هه‌موو ململانێیه‌ك ڕه‌هه‌ندێكی ئابوریی هه‌یه،له‌دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس له‌عێراق،یه‌كه‌م بیری نه‌وت له‌لایه‌ن كۆمپانیای (DNO) ی نه‌رویجیه‌وه له‌هه‌رێم هه‌ڵكه‌ندرا. كه‌تیایدا وه‌ك هه‌نگاوێكی سه‌ره‌تایی (5000) به‌رمیلی له ڕۆژێكدا به‌رهه‌م ئه‌هێناو،هه‌نگاوه‌كانی سه‌ركه‌وتوو بو،ئیتر كێشه‌كانی (هه‌ولێر-به‌غدا) له‌گه‌ڵ قهبهتربونی به‌رژه‌وه‌ندییه ئابورییه‌كان و زۆربونی ژماره‌ی گرێبه‌ست و به‌رزبونه‌وه‌ی ئاسته‌كانی به‌رهه‌مهێنان تا ئه‌هات و دێت ئاڵۆزتر ده‌بێت. جگه‌له‌وه‌ش سروشتی ناكۆكی سیاسه‌تی ووزه‌ش له‌ڕۆژهه‌ڵاتدا وایه زیاد له ڕه‌هه‌ندێكی هه‌یه،له‌وانه: دابه‌ش نه‌كردنی سه‌روه‌ت وداهاتی گشتی به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان، ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی، گه‌نده‌ڵی و نه‌بونی چاودێریی و لێپرسینه‌وه،،كڕینی چه‌كی ئه‌مریكی و ڕووسی و فه‌ڕه‌نسی و ئه‌ڵمانی و.. . تاد. به‌پاره‌ی نه‌وت بۆ ئیدامه‌دانی ئه‌و جه‌نگی تیرۆره‌ی له‌كاتێكدا فرۆشیارانی چه‌ك خۆیان پشكیان لهههڵگیرساندنیدا هه‌یه.. ته‌نها له‌ماوه‌ی (مانگی 5 ی 2014-مانگی 5ی 2015) و، له‌دوای له‌ده‌ستدانی (100كم) خاكی عێراق له‌به‌ره‌ی خۆرئاوایه‌وه، عێراق ته‌نها له‌ڕووسیا بایی (4. 2) ملیار دۆلار چه‌كی كڕیوه. !. بێجگه له‌وه‌ی وڵاتانی كه‌نداو بایی (18) ملیاردۆلار چه‌كیان له‌ئه‌مریكا كڕیوه،بۆ شه‌ڕی داعش و ئه‌سه‌دو عاسفهتولحهزم.. . تاد. كه عێراق به‌پله‌ی سێهه‌می كڕیاری چه‌ك دێت تیایاندا.
بڕینی بودجه‌و ڕاگرتنی باڵانسی نه‌وت و موخه‌سه‌سات،له‌سه‌رده‌می مالكیه‌وه ده‌ستی پێكرد،تائه‌وه‌ی له‌ساڵی (2014) هدا به‌غدا (1) دیناری عێراقیشی بۆ هه‌رێمی كوردوستان نه‌نارد، له‌سه‌ره‌تاوه (2) نوێنه‌ری باڵاده‌ستی كورد له‌گه‌ڵ مالكی ڕێككه‌وتبون،كه هه‌رێم ڕۆژانه (400) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ئهنێرێتهدهرهوه و پاره‌كه‌ی ده‌داته به‌غدا،وه‌ختێك وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان نه‌یتوانی ئه‌مه بكات (یان نه‌یكرد!) ،بودجه‌كه لهمهركهزهوه بڕدرا،دوای (40) ڕۆژ لهبڕانی بودجه‌ی (2014) ،ئه‌و هه‌موو نوێنه‌ره‌ی كورد له‌به‌غدا بێئاگابون لێی،له‌میانه‌ی سه‌ردانێكی "نێچیرڤان بارزانی" بۆ مه‌ركه‌ز،ڕایگه‌یاند،كه‌به‌غدا بودجه‌ی هه‌رێمی بڕیوه. له‌گه‌ڵیشیدا حزبه‌كان پاره‌كانی خۆیان له‌بازاڕ كێشایه‌وه،شه‌ڕیش له‌گه‌ڵ داعش درێژه‌ی كێشا،تێچووی كاروباری سه‌ربازییش له ئابورییدا (تحدید و تخمین) ی نییه،به‌ڵكو چه‌ندی ویست ئه‌بێت بۆی خه‌رج بكه‌یت، ئیتر ئه‌مانه هه‌مووی كردی به‌وه‌ی كه ئه‌و قه‌یرانه قووڵه دروست ببێت، هاوڵاتیانی تووشی جۆره‌ها گرفت كرده‌وه.
* ڕێككه‌وتنی نه‌وت به‌رانبه‌ر بودجه
بۆ ئه‌وه‌ی له‌و قه‌یرانه داراییه‌ی ڕووی كردۆته هه‌رێم،ده‌روازه‌یه‌ك بدۆزرێته‌وه،هه‌رێمی كوردوستان ویستی به‌پاره‌ی سه‌رمایه‌داران و قه‌رزی ده‌ره‌كی كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكات،ئه‌مه سوودی نه‌بو،به‌تایبه‌ت مه‌ركه‌زیی بڕیاری كوردی باسیشی له ڕیفراندۆم و جیابونه‌وه‌و كۆمه‌لێك دروشم كردبو،كه ڕقه‌كه‌ی به‌غدای ئه‌ستورتر كردبو، به‌هه‌ر سازشێك بو،له‌ئه‌نجامدا به‌غداد و هه‌رێم له (2/12/2014) ڕێككه‌وتنێكی دوولایه‌نه‌یان ڕاگه‌یاند،كه تیایدا به‌غدا بڕیاریدا به‌شه مووچه‌ی هه‌رێم بنێرێت، وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌میش (500) ملیۆن دۆلاری نارد، كه ئه‌كاته (600) ملیار دینار،له‌كاتێكدا مانگانه هه‌رێم ته‌نها بۆ مووچه (بێجگه لهنهفهقاتی ته‌شغیلی) پێویستی به (700) ملیۆن دۆلاره،كه به‌نرخی دۆلاری ئه‌وسا كردی به (850) ملیار دینار. ،له‌به‌رانبه‌ریشدا به‌پێی ڕێككه‌وتنه‌كه: ئه‌بێت هه‌رێمی كوردوستان ڕۆژانه (550) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌شێوه‌یه‌ك كه (250) هه‌زاری له‌كێڵگه‌كانی سهربهههرێم و (300) هه‌زاریش له‌كێڵگه‌كانی كه‌ركوك كهلهمدواییه به‌هۆی شكستی سوپای عێراقه‌وه كه‌وتنه ده‌ستی پێشمه‌رگه بخاته ژێرده‌سته‌ڵاتی كۆمپانیای سۆمۆ وه (كۆمپانیای بهبازاڕیی كردنی نه‌وته له‌عێراقدا،ده‌یگه‌یه‌نێته ده‌ستی كۆمپانیا فره ڕه‌گه‌زه‌كانی كهلهبهندهره جیهانییه‌كان چاوه‌ڕێی كه‌شتییه نه‌وتییه‌كانن) .
هه‌موو ئه‌وانه له‌كاتێكدا بو كه‌نرخی نه‌وت هێشتا له‌ده‌وری (100$) داب‌و،وه ئێستا نرخی نه‌وت دوای دابه‌زینه ههژێنهرهكهی تازه گه‌یشتۆته‌وه (69$) .. جگه له‌وه‌ش (2) گۆڕانكاریی گه‌وره ڕوویداوه،یه‌كه‌میان: وه‌زیری نه‌وتی عێراق (د. عادل عه‌بدولمه‌هدی) به‌رزبونه‌وه‌ی به‌رچاوی هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراقی بۆ "ڕۆیته‌رز" ڕاگه‌یاندووه،له‌مانگی (نیسانی 2015) هدا به‌رزترین ئاستی تۆماركردووه له‌دوای ساڵانی هه‌شتاكانه‌وه،ئه‌ویش له‌ڕۆژێكدا (3،077) سێ ملیۆن و حه‌فتا و حه‌وت هه‌زار به‌رمیله له‌ڕۆژێكدا،كه داهاتی ئه‌م هه‌نارده‌كردنه چوارملیارو 800 ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكی بووه. دووه‌مین گۆڕانكاریی تازه كه یه‌كێكه له‌لایه‌نه گرنگه‌كانی ته‌نگژه‌ی نێوان (هه‌ولێر- به‌غدا) مه‌سه‌له‌ی هه‌نارده‌كردن و كۆنترۆڵكردنی نه‌وتی كه‌ركوكه، كه له (10/3/2014) ه‌وه،به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركوك به بیانوی چاكسازیی لهبیرهنهوتهكان و هێڵی بۆڕییه‌كانی نێوان (كه‌ركوك-جه‌یهان) دا ڕاگیراوه. دواتریش ڕووبه‌رێكی كه‌وته ده‌ست داعش، هه‌ر حكومه‌تی مه‌ركه‌زی خۆشی ماوه‌ی دووساڵه كۆمپانیای نه‌وتی باكوری له كه‌ركوك هه‌ر به‌ئه‌نقه‌ست فه‌رامۆشكردووه.. ئێستا جارێكی له ڕۆژی (5/5/2015) وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركوكی ڕاگه‌یاند به‌ره‌و به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا.. !. كه‌واته دیسانه‌وه گێمێكی تر له ته‌ڵه‌زگه‌و ئاڵۆزیی سیاسیی نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌ست پێئهكاتهوه..
ئێستا كاتیه‌تی،هه‌ڵسه‌نگاندنێكی كورت بۆ ڕێككه‌وتنی نه‌وت به‌رانبه‌ر بودجه‌ی هه‌رێم و به‌غدا بكه‌ین، سه‌ره‌تا بپرسین عێراق چ پێویستی به (250000) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی كوردوستان بووه‌و هه‌یه كه خۆی 3 ملیۆن و 77 هه‌زار له‌ڕۆژێكدا هه‌نارده‌بكات؟. زۆركه‌س شیكردنه‌وه‌ی ماتماتیكی له‌سه‌ربنه‌مای (500) ملیۆن دۆلاره‌كه‌ی سه‌ره‌تا ئه‌كه‌ن به‌رانبه‌ر ئه‌و نه‌وته‌ی هه‌رێم ئه‌یدات و داویه‌تی به به‌غدا،كه تیایدا هه‌ربه‌رمیلێك نه‌وتی هه‌رێم ئه‌وكات به (111،11$) فرۆشراوه به‌به‌غدا،به مه‌رجێك به‌غدا خۆی به (90$) ئه‌یفرۆشت؟.. . چ سه‌یرو سهمهرهیهكه ئه‌م ئابورییه‌ی عێراقیش!!. ،چما نه‌وت له‌هه‌رێم بكڕێت به (111،11$) سه‌دو یانزه‌و یانزه سه‌نت خۆشت بیده‌ی به (90$) . !!. كه به‌هه‌موو پێوه‌رێك ئه‌مجۆره شیكارییه زانستی و لۆژیكی نییه،چونكه یه‌كه‌م: یاسای فرۆشتن نییه له‌نێوان هه‌رێمه‌كان و ده‌وڵه‌ته‌كاندا، دووه‌م: ئه‌مه وه‌كو خاوهیهك بووه هه‌رێم داویه‌تی به‌به‌غدا له‌پێناو بابه‌تێكی تردا، ته‌نها ئیغراكردن و وروژاندنێكی یهكتربووه بۆ لێك نزیك بونه‌وه‌ی زیاتر،یا وه‌ك دۆزینه‌وه‌ی ده‌روازیه‌ك بووه بۆ ده‌رچوون (Output) كه ئه‌وكات زۆر دوور بون له‌یه‌كتر. له‌دوای ڕێككه‌وتنه‌كه‌وه (2) جار عه‌بادی و (1) جار وه‌زیری نه‌وت و (2) جار سه‌رۆكی په‌رله‌مان و به‌رپرسانی تری به‌غدا هاتونه‌ته هه‌رێم تائێره ده‌رئه‌كه‌وێت كه (2) ئامانج هه‌بووه،له نزیكبونه‌وه‌ی پتری هه‌ردولا، یه‌كێكیان: مه‌به‌ست لێی ئیستغلالكردنی كاته، هه‌نگاوێكی به‌رده‌وامی یه‌كخستنی بهرهكانیشه له‌دژی داعش له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه،هاوسه‌نگییه‌كه تا بارودۆخی نێوخۆیی عێراق كه‌مێك ئارام بێت،هه‌تا شته‌كانی ده‌ره‌وه ئاماده ئه‌بێت. ئه‌ویتریشیان: ئه‌م باسه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی بهغازهوه هه‌یه،په‌یوه‌ندیی به‌نه‌وته‌وه نییه،نه‌وت یانی ئابوریی،غاز یانی دروستكردنی به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسیی. نابێت بیرمان بچێت به‌پێی نه‌خشه‌ی كێلگه نه‌وتییه‌كانی عێراق، زۆربه‌یان ده‌كه‌ونه هه‌رێمی كوردستانه‌وه، له هه‌مان كاتدا 80% ی غازی سروشتی عێراق له هه‌رێمی كوردستاندایه. به‌پێی ئاماره ئه‌وروپیه‌كانیش ئه‌و كێڵگانه‌ی نه‌وتی خاو له عێراقدا كه ئاماده‌ن بۆ به‌رهه‌مهێنان، نیوه‌یان ده‌كه‌ونه هه‌رێمی كوردستانه‌وه..
*نیه‌تی هه‌رێمی كوردوستان سه‌ربه‌خۆیی ته‌واوه له فرۆشتنی نه‌وت و غازدا
بودجه‌ی ساڵی (2013) ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردوستان،كه داعش و شه‌ڕو نهفاقاتی پێشمه‌رگه و ملیۆن و نیوێك ئاواره‌ش نه‌بوه (17) تریلیۆن دینار بو. له ساڵی (2014) هداحكومهتی مه‌ركه‌زیی به‌غدا،نهبودجهو نهمووچهی بۆ هه‌رێمی كوردوستان نه‌ناردووه،ئه‌مه سه‌رباری ئه‌و گه‌نده‌ڵی و بێ سهلیقهییهی كه له سیاسه‌ت وبازاڕی كوردوستانی دا هه‌یه.. . له‌كاتێكدا به‌پێی ده‌ستور: عێراق ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵه‌و،ئه‌بێت مافی هه‌رێمه‌كان بدات.. . وه له‌به‌رانبه‌ریشدا هه‌ر به‌پێی ده‌ستوری عێراقی (ماده‌ی109) حكومه‌تی مه‌ركه‌زیش مافی ئاگاداری وردودرشتی گرێبه‌سته‌كان و هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی له‌سه‌ر هه‌رێم هه‌یه،به‌ره‌نجامی ڕێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا جگه له (500) ملیۆن دۆلاره‌كه،له‌ساڵی (2015) هدا بۆ مانگی (1) بڕی (250) ملیار دینار و له‌مانگی (2) دا (490) ملیار و له‌مانگی (3) دا (527) ملیار دینار و له‌مانگی (4) دا (543) ملیاردینارو مانگی (5) یش 488 ملیار و 700 ملیۆن دیناری ناردووه بۆ هه‌رێم.. .. له دوای هاتنی داعشه‌وه، هه‌رێمی كوردوستان ناتوانێت وه‌ك جاران پوله‌كانی خوَی بداته ده‌ست "هالك بانك" ی توركییه‌وه،گریبه‌ستی (50) ساڵیشی هه‌یه،كه ساڵی (2017) پرۆژه‌كه ته‌واو ئه‌بێت و ده‌ست پێده‌كات (تا ئه‌وكاته.. .. .. .. .. .. ) . یه‌كێكی تر له‌و گرێبه‌سته هه‌ره ستراتیژییانه‌ی كه ئێرانی قه‌ڵس كردووه،كۆمپانیای (جینێڵ ئێنێرجی) ڕێككه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردوستان مۆركردوه،له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی غاز له‌هه‌ردوو كێڵگه‌ی (بینا باوی) و (میران) جیهان چاوه‌ڕێی خستنه‌گه‌ڕی ئه‌م پرۆژه‌یه‌یه كه له‌ساڵی (2018) به‌رهه‌می غازی ئه‌م دوو كێڵگه‌یه بگه‌یه‌نێته توركیا. كه بڕی غاز تیایاندا،مه‌زه‌نده ئه‌كرێت به (11. 4) تریلیۆن مه‌تر سێجا. به‌به‌های (2،6) دوو ملیار‌و شه‌ش سه‌د ملیۆن دۆلار.. یه‌كێك له‌خاڵه باشه‌كانی ڕێككه‌وتنی نه‌وت له‌به‌رانبه‌ر بودجه بۆ هه‌رێمی كوردوستان ئه‌وه‌بو: به‌رژه‌وه‌ندییه غازیی و سیاسییه‌كانی سه‌قامگیربكات،به‌شێكیش له‌بودجه بگه‌ڕێنێته‌وه، كۆده‌نگییه‌كیش بۆ به‌گژاچونه‌وه‌ی داعش دروست بكات،ده‌بو ئه‌و ڕێككه‌وتنه بكات له‌گه‌ڵ به‌غدا (كهههردوولا ئه‌یانزانی كاتییه) . به‌واتایه‌كی تریش هه‌رێم ئامانجیه‌تی وه ئه‌یه‌وێت خۆی نه‌وتی خۆی بفرۆشێت،به‌ڵام بابه‌ته نادیاره‌كان له‌نێوان (هه‌رێم – به‌غدا- توركیا) سێ گرێیه:
یه‌ك: هیچ زانیارییه‌ك له‌باره‌ی گرێبه‌سته (50) ساڵییه‌كه ئاشكرا نییه.
دوو: پاره‌ی ئه‌و نه‌وته‌ی هه‌رێم ڕۆژانه ڕه‌وانه‌ی كردووه شه‌فاف نییه.
سێهه‌م: ئایندهی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركوك كێ مامه‌ڵه‌ی پێوهئهكات. ؟. لێره‌دا نابێت ئه‌وه بشاررێته‌وه،ڕۆژانه (100-120) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت،به‌قاچاخ له‌كه‌ركوكه‌وه ده‌برێته ئێران،له‌كاتێكدا حزبه‌كان خاوه‌نی كۆمپانیا‌و گروپی خۆیان بن،بێگومان شه‌رعییه‌ت بۆ هه‌موو كارێكیان ئه‌دۆزنه‌وه. هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه جگه له (3) پاڵیوگهی قانونی و فه‌رمی له‌هه‌رێم (زاخۆ- خه‌بات – بازیان) له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا (70) پاڵیوگهی نایاسایی و نافه‌رمی كراوه‌ته‌وه،بۆ؟. چونكه نه‌وتی خاو قه‌ده‌غه‌یه بفرۆشرێت،ئه‌م پاڵیوگانه هه‌ر به‌حاڵ نه‌وته خاوه‌كه كه‌مێك گه‌رم ئه‌كه‌ن و،یه‌ك دوو مادده‌ی لێ ده‌رئه‌هێنن و،به‌ته‌نكه‌ر ئه‌یبه‌نه ده‌ره‌وه. لهڕابرودا ئه‌مه یه‌كێك بووه، له‌هۆكاره‌كانی دڕو دۆنگی نێوان (به‌غدا-هه‌ولێر) .
*پێویسته هه‌رێمی كوردوستان خۆی بۆ ناكۆكیه‌كی تر له‌گه‌ڵ به‌غدا ئاماده بكات
یه‌كێك له‌هه‌ره سیفاته خراپه‌كانی نه‌وت له‌هه‌ر وڵاتێكدا،ئه‌وه‌یه كه‌رته‌كانی تری تیا فه‌رامۆش ئه‌كرێت،له‌بری پاڵپشتێكی باش بێت بۆ به‌هێزكردنی ئاسایشی: كشتوكاڵ،پیشه‌سازیی،سه‌ربازیی،خوێندن و په‌روه‌رده،سیسته‌می بانكی و بازاڕ. به‌ڵكو وایكردووه ئیختراقی ئاسایشی نیشتمانی بكات له‌لایه‌ك،له‌لایه‌كی دیش هه‌موو ئه‌و كه‌رتانه‌ی تر فه‌رامۆشكراوه له‌ناو خودی لقه‌كانی " ووزه" دان، وه‌كو كاره‌با.. . چ جای بۆ عێراقێك كه (2) ڕووباڕی گه‌وره به پایته‌خته‌كه‌یدا بڕوات و (8) ده‌ریاچه‌ی هه‌بێت،به‌هۆی نه‌وته‌وه عێراق ئاگای له (ئاو) نه‌ماوه،كه توركیا (77) ساڵه خه‌ونی ته‌واوكردنی پرۆژه‌ی (گاپ) ی هه‌یه بۆ ووشكردنی ئاوی دیجله‌و فورات،هه‌ر ئێستا توركیا (21) به‌نداوی گه‌وره‌ی له‌سه‌ری لێداوه،ئه‌مه لێدانێكی گه‌وره‌یه له عێراق و سوریا.. . عێراق خاوه‌نی ملیۆنێك و دووسه‌د هه‌زار بێوه‌ژنه،ڕۆژانه ئه‌وه‌نده‌ی تیائهكوژرێت كه‌س نازانێت،ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی چه‌نده. !. عێراقێك كه خوێندنگه‌و نه‌خۆشخانه‌كانی پاره‌و بودجه‌یان نییه،به ملیاره‌ها بۆ مهرقهدو گۆڕی مردووه‌كانی سه‌رف ئه‌كرێت. !.
له‌دوای سه‌رله‌نوێ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركوك، وه به‌رزبونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌كردن،ئێستا جارێكی تر كێشه‌كانی هه‌رێم – به‌غدا سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه،هه‌ردولاش ئه‌ڵێن پابه‌ندی ده‌ستورو یاساین!؟. به‌پێی دواین ڕاگه‌یه‌ندراوی هاوبه‌شی كۆبونه‌وه‌ی نوێنه‌رانی كورد له‌به‌غداو ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێم له (13/5/2015) له‌سایتی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه،خاڵی سێهه‌م ئه‌ڵێت: حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ندی بونی خۆی به ڕێككه‌وتنه‌كه‌و یاسای بودجه‌ی 2015 ی عێراقی فیدراڵه‌وه دوپات ئه‌كاته‌وه،ئه‌گه‌ر به‌غداش پابه‌ند نه‌بو،دیالۆگ له‌گه‌ڵیدا ئه‌نجامی نه‌بو،سوور بو له‌سه‌ر پێشێلكردنی یاسای بودجه‌و مافه‌داراییه‌كانی هه‌رێم،ئه‌وا حكومه‌تی هه‌رێم پشتبه‌ست به بڕگه‌ی 3 له‌مادده‌ی 11ی یاسای بودجه‌ی ساڵی 2015 و به‌پێی یاسای ژماره 5ی ساڵی 2013 ڕێگه‌چاره‌ی تر بۆ دابینكردنی بودجه‌ی هه‌رێم ئه‌گرێته‌به‌ر.. . مه‌به‌ست له (ڕێگه‌ی چاره) ی دیكه، بێگومان ئه‌و نه‌خشه و نیهتهیه كه‌ده‌مێكه به‌رپرسانی ووزه له‌هه‌رێم هه‌نگاوی بۆ ئه‌نێن،ئێستا هه‌رێم ئاستی به‌رهه‌مهێنانی لهرۆِژێكدا گه‌یشتۆته 650 هه‌زار/به‌رمیل،بۆ كۆتایی ساڵی (2015) ش پلانه‌كه وایه ئه‌گاته (1) ملیۆن به‌رمیل نه‌وت له‌ڕۆژێكدا.. له‌تواناشیدا هه‌یه له‌بازاڕه‌كانی جیهاندا ساخی بكاته‌وه، ته‌نها له‌مانگی (نیسانی 2015) هدا حكومه‌تی هه‌رێم له‌ڕێگه‌ی هێلی بۆڕی كوردوستانه‌وه (16،878،975) به‌رمیل له نه‌وتی خاو ڕه‌وانه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهان كردووه له توركیا، واته به‌تێكڕای ڕۆژانه (562،633) به‌رمیلی ڕه‌وانه كردووه.. وێڕای ئه‌وه‌ی ئێستا دارایی كوردوستان به‌ره‌و باشبون چووه،ئه‌مه نسبهتێكه ئه‌كرێت ئومێدێكی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵبچنرێت.. .. . هه‌رچی ده‌مێنێته‌وه بڕێكه لهمهعمهعهی ده‌ستوری و یاسایی له‌عێراقدا،كه نوسینه‌كه‌ی ڕه‌قه (جامده) به‌ڵام خوێندنه‌وه بۆی لاستیكیه،كێشه‌ی (ته‌فسیرو تهتبیقیشی) هه‌یه. كه‌سێك مێژووی عێراق بخوێنێته‌وه (كه پڕه له‌نیفاق و عیقاب و قیتال) هه‌م له‌په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌كییه‌كاندا،ته‌نها خه‌ڵكه ترسنۆكه‌كان باسی یاسا‌و ڕێككه‌وتن و ده‌ستورو بنه‌مای قانونیان كردووه. له (2003) ه‌وه بۆ ئێستا سه‌ركرده باڵاََكانی عێراق، (2003) جار پێشێلی ده‌ستور و ڕێككه‌وتنه‌كانیان كردووه،به‌ڵێنیان نه‌بردۆته سه‌ر. هه‌ر به‌پێی هه‌مان ده‌ستور دوو لایه‌نی تاوانباریش بن ئه‌توانن له‌سه‌ر ههقبونی خۆیان بسه‌لمێنن. !.
