دوێنی (18/3/2015) ئاماده‌گیم بو،له ئاهه‌نگی ده‌رچوونی (خولی شه‌هیدان) له ئه‌كادیمیای مه‌شق و سه‌ربازیی قه‌ڵاچوالان،به‌شدارییه‌كه هه‌م ئه‌وه‌بو كه خاڵۆزاو ئامۆزا له‌وی شه‌ره‌فی سه‌ربازیی و ده‌رچونیان وه‌رئه‌گرت،تائه‌و وانه نیزامیانه‌ی خوێندویانه له‌و (2) ساڵه خزمه‌تی نیشتمانی پێ بكه‌ن، وه هه‌م داوه‌ت بوین له‌لایه‌ن چه‌ند ئه‌فسه‌رێكی خه‌مخۆره‌وه..
خۆشم به موناسهبهتێكی باشم زانی،كه مه‌گه‌ر ئاوها بچم ئه‌م دامه‌زراوه نیشتمانییه ببینم. زۆر ده‌مێكیش بو ئه‌و دۆڵ و به‌رزاییانه‌ی قهڵاچوالانم نه‌بینی بو.. . !!.
پێش ئه‌وه‌ی بچم،خوا ئاگای لێیه به‌نیه‌تی سافه‌وه چووم،ته‌نانه‌ت كه ڕێوڕه‌سم ده‌ستی پێكرد،ئه‌و عهرزانهم بینی له‌ساحه‌ی عهرهزاتدا،ده‌ستم كرد به‌گریانێكی به‌خووڕ.. چونكه سوپا‌و ده‌وڵه‌ت و نیزام تاكه شتێكه كه ئێمه نیمانه‌و عاله‌م هه‌یه‌تی!!. ئه‌م هه‌رێمه‌و ده‌ستكه‌وته‌كانیشی پێش ئه‌وه‌ی هی جاسوسان و داربهدهستانی تورك و فارس و عێراق و ئیخوان و شوێنانی تر بێت، پێش ئه‌وه‌ی هی مافیاكانی نه‌وت و ده‌رمان بێت،هی ئێمه‌یه.. . ئێمه‌ومانانیش بۆ ئه‌وانی لێ ناگه‌ڕێین.. " من نامه‌وێت ببم به تۆ،ئه‌مه‌وێت تۆ بكه‌م به خۆم"..
به كاك لیوا محه‌مه‌دم گوت" ئه‌گه‌ر وێنه‌ی سه‌رۆك كۆماری تازه‌ی عێراق "فواد مه‌عسوم" هه‌ڵواسرابێت، ئه‌وا من نایه‌م.. .. . فه‌رقی نێوان ئه‌و و تاڵه‌بانی ناخی زه‌وی و حه‌وت ته‌به‌قه‌ی ئاسمانه. جارێكیان له لوتكه‌ی جده سه‌رۆكی وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌سعودییه كاتێك به‌لاغی كۆتایی ئه‌نوسن،تاڵه‌بانی كه (كورده) ڕه‌خنه‌ی زمانه‌وانی و داڕشتنی عه‌ره‌بیان لێ ئه‌گرێت، ئێخو ئه‌و ڕۆژه‌ی تووشی سهكتهكه هات هه‌موو عێراق بۆی گریان،من تاكه‌كه‌س بوم ڕه‌خنه‌م لێگرت. تووشی كێشه‌و تانه‌ش بوم.. چونكه جێمانی ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا هه‌یه،مه‌به‌ستی ڕه‌خنه‌كانی ئه‌وسام بو.
نه.. بابه،مه‌عسومی چی، خۆی و سێ براو كچ و ئامۆزای به‌فه‌رمی له‌هه‌رێم و له عێراق تهقاعودن به‌پله‌ی وه‌زیر،له‌به‌غداش و لای خۆی بهعهقد ده‌یان و سه‌دان ملیۆن مووچه وه‌رئه‌گرن.. هه‌ر به‌م ته‌مه‌نه كورته‌م،ئه‌و ماوه‌یه‌شی كهنزیك له یه‌كێتی بوم (3) جار به‌س درۆیان له‌گه‌ڵ خۆم كردووه.. (10) ساڵی تریش له‌و به‌غایه بن یه‌ك خاڵ ناخه‌نه سه‌ر پیتێك.. به‌هه‌رحاڵ نابێت وێنه‌ی وه‌ها كه‌سێكی بێ توانا‌و لێ نهوهشاوه به‌سه‌ر گه‌نجانی وڵاته‌كه‌مه‌وه بێت،كه سه‌رۆكی عێراقه،ئه‌مه عێراقچێتیشه، بۆیه من نایه‌م یان بێشم ئه‌گه‌ڕێمه‌وه ئه‌گه‌ر شتی وا هه‌بێت.. . ئه‌ی چۆن حه‌ددی نه‌بێت به‌قه‌د باوك و باپیری من ڕه‌نجی دابێت،وێنه‌یه‌كیم هه‌ڵنه‌واسیوه،خێره له‌ژێر وێنه‌ی ئه‌وا دانیشم!!"..
به‌ده‌م پیاسه‌وه،یه‌كێك له‌و ئه‌فسه‌ره ئازیزانه‌ی له‌ته‌نیشتم بو،جیهازه‌كه‌ی ئه‌یگوت: گه‌وره‌م ڕووداو هاتووه،بیكه‌ینه ژووره‌وه!!. گه‌وره‌ش ئه‌یزانی كه‌من وه‌ستاوم و نوێنه‌ری كه‌س نیم و ڕه‌حم به‌كه‌س ناكه‌م. به‌هێواشیه‌وه گوتی: با بوه‌ستی.. . كوڵه فیتنه!!!. له‌كاتێكدا كه‌ناڵه‌كانی تر له‌ژوره‌وه بون..
مه‌راسیمه‌كه ده‌ستی پێكرد،له‌بری وێنه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی،یان بارزانی به‌ته‌نها،به‌ته‌نها وێنه‌ی تاڵه‌بانی بینرا!!.. ڕه‌نگه له‌و سه‌ده‌ها كه‌سه من بیرم به‌لای ئه‌مه‌دا چوبێت!!؟. دوایش ده‌ركه‌وت كه له مه‌راسیمی ده‌رچونی خولی سه‌ربازی زاخۆ له‌هه‌مان كات،وێنه‌ی تاڵه‌بانی و بارزانی به‌سه‌رشانی خوێندكاره‌كانه‌وه بووه!. سه‌یركه‌ن،ته‌نانه‌ت شه‌ڕی داعش‌یش،كورد‌و سوپاكه‌ی یه‌ك نه‌خسته‌وه، شه‌ڕه په‌ڕۆ و وێنه‌و حزبایه‌تی له‌بیر ئه‌م هێزانه نه‌برده‌وه.. ..
ئایا مه‌عقوله،ڕێگهبهین،ئه‌م ڕۆڵه تازه پێگه‌یشتوانه‌ی نیشتمان،بكرێن به‌قوربانی ئاقار‌و سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی ئه‌م حزبانه كه به‌رده‌وام له ته‌زویردا مونافه‌سه ئه‌كه‌ن؟.
مه‌عقوله له‌به‌ره‌ی جه‌نگ زۆرترین كه‌س به‌كوشت به‌یت،تا بڵێی " من قوربانیم زۆرتره "!!.
مه‌عقوله به‌ره‌كانی جه‌نگ سه‌یاره‌ی درعی لێ نییه،ده‌سته‌ڵات سه‌له‌فی خانه‌ی له‌هه‌رێم كردۆته‌وه‌و،سه‌رۆكه‌كه‌یان له سوله‌یمانی سه‌یاره‌ی درعی پێیه!!. ئازادی چۆن بۆ كه‌سانێك هه‌یه كه بڕیاره ئازادی بخه‌نه مه‌ترسییه‌وه؟.
