کێ کاوە گەرمیانی تیرۆر کرد. . !! شێرزاد فاتح

بەداخەوە ئەمشەو هەواڵێکی دڵتەزێنی تر ڕایچڵەکاندین، چەند کاتژمێرێک لەمەوەبەر کاوە گەرمیانی ڕۆژنامەنوسی لاو، لە کەلار و لەبەردەم ماڵەکەی خۆیاندا لەلایەن چەند چەکدارێکەوە درایەبەر دەسڕێژی گولەو تیرۆرکرا. کاوە خاوەنی قەڵەمێکی بوێر، ڕۆژنامەنوسێکی ئازا و چاونەترس بوو لەدژی گەندەڵی و دەسەڵاتی گەندەڵدا لەکوردستان دەوەستایەوە.

هەل و مەرجی ئاسایش و ئارامی لە کوردستاندا لەژێر پرسیاردایە و ئەوەی ڕوودەدات بەڕاستی پڕمەترسییە، لەکوردستاندا ئازادی و ئارامی ئینسانەکان، سیاسی و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنوسان بەوەوە بەستراوەتەوە کە هەڵوێستیان لەسەر کار و کردەوەکانی دەسەڵاتدارانی کوردستان، سیاسەتەکانیان و ملهوڕییەکانیان چییەو چ کاردانەوەیەک لەخۆیان نیشان دەدەیت، کاتێک کە مرۆڤ سەریان بۆ شۆڕ دەکات و دەبێتە کاسەلێسیان، ئەو کات تا ئەو جێگایەی پێویستیان پێیەتی دەتوانێت زیندەگییەکی سەرشۆڕی بۆ خۆی و خێزانی تەئمین بکات. کاتێکیش کە مەترسیدار بیت بۆ سەرحیزب و دەسەڵاتەکەیان، یان دەرکاندنی دزی و گەندەڵی و پۆخڵەواتەکانیان، ئەوا لەوە ئاسانتر نییە بۆیان و بەیەک لەحزە لە نێوی دەبەن، باکیان لە هیچ بەهایەکی کۆمەڵاتی و ئەخلاقی و مرۆیی و سیاسی نیە.

جا بۆ ڕژنامەنووسێک کە هەڵوێست بنوێنێ و دژی بنوسێت، و گەندەڵی قبوڵ نەکات و بیەوەێت سەربەرزانە بژی، یان هەتا ئەگەر بە زمانێکی سەردەمیش ڕەخنە لە دەسەڵات، یان بەرپرسێکی گەندەڵی دەسەڵات بگرێت، ئەوا دەکەوێتە بەر هەڕەشەی نامەو ئیمەیل و تەلەفۆن، خۆ ئەگەر بەردەوامیش بێت ئاشکرایە کە مەرگ چاوەڕوانی دەکات.  

کاوە بەشێوەی سۆران لەبەردەرگای خۆیاندا لەکەلار کوژرا، بەپێی لێکدانەوەکان و ئەگەرەکان، ئەو کەسانەی سۆرانیان تیرۆر کرد، هەر ئەو کەسانە بوون کە سۆران ڕەخنەی لێیان دەگرت و هەڕەشەی ئاشکرا کردنی هەموو بەڵگەی گەندەڵی لەسەریان دەکرد، بۆیە لەناویان برد. چاوێک لە تیرۆری سەردەشت عوسمان بکەین، هەر لەسەر ڕەخنە لە گەندەڵی و دەسەڵاتی گەندەڵ لە کوردستاندا، بەڵام تا ڕادەک ئەم جارەیان ئاشکراتر و بەدەستنیشانکراوی تر بەرامبەر بە لایەنێکی دیاری کراودا ڕەخنەکانی ئاراستە دەکرد، لەناو حەرەمی زانکۆدا، کە جگە لە ئۆتۆمۆبیلە جامڕەشە تایبەتەکان کەسیتر بۆی نیە بڕواتە بەردەم کۆلێژی ئاداب، رافاندیان و تیریریان کرد، دواتریش ویستیان ناوی پیس بکەن و وەک فایلەکانی خۆیان فایلیان بۆ داتاشی. . !!

ئەگەرو لێکدانەوەکانی تیرۆر کردنی کاوەگەرمیانی . . . ئاشکرایە کەچەند ساڵێکە کاوە گەرمیانی بەدیاری کراوی لەسەر گەندەڵییەکانی چەند بەرپرسێک کاری کردووە، هەمووشمان لە یوتوب و سایتەکانی تردا ئەم هەڕەشانەمان بەدەنگ و ڕەنگ بینی، بەیەک کلیک دەتوانیت هەمووی ببینیت، ئەمە جگەلەوەی کە کاوە لە (دادگا) ی دەسەڵاتداران دا سکاڵای کردووەو وچەندین دەعوای تۆمار کردووە و پێداگری دەکرد لەسەر داواکانی و ڕەخنەی ئەوەی دەگرت کە (دادگا) گوێ بە دەعواکان نادات و داواکروان باکیان لەو دەعوایانە نییە، چونکە دەسەڵات و (دادگا) هەر هی خۆیانن، خۆیان بڕیاردەر و جێبەجێکەرن، هەرخۆشیان، تاوانبار و بێتاوان دیاری دەکەن. . . !

کێبوون ئەوانەی بەنوسینەکانی کاوە قەڵس دەبوون، ئیتر با خوێنەر خۆی قەزاوەت و لێکدانەوەی خۆی لەسەر بکات، کێ کاوەی تیرۆر کرد، بۆ تیرۆریان کرد. . !

ڕیسوایی و ڕووڕەشی بۆ تیرۆریستان، بژی قەڵەمە بوێر و ئازادەکان، بەرزو بەڕێزە یادی نووسەرو قەڵەمە ئازادی خوازەکان.

 

شێرزاد فاتح

٥ دیسەمبەری 2013


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.