هەر گەلێک ئەمڕۆ گەر خۆی وەک نەتەوەیەکی مۆدێرن ئەژمار بکات، ئەوا جگە لە خاك، دەبێ زمانێکی یەکگرتو و ستاندەر و خاوەن ڕێنوسی خۆی بێ، ئەگینا بە سەدان هۆز و گروپی بەشەری هەن لە سەرتاسەری جیهان وەک کیشوەری ئەفریقیا و دارستانەکانی ئەمازۆن کە بە زمانێکی تایبەت بەخۆیان دەئاخڤن و لەیەکترتێدەگەن، بەلام لە ڕوی زمانییەوە لەدواوەن و ناکرێت وەکو نەتەوەی ئینگلیز، عەرەب، یان چین بەراورد بکرێن، ئەویش لەبەر هۆیەکی زۆر سادە کە نەبونی ڕێنوس و زمانی ستاندەرە لایان، ئەو بارودۆخەی کە ئێستا بۆ کورد ڕەخساوە لە هەر چوار پارچەی کوردستان، وەك ئازادی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە باکوری کوردستان و ڕزگارکردنی ڕۆژئاوای کوردستان هەروەها پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا بەو خێراییە و وەسفکردنی گۆی زەوی وەک گوندێک بەتایبەتی دوای داهێنانی ئینتەرنێت، هاواردەکا بۆ زمانێکی یەکگرتوی کوردی، ئەگەر ئەم کارەش لە کاتی خۆیدا ئەنجام نەدرێت ئەوا مێژو بۆ ئێمە ناوەستێ و بەتێپەڕبونی کات دەبینە گەلێکی خاوەن دوو زمان کە ئەمەش دەرەنجامەکەی کارەساتاوی دەبێت بۆ مللەتێکی پەرشوبڵای بێ دەوڵەت.
ئەگەرچی کورد خاوەن دەیان دیالێکت و زاراوەی جۆراوجۆرە بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع و لەبەر چەندین هۆکاری مێژویی و سیاسی و نەبونی دەوڵەت، ئێستا هەردو زاراوەی کرمانجی و سۆرانی بونەتە دو بەشی سەرەکی زمانی کوردی، هەمو ئەو هەوڵانەی بۆ یەکگرتن یان لێکنزیککردنەوەی ئەم دو زاراوەیە دراون تائێستا سەرکەوتنی بەخۆی نەبینیوە، ئەمەش جێی سەرسامی نیە، چونکە نێوان هەردو زاراوەکە جیاوازیەکی بنەڕەتی ڕێزمانیی بەدی دەکرێت نەوەک تەنیا وشەی جیاواز، هەندێ لایەن پێیانوایە دەکرێت دو ستاندەرمان هەبێت، بەڵام دو ستاندەری وەک ئەوەیە گەلێک بکرێتە دو نەتەوە
لە وڵاتێکی وەک چین و هیندستان سەرەڕای بونی زاراوە و دیالێکتی زۆر زیاتر لە زاراوەکانی کوردی و وێڕای ئەوەی ژمارەی دانیشتوانیان لەسەرەوەی یەک ملیارە کەچی خاوەن تەنیا یەک ئەلفوبێی گشتی فەرمیین، کەواتە هەرهەوڵێک زیاتر لە یەک ستاندەری ئەلفوبێ لەخۆی بگرێ، لە کۆتاییدا دەبێتە دولەتکردنی یەک نەتەوە و جگە لە عاتیفە و هەستێکی نەتەوەیی هیچ شتێکی هاوبەش نامێنێت لە نێوانیان، رۆژنامە و کتێب ئەدەبیاتی سۆرانی بەس بۆ سۆرانیەکان دەبێت و هی کرمانجیەکەش تەنیا بۆخۆیان دەبێ
حەقیقەتێکی زۆر گرنگ هەیە کە بزانرێت ئەوەیە کاتێک مرۆڤ باس لە زمانی ستاندەر دەکات زیاتر مەبەستەکە ڕێنوس و ئەلفوبێیە نەک زمانی ئاخافتن بەڵام کەم لە شارەزایان و زمانناسان درک بەو ڕاستیە دەکەن و وادەزانن زمانی ستاندەر زاراوەکانی تر دەتوێنێتەوە کە ئەمەش دورە لە ڕاستی، بەستاندەردکردنی زمان واتە ئەلفوبێی یەکگرتو و کەمترین کاریگەری دەکات لە زمانی ئاخافتن، زمانی بەهێزی وەک ئینگلیزی و عەرەبیش دیالێکتی جیاوازیان هەیە بەڵام تەنیا یەک ڕێنوس بەکاردێنن
لە ساڵانی ڕابردودا دو کۆنفرانسی زمان لە هەولێر و ئامەد بەڕێوەچون، بەڵام ئەنجامەکە نەبوە هۆی چارەسەری کێشەکە یان چەسپاندنی زمانێکی یەکگرتو، واتە ئێستا تەنیا دو بژاردەمان لە پێشە، کرمانجی یان سۆرانی، لێرەدا گرنگترین پرسیار ئەوەیە چی بکرێت، چی بکرێتە پێوەر بۆ دیاریکردنی یەکێکیان بە گونجاوتر، ئایا هەردو زاراوەکە یەکسانن، وەک یەك پێشکەوتون و دەتوانن ببنە زمانێکی زانستی مۆدێرن کە بۆ ئەو سەردەمە بگونجێ و تێکڕای بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگە خزمەت بکەن، ئێستا گەورەترین و گرنگترین پرسیار ئەوەیە ئەلفوبێی عەرەبی سۆرانی یان لاتینی کرمانجی بکرێتە ستاندەر
زۆرجار لەلایەن باکور و باشورەوە چەندین پاساو و ئارگومێنتی پێچەوانە دەخرێتە ڕوو سەبارەت بە باشتری و گونجاوتری یەکیان لەوەی تر، کەواتە باشترین پێوەر بۆ دەستنیشانکردنی یەکێکیان هەڵسەنگاندن و شیکردنەوە و دیاریکردنی خاڵە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەکانی هەردو ئەلفوبێیەکەیە لەسەر بنەمایەکی زانستیانەو بێلایەنانەی زمانەوانی و دور لە عاتیفە و ناوچەگەری، زمانی کوردی لقێکە لە گروپی زمانە هیندۆئەورۆپیەکان و خزمایەتی زمانەوانی لەگەڵ دراوسێکان تەنیا لەگەڵ زمانی فارسییە، بەهۆی نزیکی هەردو زمان لەیەکتر کاریگەری زۆریان کردۆتە سەر یەکتر، بەهەمان شێوە هاتنی تورک بۆ ناوچەکە لەلایەک و دوای بە ئیسلامبونی کورد، عەرەبی و تورکیش جۆرێک کاریگەریان هەبوە بەسەر کوردی بەو پێیەی ئەوان زۆرینە و سەردەست بون ئێمەش بە پێچەوانەوە، هەردو زمانی عەرەبی و تورکی سەر بە گروپی زمانی خۆیانن و بەشێک نین لە زمانە هیندۆئەوروپیەکان بۆیە کاریگەری عەرەب و تورک زیاتر سەتحییە و نەبۆتە هۆی گۆڕینێکی گەورەی ڕێزمانیی، کاریگەریەکەیان زیاتر هاتنی وشەی عەرەبی و تورکییە بۆ ناو زمانی کوردی، بەڵام فارسی بەهۆی ئەوەی کە لەگەڵ زمانی کوردی سەر بەهەمان گروپن و لە سنوری جوگرافی درێژی نێوانیان لەگەڵ شێوەزاری سۆرانی کاریگەریەکی قوڵی کردوە تا ئاستی ڕستەسازی و ڕێزمان، هرچەندە بەوتەی هەندێ لە ڕۆشنبیران گوایە فارسی کەوتۆتە بن کاریگەری کوردی، ئەمەش ڕەنگە ڕاست بێت بەڵام گرنگیەکی ئەوتۆی نیە بۆ ئەوڕۆ، چونکە ئەوەیان مێژو و ڕابردوە بەلام ئێستا فارسی بەهەرحاڵ خاوەن ئەلفوبێ و زمانێکی ستاندەرە و لە زانکۆکان دەخوێنرێ
ڕێنوسی سۆرانی سەرچاوەکەی ئەو زمانەیە کە کاتی خۆی شاعیری گەورەی کورد نالی بۆ یەکەم جار پێی نوسی ودواتریش لەلایەن بابانیەکان لە شاری سلێمانی گەشەی پێدراو خزمەتێکی باشی کرا، دواییش پاش ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دروستبونی دەوڵەتی عیراق ئەو زاراوەیە تاکو ئەمڕۆکە لە دروستبونە و زیاترین ئەدەبیاتی کوردی پێنوسراوە، هەبونی ئەلفوبێیەکی ستاندەر بوەتە زەرورەتێکی نیشتمانی و ناکرێ باس لە سیستەمێکی فەرمانڕەوایی مۆدێرن و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بکرێت بێ ئەلفوبێیەکی یەکگرتو، کەواتە دەبێ یان ئەلفوبێی عەرەبی هەڵبژێرین یان لاتینی، ژمارەیەکی زۆر لە بەکارهێنەرانی سۆرانی لەماوەی ڕابردو لە بانگەوازێکدا بە هەمو شێوەیەک داکۆکی لە ئەلفوبێ عەرەبیەکە دەکەن و دانانی لاتینی بە هێڵی سور ناودەبەن و پێیانوایە ئەم ڕێنوسە عەرەبیە باشترین و گونجاوترین ئەلفوبێیە بۆ زمانی کوردی
سەبارەت بەگونجان، هەردو ڕێنوس دەکرێت بگونجێندرێن بێ کێشە، بۆیە سەیرکردنی ئەلفوبێ عەرەبیەکە وەک باشتر ناڕاست و زیادەڕۆییە، هەبونی پیتی وەک عەین و حا و غەین بۆ کورد زەروری نیە چونکە ئەو فۆنەتیکانە بە ئەسل لەکوردی دا نیە، یان دانانی پیتی (ڕ )پیتی( ڵ )لە سۆرانی جگە لەزەحمەتکردن هیچ ئاسانکاریەکی دروست نەکردیە، ئەلفوبێی فارسی وەک نزیکترین ئەلفوبێ لە کوردی نەک هەر (ڕ) و (ڵ) تێدانیە بەڵکو پیتە بزوێنەکانی وەک (ێ، ە، ۆ) شی تێدانیەو زمانەکەش چەندین سەدەیە کاری پێدەکرێت وەک زمانی فەرمی و پەروەردە، شتێکی سەیر دەربارەی ئەلفوبێ عەرەبیەکە ئەوەیە هیچ ئەلفوبێیەکی نە ئەوروپی و نە عەرەبی و نە تورکی وەک سۆرانییەکە خۆی نیگەران و سەرقاڵ نەکردوە بە دۆزینەوە و داهێنانی چەندین هێما و شتی سەیر، وەک ئەوەی لەوە تێنەگەیشتبن کە فۆنەتیک و ڕێنوس دو بەشی جیای زمانن نەک یەکەیەکی تێکەڵاو و ئاوێتە، دەنگی (ڕ) و (ر) و( ڵ) و( ل) لە هەمو زمانەکانی وەک عەرەبی و تورکی و ئەوروپی و فارسی هەیە بەلام هەرگیز بیریان لەوە نەکردۆتەوە بە نوسین جیایان بکەنەوە چونکە لەبری ئاسانی ئاڵۆزتری دەکا، کاتێک منداڵ فێری ئەم دەنگانە دەبێ زۆر پێشی چونە قوتابخانە و خوێندنگەیە، هەمو خوێنەرێکیش لە سیاقی ڕستە و دەقەکان دەبێ جیایان بکاتەوە، بۆ نمونە لە عەرەبی بیللا بە (ل) دەنوسرێ بەڵام وەڵڵا بە (ڵ) یان لە ئینگلیزی بڕۆک بە (ڕ) و برینگ بە (ر) لەفزدەکرێ، لە زمانی فەڕەنسی بۆ نمونە دەنوسن ڕێناوڵت بەڵام دەنگەکە دەبێتە غێنو یان دەنوسن پێگۆوت بەڵام لەفزەکە دەبێتە پێژۆ، منداڵە فەڕەنسیەکان و هەمو منداڵانی جیهان لە دایک و باوکیان لە ماڵەوە فێرە دەنگەکان دەکرێن نەوەک لە کتێبی فەرهەنگ و ڕێزمان، خۆ ئەگەر عەرەبێک یان کۆرییەک بیەوێ خۆی فێری فەڕەنسی بکا ئەوە کێشەی خۆیەتی و دەبێ بە جیا فێری فۆنەتیک و ڕێنوس ببێ، بەهەمان شێوە ئینگلیزیش هەروایە دەنوسێ سێنتوری بەڵام دەنگەکە دەبێتە سێنشری یان دەنوسی ڤیسیۆن دەنگەکە دەبێتە ڤیژن، واتە هەبونی زیاترین هێما و پیت نیشانەی پێشکەوتنی زمان نیە، شتێکی تر دەربارەی زاراوەی سۆرانی هەبونی ڕێژەیەکی یەکجار زۆر لە وشەی فارسی تێیدا، ئەگەرچی هەبونی وشەی بیانی شتێکی ئاساییەو تاکە یەک زمانیش نیە لە جیهان کە وشەی قەرزنەکردبێت، هەتاکو قورئانی پیرۆزیش دەیان وشەی فارسی تێدایە
دەکرێت لابردنی وشە فارسیەکانی ناو سۆرانی و گۆڕینی بە هاوتا کرمانجیەکانی بۆ خاتری ئەوە بێت تا زاراوەی کرمانجی تێیانبگات نەک بۆ "پاککردنەوە" وەک هەندێ نوسەران و رۆشنبیران کە ڕۆژانە خەریکی داتاشین و لێکدانی سەیرترین وشەی نوێن بۆ ئەوەی عەرەبیەکە بەکارنەهێنن، وادەزانن زمانەکە پێشدەخەن بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ ئەم کارە ئاستی تێگەیشتنی زمانی نوسینی لای خەڵکی ئاسایی زۆر کەمکردۆتەوە و لەبەر وشەی نوێی سەیروسەمەر وایلێهاتوە تەنیا نوسەرەکان خۆیان لە ڕۆژنامەیەکی ئاسایی تێدەگەن
هەرچی زاراوەی کرمانجیە لەدوای ڕوخانی خەلافەتی عوسمانی بە پلانێکی مەنهەجی لەلایەن تورکە فاشیستەکانەوە جینۆساید کراو و وتنی وشەیەکی کوردی بە تاوان ئەژمار دەکرا تا چەند ساڵێک لەمەوبەر، زاراوەی کرمانجی یەکەم زمانی کورد بوە کە شاعیری گەورەی کورد ئەحمەدی خانی شاکارە گەورەکەی مەم و زینی پێنوسیوە، دیارە جگە لە گرنگیە زمانەوانیەکەی، دەکرێت بە بنەمای نەتەوەدروستکردن بژمێردرێت بۆ کورد تا ئەمڕۆش زۆربەی بابەتەکانی ئەم شاکارە زیندوە و وەک ئەوەی باسی ئێستای ڕەوشی کورد بکات لە نەبونی یەکدەنگی و پەرتەوازەبون و نەبونی دەوڵەتێکی نەتەوەیی، ئێستا چەندین سەدە دوای ئەم کارە لەوپەڕی پێویستین بۆ زمانێکی ستاندەر، لە باکور نزیکەی سەدەیەکە ئەلفوبێیەکی لاتینی داهێنراوە لە لایەن بنەماڵەی بەدرخانیەکان، لەگەڵ ئەوەی کە زمانەکە ئەدەبیاتێکی ئەوتۆی پێنەنوسراوە بەڵام هەر کەسێک ئەگەر پسپۆری زمانیش نەبێت کەمێک سەرنج بداتە ئەم ڕێنوسە و بەراوردێکی بۆ بکات بۆی دەردەکەوێ کە زاراوە و ئەلفوبێکە زۆر ئاسانتر و سیستەماتیکترە لە زاراوەی سۆرانی لە چەندین ڕوەوە، وەک ڕێزمان، جێناو و بکەر و کارتێکراو تێکەڵ بەیەکتر نابن وەک لە سۆرانیەکە، هەروەها ڕەگەزی نێرومێی تێدایە کە نە لە سۆرانی و نە لەفارسی و تورکی بونی نیە، هەروەها لە ڕستەدا حالەتی ئایندەیان هەیە کە لە سۆرانیەکە نیە، وەک بڕگەی دەنگییش ئەو وشەو ڕستەی کە سۆرانیەکە بۆ نمونە دە بڕگە بەکاربێنێ ئەوان بە شەش یان حەوت بڕگە تەواوی دەکەن، وەک وشەش ڕێژەی وشەی فارسی زۆر کەمترە تێیدا، وشەی لێکدراو لە سۆرانی زۆر زیاترە و جێناو و بەشەکانی تری ڕستە وەک بکەر و فرمان لە سۆرانی دەکەوێتە نێوان وشە لێکدراوەکان و تێکەڵاوی یەکتر دەبێت، ئەمانەش هەمو وادەکەن زمانەکە لە فۆرمی نوسین لاواز بێت، پێشئەوەی باس لە ئەلفوبێ بکرێ پێویستە ئەوەش بزانرێ کە زاراوەی سۆرانی شێوەزاری تێکڕای باشور و ڕۆژهەڵات نیە و گروپی تری زمانیی وەک هەورامی و گۆرانی و لوڕی هەن، لەڕاستیشدا زاراوەی سۆرانی نەیتوانیوە خۆشی ستاندەر بکات و نەکراوە بە زمانی کۆلیژ و زانکۆ، تا ئێستا ڕاستنوسیمان نیەو هەرکەس بەکەیفی خۆی زمانی قسەکردن لەسەر کاغەز دادەنێت، بۆیە ڕاست نیە کە سۆرانی زۆر بەپێشکەوتو و بە زمانی پەتیی کوردی سەیربکرێ، گرنگی ئەدەبیاتی نوسراوی سۆرانی دەبێ لەو گۆشەیەوە سەیر بکرێ کە پاراستنی کەلتور و ناسنامەی کوردی کردوە، کە بەڕاستی لەم ڕوەوە گرنگییەکی نەتەوەیی بێئەژماری هەیە بەڵام وەک هەڵسەنگاندنی زانستی وەک زمان بەم شێوەیە پێشکەوتو و مۆدێرن نیە، هەربۆیە ئێمە لە هەرێمێکی نیمچە سەربەخۆ لەهەمو پارچەکانی دی زیاتر و زووتر پێویستمان بە زمانێکی ستاندەرە، پاساوی ئەوەی کە سۆرانی لەبەرئەوەی کە نوسینێکی زۆری پێکراوە دەبێ بکرێت بە ستاندەر، پاساوێکی لاوازە و دەکرێت هەمو ئەرشیف و کتێبەکان لە ناو کۆمپیوتەر سکانبکرێ و دواتر سودی لێوەربگیرێ و وەربگێڕدرێت بۆ لاتینی، بەڵام کرمانجی شێوەزاری تێکڕای باکور و ڕۆژئاوا و بەشێکی باشور و کەمێکی ڕۆژهەڵاتە (شکاکەکان)، جگە لە زاراوەی زازاکی کە ئەویشیان سێ ملیۆن کەس تێپەڕناکات، دوبارە لێرەدا باس لە ئەلفوبێ دەکرێ نەک زمانی قسەکردن، ئەلفوبێی لاتینی سەرچاوەکەی زمانی یۆنانیەو یۆنانیش وەک کوردی سەر بە گروپی زمانە هیندۆئەوروپیەکانە، ئێستا زۆرینەی دانیشتوانی جیهان لاتینی بەکار دێنێت و تورکەکان لە پرۆسەیەکی گەورەی بە ڕۆژئاوایی کردنی کۆمەڵگەکەیان ڕێنوسی عەرەبیان گۆڕی بۆ لاتینی بەڵام بۆ کورد ئەم پرۆسەیە تەنیا بۆ پێویستی هەبونی ئەلفوبێیەکی یەکگرتوە نەک شتی تر، وڵاتێکی وەک سۆمال و ڤێتنام کە هیچ شتێک بە ئەوروپایان نابەستێتەوە کەچی ڕێنوسی لاتینیان هەڵبژاردوە، واتە دانانی لاتینی بۆ زمانی کوردی تەنیا بۆخزمەتکردنی زمانەکە دەبێ و پێویست ناکات ترسی ئەوە هەبێت کە کەلتورەکەمان دەگۆڕین بە کەلتورێکی ڕۆژئاوایی
کورد بەهۆی چەوسانەوە و بندەستی هەمیشە کۆچی کردوە و ئەمڕۆ چەندین ملیۆن کوردی هەر چوار پارچە لە دەرەوەی کوردستانن و زۆربەیان لە ڕۆژئاوا نیشتەجێن و ڕێنوسی لاتینی بەکاردێنن، ناکرێ ئەوان ڕەچاو نەکرێن لە دانانی ئەلفوبێیەکی نوێ، بەکورتی وەک ڕێژە گەورەترین ژمارەی کورد بە کرمانجی قسە دەکات و ئاشنایە بە ئەلفوبێی لاتینی، خۆ ئەگەر بڵێین زۆر لە باکورییەکان کوردی نازانن ئەوا هەردەبێ ئێمە یارمەتیان بدەین چونکە لانی کەم ئێمە بەکوردی قسە دەکەین و دەتوانین خۆمان فێری لاتینی بکەین بەڵام بۆ ئەوان کە زمانی دایکیان لێ قەدەغەکراوە واقعی نیە داوای فێربونی سۆرانی بە ڕێنوسی عەرەبی بکەین بۆیان، زاراوەی کرمانجی لەهەر چوار پارچەی کوردستان و کوردانی سۆڤیەتی پێشو قسەی پێدەکەن، کرمانجی و لاتینی دەتوانێ گەورەترین سود لە ئەزمونی سەد ساڵەی زمانی تورکی وەربگرێت لە ڕوی زاراوە زانستیاکەن کە گشتیان لە زمانە ئەوروپیەکان وەرگیراون، نەبونی هیچ پرۆژەیەک بۆ زمانێکی ستادەر وایکردوە دەوڵەتی تورک خەممان بۆ بخوات، تورکیا تا ئەمڕۆش حکومەتی هەرێم بە ئیدارەی باکوری عیراق ناودەبات، کەچی لەناو تورکیا وەک ئەوەی گورگ شوانی مەڕان بێت لە کەناڵی کوردیەکەی دەوڵەت جگە لە ماوەی کرمانجی و زازاکی ماوەی بۆ سۆرانیش دابین کردوەو ئەلفوبێ عەربیەکەش بەکاردێنن، لێرەدا جێی خۆیتی بپرسین ئایا تورک خەمخۆرترە بۆ زمانەکەمان لە ئێمە یان ئەمە گاڵتەکردنە و دەیەوێ بەم پەخشە سێ زاراوەییە پەیامی ئەوە بگەینێ کە کورد یەک نەتەوە نین و زمانیان جیاوازە دوریش نیە ماوەیەکی تر ماوەی هەورامی و گۆرانی و لوڕیش پێشکەش بکەن
شێوەزاری سۆرانی ئەمڕۆ لەبەردەم بەرپرسیاریەتیەکی نەتەوەیی و مێژوییە، ئەگەر بڕیاری ئەوەمان پێنەدرێت کرمانجی و لاتینی بکەین بە ستاندەر ئەوا خۆمان زەرەرێکی گەورە دەکەین و ڕێگا بۆ هەمو زاراوەکانی تر خۆشدەکەین کەداوای فەرمییکردنی دیالێکتەکەیان بکەن، بونی لاتینی و کرمانجی بە ستاندەر نابێتە کێشەیەکی گەورە و جیاوازی نێوان کرمانجی و سۆرانی زۆر کەمترە لە دیالێکتی میسری و عەرەبی فەرمی و میسر لە ڕوی کەلتوریەوە دینەمۆی عەرەبە، واتە ئێمەش دەکرێ بە هەمو شێوەیەک دیالێکتی سۆرانی خۆمان بەکاربێنین لە هەمو بوارە کەلتورییەکانی وەک دراما و شانۆ و گۆرانی، جگە لە فۆرمی نوسین، وەک نوسینیش شاعیر و نوسەرەکان خۆیان پیشەی خۆیانە و کێشەی نوسینیان نابێت بە لاتینی، جێی ئاماژەیە کە شاعیرێکی گەورەی وەک حاجی قادری کۆیی بەر لە سەد ساڵ هەوڵی داوە بۆ بەرجەستەکردنی خەونەکەی ئەحمەدی خانی کەچی ئێمە لەدوای ڕزگار بونیشمان جورئەتی هانگاوێکی ئاوا ناکەین، لەکاتێک لافی هەبونی حکومەتێکی کوردی خۆماڵی دەکەین و هەوڵی سەربەخۆیی دەدەین کەچی لەبری ئینگلیزی و عەرەبی ئامادەنین گەورەتری دیالێکتی کوردی بکەین بە ستاندەر.
یونس حەمەد رەشید
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
