
زۆر لە مێژە کورد ووتویەتی ( نەدی و بدی خوا کوڕێکی پێ دان گونیان بڕی ) بەش بە حاڵی خۆم باوەڕ ناکەم نە پێش زاین و نە پاش زاین کورد هەرگیس خاوەنی کیانی سەربەخۆبوبێت، لێرەو لەوێ مێژو نوسان و مێژو ناسان دەڵێن گوایە مادەکان باپیرەی هەمان کوردانی ئەمڕۆن و زۆرێک لە مێژونوسانیش هاوڕا نین لەگەڵ ئەو بۆچونەدا ئەگەر تاک و تەراش خەڵکی کورد هەبێت شانازی بکات بە مادەکانەوە ناتوانین بیخەینە قاڵبی غروری میللی یەوە چونکە کورد غروری میللی زۆر لاوازە یان دەتوانین بڵێین هەر نییەتی، بەهەر حاڵ باسەکەمان باسێکی مێژویی نییە بەڵکو هەنوکەییە.میللەتێکی پلیشاوی ژێر پۆستاڵی داگیرکەران و میللەتێکی پاشماوەی ئەنفال و کیمیاباران لە پاش ساڵەها دەردی سەری و دەربەدەری خوا کیانۆکەیەکی پێداوە کەچی هەرکەسەو بۆ خۆی ڕادەکێشی کورد ووتەنی کردویانە بە سەردۆڵەی لەشەڕەسەگ بەجێ ماو، هەندێک وا بیر دەکەنەوە ئەم کیانۆکەیە بە میرات بۆیان بەجێماوە و تاپۆی ڕەشیان بەدەستەوەیە و هەمو خێر و بێرێکی ئەم ووڵاتە تەنها بۆ خۆیان بە ڕەوا دەزانن و خۆیان بە خێرۆمەند دەزانن گەر سودێک بگەیەنن بە میللەتی ڕەش و ڕوتی کورد، هەندێکیش کە بێ بەشن لەو خێرو بێرە بوون بە کەواسوری بەرلەشکری بێ بەشان و خوگە ملە لەگەڵ دەستەڵات دا دەکەن .ئەوەی شایانی باسە هەموشتێک لەم کوردستانەی لەمەڕ خۆمان ئاوەژو کراوە هەر لە سەرۆک و جێگرو وەزیر و گزیر تا دەگاتە کار گوزاری خوێندنگایەک لە کوێرە دێیەک وە هەمان ئاوەژو بونەوە ڕەنگی داوەتەوە لە ناو کۆمەڵگادا، دەڵێن قەلەباچکە وویستی لاسای ڕەوتی پۆڕ بکاتەوە ڕێوەڕۆشتنی خۆیشی لە بیر چۆوە، ١- سەرۆکی هێژا خۆی کردوە بە کەڕەی شەربەت یان گوێی کەسی پێ ڕاناکێشرێت یان هەر کاری بە کەسەوە نییە، دزی دەکەن خەڵک دەکوژن بەرەڵاییەکە سەگ ساحێبی خۆی ناناسێت .٢- پەرلەمانی بەڕێز ڕۆڵێک دەبینێت وەک ڕۆڵی خوشکی بچوک لە خێزانی گوند نیشیناندا کەس بە قسەی ناکات و یاساکانیان کە ڕۆژانە دەری دەکەن لەلایەن حکومەتەوە بەر لەوەی بانگ بدەن بە گوێی دا و ناوی بنێن دەنێژرێت، ٣- حکومەتیش بە هەردو باڵەکەیەوە واتە زەرد و سەوز هەمو خەمێکیان بودجەیە ! هەمو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە بڕی زیاتر لە ناوەند وەر بگرن وە قەسەبیان ناوەتە ناو دڵی ئەم ووڵاتەوە و بە بێ پشو بینجی لێ دەدەن .
٤- لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش هەوڵ دەدەن وەک هەمان ڕۆڵی لایەنی براوەی هەڵبژاردنی هەبێت بە چۆن بکات و چۆن نەکات حکومەتی بەر سیخورمە داوە، لەبیری کردوە ئۆپۆزیسیۆن واتای چییە کاری چیە ! باوەڕم وایە هۆکارەکانی ڕاگەیاندن تەنها ئامانجیان ئەوەیە کە زۆرترین بینەر یان بیسەر یان خوێنەر لە خۆیان کۆ بکەنەوە لەبەر ئەوەی ببنە بازاڕێکی پڕ فرۆشی ڕیکلام وە وە هۆکارەکانی ڕاگەیاندنی لایەنە سیاسیەکانیش هەمان ئامانجیان هەیە هاوڕێ لە گەڵ پڕو پاگەندە بۆ لایەنەکان کەس بەزەیی بەم ووڵاتەدا نایەتەوە بێجگە لە ڕێژەیەکی زۆر کەم ی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندن کار .پرۆژە یاسای دەستوری کوردستان بوتە سەر دێڕ و بن دێڕی هەمو باسێک لەم ووڵاتەدا هەر لە پەرلەمان تا دەگاتە چاخانە و تەنانەت کۆڕی پیرەژنانی بەردەرگاکان و سەرەی شۆفێرانی وەستاو بۆ چۆڕێ بەنزین، پارتی دیموکراتی کوردستان کە لەسەرەتاوە دژایەتی هەموار کردنەوەو گەڕانەوەی دەستور بو بۆ پەرلەمان، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هاو دەنگ بو لە گەڵ ئۆپۆزیسیۆن بۆ گەڕاندنەوەی دەستور بۆ پەرلەمان و هەموارکردنەوەی، لە پاش ڕێک کەوتنی یەکێتی و پارتی بۆ سازان لە سەر دەستور، بەڵام ئایا زۆرینەی لەیەنە سیاسیەکان داوای گەڕاندنەوەی دەستور دەکەن بۆ پەرلەمان سازان واتای چییە بێجگە لە گەڕاندنەوە ؟ ئێستا کە هەڵبژاردن لە پێشە پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت پێداگیری بکات لەسەر نەگەڕاندنەوەی دەستور بۆ پەرلەمان گەرنا دەنگ دەرانی سارد دەبنەوە بێ هیوا دەبن و گەڕاندنەوەی دەستور بە شکست دەزانن بۆ پارتەکەیان لە بەرانبەر یەکێتی و ئۆپۆزیسیۆن ، یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش دەبێت پشت بەستو بە ڕێککەوتنی لە گەڵ پارتی بڵێت دەستور گەڕاوەتەوە لە پەرلەمانە، بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ڕاکێشانی دەنگ دەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە لای خۆیدا دەبێت بڵێت دەستور ناگەڕێتەوەو پارتی یەکێتی بە کار هێنا بۆ درێژ کردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی بارزانی و سیاسییەکانی یەکێتی تەسلیمی پارتی بوون کۆمەڵ و یەکگرتوی ئیسلامیش بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەڵێن دەبێت بگەڕێتەوە سیاسییەکان ئەم دەستورە بە دەستکەوتێکی زۆر گرنگ دەزانن بۆ گەلی کورد بەڵام باس لە ئەگەر جێ بەجێ بکرێت ناکەن چونکە دەزانن هەر بەندێکی لە بەرژەوەندی خۆیان بێت بەبێ کەمو کوڕی جێ بە جێ دەکرێت و ئەوەی لە بەرژەوەندی گشتی دا بێت پشت گوێ دەخرێت، ئەم ووڵاتەی ئێمەش بەشێکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین وەک دەزانین و دەبینین لە هیچ ووڵاتێکیاندا دەستور وەک خۆی جێ بەجێ ناکرێت، هەرچەندە دەرخستەکانی ئەم ووڵاتە وا دەنوێنێت کە شوێن پێ هەڵگری ووڵاتانی ئەوروپاین وەک تاشینی سمێڵ و جلو بەرگ و دەم کوتان لە باسی ئازادی بە هەمو بەشەکانییەوە و هێنانی چاودێری ئەوروپی بۆ سەر سندوقی هەڵبژاردن ئەگەر بکرێت و سود وەرگرتن لە دەستوری ووڵاتانی پێش کەوتو بازاڕی ئازاد مافی مرۆڤ ...هتد، وەک مامۆستا عبدللە پەشێو دەڵێت: پایتەختەکانی هەندەران شارەزاترن لە شێخ للە و سابون کەران، ئایا بیریان کردۆتەوە یان لە خۆیان پرسیوە شێوازی بەڕێوە بردنی کوردستان لە شێوازی کام ووڵات دەچێت ؟ ئایا بیریان کردۆتەوە ئەوروپییەکانیش وەک ئەمان سیاسەت دەکەن ؟ ئەگەر خەڵکی ووڵاتە ئەوروپییەکان وەک سیاسیەکانیان هەڵسو کەوت بکەن ووڵات لەوەی کە هەیە چەند بەرانبەر پێشتر دەخەن لێرەدا پرسیارێک دێتە گۆڕێ ئایا ئەگەر تاکی کورد وەک سیاسیەکانمان هەڵسو کەوت بکەن ووڵات چی لێ بەسەر دێت ؟ ! وەڵامەکەی بۆ خوێنەران بەجێ دێڵین .دەڵێن لە یەکێک لە گوندەکانی کوردستانی خۆماندا کابرایەک بە ناوی خەسرەو شەوێک لە دیوەخاندا بایەکی لێ بەردەبێتەوە خەڵکەکەش لێی دەکەن بە هەرا، پاش چەند کاتژمێرێک لە گاڵتە پێ کردن بڕیار دەدەن کە کەس باسی ئەم تڕەی خەسرەو نەکات بە مەرجێک خەسرەو لە بری هەرماڵێکی گوند ڕۆژێک ببێتە شوانی گوندەکە، خەسرەو لە پاش دومانگ لە شوانی بانگ دەکرێت بۆ دیوەخان و پێی دەڵێن لەبەر ئەوەی بڕیاردانەکە خێرا بو ڕۆژی دواتر نیوەی خەڵکەکە پەشیمان بونەوە چونکە دەیان ووت دەبێت بکرێیتە گاوان نەک شوان بڕیارمان دا لەبەر ڕازی کردنی ناڕازییانی گوند لە بری هەر ماڵێک ڕۆژێک ببیتە گاوان و مانگاکان بلەوەڕێنیت، دو مانگیش گاوانی پێ دەکەن و پاشان لە کۆبونەوەیەکی تردا چەند کەسێک ناڕازی داواکاری دەخەنە ڕوو بەو شێوەیە دەیکەنە گوێرەکە وان و شوانی کارو بەرخ و بە سەرە هەر ڕۆژەی داری ماڵێک وورد بکات و سەربانەکانیان بە بانگردێن بتلێنێت پێنج فەرزەش لە مزگەوت بانگ بدات و لەبەر ئەوەی شەوی ( بالێ بەربونەکە ) شەوی هەینی بوە دەبێت هەمو ڕۆژێکی هەینی بەڕۆژوبێت لە پاش تەواو بونی هەر کارێک کە دەیاندا بە سەریدا کۆ دەبونەوەو یەکێک دەی وت با بێینە سەر باسی تڕەکەی خەسرەو، شەرت و مەرجی نوێیان بۆ دادەنا بەو شێوەیە خەسرەو تا مرد پێی نەکرا خەڵکی گوند لەسەر مەرجێک یەک خات و ڕۆژ بویەوە پاشگەز نەبنەوە ڕزگاری ببێت، بەڵام وا پێ دەچێت کوردستان بوبێت بەئەو گوندە و دەستورەکەشمان بە تڕەکەی خەسرەو خەڵکی کوردیش بە خەسرەو ....
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
