ئەو کە لە ژیاندا بوو زیاد لە نیوەی تەمەنی بە " تۆمەت بارێک " و " تیرۆرستێک " بەڕیکرد ! هەر لە ئازارەکانی ساڵانی شۆڕش و ٢٧ ساڵ زیندانی کردنی لە دورگەیەک، ئەو لە " ئاژاوەگێڕێک " و " تیرۆرستێکەوە " بوو بە رەمزی ئاشتی لە سەرانسەری جیهان .
ئەو کە بەرگی "تۆمەتبار"ی لەبەرکرا و بەهۆیەوە ساڵانی بەڕێکرد لە زیندان، خوازەیەکی سیاسی بوو وای دەخواست، ئەگینا دوای لاچونی ئەو ستەمەی سیاسەتی جیهانی لێی کرد هەر ماندێلا بوو نۆبڵی ئاشتی وەرگرت، بۆیە چەمکە بەکارهاتوەکانی ڕۆژگار لە خولگەی سیاسی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی جێگای باوەڕنین، وەختێک دێین ژیانی ئەمانە دەخوێنینەوە .
ماندێلاو شۆڕشەکەی بێ پستیوانی وڵاتان بێ هەوڵی دیبلۆماسیانە، خۆڕسکانە بون بە وانەیەک بۆ ئازادی ویستانی سەرانسەری جیهان، بۆیە بە مردنی جیهان پرسەکەی دەگێڕی
پرسەگێڕانی وڵاتان و جیهان بە مردنی پیرەپیاوێکی ماندو و لە سەرجیگا، ساتی ڕاچڵەکینە بۆ ئەو " سەرۆک " و " سەرکردانەی " تا ئێستا ماندێلا و ڕێچکەی کاری سیاسی ئەویان نەکردۆتە کارنامەیەک بۆ ژیانی سیاسیان
لێ کە دەبینین ماندێلا دوای چەشتنی دەیان ساڵەی زیندان و شۆڕشێکی پر لە قوربانی و ماندویی، لە هەڵبژاردنێکی ئازاد لە ساڵی ١٩٩٤دەبێتە سەرۆک و لە دوای تەواوکەدنی خولی سەرۆکایەتیەکەی و لە لوتکەی دەسەڵات و لە دەریای خۆشەویستی گەل بۆی، خۆی ناپاڵێتەوە بۆ خولێکی دیکە کە یاساش پاڵپشتیەتی، بەڵکو دەسەڵات وەرناگرێتەوە و بەگەل دەڵێ ئیتر ئێوە خۆتان ئازادن و یەکێکی تر هەڵبژێرن .
ئەوکات لێت سوێیە بە هەموو " سەرکردەیەک " بڵێی سەرۆک، چونکە ماندێلا و صدام .مندێلاو هیتلەر، ماندێلاو قەزافی هەر بە سەرۆک ناوئەهێنران !
بەڵام نیلسۆن دوای دەسبەردانی کورسی سەرۆکایەتی ئەو لە دڵی گەل هەر سەرۆک بوو بۆیە ئەمڕۆ کە وەفات دەکات لە تەمەنی ٩٥ ساڵی گشت هاوڵاتیانی ڕەش پێست و سپی پێست لە یەک ریز گوڵی رێز و مۆمی خۆشەویستی لەسەر گڵکۆکەی دائەنین بە یەکسانی کە پێشتر یەکتریان قڕ دەکرد و مندیڵا بوو ئەو رقەی لە دڵی ئەوان دەرهێناو خۆشەویستی چاند لە جیگادا بۆیە ئەمڕۆ ئەو پاداشتەکەی وەردەگرێتەوە
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
