆتان مەدەن بە دەستی بێزاری و نائومێدییەوە . . ئێوە تەنیا کەس و یەکەمین کەس نێن، کە تاڵی و تفتی و نەهامەتییەکانی ژیان، بەدبەختییەکانی رۆژگار ئازاری دابن و، سڕی کردووبن . . جوانترین زەردەخەنەش . . زەردەخەنەی هیوایە . . کە لە نێوان هەوری تاریک و لە شەوگاری نوتەکدا سەردەربێنێت و . . مژدەی کۆڵنەدان و سەرکەوتنتان پێ دەبەخشێت . . زەردەخەنە بکەن، تا بەسەر سەخترین و بەهێزترین شەپۆڵەکانی بێ ئومێدی دا سەربکەون . . تا لە تاقیکردنەوەکانی رۆژگار و ژیان دا، بە پلەی باشەوە دەربچن .
(*) زەردەخەنە بکەن و هەمیشە رووتان خۆش و گەش بێت . . تا بچنە دڵی خەڵکییەوە و رێزتان لێ بگرن . . تا ئەوانیش بە هەمان شێوە، زەردەخەنەی قووڵترتان بۆ بکەن و روویان خۆشتربێت لە رووتاندا . . زەردەخەنە، یەکێک لە یەکێکی ترەوە دەیگرێت و، زوو تەشەنە دەکات و بڵاودەبێتەوە .
(*) با زەردەخەنە بکەین . . چونکە زەردەخەنەکانمان، هیوا و گەشبینی و شادی و گوڕ و تین دەخاتە دڵی کەسانی خەمبار و داماوەوە . . زەردەخەکانمان، جوانترین دیاری و باشترین بەخشینن . . بە خێر و چاک بۆمان دەنووسرێن . . زووبێت یا درەنگ پاداشتی زەردەخەنەکانمان وەردەگرین .
(*) زەردەخەنە، زمانێکی بەرزە، لە زمانەکانی ئەم سەردەم و لە شارسستانییەتی نوێی مرۆڤایەتی و، لە یەکتر نزیکبوونەوە و، لە تەبایی و ئاشتی و پێکەوە سازاندا .
(*) جوانترین زەردەخەنە، ئەو زەردەخەنەیەیە، کە بە نێوان زەنگوڵی فرمێسکەکاندا رێی خوی بکاتەوە . . ئەو زەردە خەنە جوانەیە، کە پەلکەزێڕيینە ئاسایی . . لە نێوان هەوردا دەربکەوێت و . . مژدەی هاتنی کەشوهەوایەکی خۆشمان پێ ببەخشێت .
(*) بێگومان، هەموو زەردەخەنەیەکیش شیرین و جوان نین و لە ناخی دڵەوە نایەن . . زەردەخەنە دروستکراوی ناشیرین و بێ تامیش هەیە . . زەردەخەنەی مەبەستداری شاراوەش هەیە . . زەردەخەنەی واش هەیە، کە لە تامی گوژاڵک تاڵترە . . لە ژەهری مار کوشندەترە . . لە دڕکیش تیژترە . . لە ئاگریش سوتێنترە .
سوودە کەسێتی و کۆمەڵایەتییەکانی زەردەخـەنە :
(*) زەردەخەنە، لۆچی دەموچاومان ناهێڵێت و . . سیماو و رووخسارێکی گەش و جوانترمان پێ دەبەخشێت .
(*) زەردەخەنە، مەودایەکی زیاتری بیر و بیرکردنەوە و زەین باشیمان پێ دەبەخشێت . . یارمەتیی توانای داهێنانمان دەداتێ . . زاخاوی هەست و دڵ و دەرمان دەدات .
(*) زەردەخەنەکانمان، تووڕەبوون و هەڵچوون و بارگرژیی و دۆخی نائاسایی کەسانی تر هەڵدەمژن و . . ئاسایی و هیۆریان دەکەنەوە . . پەشیمانیان دەکەنەوە .
(*) زەردەخەنەکانمان، دەبنە مایەی ئەوەی، کە خەڵکی بە باشی و بە رێزەوە لێمان بڕوانن و، لێمان نزیک ببنەوە و گوێمان لێ بگرن . . بەبێ ترسیش راز و نیازەکانی دڵی خۆیانمان بۆ باس بکەن . . لە تۆژینەوەیەکدا، توژێنەران گەیشتوونەتە ئەو راستییەی کە : ئافرەتانی رووخۆش و لێو بە زەردەخەنە و بزە . . زیاتر دڵی پیاوان رادەکێشن . . ئەم تۆژینەوەیە لەسەر ( ٤٦٠) کەس لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ ئەنجام دراوە . . گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە، پیاو ناتوانێت سۆز و رازی دڵی خۆی بۆ ئەو ئافرەتە دەرببڕێت، کە رووی خۆش نەبێت و، زەردەخەنەی لێ بەدی نەکات . . بەڵام ئەگەر رووی خۆش و گەش و لێو بە خەندەبێت . . زوو دەکەوێتە داوێوە .
(*) بە لێکۆڵینەوە ش، ئەوە ساغ بۆتەوە کە منداڵ لە رۆژێکدا تێکڕا (٤٠٠) جار، زەردەخەنە دەکات . . بەڵام گەورە، لە رۆژێکدا تێکڕا (١٤) جار زەردەخەنە دەکات .
(*) ئەوانەی زەردەخەنە دەکەن . . کەسانێکی ئاسایی و لەسەرخۆن و، لەهەڵسوکەوت و رەفتارکردندا هێمن و رێک و سەرکەوتوون . . ژیان ئاسوودەن و . . کەسانی باشن .
(*) لەوانەیە لە ڕێی زەردەخەنەوە، گەلێ کێشەی کۆمەڵایەتی چارەسەر بکرێن .
(*) زەردەخەنە پێویستییەکی رۆژانەی کۆمەڵایەتییە . . بۆیە بە لاتانەوە سەیر نەبێت . . کە لە هەندێ لە وڵاتانی پێشکەوتوودا . . کۆرسی راهێنانی زەردەخەنە دەکەنەوە . . بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت، فێری زەردەخەنەی جوان و ناسک و قووڵ ببن و . . لە رێی زەردەخەنەوە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان باشتر و بەهێزتر بکەن .
(*) زەردەخەنە، رێگایەکە بۆ بەرزبوونەوەی پایەی کارکردنمان . . بە لێکۆڵێنەوە ئەوە ئاشکرابووە . . کە خاوەن کار و بەڕێوەبەرەکان . . حەزدەکەن پلە و پایەی ئەو کرێکار و فەرمانبەرانە بەرز بکەنەوە . . کە رووخۆشن و لێو بە خەندە و زەردەخەنەن . . زیاتر باوەڕیان بە خۆیان هەیە و . . بە باشی و بە جوانيش ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن . . بە روویەکی خۆشیشەوە، پێشوازی لە سەردانبووەکانیان دەکەن و . . بە باشی کارەکانییان بۆ رای دەکەن و . . بە جوانیش بەڕێیان دەکەن .
(*) ئەو مامۆستا و وانەبێژانەی، کە روویان خۆشە و خەندە لەسەر لێوەکانیان دایە . . زیاتر دەچنە دڵی قوتابیانەوە . . باشتر و زووتر بابەتەکانی وانەکانیان فێردەبن . . ئەو مامۆستایانە لای قوتابییەکانیان خۆشەویستن و زیاتر رێزیان لێ دەگرن و . . زیاتریش قوتابیان لێیان نزیک دەبنەوە . . زۆر جار لە هەندێ لە قوتابییان دەبیستین، کە دەڵێن : حەزمان لە وانەی فڵانە مامۆستا نییە . . چونکە زۆر رووگرژ و مچومۆڕ و مۆنە، نە خەندە دەکات و نە پێدەکەنێت . . نە دوو قسەی خۆشیشمان بۆ دەکات .
(*) زەردەخەنە، دۆست و هاوڕێمان بۆ زیاد دەکات و . . ناحەزانیشمان کەم دەکاتەوە .
(*) زەردەخەنەی نێوان ئەندامانی خێزان، پەیوەندیی خێزانییان زۆر بەهێزتر و خۆشتر دەکات . . تەبایی و ئاشتی و رێز و شادی و بەختەوەرییەکی زیاتریان پێ دەبەخشێت .
(*) چەند جوانە . . هەمیشە رووخۆش و رووگەش بین . . لێو بە خەندە و زەردەخەنە بین . . دڵ پڕ لە هیوا و ئومێد بین . . بڕوابەخۆ و گەشبین بین . . چاکە و بەخشینێکی گەوەرەشە . . گەر بزەخەنە بخەینە سەر لێو کەسانی خەمبار و بێزار و بێ هیواوە .
سوودە تەنـدروستییەکانی زەردەخـەنە :
(*) زەردەخەنە، خۆراکی دڵ و دەروونە . . باشترین دەرمانی چارەسەرکردنی زۆربەی نەخۆشییە دەروونییەکان و جەستەییەکانە .
(*) زەردەخەنە، یارمەتیی دابەزینی بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خۆین دەدات . . سۆڕانەوەی خوێنیش لە دەمارەکانی خوێن بردن و هاوردنی لەشماندا چالاکتر دەکات . . دەزگای بەرگری کردن لە دژی نەخۆشییەکان بەهێزتر دەکات .
(*) زەردەخەنە، تەمەنی مرۆڤ درێژ دەکات . . ئەمەش لە ئەنجامەی بەراوردکرنی نێوان ئەو کەسانەی رووخۆشن و زەدەخەنە دەکەن، لەگەڵ ئەو کەسانەی رووگرژ و مۆنن و، زۆر بە کەمی زەردەخەنە دەکەن . . دەبا بە زەردەخەنە شیرین و ناسکەکانمان . . بە رووخۆشی و گەشیمان . . تەمەنمان درێژتر بکەین .
(*) زانایەکی پزیشکی بە لێکۆڵينەوە، گەیشتۆتە ئەو دەرئەنجامەی، کە زەردەخەنە دەبێتە هۆی دەردانی هۆرمۆنی ( ئیندرۆفین ) کە بریتییە لە ( هۆرمۆنی شادی )، ئەم هۆرمۆنە دەگاتە خانەکانی مێشک و، لە هاوشێوەی سڕکەری ( مۆرفـین ) دا، سوێ و ئازارەکان کەم دەکاتەوە .
(*) زەردەخەنە، یارمەتیی مێشک دەدات، بۆ ئەوەی رادەیەکی باشی ( ئۆکسجین ) لە خانەکانیدا بپارێزێت .
(*) زەردەخەنە، یارمەتی ( هەرسکردن ) دەدات و، ( ترشاندنی گەدە ) کەم دەکاتەوە .
(*) ئەمڕۆ لە ئەوروپادا، بۆ هەندێ لە نەخۆشخانەکانی منداڵان . . کەسانی گاڵتەجاڕ و خۆشبەزمیان داناوە . . کە ئاهەنگی جەفەنگ و قسەی خۆش و یاری و بەزمی سەیر و سەمەرەی خۆش پێشکەش بە منداڵە نەخۆشەکان دەکەن . . ئەگەرچی ئەم کارانە نابنە هۆی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانیان . . بەڵام یارمەتییان دەدەن، بۆ هێورکردنە و بۆ لە بیرکردنی ئێش و ئازارەکانیان . . بۆ خۆڕاگرتن و بۆ بەرزکردنەوەی ورە و هیوایان.
(*) زەردەخەنە، مەشقێکی باشە بۆ ( ماسوولکەکانی دەموچاومان ) . . چونکە لە کاتی زەردەخەنەی قووڵدا . . نزیکەی ( ٥٣) ماسوولکەی دەموچاومان دەبزوێن .
(*) زەردەخەنە، دەرمانی خەمە و، مەرهەمی زامە . . بە تایبەتیش بۆ ئەو کەسانەی تووشی بێزاری و گۆشەگیری و خەمۆکی و رەشبینی بوونە . . لە رێی زەردەخەنەوە . . دەتوانین هیوا و ئۆمێدیان پێ ببەخشین . . بیانخەینە سەر ئەو بڕوایەی کە ژیان بۆ ئەو کەسانە زەردەخەنە دەکات . . کە گەشبینن و زەردەخەنە لەسەر لێوەکانیان ناتۆرێت .
(*) لەگەڵ زەردەخەنەدا، تیشکەکانی چاوەکانیشمان . . بەشداری لە رووخۆشی و لە گەشیمان دەکەن و . . چاوەکانمان جوانتر و گەشتر دەبریسکێنەوە .
(*) رووگرژی و مۆنی، دەبنە هۆی ئەوەی کە دەموچاوی مرۆڤ زووتر چرچ و لۆچ بێت و . . زووتر نیشانەی پیری سەری لێ هەڵبدات و . . تەمەنیشی کورتر بێت .
(*) زەردەخەنە ناسک و شیرینەکانی پزیشکان و پەرستاران . . رۆڵیكی زۆر گەورە و گاریگەریی دەروونی و چەستەییان، لە هیوا بەخشین و چاکبوونەوەی نەخۆشەکاندا هەیە . . بە تایبەتیش نەخۆشە تووشبووەکانی نەخۆشی دڵ و شێرپەنجە و درێژخایەن .
(*) سوودە دەروونی و چەستەیی و، کەسێتی و کۆمەڵایەتییەکانی زەردەخەنە . . زۆر زۆرترن . . لەو سوودانەی کە لە سەرەوە باسمان لێ کردن .
رۆژی جیهانیی زەردەخـەنە :
هەموو ساڵێک لە جیهاندا، لە ( رۆژی یەکەمین هەینی ی/ مانگی ئوکتۆبەر ) دا، بە بۆنەی ( رۆژی جیهانیی زەردەخەنە ) ەوە . . ئاهەنگی زەردەخەنە و بەزمی خۆش سازدەکرێت . . ئەمساڵ لە ( ٤/ ١٠/ ٢٠١٣) دا، لە گەلێ لە وڵاتانی جیهان، بەم بۆنەیەوە ئاهەنگ سازکرا . . با بزانین رۆژی جیهانیی زەردەخەنە لە چییەوە هاتووە ؟
لە ساڵی ( ١٩٦٣) دا، کۆمپانیایەکی ئەمریکی بۆ دەستەبەرکردنی ژیان ( تەئمین ) . . داوای لە هونەرمەندی شێوەکار ( هـــارڤی بـــال ) کرد . . کە ( سیمبول ) ێک بۆ کۆمپانییەکەیان بکێشێت، کە ئەندامە بەشداربووەکانیان، بتوانن بە ئاسانی لەسەر پسوولەنامەی کۆمپانییەکەیان بێتەوە یادیان . . هارڤی بیرۆکەی زەردەخەنەی بەلاوە جوان بوو . . وێنەیەکی خڕی لە شێوەی خۆر کێشا . . کە لە ( دەموچـــاوی منـداڵێکی زەردەخـەنەکـردوو ) دەچێت . . ئەم هێمایە زیاتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا، سەرکەوتنی بەدەستهێنا . . دوایی ئەم دەموچاوە خڕە بزەکردووەیان، لەسەر تیشێرت و کراس و لەسەر شەبقە و لەسەر پۆستکارت و، لەسەر گەلێ شتی تر بەکاریان هێنا . . ئەمریکا پوولێکی پۆستیشی دەرکرد، کە ئەم هێمایەی لەسەر بوو . . رۆژی کێشانی وێنەکە و پەسەندکردنی ئەم هێمایە کە رۆژی هەینی بوو، کرا بە( رۆژی جیهانیی زەردەخەنە) .
بۆ یەکەمین جاریش لە جیهاندا، لە ساڵی (١٩٩٩) دا، بە بۆنەی ( رۆژی جیهانیی زەردەخەنەوە ) ئاهەنگ سازکرا . . لەو ساڵەوە بۆتە بۆنەیەکی ساڵانەی جیهانی .
خەڵاتی ( ویسامی ) ساڵانەی زەردەخـەنە :
خەڵاتی ساڵانەی زەردەخەنە کە بریتییە لە ( ویسامێک )، ساڵی دوو جار دەدرێت، لە پایز و لە بەهار دا . . دەدرێت بە کەسانی گەورە، پیاو بێت یا ئافرەت، یان دەدرێت بە بە رێخراوێکی مەدەنیی بواری خزمەتکردنی منداڵان . . ویسامەکە دەدرێ بەو کەسانە یا بەو رێکخراوەی، کە رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە . . لە خزمەتکردن و یارمەتیدان و لە بایەخدان بە منداڵان، لە ماوەی ئەو ساڵەدا لە هەر شوێنێکی جیهاندا بن . . ئەو کەس و رێکخراوانەی، کە سۆز و خۆشەویستیان بە منداڵان بەخشیوە . . ئەم کەسانەش، یا ئەم رێکخراوانە . . لە لایەن منداڵان خۆیانەوە، بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکان کاندید دەکرێن . . براوەکانیش بە نازناوی ( شاسواری خەڵات ) ناودەبرێن . . میدالیا و خەڵاتەکانیش . . لەلایەن ( ئەنجوومەنی میدالیای زەردەخەنە ) وە، لە شاری ( وارشۆ ) ی ( پۆڵەندا ) پێیشکەشیان دەکرێن . . کە بارەگای ئەم ئەنجوومەنە لەم شارەدایە . . بیرۆکەی ئەم خەڵاتەش، لە ساڵی ( ١٩٦٨) دا، لە لایەن ( گۆڤـاری کویـر) ی پۆڵەندییەوە پێشنیار کرا . . لە ساڵی ( ١٩٧٩) دا، سـکرتێری گشـتیی پێشووی نەتـــــەوە یەکگرتــــووەکان ( کـۆرت ڤاڵدهایم ) بە فەرمی دانی بەم خەڵاتە و، بە کۆمەڵەی بەخشینی خەڵاتی رۆژی جیهانیی زەدەخەنەدا نـا . . بێجگە لە پۆڵەندا ـ کە زۆرینەی ژمارەی ئەندامەکانی ئەم ئەنجومەنەن ـ نوێنەری بەشیکی زۆری وڵاتانی تری جیهان ئەندامی ئەم کۆمەڵەیەن .
تا ئەم ساڵ (٩٥٠) چالاکــوانی یارمەتیدەر و خزمەتکردووی بوارەکـــانی منـــداڵان . . لە ( ٤٥) وڵاتی جیهاندا، ئەم خەڵاتەیان پێشکەش کراوە . . لەوانەش :
( دایکە تیرێــزا، نیلسون ماندێـلا، کۆرت ڤاڵدهــایم، خاتوو سیلڤیا ـ شاژنی سوێد، ئەلیکسەندەر کفاشنیف ـ سەرۆکی پێشووی پۆڵەندا، خاتوو داگمار هاڤڵ، خاتوو مۆزە ناسر ـ قەتەری، پاپا یوحنا پۆلسی دووەم، شا عەبدوڵڵا عەبدولعەزیز ـ شای پێشووی سعوودییە، ماریک میگالاک، دەلای لامە ـ چواردەمین، . . . هــتد )
زەردەخەنە لە گۆشەنیگای ناودارانەوە :
(هێنریـک وێـرکلاند ) : زەردەخەنە، جوانترین گوڵی سەر زەمینە .
( ڤیکتۆر هـۆگۆ ) : زەردەخەنە، کورترین مەودای نێوان دوو کەسە .
( بۆب گریــن ) : زەردەخەنەی ناسک، زمانێکی شیرینی جیهانییە .
( فرانکلین ) : بە زەردەخەنەیەک، هەموو دەرگاکان بە رووی مرۆڤدا دەکرێنەوە .
( ڤۆڵتـێر ) : زەردەخەنەی ئافرەت، تیشکێکە لە تیشکەکانی خۆر .
( شەکسپیر) : ئەگەر دۆڕاو زەردەخەنە بکات، براوە چێژ لە سەرکەوتنەکەی نابینێت .
( ناپلیۆن ) : ئەو کاتە خۆم بە ئازا دەزانم، کە دوای هەرشکستییەک زەردەخەنەیەک بخەمە سەر لێوم .
( ڤیـل دۆرانت ) : من زەردەخەنە، بە مەشخەڵی مرۆڤایەتی دەزانم .
( جـۆرج نیـکۆڵا ) : زەردەخەنە، دوژمن دەکات بە دۆست .
( جوبـران خەلـیل جوبـران ) : زەردەخەنە، جوانترین ئارایشی روخسارە .
( جاکسۆن بـراون ) : تووڕەیی بە زەردەخەنە بگۆڕە .
( ئەمەرسـۆن ) : ئافرەت بە زەردەخەنەکانی، ئاگری خۆشەویستی هەڵدەکات . . بە ئەنقەستیش دەیەوێت، بە فرمێسکەکانی بیکوژێنێتەوە .
( پێغەمبەر محـەمەد ـ د . خ ) : زەردەخەنەکەت لە رووی براکەتدا . . چاکەیە .
( ونستۆن چەرچل ) : ئەو پیاوم خۆش دەوێت . . کە لە تێکۆشاندا زەردەخەنە بکات .
( تاگـوور ) : تەنها زەردەخەنەیەک بەسە . . بۆ ئەوەی بەبێ خەرجی دڵی خەڵکی شاد بکەیت .
( لارشـفۆکۆ ) : زەردەخەنە، زمانێکی جیهانییە بۆ دەروون پاکان .
( ستیـڤان جـەزال ) : زەردەخەنە پێویستییەکی کۆمەڵایەتییە .
( ئەلفرێد دلاموسیا ) : جوانترین زەردەخەنە لە ژیاندا، ئەو زەردەخەنەیەیە، کە بە ناوەراستی فرمێسکەکاندا رێی خۆی بکاتەوە .
( ئەناتۆل فرانس ) : زەردەخەنە، بئ ئارامی و، گرفتەکانی ژیان کەم دەکاتەوە و، ناسۆرییەکانه دەروونیش ساڕێژ دەکات .
( شەکسپیر) : بە زەردەخەنەیەک رێگای خۆت بکەرەوە . . باشترە لەوەی کە بە زەبری شمشێرەکەت بیکەیتەوە .
( ڤیکتۆر هۆگۆ ) : ئەوەی بتوانێت زەردەخەنە بخاتە سەر لێوی ئافرەت . . نیوەی رێگای بەرەو دڵی بڕیوە .
( برنادشۆ ) : زەردەخەنە، ناونیشانی هەستە، هەستیش ناونیشانی مرۆڤایەتییە . . ئەگەرچی شەیتان کە لە بەهەشت دەرکرا . . زەردەخەنەیەکی کرد .
( تاگوور) : هێزی خوای گەورە لە زەردەخەنەیەکی ناسک دایە، نەک لە زریانێکدا.
( شارلز گۆردی ) : زەردەخەنە هەرزانترین پێویستییە، بۆ گۆڕینی رووخسارت .
( لی میلدون ) : ئەگەر خەڵکی زەردەخەنەیەکی قووڵت لێ بەدی بکەن . . بە دەگمەن لەجلوبەرگە کۆنەکانت دەڕوانن .
( ئەندریە روونی ) : ئەگەر کەست لانەبێت و، لەبەر خۆتەوە زەردەخەنە بکەیت . . واتا زەردەخەنەکەت بە راستییە .
( ڤۆڵتـێر ) : زەردەخەنە، شەختە دەتوێنێتەوە و، خۆشی دەپرژێنێت و، زامەکان ساڕێژ دەکات . . زەردەخەنە کلیلی پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکانە .
( کارل سانبرگ ) : زەردەخەنەی ئافرەت تیشکێکە، کە خێرایەکەی لە خێرایی تیشکی خۆر زیاترە .
( دایـکە تیرێـــزا ) : ئاشتی بە زەردەخەنەیەک دەست پێ دەکات .
( مارتن تشارنین ) : بە شێوەیەکی جوان دەرناکەویت، تا زەردەخەنە نەکەیەت .
( ئۆسکار وایڵد ) : جوانە هاوڕێتی بە زەردەخەنە دەست پێ بکات . . جوانتریش ئەوەیە کە بە زەردەخەنەش کۆتایی بێت .
( جاکسـۆن بـراون ) : زەردەخەنە بە خەڵکی ببەخشە . . لەوانەیە ئەمە باشترین دەسکەوتی ئەو رۆژەی یەکێکیان بێت .
( لابـرۆ بیر ) : روو بە زەردەخەنە بە و، قسەت نەرم بێت . . لە لای خەڵکیدا، لەو کەسانە خۆشەویستر دەبیت . . کە زێڕیان پێ دەبەخشن .
( جۆرج ئەلیۆت ) : زەردەخەنە، هاوڕێت بۆ دەهێنێت . . بەڵام رووگرژی و مۆنی لۆچی دەموچاوت بۆ دەهێنێت .
( شەکسپیر ) : ئافرەت بایی هەموو نەهامەتییەکان فرمێسکی لا هەیە و . . بایی هەموو خۆشییەکانیش زەردەخەنەی لا هەیە .
( فیلیس دیلەر ) : زەردەخەنە ئەو چەماوەیەیە . . کە هەموو شتێک راست دەکاتەوە .
( کریستینا روزبتی ) : بیربکەیتەوە و، زەردەخەنە بکەیت . . زۆر باشترە لەوەی، کە بیهێنیتەوە یادت و غەم بخۆیت .
( جیـم بگز ) : پێش ئەوەی رووت کرژبکەیت و، لۆچ بخەیتە دەموچاوتەوە . . دڵنیابە لەوەی کە هیچ شتێک نەماوە، کە ببیتە مایەی زەردەخەنەکردن .
( شەکسپیر ) : کە دزیلێکراو زەردەخەنە بکات . . ئەوا شتێک لە دزەکە دەدزێت .
( جـۆرج ستیوارد ) : ئەوەی دەتەوێت بە تۆقاندن بەدەستی بهێنیت . . دەتوانیت بە زەردەخەنە بە دەستی بهێنيت .
( گۆتــە ) : کە دەموچاوی ژن لۆچی تێ بکەوێت . . زەردەخەنەکانی کەم دەبنەوە .
( شەکسپیر) : ئەوەی بە هێز بۆت وەرناگیرێت . . دەتوانیت بە زەردەخە وەری بگریت.
( ولیام فیاتەر ) : ئەگەر پیاوێک زەردەخەنەی لەسەر لێودا بێت و . . بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە . . بە دڵنیاییەوە داوای پارەی لێ دەکەن .
نەرويــچ : ٣/ ١١/ ٢٠١٣
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
