سەلاحەدین بەهائەدین (قعقاع)ـی كوردكوژەكەی ئێستا ...ڕێبوار هەڵەبجەیی

سەلاحەدین بەهائەدین (قعقاع)ـی كوردكوژەكەی ئێستا ...ڕێبوار هەڵەبجەیی

یەكێك لە بەدبەختییەكانی گەلی كورد بوونی ئەو كەسانەیە تەنانەت یەك خولەكی ژیانیشیان لە بەرژەوەندیی گەلەكەی سەرف نەكردووە و یەك دڵۆپە عارەقەیان نەڕشتووە و بڕواشی بەوە نییە لە پێناو سەربەرزیی وڵاتەكەی دڵۆپە خوێنێكیش بڕێژێن، بەڵام لە هەمان كاتدا ئامادەن بۆ لاوازكردنی وڵاتەكەیان هەموو شتێك بكەن.ئامادەن بۆ تێكشكاندنی ئیرادەی گەلەكەیان هەموو دەرگەیەك بكوتن و چاوساغی بۆ هەموو نەیار و دوژمنێكی كورد بكەن.مێژووی گەلی ستەمدیدەی كورد پڕە لەو نموونانە.

بوونی ئەو جۆرە خەڵكە نە بە ڕێكەوتە و نەیش دەستی قەدەر بە سەر گەلی كورد دا سەپاندوویەتی بەڵكو لەدایكبووی پلانی نەیارانی گەلی كوردە بۆ ئەوەی كوسپ بۆ خەون و ئامانجە نەتەوەییەكانی گەلی كورد دابنێن هەتا لەسەر پێی خۆی نەوەستێت و كورنیش بۆ بێگانە ببات.ئەمینداری پێشووی یەكگرتووی ئیسلامی سەلاحەدین بەهائەدین لەو تەرزە كەسانەیە دوژمن و ناحەزانی گەلی كورد هیوایەكی زۆریان لەسەر هەڵچنیوە.ئەو ئامانجەی نەیارانی گەلەكەمان نەیانتوانی بە ئەنفاڵ و قڕكردن و كیمیاباران و تەعریب و جینۆساید بهێننە دی بە دروست كردنی بەهائەدین و هاوشێوەكانی بەهائەدین بپێكن.سەلاحەدینەكانی ئیمڕۆی كوردستان ئەو دەستتانەن كار بۆ لەگۆڕنانی هەتاهەتایی خەونە نەتەوەییەكانی گەلی كورد دەكەن.ئەو كەسانەن تۆزقاڵێك بڕوایان بە كەرامەت و سەربەخۆیی میللەتی كورد نییە.ئەو هزرەی بەهائەدینەكان لە پێناوی كار دەكەن درێژكردنەوەی ژێردەستەیی و پاشكۆبوونی گەلی كوردە بۆ ئەو هێزانەی سەدان ساڵە بەنیازن گەلی كورد بكەنە كۆیلەی خۆیان.

 ئەو ڤایرۆسەی ئێستاكە بەربووەتە گیانی وڵاتەكەمان و لەژێر پەردەی دین دەیەوێت گەلی كورد لەهەموو سەربەرزی و كەرامەتێك دوور بكاتەوە زۆر مەترسیدارترە لە چەكی كیمیاوی و جینۆساید.چونكە ئەگەر دوژمن ڕۆڵەكانی ئێمەی شەهید كردبێت بەڵام نەیتوانیوە ئیرادە و ئامانجەكانمان لێ بستێنێت.ئەوەی سەلاحەدین بەهائەدین دەیكات هەوڵدانە بۆ ئەوەی پیرۆزی و ئامانج و ئیرادەی تاكی كورد بشێوێنێت.هەوڵدانە بۆ ئەوەی ئینسانی كورد بەرانبەر مێژوو و شانازی و داهاتووی گەلەكەی نامۆ ببێت.

بەلای بەهائەدیننەوە زمان و دابونەریتی كوردەواری هیچ مانایەكی نییە.مێژوو و سەروەرییەكان و قوربانیدان و كەڵەپیاوەكان هیچ شوێنێكی لە ئەدەبییاتییاندا نییە.كۆماری كوردستان و شۆڕشەكانی كورد و بارزانی و شیخ سەعیدی پیران و شێخی نەمر هیچ واتایەكیان نییە.داستان و قارەمان و شەهیدەكانمان بەلای بەهائەدین و قوتابخانەكەی نامۆ و بێ بەهان.بەها و مێژوو و بەرژەوەندیی داگیركارن و ناحەزانی گەلی كورد بەلای سەلاحەدینەوە ئەولەوییەتی یەكەمە.ڕقی لە خۆماڵیبوون و ڕەسەنایەتییە ڕقی لە كولتوور و جلوبەرگی كوردییە و چاوی بە ئاوەدانی و خۆشبەختیی كوردستان هەڵنایەت.

 سەلاحەدین بەهائەدین و هاوشێوەكانی بچنە سەر كەشكەڵانی ڕۆژیش ناتوانن زەڕڕەیەك لە غیرەت و شەجاعەتی شێرەژنێكی كورد بگەن كە چۆن لە زیندانەكاندا بەڕووی جەلادەكانی بەعس دەهاتنەوە و گیانی خۆیان فیدای میللەتەكەیان دەكرد.لەلای سەلاحەدینەوە بەهای نامووسی ژنەكەی (بەنی قینقاع)ـی مەدینە زۆر زیاترە لە گیانی پاكی شەهید لەیلا قاسم.سەلاح پاوەیی و شوێنكەوتووانی هیچ جیاوازییەكیان لەگەڵ (قعقاع)ـێ خوێنڕێژ نییە كە هێمای دڕندەیی فتوحات و داگیركاریی سەرزەمینی بابوباپیرانمان بووە.جاران قعقاع وڵاتمانی داگیر دەكرد و ژن و منداڵی كوردی لەتوپەت دەكرد.دوێنێ سەدام ئەنفالی دەكردین ئێستاكەیش سەلاحەدین و شوێنكەوتووانی بەنیازن وڵاتە ڕەنگینەكەمان بكەنە پاوانی قعقاعەكانی سەردەم كە وەك دێوێكی ڕووگرژ لە مسر و قەتەر و سعودییەوە بۆ تاڵانكردنی وڵاتەكەم ددان تیژ دەكەن.


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.