میدیای سەربە(خۆ) ...یونس حەمەد رەشید

رۆژی شەممە خاوەنی کۆمپانیاکانی نالیا کە خاوەنی چەندین پڕۆژەی نیشتەجێ و گەشتیاری و هیدیکەیە، لە نزیک یەکێک لە پڕۆژەکانی، هێرشی کرایە سەرو بریندار کرا، دیارە ئەم ڕوداوە کارێکی ناڕەوایەو دەبێ ئیدانە بکرێ چونکە تەقەکردن لە شوێنێکی گشتی و بەمجۆرە تەنیا هەوڵێکی ئاسایی کوشتن نیە بەڵکو کردەوەیەکی تۆقێنەر و هەڕەشەیەکیشە لە ئارامی و ئاسایشی سلێمانی و تەحەداکردنە لە سەروەری یاسا

 ڕاستەوخۆ دوای هێرشەکە هەواڵەکە زۆر بەفراوانی ڕوماڵکراو بایەخێکی یەکجار گەورەی میدیایی پێدرا و لە میانەی چەند سەعاتێکدا دەیان وتار و بەیانی ناڕەزایی و لێدوانی بۆدرا بەتایبەتی لەلایەن ڕێکخراوەکانی سەر بەڕاگەیاندن و ڕۆژنامەکان کە تا ئێستاش هەر بەردەوامە، ئەوەی جێی هەڵوەستە لەسەرکردنە ئەوەیە کەیسەکە لەلایەن زۆربەی ئەو میدیایانەی کە خۆیان بە سەربەخۆو ئازاد ناوزەد دەکەن، وەک بابەتێکی ڕووتی میدیایی پێشاندەدەن و وەک ئەوەی ڕاگەیاندکارێکی زۆر نیشتمانی و خەباتکار بریندار کرابێ،  شاسوار عبدالواحد پێش هەموو شتێک کەسێکی بازرگانە و خەریکی بزنسە، لە کوردستانیش بەهۆی نەبونی شەفافیەت کەس نازانێت ئەو هەمو پڕۆژە زەبەلاحانەی کە گوند و دێهات لەسەر نەخشە ڕەشدەکەنەوە و لە شوێنیان مۆڵ و پرۆژەی دی بەرەو ئاسمان بنیاددەنێن، چۆن و سەرچاوەی سامان و پشتگیریەکانیان لە کوێ دێت، بۆیە شتێکی ئاساییە کە کەسانێک لە دونیایەکی تایبەت بە خۆیان لەململانێدان لە سەر دەسەڵات و پارە، ئەنجامەکەی ببێتە سەرهەڵدانی ئەو جۆرە دیاردانە کە زیاتر لە فیلمێکی سینەمایی مافیایی دەچێت، کاتێک ناوبراو وەک خۆی دەڵێ لە ڕێگەی هێلی مۆبایلەوە چاودێری کراوەو شوێنەکەیان دەستنیشانکردوە دواییش سەیارەیەکی بی ئێمی ڕەش تەقە لە سەیارەیەکی لێکززی ڕەشی درع دەکات زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێت کە پەلامارێکی تەقلیدی بێت بۆسەر ڕۆژنامەنوسێک، بەڵام میدیا ئەهلی و سەربەخۆکان کە گوایە لەخەڵکی ئاسایی باشتر ئاگایان لە بارودۆخەکەیە و ئەرکیان چاودێری کردنی دەسەڵات و ئاشکراکردنی گەندەڵی و نادادپەروەرییە لە کۆمەڵگە، ڕوداوێکی لەمجۆرە وەک هێرشێک بۆ سەر میدیای ئازاد پێشکەشدەکەن، تەلەفزیۆنی نالیا تەنیا بەشێکی بچوکی کۆمپانیاکانی نالیایە و هەر لەسەرەتای کردنەوەی کەناڵەکە پێش سڵاوکردن لەبینەرانیی، سوتێندراو دەیان چیڕۆک و سیناریۆی بۆ خوێندرایەوە، خۆ ئەگەر هێرشەکەش تەنیا بۆ سەر جورئەت و ئازایی تەلەفزیۆنی نالیا با ئەوا دەبوایە بەڕێوەبەری یان سەرنوسەرانی دەزگای ئێن ئاڕ تی بکەن بەئامانج،  کەچی ئێستا خاوەنی ئەم کۆمپانیایە وەک قەڵەمێکی چاونەترس و پێشەنگی ئازادیخوازەکان وسفدەکرێت، کردنەوەی کەناڵ و ڕادیۆ مانای ئازادیخوازی ناگەیەنێ و شتێکی نوێش نیە کە شێخە نەوتییەکانی کەنداو و سەرمایەدارە ئەوروپیەکانیش کە دەزگای ڕاگەیاندن دادەمەزرێنن زیاتر خەمی قازانج و دەسەڵاتیانە لەوەی خەمخۆری ئازادی دەربڕین و خزمەتکردنی نیشتمان بن، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم ڕوداوە تەنیا وەک هێرشکردن بۆ سەر میدیای ئەهلی و ئازادی لە کوردستان جگە لە ماستاوکردن و چەواشەکردنی جەماوەر شتێکی دی نییە یان واپێدەچی ئەوانەی کە تەنیا ڕەهەندە میدیاییەکەی ئەم ڕوداوە زەق دەکەنەوە وا لە میدیای سەربەخۆ گەیشتون کە مانای میدیای ئەو کەسانەیە کە سەربەخۆیانن و لە خۆیانەوە نزیکن، ئەم جیاکارییە لەبایەخدان لەلایەن دەزگا ڕاگەیاندنەکان هیچ جیاوازییەکی نیە لەگەڵ گەندەڵی حزبە سیاسیەکان لە خراپبەکارهێنانی دەسەڵات و داهاتی گشتی بۆ خزم و هاوڕێکانیان بگرە خراپتریشە چونکە ئەرکی وان ئەوەیە دژی ناداپەروەری بن و بەیەک چاو سەیر بکەنە هەموو ڕوداو و هەواڵەکان بێ جیاوازی.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر