بۆ ئەو گۆرانی بێژانەی کە گۆرانیەکانیان دە فلسی قەڵب ناهێنێت، کە شەخسیەتیان لە ژێر هێڵی سفرەوەیە، بەتایبەت گۆرانی بێژە بیانیەکان پێشنیارم ئەوەیە، کە هەر کات وەزعی ماددیان خراپ بوو، یان کەس تاقەتی نەبوو گوێ لە گۆرانیەکانیان بگرێت، یان وویستیان خۆیان عەرز بکەن و گەورە بن و چەپڵە باران بکرێن، با بێن لە کوردستان لە شاری قەڵاو منارە کۆنسێرت ساز بکەن، چونکە کوردستان ئەمڕۆ مەزاتخانەیەکە و هەموو کاڵا و باڵایەکی تیا سەرف ئەبێت، هەموو هونەرێک لە خۆ دەگرێت، وەک بینیمان لە ڕابردوودا دەیان گۆرانیبێژی بێگانە و بەناو هونەرمەند هێنرانە کوردستان !، کۆنسێرتیان بۆ ساز کرا و خەڵاتی تایبەتیان پێدرا !!! وا بڕیارە لەم مانگەشدا، دوو گۆرانی بێژی دیکەی عەرەبی ( حاتم عێراقی و هەیفا وەهبی) کۆنسێرتیان بۆ ساز بکرێت !!! میللەتی کورد لە هیچی کەم نیە ئەم بەزمە نەبێت، تەنها ئەوەی ماوە گۆرانی بێژ و ئافرەتی ڕاقیصە بهێنرێتە کوردستان، پارەیەکی خەیاڵیان تیا سەرف بکرێت، مێشکی خەڵک بەم باس و خواسانەوە بەنج بکرێت، بۆ ئەوەی نیشانی بەن کە کوردستان پێشکەوتووە ! وەزعی خەڵک باشە !بەڵام " بەداخەوە نەتیجەکەشی جگە لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی هیچی تری تیا نیە بۆ خەڵک، ئاو بێنە و دەست بشۆ، با فەقیر و فوقەراش لە دوورەوە هەر زەقەی چاویان بێت، کێ دەربەستە !
وەزارەتەکەی ڕۆشنبیریش هێندە ئاستی ڕۆشنبیری لاوازە، کە هێشتا نازانێت کامە هونەرمەندە و کامە داهێنەر، کامە خزمەتی هونەر ئەکات و کامە خۆی بە هونەردا هەڵواسیوە، هەر ئەی هێنێت و ئەیبات ( لێدە شەفیق ) ئیمزای ئەکات، کوردەواری ووتەنی ( گا بە گونا ئەناسێت )
لە کۆتاییدا ئەو کۆپلە شعرەتان بیر دەخەمەوە " لە خەو هەستن میللەتی کورد خەو زەرەرتانە، هەموو تاریخی عالەم شاهیدی فەزڵ و هونەرتانە، نەک بچن هونەری سەقەتی بێگانە بێنن و لە کوردستان ساغی بکەنەوە، هونەر و کاری هونەری ئەمڕۆ بووە بە ئامرازی دەوڵەمەند بوون بۆ زۆر کەس، پیشەیەکی باشە گۆرانیەک بەسەر سەرۆکدا بڵێ، یان بە شان و باڵی حیزبێکدا هەڵبە، ئیتر تۆ هونەرمەندی چاکی و ڕێزت سەرچاوان و خەڵاتەکەشت مسۆگەرە .
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
