ره‌نگه ئێمه‌ی کورد تاکه نه‌ته‌وه‌يه‌کی سه رووی زه‌وی بين که ئه‌م هه‌موو به‌ناو رامياريزان و چاودێری رامياری و هه‌ڵسوڕاوی رامياری و رۆژنامه‌نووس و هۆزانڤان و پێشمه‌رگه‌ی دێرين و چالاکوانی بواری مافه‌کانی ئافره‌تان و هونه‌رمه‌ندی به‌ناوبانگ و گۆرانيبێژی ده‌نگناخۆش و ناهونه‌رمه‌ندمان هه‌بێت. شانبه‌شانی ئه‌مانه‌ش له‌شکرێک منداڵی هه‌ژار و برسيی بۆياخچيی سه‌ر جاده‌کانيشمان هه‌بێت، که ئه‌مه ئه‌مڕۆ بووه‌ته ديارده‌يه‌کی پڕ له شه‌رمه‌زاريی نيشتمانێکی پڕ له نه‌وت و ساماندار به سامانه سروشتييه‌کان، به‌ڵام هه‌تا ئێستا ژماره‌ی کۆمه‌ڵناسه‌کانمان له ژماره‌ی په‌نجه‌کانی يه‌ک ده‌ست تێپه‌ڕناکات، (کۆمه‌ڵناس به واتای زانستييانه‌ی پیشه‌که)، نه‌ک ئه‌و که‌سه‌ی که بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌يه‌ک چوار ساڵ هاتوچۆی زانکۆيه‌کی کردبێت و له ماوه‌ی ئه‌و چوار ساڵه‌دا جگه له بابه‌ته‌کانی خوێندن، چوار په‌ڕتووکی زانستييانه‌ی کۆمه‌ڵناسيی نه‌خوێندبێته‌وه. ئه‌م زانسته کۆمه‌ڵايه‌تييه پێويست و گرنگه، هێشتا له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا نامۆيه و سه‌ريهه‌ڵنه‌داوه.
با ئه‌م وشانه زۆر درێژ نه‌بنه‌وه، لێره‌وه مه‌به‌سته سه‌ره‌کييه‌که‌ی ئه‌م چه‌ند وشه‌يه ده‌رببڕم:
کاتێک له خوێندنه‌وه‌ی په‌ڕتووکی (شاری سلێمانى، ململانێی گروپه کۆمه‌ڵايه‌تييه‌کان 1820-1920) بوومه‌وه*، ئه‌م سه‌رنجه‌م له‌لا دروست بوو. مامۆستايه‌کی کۆمه‌ڵناسی ئه‌ڵمانی، پرۆفيسۆر (ميشائيل نۆيمان)، له نووسه‌ری ئه‌م په‌ڕتووکه ده‌پرسێت ((ئه‌گه‌ر بتوانی نووسين و به‌رهه‌می سۆسيۆلۆگه کورده به‌ناوبانگه‌کانم بۆ په‌يدا بکه‌يت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌کێشه‌ی کورد تێبگه‌م، هه‌ر زۆر سوپاست ده‌که‌م)).
(من هه‌ر به سوعبه‌ته‌وه گوتم: ((به‌داخه‌وه کورد جارێ کۆمه‌ڵناسی نييه و هيچ لێکۆڵينه‌وه‌يه‌کی زانستيمان نييه، تا بتوانيين ناوی لێ بنێين - لێکۆڵينه‌وه‌ی سۆسيۆلۆگی - ڕه‌نگه من يه‌که‌م که‌س بم که بمه‌وێ له‌داهاتوودا له‌سه‌ر کۆمه‌ڵی کورد بنووسم و منيش جارێ يه‌ک دێڕم نه‌نووسیووه. . )). ).
(ئه‌و به ده‌م و چاويدا ديار بوو، که له وه‌ڵامدانه‌وه‌که‌ی مندا، تووشی نائومێديی گه‌وره و حه‌په‌سان هاتبوو، قسه‌يه‌کی گوت، که تا ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌ژياندا بم، بيرم ناچێته‌وه. ئه‌و گوتی: ((چۆن گه‌لێک ده‌توانێ ڕزگار بێت، گه‌ر سۆسيۆلۆگ و لێکۆڵينه‌وه‌ی سۆسيۆلۆگيی باشی نه‌بێت؟)). ).
(من بزه‌يه‌کم بۆ کرد و ئه‌و به سه‌رسامييه‌وه له‌سه‌ر قسه‌کانی خۆی به‌رده‌وام بوو: ((کاری سياسيی جيدی پێويستی به‌کاری کۆمه‌ڵناسی باشی سه‌رکه‌وتوو هه‌يه. ئێوه ده‌وڵه‌تيشتان بۆ دروست بکرێت، تووشی هه‌زار و يه‌ک کێشه‌ی سياسيی و کۆمه‌ڵايه‌تی زۆر قورس ده‌بن. خه‌ڵکی سياسيى، له‌ناوه‌ڕاستی شه‌پۆلی شێت و چه‌مووشی ڕووداوه‌کاندا قومپاسی (قيبله‌نما) پێنه‌بێت، به‌ره‌و کوێ، له‌تاريکه شه‌ودا سه‌وڵ لێده‌دات؟)). ).
له راستيدا ئه‌و کۆمه‌ڵناسه ئه‌ڵمانييه به‌و چه‌ند وشه پڕ مانا و گرنگانه له بنی هه‌مانه‌که‌ی بۆ داوين. راسته، نه‌ته‌وه‌يه‌ک خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌يی و نيشتمانيی خۆی نه‌بێت، ژێرده‌سته و خاک داگيرکراو و دابه‌شکراو بێت، چۆن و له چی رێگايه‌که‌وه هه‌وڵی خۆڕخگارکردن و ئازادی و سه‌ربه‌خۆيی و دروست کردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆی ده‌دات؟ ئێمه‌ی کورد هێشتا نه خۆمان ده‌ناسين، نه رابردوو و مێژوومان ده‌زانين، نه شێوازی زانستييانه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دوژمنان و داگيرکه‌رانمان ده‌زانين، هه‌تا ئێستا هه‌ر وا ده‌زانين هه‌موو کێشه‌يه‌ک هه‌ر به به‌کار هێنانی چه‌ک و زه‌بروزه‌نگ چاره‌سه‌ر ده‌کرێت، هه‌ربۆيه پاش سه‌دان ساڵی ژێرده‌سته‌يی و دابه‌شبوون، هه‌تا ئێستا نه‌مان توانيوه به هيچ يه‌کێ له ئامانجه ره‌وا نه‌ته‌وه‌يی و نيشتمانييه‌کانمان بگه‌ين.
له کۆتايی ئه‌م چه‌ند وشه‌يه‌دا، پێويسته ئێمه‌ی کورد ئه‌و راستييه باش بزانين: هه‌تا له‌بری ئه‌و پيشه و نازناوانه‌ی سه‌ره‌وه که ناوهێنراون، نه‌بينه خاوه‌نی يه‌ک له‌شکر کۆمه‌ڵناس و وه‌رگێڕی پيشه‌يى، ده‌ىێ هه‌تا هه‌تايه هه‌ر به فاشيلی و ناسه‌رکه‌وتوويی له رێگای کۆمه‌ڵێ سياسه‌تچيی بازرگانی فرمێسک و خوێنه‌وه، هه‌ر خه‌ريکی سياسه‌تی فاشيلانه بين و هه‌ر له‌و بازنه‌ی فاشيلێتييه‌دا سه‌رگه‌ردان بخولێينه‌وه.
شاری سلێمانی*
ململانێی گروپه کۆمه‌ڵايه‌تييه‌کان 1820 - 1920
فازيل که‌ريم ئه‌حمه‌د (مامۆستا جه‌عفه‌ر).
سلێماني، بنکه‌ی ژين، 2006.
تێبينی: ئه‌و رستانه‌ی نێو که‌وانه‌کان له لاپه‌ڕه 9ی ئه‌م په‌ڕتووکه‌وه وه‌رگيراون،
21. 09. 2013
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
