خیانەت بەناوی کوردایەتی، باوی نەماوە ...جەلال چوارتایی

ڕۆژی 27 – 10 – 2013 بە یەکێک لە ڕۆژە دیرۆکیەکان دەژمێردرێت لە مێژووی نەتەوەکەماندا، لەو ڕۆژەدا شۆڕشگێڕانی ڕۆژئاوای کوردستان ناسراو بە یەکینەکانی پاراستنی گەل "ی‌پ‌گ" هێرشێکی بێ وێنەیان کردە سەر شاری "تەل‌کۆچەر" لەسەر سنووری باشوور و خۆرئاوای کوردستان و لە کەمترین ماوەدا تەواوی شارەکە و دەوروبەریان ڕزگارکرد لەژێر چەپۆکی پیسی هێزە ئیسلامیە دڕندەکانی ناسراو بە ( "جەبهە النەسرە " و " دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و بیلاد الشام " )دا .

بە دەستخستنی ئەم شارە سنوورییە تەواوی هاوکێشەکانی بەسەر دوژمناندا پێچەوانە کردەوە، چونکە لەگەڵ ئەوەی شاری تەل کۆچەر شارێکی کوردستانییە لە هەمان کاتدا چەندین گرنگی بێ وێنەی تێدا بەدی دەکرێت لە هەموو کوردستان بە گشتی و ڕۆژئاوای کوردستاندا بە تایبەتی کە بەشێک لەو گرنگیانە بریتین لە :-

1- زۆرینەی دانیشتوانی شارەکە عەرەبن و بە ڕێژەیەکی زۆر کەمتریش کورد و ئاسوری تێدا دەژین، لەبەرئەوە ڕزگارکردنی ئەو شارە باشترین تاقیکردنەوەیە بۆ شۆڕشگێڕانی کورد تاوەکو بەرنامەی " خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی" تێدا پیادە بکەن کە یەکێک لە ئامانج و داواکاریەکانی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانە، بۆ ئەوەی سیستەمی کۆنفیدرالی دیموکراتی بخرێتە واری کرداریەوە و سەرەتایەک بێت بۆ کردنەوەی گرێ کوێرەکانی خۆرهەڵاتی ناوێن .

2- ڕزگارکردنی تەل کۆچەر بە واتای کۆتایهێنان بە سیاسەتی شۆڤێنیستانەی بە عەرەبکردنی کوردستان، چونکە سیاسەتێک کە دەیان ساڵ لەلایەن بەعسیەکانەوە پیادە کرا، توانرا لە ماوەی چەندین سەعاتدا پوچەڵ بکرێتەوە و شارەکە بگەڕێتەوە بۆ ئامێزی وڵاتی دایک و دانیشتوانە ڕەسەنەکەی .

3- ڕزگارکردنی شاری تەل کۆچەر سەرەتایەکە بۆ ئەوەی نەتەوە جیاوازەکان بەشێوەیەکی یەکسان پێکەوە ژیان بەسەر بەرن و کۆتایی بە سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی بەعسیە نەژادپەرستەکان بهێنرێت و "برایەتی و یەکتر لە ئامێزگرتن" جێگەی "دوژمنایەتی و یەکتر فەرامۆشکردن" بگرێتەوە .

4- ڕزگارکردنی تەل کۆچەر، کۆتایی بە سیاسەتی گەمارۆدان و برسیکردن هێنا، کە سیاسەتی بنەماڵەی بارزانی و داگیرکەران و هێزە ئیسلامیەکانە .چونکە پیسترین سیاسەت کە لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان پیادە کرا بریتی بوو لە سیاسەتی برسیکردن بە سنوور داخستن و گەمارۆدانیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی پارتی و دەوڵەتی تورک و هێزە ئیسلامیەکانەوە .

5- ڕزگارکردنی شارەکە بریتییە لە کردنەوەی دەروازەیەک بۆ گرێدانەوەی تەواوی باشووری کوردستان و چیای قەندیل بە ڕۆژئاوای کوردستانەوە .چونکە بە درێژایی زیاتر لە 20 ساڵە هەم سەرانی پارتی و هەم هەردوو داگیرکەرەکەی تورکیا و سوریا هەوڵی زۆریاندا کە پ‌ک‌ک لە ڕۆژئاوا داببڕن و پەیوەندی قەندیل بە ڕۆژئاوای کوردستانەوە نەهێڵن .

6- شاری تەل کۆچەر تەنها دەروازەیەکە کە عێراق بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە لە ڕێگەی شەمەندەفەرەوە، ئەمەش وا دەکات کە هەم عێراق و هەم تورکیا و هەم وڵاتە ئەوروپیەکان ناچار بکات کە چیدیکە مافەکانی کوردان فەرامۆش نەکەن و هەوڵی چارەسەرکردنی دۆزی کورد بدەن .

7- تەل کۆچەر هەم شارێکی دەوڵەمەند بە نەوتە و هەم نزیکترین جێگەشە لە بیرە نەوتەکانی "ڕومێلان"ەوە، هەر بۆیەش بنکەی سەرەکی هێزە ئیسلامێکان لەو شارە دامەزرابوو و تەواوی پیلانەکانیشیان لەو شارەوە دادەڕشت دژ بە ڕۆژئاوا، بە ڕزگارکردنی شارەکە زۆربەی مەترسێکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان کۆتایی پێ دێت .

8- ڕزگارکردنی شاری تەل کۆچەر کۆتایی بەو خەونە وەنەوشەییەی تورکیا و هێزە ئیسلامیەکان هێنا کە دەیانخواست دەوڵەتێکی ئیسلامی سەر بە القاعیدە لە باکووری سوریا دروست بکەن و ناوەندەکەی تەل کۆچەر بێت تاوەکو لە ڕێگەی ئەو دەوڵەتە ئیسلامیەوە کوردانی ڕۆژئاوی کوردستان پەراوێز بخەن .

ئەوەی لە بن بەڕەدایە دەخرێتە سەر بەڕە :-

ڕزگارکردنی شاری تەل کۆچەر زۆر نهێنی ئاشکرا کرد، گرنگترینی ئەو نهێنیانەش بریتی بوو لەو هاوپەیمانیە نهێنیەی نێوان (تورکیا و بنەماڵەی بارزانی و هێزە ئیسلامێکان و ئارتەشی بەناو ئازادی سوریا) .هەر لەگەڵ ئازادکردنی شارەکەدا دەوڵەتی تورک هاتە زمان و لە یەکەم کاردانەوەدا داود ئۆغڵو گوتی (پەیەدە نوێنەرایەتی هەموو کوردەکانی سوریا ناکات و ئێمەش چی بۆمان بکرێت دژایەتی پەیەدە دەکەین ) .هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانەی داود ئۆغڵودا هەر یەک لە ئارتەشی ئازادی سوریا و دەسەڵاتدارانی پارتیش هاواریان لێ بەرز بوویەوە و کەوتنە داکۆکیکردن لە هێزە ئیسلامیە تاریکپەرستەکان .

ئارتەشی ئازادی سوریا کە تا ئەو کاتە خۆی بە جیاواز لە هێزە ئیسلامیەکان دەزانی، کەچی لەگەڵ ئازادکردنی شارەکەدا کەوتنە خاوەنداریکردن لە ئیسلامیەکان و وەکو بەشێک لە ئارتەشی ئازادیان لە قەڵەمدا و لە بەرامبەریشدا کورد و پەیەدەیان بە تیرۆریست پێناسە کرد و بەڵێنیاندا کە سزای کوردان بدەن و تۆڵەیان لێ بکەنەوە، هەڵبەت بەر لە ئارتەشی ئازادیش هێزە ئیسلامیەکان فەتوای حەڵاڵکردنی خوێن و ماڵ و ژنی کوردیان دابوو .

دەسەڵاتدارانی پارتیش ئەگەرچی وا خۆیان پیشان دەدا کە خەمخۆری دۆزی کوردانن لە ڕۆژئاوای کوردستاندا، کەچی لەگەڵ نزیکبوونەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە ڕزگارکردنی شاری تەل کۆچەر هەر بەوەوە نەوەستان کە گەمارۆی ئابوورییان خستبوویە سەر ڕۆژئاوا، بەڵکو سنووری ڕۆژئاواشیان بە ڕووی بەڕێز "ساڵح موسلیم"دا داخست و ڕێگەی دەربازبوون بۆ باشووری کوردستانیان لێ قەدەغە کرد و چی تۆمەتی درۆ و ناڕەوا بوو ئاڕاستەی ئەو بەڕێزەیان کرد .

ساتێک دەیانگوت ساڵح موسلم پێویستی بە باشووری کوردستان نییە و ڕێگەی پایتەختی داگیرکەرانی بەسەردا کراوەتەوە، هەڵبەت ئەم تۆمەتە ناشیرینە دەستە چەورەکەی خۆیانە و بە ڕووخساری ساڵح موسلمیاندا دەسو، چونکە ئەگەر هەر کەسێک باسی لە دەستێکەڵاوی داگیرکەران بکردایە دەبوو پارتیەکان چاوی خۆیان دابخستایە و بێدەنگیان هەڵبژاردایە .

چونکە گرێدراوی پارتی و بارزانی بە داگیرکەرانەوە نەک هەموو هێڵێکی سوری بەزاندووە بەڵکو بووشنەتە وەکیلی داگیرکەران لە کوردستاندا .ئەوە دەسەڵاتدارانی پارتی بوون کە لە ساواکیدا شایان بە سەپان نەدەزانی و سەدان سەرکردە و کادری وەک کاک سولەیمانی موعینیان تیرۆر کرد و ڕادەستی ئێرانیان کردنەوە، ئەوە ئەو بنەماڵەیە بوون کە لە ژێر ناوی "قیادە مۆقەتە"دا ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان خەڵتانی خوێن کرد و فەتوای جیهادەکەی ئایەتوڵا خومەینیان لەسەر پیادە کردن و هەموو ڕۆژهەڵاتیان تەسلیم بە کۆماری ئیسلامی کردەوە .ئەوە دەسەڵاتدارانی پارتی بوون کە لە ڕابردوودا شۆڕشی باکوریان دامرکاندەوە و دکتۆ شڤانی سەرکردە و هەموو هەڤاڵەکانیان تیرۆر کرد .ئەوە بنەماڵەی بارزانی بوون کە دەیان جار پەلکێشی سوپای تورکیان کرد بۆ باشووری کوردستان بۆسەر شۆڕشگێڕانی پ‌ک‌ک و تاوەکو ڕۆژگاری ئیمڕۆش هەزارەها جەندرمەی تورکیا لە باشووری کوردستان مۆڵ دراوە .ئەوە دەسەڵاتدارانی پارتی بوون کە 31 ئابیان ئەنجامدا و سوپای بەعسیان ئاشنای بست بە بستی باشووری کوردستان کرد، ئەوەش بنەماڵەی بارزانی بوون کە ئامێزیان بۆ هەموو بەعسی و ئەنفالکەر و سەرۆک جاشەکان کردەوە .

هەڵبەت بنەماڵەی بارزانی هەر چیرۆکی پایتەختی داگیرکەرانیان نەدەهۆنیەوە بۆ بەڕێز ساڵح موسلم بەڵکو کەوتنە درۆ هەڵبەستن بۆ ئەو کەسایەتیە شۆڕشگێڕە و دەیانگوت ساڵح موسلم گوتویەتی خەڵکی باشوور بێ تەربیەتە .لەم بارەیەوە من هیچ لەسەر ئەم درۆ ناشیرینەی سەرانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ناڵێم و با خوێنەر لەم لینکانەی خوارەوەدا هەم ڕاستیەکان بخوێنێتەوە و هەم گوێبیستی گوتەکانی بەڕێز ساڵح موسلمیش ببێت :-  http://radionawa.com/Detail.aspx?id=22545&LinkID=1#.Um5m2h-ZNaE.facebook

http://www.hawarnews.com/index.php/2013-02-14-17-53-15/7415-2013-10-30-07-03-44

http://www.pcdk.org/kurdi/page.php?sid=15838#TOP


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر