سەرۆکی هەرێم ئەوە مێژوە لەد ەسەڵاتت دەخات ؛ ...نامۆ کەریم

سەرۆکی هەرێم ئەوە مێژوە لەد ەسەڵاتت دەخات ؛ ...نامۆ کەریم

سەرۆکی هەرێم ئەگەر دەسەڵاتت لە دەست چوو، ئەوا کەس تاوانبار مەکە، تاوانبار تەنها مێژوە ،  چونکە مێژو ڕەحم بە کەس ناکات ،  سۆزی نیە و گوێ لە هات و هاوار و پەلەقاژەی کەس ناگرێت ،  بۆیە هەوڵ مەدە ڕێگا ناشەرعیەکان بگریتە بەر ، چاو لە کەس سو ر مەکەرەوە ، چونکە ئەو مێژوە خەڵکی فێر دەکات کە ئێوەی بەڕێز دەورانت تەواو ئەوە زیاتر لە نیو سەدەیە لەسە ر شانۆیت ،  ئیتر نۆرەی ڕۆڵگێڕانی ترە بێنە سەر شانۆ ،  باشترین ئەکتەرانی مێژومان بینی هۆلاکۆ ، نیرۆن ،  پاپاکان ،  کایسەرەکان ، هیتلەر،  ستالین ، سەدام هتد زۆر زۆرمان بینی بەس ئێستا باس لە ڕۆڵی ئەوان دەکرێت ، ئەوان خەڵکیشیان کوشت، شانۆکانیان هەموی بە پاسەوان تەنیبو ،  بەڵام دەرهێنەرەکە ناوی مێژو بو ،  گوتی تەواو وەرنە خوارێ ،  ئای کە دەرهێنەرێکی زۆر بێ ڕەحم بوو ،  بەڵام سەد جار بە داخەوە پاسەوانەکانی نەیان توانی مێژوو تیرۆر بکەن ،  یان لە زیندانی توند بکەن ، شانۆکانیان دەسوتاند ،  ئیتر لە دواییدا بە ناچاری ملی دەروازەیەکی تاریکیان دە گرت و شانۆیان بۆ ئەوانی دی چۆڵ دە کرد ئەی .

سەرۆکی هەرێم کێ زامن کەری ئەوەیە کە ئەگەر ئەم چوار ساڵەشت کەوتەوە دەست ، خۆ مێژوو پەیماننامەیەکی هەتا هەتاییت ناداتێ کە بەس تۆ ڕۆڵ ببینیت ،  ئێ بە نۆرەش بیت ئێمەی خەڵک نۆرەمانە ،  ، چونکە سیناریۆکە بەرەو کۆتایی هەنگاو دەنێت ،  گرتنە بەری ڕێگای نا شەرعی مانای وایە کە نەت توانیوە جوان ڕۆڵەکەت یاری بکەیت ،  با بێینەوە سەر ئەرزی واقیع پایەی کۆمەڵایەتی و سیاسیتان لەق بوە ، داڕزیوە ، ئیتر ناتوانی پایەکانت نۆژەن بکەیتەوە ، ئیتر ئەوە دەلیلێکی ڕۆشنە کە بەڕێزت هاوتای هێڵی جەماوەر نیت بۆیە جەماوەریش دەبێت ئەو ڕۆڵەت لێبسەننەوە .

گەورە بونی درز و قەڵەشتی نێوان دەسەڵاتەکەت و خەڵک زۆر گەورە بوە ، پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆت بە خەڵکەوە نەماوە ، تەنها ڕایەڵی نێوانتان هێزە چەکدارەکانتە ،  ئەوانیش ناتوانن زەمانەتت بدەنێ کە تا سەر لە دەسەڵات دا بمێنیتەوە .

تاوانباریش هەر خۆتان بون چونکە گوێ ڕایەڵی خەڵک نەبوون ،  بەرنامە کاری ئێوە هەر ئەمە دەرەنجامەکەی دەبێت یان دەبێت بڕۆیت یان دەبێت خەڵک و مێژوو تیرۆر بکەیت .

 پێم وابێت دونیای مۆدێرن لەگەڵ دەسەڵاتەکەتان ناتوانن چیدی هاوڕێیەوتیان بەردەوام بێت ، لە ناو کێشمە کێشی سیاسی جەهانیدا ئێوە چونەتە ناو لیستی ڕەشەوە ،  جارێکی تر سپی بونەوەتان ئەستەمە ،  ئەوە حوکمی مێژوە بەو شێوە دەسەڵاتەتان کە لە ٢٠ ساڵێ ڕابوردودا مومارەسە تان کردوە زۆر زەحمەتە لای خەڵکی شیرین ببنەوە ،  خەڵکی تاوانبارن چونکە هوشیار بونەتەوە ، وەکو وەزیری تەندروستی دەسەڵاتەکەت بە دەرزیەکان خەڵکیان کوێر کرد کە چی تاوان بار نەخۆشەکانن ، سەیرە کاک مەسعو د ،  لەم تاوانەشدا بێدەنگیت هەڵبژارد ،  نەخۆش خۆی دەچێت بۆلای پزیشک ، بۆیە تاوانبارە جا با نەچێت ،  ئەمەیە سیناریۆی دەسەڵاتەکەت ،  سەد ڕەحمەتت لێ بێت زۆر پاڵەوانمان بینی بونە مەرحوم بۆیە ئیتر نۆرەکەمان لێ تێک مەدە

خۆ بیرمەندانی دەسەڵاتەکەشت ئەوە چاک دەزانن کە هۆکاری هەمو مەینەتیەکانی کۆمەڵگا بەس خۆتانن ،  وە ئەو ڕاستیە چاک دەزانیت کە حەتمیەتێکی مێژوییە دەبێت ئاڵوگۆڕ لەم دەسەڵاتەدا بکرێت ،  ئیتر چۆن دەتوانیت ببیتە بەربەست ، با خەڵک خاوەن بڕیار بن نەک بەڕێزت ،  ڕۆڵە مێژوییەکەت بینی بۆیە ناتوانیت ، بمانگێڕیتەوە بۆ دەورانێ کە پاڵەوان بویت ،  چونکە ئەم دەورانەی ئێستا پاڵەوانی تری پێویستە ، دەبێت جڵەوی دەسەڵاتت شل بکەیت ،  با خەڵکی دەستیان ئاوەڵا بێت لەوەی چۆن جوڵە بکەن ، تا ئێستا دەستەکانی ئێوە واڵا بوون ،  دەستی ئێمە لە کەلەپچە بون .ئیتر چی بڵێینن دەورانە هەروا هاتوەەو هەر بەردەوامیش دەبێت .

 

 


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.