بەرێزان:
کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان
حیزب و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان
سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان
سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
تێکۆشان لە پێناو مافەرەواکان و رزگاری نەتەوەییدا ئەرکی هەر تاکێکی کورد و نیشتمانپەروە رە، هەر وەک هەموو لایەک ئاگادارن، بزووتنەوەی رەوای گەلی کورد پێویستی بە بەشداریکردنی رۆڵە تێکۆشەرەکانی ئەم گەلە ماف زەوتکراوە هەیە و، ئەمەش بە درێژایی مێژووی خەباتی گەلی کورد دژبە داگیرکەرانی نیشتمانەکەمان زەروورەت و پێویستییەکی حاشاهەڵنەگربووە و هەیە.
من وەک تاکێکی نیشتمان داگیرکراوە، بە پێی توانای خۆم چەندین ساڵە لە پێناو رزگاری خاک و وڵاتەکەمدا خەبات دەکەم، ریز خەباتی من بۆ دەستەبەر کردنی مافە زەوتکراوەکانی نەتەوەکەم، ریزەکانی کۆمەڵە بووە، ئەو کۆمەڵەیەی کە کاک فواد رێبەرایەتی دەکرد، ئەو کۆمەڵەیەی کە دکتور جەعفەر و کاک سەدیق و هەزاران تێکۆشەری ماندوونەناسی کۆمەڵە گیانیان لە پێناویدا بەختکرد.
فکریەت وهزری کۆمەڵە راسان بووە دژ بە داگیرکەران، پێشمەرگەی کۆمەڵە لە پێناو جامانەی هاوسەنگەرەکەیدا گیانی کردووتە قوربانی، بەڵام لە ئیستادا عەبدوڵا مووهتەدی کە دووچاری تەوەهووم بووە و خۆی بە سەرکردەیەکی کۆمەڵە پێناسە دەکات بووەتە داگیرکەر، وەک چۆن کۆماری ئیسلامی دەست بەسەر کەل و پەلی چالاکێکی سیاسیدا دەگرێت، ئەویش بە پەیڕەوکردن و هاوتەریبی وەها فکریەت و سیستمێک، دەست دەگرێت بەسەر کەل و پەلی شەخسی پێشمەرگەدا، ئەم کردارەی عەبدوڵامووهتەدی وەک زۆر حاڵەتی دیکە رووی کۆماری ئیسلامی سپی کردووەتەوە.
ئەگەر تا دوێنێ سینە چاک و موخلیسی مەنسوورحیکمەت بوو و، سنگی بۆ کۆمۆنیزمی کرێکاری دەکوتا و هەڵدانی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە سەر بارەگاکانی کۆمەڵەی بە شەرم دەزانی و، لە روانگەی ئەوانەوە بزووتنەوەی رەوای گەلی کورد بزووتنەوەیەکی دواکەوتووانە بوو، ئەوە ئەمڕۆ بە فکریەتێکی دیکەوە پیلان بۆ پاوانخوازییەکانی خۆی دادەرێژێت و، بە کپ کردنی دەنگی نارازیان و نوێ خوازانی ناو ریزەکانی کۆمەڵە و، داگیرکردنی ئەموالی خەڵک زۆر بە جیددی هەوڵی جێگیر کردنی نیزامی ئاغا و دەرەبەگایەتی دەدات لە ناو ریزەکانی کۆمەڵەدا.
من رێککەوتی ٢٢/١٠ / ٢٠١٢ لە باڵی عەبدوڵامووهتەدی جیا بوومەتەوە، بێ ئەوەی کە هیچ گرفت و کێشەیەک بۆ هەر تاک یا ئۆرگانێکی ئەوان درووست بکەم، بە شێوەیەکی یاسایی ئۆردووگای ئەوانم جێهێشتووە، رێککەوتی ٢٤/١٠/٢٠١٢ دوو ئەندامی سەرکردایەتی باڵی عەبدوڵامووهتەدی ( ئەگەر پێویست بکات ناوەکانیان ئاشکرا دەکەم) ئاگادار کردووەتەوە کە ماشێنێک ( سەیارەیەک) دەنێرم بۆ کەل و پەلە شەخسییەکانی خۆم، (هۆکاری ئەوەی کە بۆخۆم نەچووم بەدوای کەل و پەلەکانمدا نەبوونی ئەمنییەتی گیانی بووە) بەداخەوە کاتێک کە سەیارەم نارد سکرتارییەتی باڵی عەبدوڵا مووهتەدی رێگریان کردوو و ریگایان نەدا سەیارەکە کەلە و پەلەکانم باربکات، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە بە بێ ئاگاداری خۆم و بێ ئەوەی کە هیچ نێردراوێکی من حزووری هەبووبێت، دارودەستەی عەبدوڵامووهتەدی دەرگای ئەو ماڵەی کە کەل و پەلەکانی منی تێدابووە شکاندووە و، وەک تاڵانچییەک دەستیان کردووە بەتاڵانکردنی ئەموالی من و سەرجەم کەل و پەلەکانیان بە تاڵان بردووە.
ئەو فکرییەتە داگیرکاری و پاوانخوازیانەی عەبدوڵا مووهتەدی، دژ بە کۆمەڵە و خەباتی رەوای گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەزانم و، وەک تاکێک کە چەندین ساڵە لە پێناو گەل و نیشتماندا خەبات دەکەم و سەرجەم کەل وپەلە شەخسییەکانم لەلایەن " کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران " بە رێبەرایەتی عەبدوڵامووهتەدی لێ داگیرکراوە، داواکارم لایەن پەیوەندیدارەکان دەربارەی ئەو داگیرکارییەی عەبدوڵا مووهتەدی بێ دەنگ نەبن و ئەم کردارە شەرمەزار بکەن.
١٧/٦/٢٠١٣
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
