بۆ مەرگی شێرکۆبێکەس ..!! شێرزاد فاتح

لەبەرچاومە
دواجار من و تەنیایی

پێکەوە دەمێنینەوە

ئەو ئاگری جگەرەکەی دەکوژێتەوەو

منیش بۆ هەتا هەتایە
ئیتر ئەنووم ...شێرکۆ بێکەس

زۆر بەدواخەوە هەروابوو، وەک خۆی وتی بۆ دواجار ئەوو تەنیایی پێکەوە مانەوە، ئەمیش بۆ دواجار بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکناو نووست.من یەکێکم لەوانەی کەم تا زۆر ئاشنام بەبەشێک لە شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس و پێمخۆشبووە گوێی لێبگرم کاتێک شیعر دەخوێنێتەوە.ئەمە جگە لەوەی لە زۆر ڕووداو و بەسەرهاتدا شێرکۆبێکەس بێدەنگی هەڵنەبژاردووەو خاوەنی هەڵوێستی خۆی بووە، یەکێک لەو هەڵوێستانەشی کە هەرگیز بیرم ناچێت ئەوە بوو کاتێک کە لە ساڵی ٢٠٠٠ دا یەکێتی نیشتمانی کوردستان هێرشیان هێنایە سەرنوسینگەکەمان "نووسینگەی سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵان" لە سلێمانی لەبەرامبەر ئەمنە سوتاوەکەو تاڵان و وێرانیان کرد، ئێمە وەک بەشێک لەبەرپرس و هەڵسوڕاوانی سەنتەر کەوتینە سەردانی کەسایەتییە خاوەن هەڵوێستەکان و کۆکردنەوەی دەنگە ناڕازییەکان بۆ بەڕێخستنی حەرەکەتێک لە دژی ئەو هێرش و پەلامارە نامرۆڤانەیەی یەکێتی نیشتمان کوردستان.یەکێک لەو کەسانەش کە سەردانمان کرد مامۆستا شێرکۆ بوو کە ئەوکاتیش بەرپرسی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بوو، نوسینگەکەی لای فولکەی دەستەکەبوو لە سلێمانی.

بەگەرمی بەخێرهاتنی کردین چاو ئاوی ساردیان بۆ هێناین، هەڵوێستی ئەو زۆر ئەرێنی بوو لەسەر سەنتەروکارەکانمان، ئیدانەی ئەو هێرش و پەلامارەی کردوو بە کردەوەیەکی دژی ئازادی و مافی مرڤ وەسفیکرد، ئەم سەردانانەمان لە کاتێکدا بوو کە ئاسایشی یەکێتی کون بە کون بەدواماندا دەگەڕان تا بمانخەنە زیندانەوە و بۆ هەرلایەک ئەچوین حیسابی ئەوەمان دەکرد کە هەرلەحەزیەک بێت بەدوامانەوەن و دەیانەوێت بمانگرن، هەر لەوکاتەدا بوو کە سەرکردایەتی یەکێتی و بە تایبەتیش شەخسی جەلال تاڵەبانی فشاری زۆری بۆ ئەو نووسەرو کەسایەتیانە هێنابوو کە تاوانی ١٤ ی ٧ی ٢٠٠٠ یان ئیدانە کردوو هەڵوێستیان نواند لە دژی پەلاماری یەکێتی.لەم کاتەدا هەڵوێست و قسەکانی مامۆستا شێرکۆ هۆکارێک بوون کە وورەمان بەرزتر بێت، ئەو زۆر نیگەران بوو وە ووتی" سەرکوت تا سەر بۆ هیچ لایەنێک ناچێتەسەر"، سەرباری ئەوەش ئا لەوساتە وەختەدا کە ڕێکخراوەکەمان بە زەبری چەک داخراو نوسیگەمان نەما، مامۆستا شێرکۆ کۆمەکێکی مانگانەی بۆ بڵاوکراوەکەمان "دنیای منداڵان" دابین کرد.

زۆر بەداخەوە بۆ مەرگی ناوادەی شێرکۆبێکەسی شاعیرو ئینساندۆست، سەرخۆشی خۆم ئاراستەی خانەوادەو کەس و کارو هاوڕێیانی دەکەم و خۆم بە بەشداری خەمیان دەزانم.

ماڵئاوا..ماڵئاوا، بەداخەوە بەجێتهێشتین..

شێرزاد فاتح

بەڕێوەبەری سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵان

www.childiraq.com

 


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر