دەبا مرۆڤە باشەکان لە هەر کوێبن لە یاد نەکرێن . . . ئەسعەد قەیدی .

کەم کەس هەیە کاک “موحەممەد رەزایی” {حەمە خەیات } لە ولاتی نیوزیلەند نەناسێ . سەرەتایی هاتنی بۆ نیوزیلەند لە سالی ٢٠٠٠ وە دەست پێدەکات . سەرەتا لە دورگەی باکور لە شاری کراستچێرچ جێگیر بوو . پاش ماوەیەکی کورت گرایەوە بۆ شاری ئۆکڵاند، کە گەورەترین شاری نیوزیلەندە .

کاک موحەممەد ئەو کەسەیە کە بۆتە یارو پشتیوانی بێکەسان و لێقەومانی کورد لە نیوزیلەند . ئەو خەیاتە، مکانیکە، سەرتاشە، بەننایە، نەجارە، کاشیکارە، فرشکارە، پەناگایی بێپەنایانە، سەریی لە کاریی دەرمانی دەردەچی و . . . هتد ؛ بەکورتی لە ناو کۆمەڵگەی کوردی لە شاریی ئۆکڵانددا بۆتە" ئاچەر فەرانسە " و دائیم بە دەستی ئەم و ئەوەویە. کاک موحەممەد کورێکی زۆر ئارام و لە سەرەخۆیە؛ تابڵێی سەبر و خۆراگری دەنوێنێ لە ئاس رووداوەکاندا. تورە بوون لە مەزەبی ئەم پیاوەدا بوونی نییە. بە ئارامی و لەسەرەخۆیی قسە دەکات و حەوسەلەی زۆر بڵیی نییە . کەسێکی زۆر دەست و دڵبازە، کەلوپەل لە لایی ئەو هەر ئەوەیە کە بکاری دێنی و کاریی خۆتی پێ مەیسەر دەکەیت، لەمە زیاتر خۆشەویستی بۆ کەلوپەل نییە، وەک ئەوەی زۆر کەس تەنیا ئامرازێکی لە چاوەکانی خۆی خۆشتر دەوێ و کەسیش ناویری دەستی لێبدات.

ئەو هیچ باوەری بە ئاژاوەنانەوە و دووبەرەکی نییە لە ناو کورددا. هەمیشە خۆی دوورە پەرێز دەگریت لە قسەو قسەڵۆک. فیتنە و دوزمان و قسە هێنان و بردنی هەندێک لە خەڵکی نەفس نزم بە گاڵتەجار دەزانێت و پێیوایە ئەو ئاکارانە تەنیا لە مرۆڤی ناهۆشیار دەوەشێتەوە. زۆر هەوڵدەدات کە هەموو کەس ژیانیان خۆش بوێت و بە خۆشی ژیان بەرنەسەر و یەکتریان خۆش بوێت. ژیان لە لایی کاک موحەممەد مانایەکی زۆر تایبەتی هەیە. زۆر سادە ژیانی رۆژانەی خۆی بەرێدەکات، دڵی بە ناوماڵ و کەرەستەکانی کە ژیان دەوروبەرمان جوان دەکەن نابەستێ و بە شتە سەرەتایەکان قەناعت دێنێ و کار و باری خۆی پێ بەرێوەدەبات . کە رەنگە لە لایی زۆرێک لە خەڵک بە ئیهماڵ و نائومێد و دەست لە ژیانبەردان سەیر بکرێت، . بەلام بەهۆی ژیانی چەندین ساڵەم لە گەڵ ئەو بەرێزەدا ؛دەزانم ئەو چۆن دەروانییەتە ژیان و چۆن باوەریی بە خۆشی ژیان هەیە . ئەو ژیان لە ناو "دڵدا "دەبینێتەوە و خۆی پێیوایە هەر کەسێک لەناو دڵاندا بژیت، ئەوە ژیانی پڕە لەخۆشی . واتە خۆشەویستی مرۆڤ بۆ ئەو هەموو سەرمەیەکی ژیانە . هیج کات کەلوپەڵ و ئامرازەکان ناتوانن دڵخۆشی بۆ مرۆڤ بنیاد بنێن . ئەوانەی دڵیان بە ماڵی دونیا و کەرەستەکانی دەوروبەرمان خۆشە عومریان بە زایە دەچیت و نازانن چۆن لە ماناکانی ژیان تێبگەن وەک ئەوەی کە هەیە .

ماوەیەک توشی هەندێک گرفتی تەندروستی هاتبوو، زۆربەی ئەو کەسانەی کە خۆشیاندەویست بۆی نیگەران بوون و تەنانەت هەندێکیشیان بەدڵەوە بۆیی دەگریان. ، بەڵام ئەو چون لە ژیان بەمانایی ریالستیانە و ئەمری واجب تێگەیشتبوو، زۆر بە سانایی و دڵخۆشییەوە هەڵسوکەوتی لە تەک خەڵک و نەخۆشییەکەی دا دەکرد . هەر بۆ گاڵتە زۆرجار پێم دەکوت. . . ( دەزانی کاک موحەممەد . . . لە ئاست مردندا ؛کافرەکە زۆر بە جەرگترە لە موسڵمانەکە). بەراستیش وابوو؛ ئەوانەی کە سەریان چووبا نۆژ و رۆژوویان نەدەچوو، ئەوانەی کە شەو رۆژ لە فکری خودادا زکریان دەکرد ؛ لە ئاست نەخۆشی و لە مردن زەندەقیان چووبوو. بەڵام ئەو هەر گاڵتەیی بەم شتانە دەهات . مردن و ژیان لە لایی ئەو وەک هاتنو چوون سەیر دەکرا، هەمیشە خۆی بە میوانی ئەم ئەردە دەزانێ و پێیوایە نابێ مردن پشت گوێ بخرێت مردن رۆژێک هەردەبێ لە پەنا گوێمان قوت بێتەوە و برۆین و ئەم زەوییە بەجێ بهێڵین .

ماڵ وسامان پوشە لەلایی ئەو . هیچ کات بە دوایی سەروەت وساماندا ناگەرێ و هیچ کاتیش هەوڵی نەداوە پێ لە سەر سەری خەڵکانیتر دابنێت بۆ چوونە سەری خۆی . خەڵک بکار هێنان بۆ مرامەکان؛ لە لایی ئەو وەک بەردەداری وایە و لە قالبێکیتردا . هەمیشە ئەو بۆتە پرد بۆ پەرینەوەی کەسانی لێقەوماو و تەنانەت کەسانی بەرژەوەندیخوازیش . ئەو ئەمرۆ سکی تێر بێت لە فکریی سۆزییدانییە . باوەری بە نادیار نییە و کەسێکی زۆر بیر تیژە . رێنوێنیەکانی ئەو بۆ خەڵکانیتر لە چوارچیوەی بیرێکی کراوەدا هەنگاو دەنێت و دژی هەموو خورافاتێکە . یەکتر خۆشویستن لە لای ئەو هەموو جوانییەکانی ژیانی تێدا دەبینیەوە. (ژیان زۆر زوو دەگوزەرێ، بۆ دەبێ بەخەم و خەفەتەوە بەرێی کەین )" . ئەوە شێوەی بیرکردنەوەی ئەو پیاوە گەورەییە لە سەر ژیان . پیاوێک کە تائێستا نەکوردەکانی نیوزیلەند، نە کەسەکانی نیزیک لە خۆشی قەدریان نەزانیوە و بە پێی پێویست چاویان لێینەبووە . قەدر بەو مانایەی کە چاویان لە سەری بێت وئاگایان لێبێ و لە کاتی نەخۆشی و ناسازیدا بەسەری کەنەوە .

مافی ژن لە لایی کاک موحەممەد زۆر گەورەیە هەمیشە بەرگریان لێدەکات و لە مافەکانیان بەرگری دەکات . جیاوازیی کچ و کوڕ کە یەکێک لە نەخۆشییە دواکەوتۆکانی ناو کۆمەڵگەیی کوردیە، ئەو زۆر بە توندیی لە ناو بنەماڵەکاندا بەرپەرچی ئەم دیاردە دزێوە دەداتەوە و رێنومایان دەکات و خراپی ئەم کارەیان بۆ روون دەکاتەوە . هەر لە ناو دین و دیانەتەکەی خۆیاندا نمونەی زۆر بەکەڵک و سودبەخش دەهێنێتەوە؛ پێیان دەڵێت، بەجیا سەیرکردنی نێر و مێ چەندە تاوانێکی مەزنە و چەندە غەدرێکی گەورەیە لە مێینە دەکرێت . دەشڵێت ئەگەر هەروا بەردەوام بن لەم ئاکارەتان لە پاشە رۆژدا چ بڵایەکیان توش دەبێت . هەر لە سەر ئەو کارانەش زۆرجار دراوەتە بەر تانەو تەشەری هەندێک کەسی بیر نزم . پێی دەڵێن "خۆشەویستی ژنان" ژنالیە و زۆر شتیتر. زۆربەی هەرە زۆری کوردەکان خۆشیاندەوێ بەڵام هیچکات خۆشەویستیەکەیان نەبۆتە هاندەرێک بۆ ئەوەی زیاتر دڵی خۆشکەن و ژیانی لە لا ئاسانتر بکەنەوە . زۆر کەس هەر وەک بەکارهێنان سەیری ئەم مرۆڤە گەورەیە دەکات و تاکاریان پێیەتی ئەوە لەلایی حازر دەبن و کە کاریشیان پێی نەما ئەوە هەر نایناس و بە لاییدا ناچن . بێحورمەتی پپێکراوە و قسەیی سارد و سوک و نابەجێ لە ئاندا کراوە، بەڵام هەر ئەو چۆتەوە لایی کەسیی بێ ئەدەب و بێ پرنسپ، داوایی لێبوردنی لێکردووە و بە کابرایی کوتووە : { ئەگەر دەزانی من تۆزێک بەرێزتانم نارەحەت کردووە بە گەورەیی خۆتان بمبورن }. ئەوە توندترین وڵامی کاک موحەممەدە بۆ کەسە نەزان و لە خۆرازییەکان . دوایی ئەم رووداوانە لەلایی کاک موحەممەد وەک نەبایی هاتبێ ونەبۆران، وابووە و خۆی لە گەڵ کابرای تاونکار تێک نەداوە و بەردەوام دەبێت لە پەیوەندیەکانی خۆی . کاک موحەممەد هیچ کەس وکارێکی وەک خزم و خوێش کە بەخوێن لێی نیزیک بن لە لانییە ؛ بەلام بۆ خۆی بۆتە خزم و کەس وکاریی زۆربەی کوردەکانی نیوزیلەند . لە هەموو ئێش و ئازارەکانی خەڵکدا بەشدارە و خۆی دەکات بە لایەنی کارەساتەکان. زوو زوو سەردانیان دەکات و خۆی دەکات شەریکی خەمیان .

سەر بە هیچ رێکخراوێکی سیاسی نییە، زۆر سەربەخۆیانە کار دەکات. هەرچەند لە لایی هەندیك کەس ئەو سەر بەلایەنێکی سیاسیە و خۆی لە ناو پێستی مەڕدا حاشار داوە، بەلام ئەم قسەیە بە تەواوەتی لە راستیەوە دوورە . گاڵتەی بەهەندێک هەڵسوکەوتی لایەنی سیاسی و رێکخراوەیی دێت . هەر ئەوانەی کە ناو ناتۆرەیی بۆ هەڵدەبەستن، کە ئیشیان پیی دەبوو ئەوە هەو وشەکان لە یاد دەکران و دەستی یارمەتیان بۆ درێژ دەکرد . رەتکردنەوەی دەستی یارمەتی لە مەزەبی ئەودا نییە. هەموو لایەنێک هەر کات پێویستیان پێی بووە بە بێ جیاوازی هاریکاریی گشت لایەکیانی کردووە. حەزی لە خۆ دەرخستن نییە؛ وەک ئەوەی باسمان کرد . زۆر رەخنەشی لەو کەسانە هەیە کە بەقەت بەرەی خۆیان پێ راناکێشن و لە هەموو کات و ناکاتێکدا خۆیان دەردەخەن و دەبنە مووی لوت . بە سەدان جار شتی زۆر باش و جوانی کردووە و هیچکات حەزی نەکردووە ناویی بێنن و بە ناوی ئەو شتەکان بڵاو بکرێتەوە . یان وەک نەخۆشەکان هەمیشە لە سەر شاشە حازر بێت . سروشتەن لە خۆشی مرۆڤەکاندا کەمتر بەشداریی دەکات، بەڵام ئەو رۆژانەی کە خەڵک شتێکی ناخۆشیان بەسەردێت وانییە . لەم رۆژانەدا دەچێ هاودەردیان دەبێت و دڵنوایان دەداتەوە . ئەو کردەوەیی کاک موحەممەد دەمخاتەوە بیری قسەکانی پیامبەری خودا "عیسای مەسیح" کە دەفەرموێ، :نەخۆشەکان پێویستیان بە چارەسەرە و دەبێ بچین چارەسەریان بۆ بدوزینەوە، ئەوانەی دەستی یارمەتیتان بۆ درێژ دەکەن دەستیان رەت مەکەنەوە . یان کە پێویستیتان بە یارەمەتی هەبوو برۆن لەدەرگاکان بدەن کەسێک هەردەبێت دەرگاتان لێبکاتەوە و دەستان رەت نەکاتەوە . هەروەها دەفەرموێ : بڵام کەسێک کە نەخۆش نەبێت و پێویستی بە عیلاج نەبێت پێویست ناکات خۆمانی پێوە خەریک بکەین چون ئەو پێویستی بە دەرمان نییە. دیارە "عیسایی مەسیح" (دروودی خودایی لێبێت )مەبەستی لەو کەسانەیە کە لە رێگایی خودا لایانداوە و کەوتونەتە ناو گێژاویی خراپەکاریی و نەزانیەوە . کاک موحەممەدیش لەو ماوەیی کە من لە نیزیکەوە دەیناسم، هەر ئەو کارەیی کردووە و زیاتر روویی لەو کەسانە دەکرد کە لە ژیاندا توشی هەڵە یا خود کەموکوریی دەهاتن و پێویستیان بە کەسێک بوو یارمەتیان بدات . ئەو ئەو کەسە بوو کە دەستی دەگرتنوو یارمەتی لێقەوماوانی دەدان . حەزدەکات لە رۆژە ناخۆشەکاندا ببێت بە پشتیوان و پەنایی خەڵک . ئەو هاوکاریی و سەبر و لە خۆبردوویی کە لەو مرۆڤە پاکەدا هەیە، من یەک بۆخۆم پێی سەرسام بووم و هەمیشە کوتوومە : من هیچ کات ناتوانم وەک ئەو و بەقەت نیوەیی ئەو ئاوا خۆراگرو بەتوانابم لە ئاست ئەو هەموو موشکلاتانەیی کە بەرۆکی خۆی دەگرن . ئەو بە دڵیكی گەورە لە ئاستیاندا رادەوەستێ و شاندەداتە بەر هەموو ئەو کێشانەی کە دێنە بەردەمی و دەبنە کۆسپێکی گەورە لە سەر رێگایی . ئەوە تەمەنم گەیشتە چل ساڵ. لە ماوەی ژیانمدا، بە دەیان و سەدان کەسی جوراوجۆرم دیوە، لە کەسی چاک و خراپ، مەرد و نامەردەوە بگرە تا کەسی زانان تێگەیشتو، مامۆستایی زانکۆ و سیاسەتمەداریی بە لیمەت و ئاقل، پێری بە تەگبیرورا، کەسانی نەزان و خورافاتی، دز ودرۆزن، بێشەرف و باشەرف، هیچکات چاوم بە مرۆڤێکی وەک کاک موحەممەد نەکەوتووە کە ئاوا دڵفراوان و دڵگەورە بێت . تازە بەم تەمەنەش باوەر ناکەم کەسێکی وەک ئەو ببینمەوە. لە نیوزیلەند سەڵت و بێخێزان نییە بڵێ : لە گەڵ ئەم پیاوەدا نەژیاوم و ئەو یارمەتی نەداوم . هەرکەس لە گەڵ ژن و مناڵەکەی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ دەهاتە پێشێ، ئەوە ماڵێ کاک موحەممەد دەبوو بە کەنیسە و مزگەوت و تەمپل و. . . بۆ ئەوان. هیوادارم نمونەی وەک کاک موحەممەد لە ناوماندا زۆر بێت.

 هیوایی تەمەن درێژی بۆ بە ئاوات دەخوازم .


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.