مەلابەختيار و دکتۆر سەپان، و کرۆنۆلۆژیی رووداوەکان ... مام ئاوات

ئەگەرچی دەگوترێت هەزاران ينك-ی تری وەك دکتۆر مەغديد سەپان، پێیان وايە مەلابەختيار یەکێکە لە هۆيەکانی شکستی ينك، بەڵام هیچ راپرسییەک و هیچ ئامارێک و تۆمارێک بۆ چەسپاندنی ئەم ڕەئییە نييە.
دکتۆر سەپان سەرەڕای دەربڕینی ئەو بۆچوونەوەی سەرەوە، هەروەها مەلابەختيار بە پیاوی اطلاعات ناو دەبات، ئەگەرچی بێگومان دانيشتنی کاک مەلا بەختيار لەگەڵ قاسم سولەيمانی و اطلاعات و بەرپرسانی تری ئێران هیچ بەڵگە نین لەسەر اطلاعاتبوونی مەلا بەختيار، و پەيوەندییان بە پەیوەندییەکانی حزبەوە هەیە .

دکتۆر مەغديد سەپان، لە داخی ژمارەی کورسییە کەمەکانی ئەمجارەی ینک بێت يان ليغەرەزين ما في نەفسي يەعقوب، وتارێکی رەخنەئامێزی لە کاک مەلابەختيار لە وێبسایت و فەیسبووکەکەی بڵاوکردەوە. لەو وتارەدا کاک سەپان تەنانەت گاڵتەی بە ناوەکەی مەلابەختيار کردبوو، نەك هەر نووسی بووی کە مەلابەختيار نە مەلايە و نە بەختيار، بەڵکو وتبوي گوایە بەڕێزیان فڕی بەسەر هیچ حيکمەتێکەوە نییە. (حيکمەت ناوە رەسەنەکەی کاک مەلابەختيارە).

دیارە مەلا بەختيار ناهەقی نەبوو تووڕە ببێت و وەڵامی بداتەوە، بەڵام نەدەبوو بەڕێزیان، کاک سەپان پڕ جنێو بکات. وەڵامەکەی کاک مەلابەختيار زۆر توندبوو، و هیچ پرەنسیپێکی سۆشيال دیموکراتیی لەبەرچاو نەگرتبوو. وتارەکە پڕ بوو لە جنێو. کەمترينيان ئەوە بوو کە جارێک بە کاک سەپان دەڵێت بێ ئەخلاقی سیاسی و جارێکی تريش پێی دەڵێت بێ ئەخلاقی فيزیایی.

لە جنێونامەکەيدا، مەلابەختيار بە هەمان تێڵای مەغديد، دکتۆر سەپان دەکوتێتەوە. پێی دەڵێت دکتۆراکەی لە روسيا وەرگرتووە بە بێ ئەوەی رووسی بزانێت، و بەم شێوەیەش دکتۆر نييە، هەروەها مامۆستای زانکۆیە و بەم شێوەیەش سەپان نییە. تەنانەت بە ترسنۆکيش ناوی دەبات، بە مانایەکی تر، یانی مەغدیدەکەشی پێ ڕەوا نابینێت. . .

ناهەقی نەبوو کاک سەپان کە پێی وابوو ئەو وتارەی مەلابەختيار هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە لەسەر ژيانی، نەوەك لەبەر ئەو خاڵانەی باسمان کرد، بەڵکو هەروەها لەبەر مێژووی کاک مەلابەختيار لەگەڵ نووسەران.

لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا کاک مەلابەختيار زۆر فشاری خستە سەر نووسەرانی سلێمانی. تا وای لە خوالێخۆشبوو حەسيب قەرەداخی شاعر کرد لە پێش کاک مەلابەختيار و لە مایکرۆفۆنەکەی خوارەوە گومان بخاتە سەر کوردپەروەریی سەرۆک بارزاني. مەلابەختياريش لە وەڵامدا لە مايکرۆفۆنی سەر سەکۆکەوە گاڵتەی بە حەسيب کرد و وتي "ديارە حەسیب قەرەداغی بڵ بووە". . بڵ بۆ کاڵەكێک بەکاردەهێنرێت کە وەختی خواردنی هاتبێت، بە مانایەکی تر، پێگەیی بێت. . واتە کاک حەسيب کامڵ بووە و پێگەيووە و ئێستا لە دنيا تێدەگات. . هەر باشە نەيگوت کاک حەسيب شل بووە، ئەگەرچی هەندێک چاودێر دەڵێن کاک مەلا خۆی ئەمەيانی مەبەست بووە.

هەر لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا، کاک مەلا زۆری بۆ بەختيار عەلیی چیرۆکنووس هێنا. بەختيار عەلیيش لە وتارێکدا بە کاک مەلا بەختياری وت "قەحبە". . ڕاستییەکەی پێی گوت "دەنگی (مەلابەختيار) دەڵێی دەنگی قەحبەیە. "

هەر لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا، بەو گوێیانەی خۆم گوێم لە کاک مەلابەختيار بوو وتی ئەو نووسەرانەی سلێمانی کە دەچن بۆ هەولێر و لە گۆڤارەکانی هەولێردا بابەت بڵاودەکەنەوە، وەك پێشمەرگەی پارتی ناو جەبهەکانی شەڕن و دوژمنی يانون کافن. خواوڕاستان دوای ئەو قسەیە، مانگ نەسووڕا و قومبەلەيەک فڕێ درایە حەوشەی ماڵی چیرۆکنووس كاک حەمەفەريق حەسەن. حەمەفەريق، کە لەو ساوە لە هەندەران دەژی، لە پەيامەکە تێگەيشت و فريای فرۆشتنی کەلوپەلی ناوماڵەکەشی نەکەوت.

ڕەنگە دکتۆر سەپان کاتێک ئەو وتارەی مەلابەختياری خوێندۆتەوە، ئەم ڕووداوانە وەك فليم بە پێشچاویدا تێپەڕ بووبن، بۆیە بە پەلەپڕوزکێ بروسکەی بۆ کاک مەسعود و کاک کۆسرەت نارد، (هاواااارە فريام کەون).

کە مەلابەختيار سەیری کرد وا دکتۆر پەنای بردۆتە بەر دۆستێکی هاوپەيمان و دوژمنێکی هاوحزب، هەر ئەو ئێوارەیە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا باسی ئەوەی کرد کە جەنابيان پەنا دەباتە بەر دادگای بێ غەل و غەشی کوردستان و پەنا دەباتە بەر ئەو ياسایەی کە لەژێر هەموو بەرپرسێکەوەیە. .
ڕەنگە کاک مەلا بەختيار پێی وابوو بێت کە بەم هەنگاوەی دەتوانێت وا لە خەڵکانی وەک من و تۆ بکات (ئەی خوێنەری خوێنشیرین)، کە تەسەلسول و کرنۆلۆژی و زنجیرەی وتارەکانمان بیر بچێتەوە. بەڵام هەمووان دەزانين تەسەلسولی ڕووداوەکان چۆن بوو، یەکەم- سەپان رەخنەی لە مەلا بەختيار گرت، دووەم- مەلابەختيار جوێنی بە سەپان دا، سێیەم- سەپان پەنای بردە بەر کاک مەسعود و کاک کۆسرەت، چوارەم - مەلابەختيار وتی لە دادگا شکات دەکەم.

لێم ڕوونە، کاک مەلا بەختيار شکات بکات يا نەيکات، پاش ماوەيەک راگەیاندنێک بڵاو دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە بەڕێزیان لە هەموو مافێکی یاسایی خۆی خۆش بووە و لە کاک سەپان دەبوورێت. بەم شێوەیەش ئاو دەکرێت بە ئاگردا. . يان ڕەنگە خۆی لە بابەتەکە بێ دەنگ بکات بە تەواوەتی و ژێربەژێر لەگەڵ سەپان پێک بێتەوە.
خۆ ئەمە يەکەمجار نییە بەرپرسی کورد رۆژنامەوان بداتە دادگا و دواییش بە مەکرەمەيەک یان ژێربەژێر لێی خۆش ببێت. .

ئەگەر قەرار وایە کاک مەلابەختيار هەر درێژە بدات بە خەباتی خۆی لە ڕیزەکانی ینك و ئیستيقالە نەکات، ئەوا باشترە خۆی لە قەرەی رۆژنامەڤان نەدات. . پێشتريش، وا باشە داوای لێبوردن لە قەراخييەکان بکات (بەهات و ئازای لێ دەرچێت) لە بەرامبەر بە ئیهانەکردنی حەسيب قەرەداخیی مەزن، و داوای لێبوردن لە خەڵکی سلێمانی بکات لەبەرئەوەی ئێمەی خەڵکی سلێمانی بە تووڵی عومرمان دوو چیرۆکنووسمان لێ هەڵکەوت کەچیی جەنابيان هەردووکيانی تەرەی ئەوروپا کرد (حەمەفەريق حەسەن و بەختيار عەلی).
هەق وایە بە رەسميیش داوای لێبوردن لە مەغديد بکات. هیچ رۆژنامەوانێکی مامۆستای زانکۆ سەپانی کاک مەلا بەختيار نیيە، حەتتا ئەگەر ناوی سەپانيش بێت


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.