میهرەبانی مورسی و پەرۆشی عەلمانیەکانی کوردستان بۆ شکەستی عەلمانیەکانی میسر ...نەسرەدین ڕەببانی

میهرەبانی مورسی و پەرۆشی عەلمانیەکانی کوردستان بۆ شکەستی عەلمانیەکانی میسر ...نەسرەدین ڕەببانی

مەبەست لەنوسینی ئەم باسە تەنها بیستن و بینینی بێویژدانییێکی زۆری عەلمانیەکانی کوردستان بوو بەرامبەر بە شکەستی عەلمانیەکەنی میسرو میهرەبانی و چۆنیەتی مامەڵەکردنی دڵسۆزانەی مورسی، بەوهیوایەی ببێتە هۆکارێک بۆ بە ئاگاهاتنەوەی عەلمانیەکانی کوردستان و دەرکەوتنی حەقیقەتی عەلمانیەکانی میسر و میهرەبانی مورسی.

ئەمەوێت لەسەرەتاوە بە عەلمانیەکان بڵێم لەم سەردەمەدا مورسی میهرەبانترین سەرکردەیەنەک تەنها لە میسر بەڵکو ل ەهەموو جیهاندا، وەهەروەها عەلمانیەکانی میسریش بێوەفاترین و زۆردارترین چینی ناوکۆمەڵگای میسرن، کە بەردەوام هەوڵی چەوساندنەوەی چینەکانی تری میسریان داوە، لەدوای شکەستیشیان لە هەڵبژاردن نایانەوێت هاوڵاتیانی میسر بە تێگرا میهرەبانی مورسی ببین و ئارامی و دادپەروەری ببین بۆ ئەوەی زوڵم و ستەمی کردویانە لە نائارامیدا بیشارنەوە و مورسی و حوکومەتەکەی نەتوانن وەک پێویست دڵسۆزی و دادپەروەری و میهرەبانی خۆیان نیشانی نەتەوەو نیشتیمانەکەیان بدەن، بۆیە بە هەموو شێوەیەک هەوڵی نائارامی ئەدەن.

عەلمانیەنەی میسر کە زیاتر لە هەشتا ساڵ کۆمەڵەی ئیخوان و هاوشێوەکانی مورسیان چەوساندنەوە، بگرە لە لەناوبردن و زیندانی کردن و ئازارو ئەشکەنجەو ئەتککردن و ئەوەی توانیان کردیان تا ئەمرۆ کە خۆتان ئەبینن دەستیان لە ئازاردان و ئەشکەنجەدان هەڵنەگرتووەو بەردەوامن لەسەر دڕندەیی و بەدڕەوشتی و تێکدانی ئارامی وڵاتەکەیان، هەموو لایەک ئاگادارەو دەرک بەوە ئەکات کە مورسی بە دەنگی پاک و لەلایەن زۆرینەی هاوڵاتیانی میسر هەڵبژاردرا و هەڵبژاردنی بردەوە، کەچی عەلمانیەکانی میسر بێگوێدانە پەیمانەکانی پێش هەڵبژاردن و بێگوێدان بە تێکدان و زەرەرمەندی ووڵات و نیشتیمانەکەیان بێوەفایانە بە پیلانی دەرەکی و پاڵپشتی ناحەزانی خاک و وڵاتی خۆیان بۆ دەستخۆشی و بەرامبەرێکی دنیایی کەم بەربونەتە گیانی هاوڵاتیانی نیشتیمانەکەیان و سوتاندنی سەروەت و سامان و پیرۆزیەکانی نیشتیمانەکەیان بە بێ بیرکردنەوە لە ئایندەی نەتەوەو نیشتیمانەکەیان بە هەموو شێوەیەک خەریکی دروست کردنی نائارامی و ڕمانی ئەخلاقی نەتەوەو داڕمانی نیشتیمانەکەیانن، بێوەفای ئەوان زیاتر لەوەدایە کە لە پێناوی دەستخۆشی و سەروەتێکی کەمی مادەدا نائارامی لە وڵاتەکەی خۆیان دروست ئەکەن و هاوڵاتیانی نیشتیمانەکەی خۆیان ئەکوژن و ئازار ئەدەن، پیرۆزیەکانی ووڵاتەکەیان لەناو ئەبەن و ئەروخێنن و دەسوتێنن.

مورسی لەکاتی گرتنە دەستی دەسەڵاتدا بێ جیاوازی مامەڵەی ئەکردو پەیمانی بە خودای خۆی و میللەتەکەی دا بێجیاوازی دڵسۆزانە خزمەتیان بکات و پیرۆزیەکانیان بپارێزێت وخزمەتی نەتەوەو نیشتیمانی میسربکات، گومانی تێدا نییە کە لەسەر پەیمانەکانی خۆی بەردەوام بوو و درێخی نەکردوە کە بە وژدانەوە بڕوانییە هەڵسوکەوت و کارەکانی، مورسی وەک سەرکردەیەکی خودا ناس و لە خودا ترس دڵسۆزانە بێجیاوازی مامەڵەی ئەکردو وەک خزمەتکارێک هەڵسوکەوتی لەگەڵ نەتەوەکەی ئەکردو خزمەتی نەتەوەو نیشتیمانەکەی ئەکرد، بەڵام عەلمانیەتی چاوچنۆک و بێوەفاو چەوسێنەر بە هەموو شێوەیەک بەربوونە گیانی پارتەکەی و هەموو دۆست و ئەندامەکانی و بەربونەتە سوتاندنی بارەگاو شوێنە خزمەتگوزاریەکانی لەگەڵ ئەوەی تاکو ئێستا مورسی و جەماعەتەکەی ئامادە نەبوونە بچوکترین کاردانەوەیان هەبێت و کاردانەوەیان نەبووە کە حەقی خۆشیانە ئەگەر هەرکاردانەوەیەکیان هەبێت بەرامبەر هەموو ئەو دەستدرێژی و زوڵم و ستەمەی کراوەتە ساریان و ئەکرێتە سەریان تاکو ئێستا چەندان کەسیان کوژراون و ئەشکەنجە دراون و ڕوبەروی هێرش و ئازار بوونەتەوەو چەندان بارەگاو بنکەیان سوتێندراون کەچی هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووەو ئامادە نەبوونە کردانەوەیان هەبێت بەرامبەر جەهالەتی علمانیەتی وەڵاتەکەیان.

لێرەدا نامەوێت زیاتر باس لە بێویژدانی و ستەمی عەلمانیەکانی میسر بکەم بەرامبەر هەموو کۆمەڵگای میسر بەگشتی و مورسی و جەماعەتەکەی بەتایبەتی، نامەوێت ببمە پارێزەری مورسی و جەماعەتەکەی هەرچەندە بە ڕەواشی ئەزانم پارێزگاری لە مەزڵومییەتیان بکەم وەک باوەرو مرۆڤایەتی، بەڵام ئەوەی منی زۆر نیگەران کردووە هەڵسوکەوتی هەندێک لە عەلمانیەکانی کوردستانە نازانم چی وای لێکردون بەو شێوەیە بەربنە گیانی مورسی و جەماعەتەکەی و بە شێوەی ناڕەوا پروپاگندەو بوختانی بۆ دروست بکەن و خەریکی ناو زڕاندنی بن و هەرچی نەشیاوی و خراپەکاری عەلمانیەکان کردویانەو ئەیکەن بیخەنە پاڵ مورسی و جەماعەتەکەی، نازانم نە لە شکەستی علمانیەکانی میسر ئەترسن و ترسی ئەوەیان هەیە ئەو دەردەی ئەوان بگاتە ئەوانیش لەکوردستان، یان چاویان بە دادپەروەری مورسی و جەماعەتەکەی هەڵنایەت و شەرم لە حوکمڕانی خۆیان ئەکەن کە بە تەزویر و زوڵم و ستەم چەند ساڵە نەتەوەیەک ئەچەوسێننەوەو سەروەت و سامانی نیشتیمانی کوردستان تاڵان ئەکەن و خستویانەتە بەرژەوەندی خێڵ و بنەماڵەکانیان و هەزاران ڕۆڵە و نەوەی نەتەوەو نیشتیمانیان کوشتووەو شوێنبزرکردووە بۆ بەرژەوەندی خۆیان، ئەبێت چ هۆکارێک پاڵنەریان بێت بۆ ناشیرین کردنی حوکمڕانی وڵاتێکی تر کەنمونەیەکە لە دادپەروەری و میهرەبانی بۆ وڵاتەکەیان.

علمانیەکانی لای خۆمان بەتایبەتی ئەوانەی ئێستا لە دەسەڵاتن و خۆیان بەسەر نەتەوەو نیشتیماندا سەپاندووە ئەبوایە شەرمیان کردبایە، باسی حوکمڕانی و دەسەڵاتی هیچ کام لە ووڵاتان بکەن ئەبوایە شەرمیان لەوە کردبایە باسی زوڵم و ستەم و ئازاری نەتەوەو بەفیرودانی سەروەت و سامانی نیشتیمانەکانی ترو گەندەڵی بکەن، ئەبوایە شەرمیان کردبایە باسی ئازادی و مافی مرۆڤ و مافی گەلانی تر بکەن چونکە هەرچی تیرۆر و ئەشکەنجەو زیندانی و نەهامەتی هەیە دەسەڵاتی ئێستای عەلمانی لە کوردستان بەرامبەر بە میللەت و نیشتیمانەکەیان کردویانە هیچ پێوەرێک نەماوە بۆ شەرعییەتی ئەوان لە دەسەڵاتدا، هەرچی مسداقیاتی دەسەڵات و حوکمڕانی هەیە لە دەستیان داوە ئەوەندە خیانەت و ئازار و ئەشکەنجەی میللەتیان داوە ئەوەندە سامانی نیشتیمانیان بەفیرۆداوەو لەبەرژەوەندی خۆیان سەرفیان کردووە، نازانم چۆن روویان دێت باسی مورسی و حەکمڕانی و جەماعەتەکەی بکەن.

باسکردنی میهرەبانی مورسی و مەزڵومیەتی جەماعەتەکەی ڕاستییەکە ئەبێت ئیشاڕەی پێبکرێت کە ئەوان زوڵمیان لێئەکرێت و ئەچەوسێندرێنەوە تاکو ئێستاش عەلمانیەکانی میسر هەوڵی چەوسانەوەیان ئەدەن، وە باسکردنی عەلمانیەکانی میسریش هەندێک لە عەلمانیەکانی کوردستان بونەتە هۆکار کە لێرەدا ناچار بوومە باسیان بکەم وەک وڵامێک بۆ ئەو جۆڕە عەلمانیە ڕقینانەی کە چاویان بە دادپەروەری و میهرەبانی هەڵنایەت، وەک پێش بینیش بۆ ئەوەی کە هاوشێوەی مورسی و جەماعەتەکەی لە کوردستان دەرس لە میسر وەرگرن و هەموو ئەگەرەکانی دوبارەبوونەوەی تەنگێژەکانی میسر ڕەچاو بکەن پێش ئەوەی بەژداری هەڵبژاردن بکەن، چونکە لە ئێستاوە زۆرێک لە عەلمانیەکانی کوردستان هەمان مەبەستیان هەیەو بونەتە پارێزەری علمانیەکانی میسرو رێخۆش ئەکەن بۆهەمان سیناریۆ وهەمان هەڵسوکەوت لە کاتی دۆڕانیان و لەدەستدانی کورسی دەسەڵاتدا.

ئەوەی ئێستا لە هەندێک لە عەلمانیەکانی کوردستانی ئەبیستم و ئەیبینم و ئەیخوێنمەوە هەموو ئەو شیعار و هەڵسوکەوت و پروپاگندانەی ئەیکەن ڕێخوشکردنن بۆ داهاتووی کوردستان لە ئەگەری هاوشێوەی میسرو هاتنی چینێکی دادپەروەر بۆسەر دەسەڵات و بردنەوەیان لە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردو دورلە تەزویردا، ئەوانەی هەوڵی داد پەروەری ئەدەن و ئەیانەوێت بەژداری هەڵبژاردن بکەن پێویستە پێش بینی هەمان تەنگێژەی میسر بکەن چونکە دڵنیام ئەو جۆرە عەلمانیانە کە چاویان بە دادپەروەری هەڵنایەت ئامادەنین بە هەڵبژاردن دەست بەرداری کورسی بن و دەست لە ئازاری نەتەوەو بەفیرۆدانی سەروەت و سامانی نیشتیمان هەڵگرن، نازانم عەلمانیەکانی کوردستان چی ئەیان بەستێتەوە بە عەلمانیەکانی میسر چ بەرژەوەندیەکیان لەگەڵ ئەوانە بۆ وا تەنگەتاو بوونەو هەراسان بوونە، چ پەرژەوەندی و پارەو پول و سامانێکیان لەگەڵ یەک هەیە بۆ وا بە چەپ و راس کەوتونەتە درۆ و دەلەسە و پروپاگندە کردن بۆ عەلمانیە دۆڕاوەکانی میسر، نازانم دیموکراسی و هەڵبژاردنی ئازاد و پاک لای عەلمانیەکانی کوردستان کامەیە، هەڵبژاردنی نمونەیی و پاک ئەبێت ئەو هەڵبژاردنە بێت کە لە کوردستان کرا پەنجا بە پەنجا لە بەینی دوو پارتی دەسەڵاتداردا، یان هەڵبژاردن و دیموکراسی ئەبێت ئەوەبێت کە هەزاران گەنج و لاوو رۆڵەی نەتەوەویان بە کۆشتدا و کردنیان بە قوربانی کورسی دەسەڵات و خێڵ و بنەماڵەکانیان، یان ئەبێت ئەو دەسەڵاتە بێت تاکۆ ئێستا سەدان دەنگی ئازادیان کپ کردووەو چەندان قەڵەمی بوێریان شکاندووەو شوێنبزر کردووەو تیرۆر کردووە هەزاران رۆڵەی نەتەوەو نیشتیمانیان لەناوبردووەو شوێنبزر کردووە و خەڵتانی خوێن کردووە.

عەلمانیەکانی کوردستان باسی چی ئەکەن چۆن رویان دێت باسی مورسی و جەماعەتەکەی بکەن کە بەهەڵبژاردنێکی ئازادانەو پاک هاتوونەتە سەر دەسەڵات لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە هەشتا ساڵ چەوسێندرانەوەو زوڵم و ستەمیان لێکرا، ئێستاش کە بە میهرەبانترین سەرکردە ناسراوە لە جیهاندا نەک تەنها لە میسر چونکە سەلماندویەتی لە کردەوەو هەڵسوکەوتەکانیدا، قسەی زۆرێکیش لە سەرکردەکانی ووڵاتانی جیهان پشتگیری لە میهرەبانی وسەبروئارامی مورسی ئەکات، ئەگەر ئەوەی لە میسر ئەگوزەرێت و ئەکرێت هەر چینێکی کوردستان بەرامبەر بە دەسەڵاتی ئێستای کوردستان کردبایەتی سەرکردە عەلمانیەکانی ئێستای دەسەڵات هەموویانیان خەڵتانی خوێن ئەکردن و گۆمی خوێنیان بۆ دروست ئەکردن، بەڵگەش زۆڕن لە کاتی هەر ناڕەزایەتیەکی جەماوەریدا بینیمان کە دەسەڵاتی عەلمانی کوردستان بڕیاری شەرو بەرەوروبونەوەیان ئەداو خوێنی لاوان و رۆڵەی میللەتیان ئەرژاند و ئەشکەنجەو ئازاریان ئەدان و تۆمەتی بێبنەمایان بۆ دروست ئەکردن لەگەڵ ئەوەی هیچ کات ناڕەزایەتی جەماوەری کوردستان بەراورد ناکرێت لەگەڵ میسر چونکە عەلمانیەکانی میسر لە پێناوی دەستکەوتێکی کەم نیشتیمانەکەی خۆیان ئەفرۆشن و بەربوونەتە گیانی هاوڵاتیانی خۆیان و نائارامیان دروست کردووە، بەڵام نارەزایەتیەکانی جەماوەری کوردستان بەرامبەر بە دەسەڵات داواکردنی مافی ڕاوا و ئازادی بوون و ئازادی بیروڕاو بنبڕکردنی گەندەڵی بوو، کەچی هەموو لایەک بینی دەسەڵات چۆن مامەڵەی ئەکرد و چی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران کرد و چی بەسەر هێنان، ئەگەر هاتبایە هەندێک لە کەسایەتی و بەرەی عەلمانی پشتگیری جەماوەر نەبوونایە ئەوا گومانی تێدا نە ئەبوو کە زۆرێک لەو جەماوەرەی ناڕەزایی و خۆپیشاندانیان کردبوو بەرامبەر بە دەسەڵات ئێستا لە زیندانەکاندا ئەبوون و ئەکران بە تیروریست و فایلیان بۆ دروست ئەکرا ئەگەر شانسیان هەبوایە نەکوژرابان و خەڵتانی خوێن نەکرابان لە کاتی خۆپیشانداندا.

دەسەڵاتی ئێستای عەلمانی کوردستان ئەبوایە شەرمیان کردبایە باسی دیموکرسی و هەڵبژاردنی وڵاتانی تر بکەن، چونکە نە دیموکرسیەکەیان هاوشێوەی هیچ وڵاتێکە نە هەڵبژاردنیشیان، لەژێر سایەی حوکمڕانی علمانیەکانی کوردستاندا هەزاران رۆڵەی نەتەوەو نیشتیمان خەڵتانی خوێنکراون و ئازار و ئەشکەنجە دراون و لەناو براون و شوێنبزر کراون، هەزاران دەنگی ئازاد کپ کراون، هەڵبژاردنەکەشیان پێناس ناکرێت و هاوشێوە ناکرێت بە هیچ هەڵبژاردنێک چونکە یان کارەبا ئەکوژێتەوە یان ئەوەتا پانجا بە پانجا ئەبێت و هیچیان مەحروم نابن لە دەنگی یەکتر ئەوە نمونەی هەڵبژاردنی عەلمانیەتی کوردستان بووە کە بوونەتە دەمڕاست و پارێزەری علمانیەکانی ووڵاتێکی وەک میسر کە هیچ بەرژەوەندییەکیان لەگەڵ کوردستان نییە.

باشترە بۆ دەسەڵاتی ئێستای عەلمانی کورداستان ئەگەر تا نەتوانن خۆیان بگۆڕن و ڕاستی بڵێن و دان بە راستی دابنێن ئەگەر چاویشیان بە دادپەروەری و هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد هەڵنایەت باشترە بۆ خۆیان و ئایندەیان بێدەنگ بوون و چاویان دابخەن، چونکە لە هەر بوارێک گفتوگۆ بکەن و قسە بکەن لەسەرهەرسەرکردەو پارتێک خۆیان لەوان زیاتر میللەت و نیشتیمانیان سەرگەردان و نیگەران کردووەو نەتەوەکەیان لێیان بێزارە بۆیە پێویستە خۆیان بگۆڕن و خەریکی باشکردنی خۆیان بن نەک هەوڵی ناوزڕاندن و تۆمەت دروست کردن بن بۆ سەرکردەو گەلانێکی تر لە پێناوی خۆ دزینەوەو خۆونکردن لە داوای ڕەوای نەتەوەو هاوڵاتیانی نیشتیمانی کوردستان، عەلمانیەکانی کوردستان هەزاران کێشەو دەردەسەریان هەیە و هەزاران کێشەو دەردەسەریان توشی نەتەوەو نیشتیمانیان کردووەو بێچارەسەر ماوەتەوە چ وای لێکردوون کە پروپاگندە بۆ وڵاتێکی تری وەک میسر دروست بکەن کە هیچ بەرژەوەندییەکی لەگەڵ کوردستان نییە لەم کاتەدا.

مەبەستیش لە عەلمانیەکان تەنها ئەوعەلمانیانەی دەسەڵاتە کە بێویژدانانە بەبێ بەڵگە خەریکی ناشیرین کردنی دەسەڵاتێکی هەڵبژێردراون کە لە رێگەی هەڵبژاردنی گەلەوە هەڵبژێردراون و میهرەبان و داد پەروەرانە مامەڵە لەگەل میللەت و نیشتیمانەکەیان ئەکەن، پێویستە ئیشارەش بەوە بکەم هەندێکش هەن لە عەلمانیەکان کە ڕازینین بە دەسەڵاتی عەلمانی ئێستا و بێزارن لە چۆنیەتی حوکمڕانی ئەو دەسەڵاتەی کوردستان وخۆیان جیا کوردۆتەوە و هەوڵی گۆرانکاری ئەدەن و ئەیانەوێت بە ڕەنگێکی جوان و شوازێکی دادپەروەرانە خزمەتی نەتەوەو نیشتیمانی کوردستان بکەن.

لە کۆتاییدا داوام لە هەموو ئەوانەی ئەیانەوێت میهرەبانانەو دادپەروەرانە خزمەتی نەتەوەو نیشتیمانەکەیان بکەن و بەژداری هەڵبژاردن بەکەن لە کوردستان با چاوەڕوانی ئەگەری سیناریۆو کۆسپەکانی دوای هەڵبژاردن بن هەر وەک چۆن عەلمانیەکانی میسر نەیان توانی دەرئەنجامی هەڵبژاردن و میهرەبانی و دادپەروەری مورسی قبوڵ بکەن دڵنیاش بن هەندێک لە عەلمانیەکانی کوردستان پێیان هەزم ناکرێت چونکە پیشەیان چەوسانەوەو ئازارو ئەشکەنجەی نەتەوەو بە فیرودانی سەروەت و سامانی نیشتیمان بووە، ئەستەمە بتوانن چاویان بە میهرەبانی و داد پەروەری سەرکردەیەک هەڵ بێت کە میللەت هەڵیبژێرێت و میللەت لەژێر سایەیدا بەحەسێتەوە.

نەسرەدین ڕەببانی

لەندەن/بریتانیا

25/03/2013

Email:This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

https://www.facebook.com/NasradinRabbanii


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

بابەتی زیاتری نووسەر