مەسعود بارزانی پێویستە چیبکات ؟! ...دانا حسین

مەسعود بارزانی پێویستە چیبکات ؟! ...دانا حسین

پرسی هەڵبژاردن، بەتایبەت هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم قسەو باسی میدیاکان و نوخبەی ڕۆشنبیرانە لە ئێستادا، ئەوەی کە جێگەی سەرسوڕمان و سەرنجە قسە و باس زۆر هەڵدەگرێت، پرسی خۆکاندید کردنەوەی مەسعود بارزانیە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم !، یاخود درێژ کردنەوەی وادەی سەرۆکایەتی بۆ دووساڵی دیکە !، هەر لە ئێستاوە پارتی و یەکێتی لە مشوری ئەوەدان کە چۆن مەسعود بارزانی بهێڵنەوە لە پۆستی سەرۆکایەتیدا، بینیمان وەفدی پارتی و یەکێتی سەردانی هەر سێ لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆنیان کرد لەبەر هەمان مەبەست !! بەڵام خۆشبەختانە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن ئەو داوایەیان ڕەد کردەوە

مەسعود بارزانی دەبێت چی بکات ..؟

هەر لە ئێستاوە بەبێ یەک و دوو بۆ ڕەوینەوەی گومان و لێکدانەوەی جیاواز، پێویستە جەنابی مەسعود بارزانی ڕایبگەیەنێت یاخود پایامێک بداتە میدیاکان و خەڵکی کوردستان کە چیتر وویستی خۆ کاندید کردنەوەی نیە، وە بە جدیش هەوڵ بۆ ئەم مەسەلەیە بدات و لە بواری پراکتیکیدا جارێکی دیکە بیر لە پۆستی سەرۆکایەتی نەکاتەوە، چونکە ئەو وادەی خۆی تەواو کرد و کاتی ئەوەیە ئەم پۆستە ئاڵوگۆڕی پێ بکرێت، ئەم هەنگاوە بۆ مەسعود بارزانی لە بوونەوە بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان گرنگ تر و پڕ بایەخترە

ئەگەر مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەم هەنگاوەی بنێت،  ڕێگا خۆش بکات بۆ ئەوەی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم هەڵبژاردن بکرێت و لە ڕێگەی دەنگی خەڵکی کوردستانەوە سەرۆکی ئایندە دەست نیشان بکرێت،  بێگومان ئەمە ئەبێتە خاڵێکی وەرچەرخانی گەورە و گرنگ بۆ هەرێمی کوردستان و پێم وابێت باسێکی گرنگیش دەبێت بۆ جیهانی دەرەوەی کوردستان ،  کوردستان لە چەقبەستووی و یەک دەنگی و یەک ڕەنگی ئەپارێزێت،  چونکە بە عەمەلی ئەسەلمێت کە بەڵێ کوردستان هەرێمێکی دیموکراسیە و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەکرێت و سیستمی سەرۆکایەتی پاشایەتی نیە، چونکە " بە پێی ماددەی 17 و ماددەی 3 ی سەرۆكایەتی هەرێم سەرۆك تەنها بۆی هەیە دووخول خۆی هەڵبژێرێتەوە

پێویستە مەسعود بەرزانی نەک خۆی کاندید نەکاتەوە، بەڵکوو نابێت تەنانەت بیر لە خۆ کاندید کردنەوەش بکاتەوە، چونکە بە هەموو لایەنە سیاسیەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستان و بە جەنابی مەسعود بارزانیشەوە ئەو ڕاستیە باش دەزانن کە خۆ کادید کردنەوەی مەسعود بارزانی پێچەوانەی هەموو بنەما یاسایی و دەستوریەکانی هەرێمی کوردستانە، و هیچ مانایەک بۆ دیموکراسی ڕای ئازاد و دەنگی جیاواز نامێنێتەوە،  بەڵام بۆچی هێزەکانی دەسەڵات هێندە مەبەستیانە مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم بمێنێتەوە ! ئائەمە ئەو پرسیارەیە قەڵەم بەدەستان و سیاسەتوانانی قەڵس و توڕە کردوە، هەڵبەت ئەم پرسە پرسێکی کەمێش نیە و هەر لەبەر ئەوەشە نوخبەی ڕۆشنبیرانی خستۆتە جموجوڵ و چاودێری کردنی ڕەوشەکە

دوا ووتە " ئەگەر مەسعود بارزانی لە خەمی سومعەی خۆی و پارتی دیموکراتی کوردستان و خەڵکی هەرێمی کوردستاندایە، پێویستە تاک ڕەوانە بیر نەکاتەوە و پابەند بێت بە ماددەی سەرۆکایەتی هەرێم ،  ڕێگە بدات هەڵبژاردنێکی پاک و نەضیف بکرێت، و تێیدا سەرۆکی هەرێم دەست نیشان بکرێت، ئەگەر سەرۆکی هەرێم بۆ هەڵبژاردنی چەند مانگی داهاتوو ئەم هەنگاوەی نا ، بەدڵنیاییەوە ئەم هەنگاوە بۆ ئەو لە بوونەوە بە سەرۆک پڕ بایەخ ترە .

 


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.