سڵاو. . .
لە دوای ٢٠٠٣ بەرێزتان وەزیری دەرەوەی عێراقن، ئەو عێراقەی تەمەنێک رژێمی بەعس و سەدامی بە ئاسن وئاگر فەرمانرەوایەتی کرد.
جەنابتان لە پێش پرۆسەی رزگاری لە دەرەوەی عێراق بەرپرسی پەیوەندیەکانی پارتی بوون لە هەموان باشتر دەزانی سەرانی سەدامی لە وەزارەتی دەرەوە کێ بوون و بە تایبەت لە باڵیۆزخانەکان چ کارە بوون.
بەرێز کاک هۆشیار تۆ باش دەزانی بەعس وسەدام کاروانچی دەسەلاتدارێتی هات و چوو نەبوون، بەڵکو ئەوان قوتابخانەیەکیان دامەزراند قوتابی سەدامی و بەعسیان تێیدا پەروەردە کرد، بۆ ئەنفال کردنی کورد وکیمیاباران و تەعریب کردنی، بەرێز لە بەر ئەوەی بەرێزتان سیاسەتمەدار و کەسێکی شۆرشگێر و ماندوو نەناسی ئەم گەلەن باشتر لە ئێمەمانان زانیاری زیاترت لە مەر بەعسیەکان پێیە درێژەدادری ناکەم، ولێ خوازیاری وڵامی پرسیارێکم سەبارەت بە راوبۆچونتان لە مەر بار و دۆخی بەعسیەکان دوای پرۆسەی رزگاری عێراق؟
چونکە جێی سەرنجی خەڵکانێکی زۆری ئەنتی بەعسیەکانە کە لەماوەی وەزیرایەتی بەرێزتاندا لەم دە ساڵەی عێراقی نوێدا دەبینین دەبستین و هەستی پێدەکەین بەرێزتان بوونەتە پاڵپشتی کۆنە بەعسیەکان لە ناو وەزارەتدا.
بەو پێیەی خۆم لە باڵیۆزخانەی عێراق لە فنلاندا کارمەندم زۆرێک لەو کۆنە بەعسیانە دەبینم زۆر بە شان وباڵی بەرێزتان هەڵدەدەن، ئەم رێز و ستایشەی ئەوان بۆ تۆ ئەوە نییە بەرێزتان سەرکەوتون لە بەرێوەبردنی وەزارەت، بەڵکو تەنیا ئەوەیە بەراورد لە گەڵ وەزارەتەکانی تر حکومەت، بەعسیەکان لە دوای پرۆسەی رزگاری لە هیچ شوێنێکی تر وا دەست رۆیشتو نەبوونە.
بەرێز وەزیری دەرەوەی عێراق من بە گومانم لە بەرێزتان نەک نەخواستە لە سەر دڵسۆزی و تواناتان بەڵکو لە سەر ئەو باوەرەی کە پێتان وابێت سیاسەتێکی ژیرانە دەکەن بۆ هێشتنەوەی و پشتیوانی کۆنە بەعسیەکان سەبارەت بە بەرژەوەندی باڵای کورد، ئەوەی من پێم وابێت و مێژوویش سەلماندویەتی ئەم باوەرەی ئێوە کورد ووتنی ئاسنی سارد کوتینە، چونکێ ئەوان بەعسین وسەدامیین، لە هەر جێ و هەر چی بن هەرگیز دان بە خێری کوردا دانانێن، وە قەت بەوە کەیف ساز نین و نابن کەسێکی بە رەگەز کورد وەزیری دەرەوەی عێراقە، ئەوەی بەرێزتان دەیکەن راستی دڵشکاندنی نەیارانی سەدامی و بەعسیەکانە بە هێز کردنی دەستی ئەنفالچی وکورد کوژانە، لە کۆتایدا هیوادارم بەریزتان بەم سیاسەتەی خۆتاندا بەچنەوە تا ئەو کاتەی بەعسی وسەدامیکان لە جیاتی ستایش نەعلەت لە بەرێزتان بکەن.
٢٩/٧/٢٠١٣
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
