سەردانەکەی بارزانی بۆ ئامەد ... یونس حەمەد رەشید

سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ پێتەختێکی کوردان لە باکورری کوردستان تەکانێکی نوێ بو لە بردنەپێشەوەی دۆزی کورد لە هەردو ڕووی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی، وەک ئاشکرایە پەکەکە و پارتی بە نفوزترین دو هێزی سەرەکیین لە سەرئاستی کوردستانی گەورە، پارتی هێزی سەرەکییە لە باشور و پەکەکەش جگە لە باکور لە ڕۆژئاواش لە ڕێگەی پەیەدەوە کۆنتڕۆلی تەواوی ڕۆژئاوا دەکات، لانی کەم لەڕوی ئەمنی و سەربازییەوە.

یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی ئەم سەردانە بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان ئەوەبو کە بۆ یەکەم جار لە تورکیا (حکومەتی هەرێم) بەفەرمی دەناسرێت و ئاڵای کوردستان بەرزدەکرێتەوە شەخسی ئەردۆغان خۆیشی وشەی هەرێمی کوردستانی بەکارهێنا، پێشتر لەلایەن تورکیاوە نەک هەر دەزگاکانی دەوڵەت بەڵکو چاپەمەنی و تەلەفزیۆنە ئەهلییەکانیش حکومەتی کوردستانیان بە ئیدارەی باکوری عێراق ناودەبرد، لەباشترین حالەتدا دەیانگوت ئیدارەی کورد لە باکور واتە باکوری عیراق، ئەم خاڵە گرنگە کەڕامەت و سەروەریی بۆ هەرێمی کوردستانی گێڕایەوە لە تورکیا، بەڵام لە میدیاکانی خۆمان هەستێکی ئەوتۆی پێنەکرا بە هۆی ململانێی حزبیی، تەنانەت میدیاکانی نزیک و سەر بەپارتیش لەبری ئەوە، باسی جلوبەرگی کوردی سەرۆکی هەرێمیان دەکرد.

خاڵێکی دی یەکجار گرنگ هەلبژاردنی شوێنەکە بو واتە شاری ئامەد وەک پایتەختێکی کوردان و مەڵبەندێکی بڕیاری کوردی، خۆ ئەگەر ئەم مەڕاسیمە لە شارێکی دی بوایە وەک ئەنقەرە یان شارێکی دی بچوکی کوردی ئەوا خوێندنەوەی ڕوداوەکان هەمان ئەوە بایەخەی نەدەبو لە ڕوی نیشتمانی و نەتەوەییەوە، چونکە تاکو ئەم چرکەیە تورکیا لە باکوری کوردستان دۆزی کورد لەوێ، وەک کێشەیەکی ئەتنی و هاوڵاتیبون و مافی کەلتوری سەیر دەکات نەوەک وەک کێشەیەکی خاک، کۆکردنەوە و پێشوازیکردنی سەرکردەکانی کوردی باشور و باکور لەوێ ڕەهەندێکی جوگرافی و خاک دەدات بە دۆزی کورد.

هەرچی گوتارەکان بو، ئەوەی کە جێی سەرسوڕمانە، گوتارەکەی ئەدۆغان بەڕادەیەک لە وتارەکەی سەرۆکی هەرێم نەتەوەیی تر بو بۆ کورد، ئەردۆغان بۆ ئەوەی قەرەبوی پاکەتە دیموکراتیەکەی بکاتەوە کە شتێکی ئەوتۆی تێدانەبو بۆ کورد و بۆ ئەوەی ئەو پەیامە بە پەکەکە بڵێ کە جگە لە ئاپۆ کەسی دی هەیە سەرکردایەتی کورد بکات،  بەرامبەر ئەوە قوربانیەکی زۆری دا، بۆ سەرکردەیەکی تورکی هەڵکەوتوی وەک ئەردۆغان ئاسان نیە بەمجۆرە باس لە کێشەی کورد بکات، ناوهێنانی هەڵەبجە و قامیشلۆ و ئاماژەدان بە ڕۆڵی مەلا مستەفا و قازی مەحەمەد و ناودارانی وەک خانی و جزیری، لەناوخۆی شەقامی تورکی و ڕکابەرە نەتەوەپەرستەکانی دەبێتە تەحەدایەکی گەورە بۆ حزبەکەی لە هەلبژاردنەکانی داهاتوی تورکیا، هەرچەندە ئەم پەیامە ڕەنگە کەمێک دەنگی کوردانی باکور بۆ ئەردۆغان زیاد بکات بەڵام سودمەندی گەورە لێی، دۆزی ڕەوای کوردە، گوتارەکەی پێشانی دا کە کێشەی کورد یەک کێشەیە و هەمو پارچەکان پەیوەندییان بە یەکەوەیە، بۆیە ستایشەکانی مەسعود بارزانی بۆ ئەردۆغان لە جێی خۆی بو و هەڵوێستی ئەردۆغان لەهەمبەر کورد ناکرێت ڕەچاو نەکرێت و ئەو بۆچوونە باوەی کە لای زۆربەی ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدارانی کورد هەیە کە گوایە وڵاتانی ئیسلامی کورد دەچەوسێننەوە، لەمەودوا ڕاست دەرناچێت، ئەوەتە حزبێکی ئیسلامی وەک ئاکەپە پێشانی دا کەوا عەلمانی و ناسیۆنالیستە موسڵمانەکان دژی هەر مافێکی کوردن نەک وڵاتە بەناو ئیسلامیەکان .

 بارزانی دەکرا لە وتارەکەی ئاماژە بە ڕۆڵی ئۆجەلان و پەکەکەش بکات سەبارەت بە بەرقەراربونی ئاشتی لە ناوچەکە، دروستکردن و هەناردنی بۆڕی نەوت بەرەو تورکیا کارێکی ئاسان نەدەبو ئەگەر پەکەکە، کە لەوپەڕی هێزی سەربازی خۆی بو و چەندین گورزی بەهێزی لە سوپای تورک وەشاندبو، ڕێگاچارەی ئاشتی هەڵنەبژاردایە لە دەستپێکی پڕۆسەی ئاشتی، بەڵام پێشدەچێت ئەمە بەئەنقەست بێت وەک تۆڵەکردنەوەیەکی پارتی لە پەکەکە کە بەتەواوی پارتی لە ڕۆژئاوا پەراوێزخستوە.


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر