بێ دەرەتانی و قەیرانی سیاسی رۆژهەلاتی کوردستان . . . کەماڵ مام خزری

مانەوە و تێدامان، واتە بێ دەرەتانی، کاتێک روودەدات کە رێگا چارە سەرەکان دوورن لە واقع و هاوتەریبن لە تەک ئەو هزەی کە ئێستا زاڵە بە سەر دۆخی سیاسی وبزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

دیارە هەر نەتەوەیەک پێویستی بە رزگاری بێت، لە یەکەم هەنگاودا زەروورە کۆدەنگی و هەواهەنگی هەبێت دەر بارەی باروودۆخی نەتەوایەتی و سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی.

نەتەوەی کورد بە شێوەیەکی گشتی و بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان زەمەنێکی دوور و درێژە باجی ئەم هەڵە سیاسی و مێژووییە دەدەن بەڵام، وەڵام دەرەوە و هەست بە بەرپرسیارییەتی لایەنە سیاسییەکان لە ئاست ئەو باج و تاوانانەدا نییە کە نەتەوەی کورد بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە لە بەرچاوگرتنی سیاسەت و شێوازی حوکمڕانی دەسەڵاتی ناوەند لەو بە شەی نیشتمانەکەمان داوێتەتی.

خودی بزووتنەوە پێویستییەکی تابەتی هەیە، سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی نیزامی پاشایەتی ئەم پوتانسییەلە بوونی هەبوو .

بەڵام.

وردەوەردە ئەم پوتانسلییە بو بە قوربانی هزری نارەوا و دوور لە بەرژەوەندی نەتەوەیی و، لە پێناو مەنفەعەت و بەرژەوەندی حیزبی و تاکە کەسیدا بە کار هێنرا، ئەمەش ناشارەزایی سیاسی لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەسەڵمێنێت کە هەرکە و، بزووتنەوەی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانیان کردە قوربانی فکرییەتی ئێرانچییەتی.

لایەن سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هەر فکریەت و مێتۆدی سیاسی خۆیانە،  نەیاتوانی ئامانجە نەتەوایەتییەکان و خەونی لە مێژینەی ئەم گەڵە لەو بەشەی نیستمانەکەمان بێننەدی و، چەندین دەیەیە لە دەوری بازنەیەکی بەرتەسکی حیزبیدا دەخولێنەوە، ئەمەش خەسارێکی گەورەیە بۆ بزووتنەوەی کورد بەگشتی وبە تایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان کە دەیتوانی ئاڵاهەڵگری رزگاری نەتەوەیی بێت بۆ هەموو بەشەکانی کوردستان، کە نموونەکی کۆماری کوردستانە.

ملمالانەیەکی ناپێویست و دوور لە عەقڵییەتێکی سیاسی و نەتەوەیی لە گۆڕەپانی سیاسیدا دەتوانێت کلیلی دوور خستنەوە بزووتنەوەیەک بێت لە ئامانجەکانی.

 ژئۆپۆلیتیکی جوغرافی سیاسی ئەو وڵاتانەی کە خاکی پیرۆزی کوردستانیان پێوە لکێندراوە بێ گومان لەم ناوەندەدا دەور و رۆڵی تایبەتی خۆیان هەیە سەرەڕای ناکۆکییەکانی نێوان خۆیان .

تەوەهووماتێکی سیاسی و عەقڵییەتێکی بەرتەسکی حیزبی بوو کە،  شەقامی کوردی کردە قوربانی، تائێستاش حیزب و لایەن سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نە بیریان لێکردووەتەوە و نە دانیان پێداناوە.

کەوابوو دەتوانین بڵێن قوربانی کردنی بەرژەوەندی نەتەوەیی لە پێناو بەرژەوەندی حیزبیدا دەرورو رۆڵی کاریگەری هەبووە و  هەیە،  لە قەیرانی بێ دەرەتانی و سیاسی ئێستای ئەحزابی رۆژهەڵاتی کوردستان کە،  سیاسەتی چاوەروانی بە بە هێزتر دەزانن لە هێزی گەڵ و کاریگەری شەقام بە سەر بزووتنەوەی رەوای گەلەکەماندا، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە گەل و شەقام سووتەمەنی بزووتنەوەی ئەم نەتەوەیە دابین دەکەن.

بە بڕوای من پێویستە ئەو دەروازەییەی کە چەندین دەیەیە روو بە شەقام داخراوە بە عەقڵییەتێکی سیاسی و نەتەوەییەوە ئاواڵە بکرێت و، بیروورای شەقام و شارەزایانی سیاسی و بوارە جۆراوجۆرەکان بکرێنە کلیلی دەرباز بوون لەم قەیرانە بێ دەرەتانی سیاسییەی ئێستا بزووتنەوەی رۆژهەلاتی کوردستان.

١٧/١٠/٢٠١٣

 

 


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر