زمان و ئەدەب و کولتوری رەسەنی کوردی، ئەوەی کە تا ئێستاشی لە گەڵدابێ؛ لە ناو کورددا بە زیندوویی ماوەتەوە و توانیویەتی گوشەیەک لە ژیانی کۆمەڵایەتی/ ئەدەبیی و فلکۆری کورد پڕ بکاتەوە، بێگومان بە هۆی حەکایەت، چیرۆک و بەیتەکانەوە بووە لە رابردوودا . ئەو چیروکنوس و حەکایەتخوانانەی کە ماڵ بە ماڵ و دێ بە دێ و شاربە شار دەسورانەوە و خۆیان دەخزاندە ناو بەیت و ستران بێژان ؛دەنگ بێژ و رەوانبێژان، توانی پشتاوپشت لە ناو مێژووی پڕشەنگداری کورداندا توانی جێگایەکی تایبەتی بۆ خۆی بکاتەوە .
ئەگەر چاوێک بە مێژووی سەدان ساڵەی کورددا بخشێنینەوە، ئەو راستییەمان بۆ دەردەکەوێ کە حەکایەتخوان و چیرۆکبێژان دەورێکی سەرەکییان گێراوە، هەم بۆ زیندوو راگرتنی زمان و ئەدەبی کوردی، هەمیش بۆ پێشگرتن لە لەناوچوونی مێژوو و خەباتی هەقخوازانەی گەلەکەمان. شەرە قارەمانەکانی کور و کچانی ئەم نەتەوەیە لە ناو بەیت و حەیران، چیرۆک و حەکایەتەکاندا رەنگی داوەتەوە و مەردایەتی وغیرەتی کوردی زیاتر بە گوێی نەوەکانی ڕابردوو و هەنوکەدا چرپاندووە و لە راستی رووداوەکاندا وەخەبەری هێناونەوە. ئەو ژن و پیاوە بەیتبێژ و حەکایەتخوێنانە، کە بە درێژایی مێژوو وەک دەریایەکی پڕ لە پەند و نەسیحەت بوون بۆ نەوەکانی دوای خۆیان، توانیویانە هەقیقەتی کوردبوون و هەقانیەتی تێکۆشانی نەوەکانی پێشووترمان لە پێناو ئازادیدا؛ فێری مندالان، گەنج و تەنانەت بە ساڵاچووانی کورد بکەن. ئەوان وەک قوتابخانەیەکی پڕ لە زانیاری، لە ناو کۆمەڵی کوردەواریدا رۆڵیان گێراوە. ئەوان سەربردووی پیاو و ژنە ئازاکانی کورد و کچ و کوڕە عاشقە بە مراد نەگەیشتووەکانی کوردیان لە ناو بەیت و حەکایەت و چیرۆکەکانی خۆیاندا دەگێڕایەوە و لە رووی کۆمەلایەتیشەوە دەستیان دەخستە سەر دیاردە دزیوەکان. ئەو دیاردە دزێوانەی کە لەناو بێگانەرا خۆیان پەلکێشی ناو کلتورمان کردبوو . دیاردەیەک کە هیچکات لە گەڵ عورف و تەقالیدی گەلێکی دێرین و بەئەزموون وەک نەوەی مادەکانی باوەگەورەماندا نەدەهاتەوە. رەوتی ژیانی جیهالەت و گەمژەیی گەلانی دراوسێ ؛ توانیبویی چوار دەوریی ژیانی کۆمەڵایەتی کوردان بگریت وکەم تا زۆر جێ پێ و کاریگەری خۆی لە سەر کۆمەڵگا بەجێ بێڵێ . بەڵام هەڵوێست وەرگرتنی هۆشیارانی ناو کۆمەڵگایی کوردی، کە خۆیان لە چیرۆک وبەسەرهاتەکاندا دەدیتەوە، بونە دیوارێکی قایم و پۆڵاین لە ئاند ئەوە شەپۆلە نەخوازراوەدا . بۆ نموونە دابران و بەیەک نەگەیشتنی دوو ئەوینداریان دەکردە هەوێنی ڕەخنەی کۆمەڵایەتی و رەخنە چینایەتیەکانیان و زوڵم و زۆریی نەیارانی کورد و جاهیلانی ناو کۆمەڵگای کوردیشیان بە گوێی خەڵکدا دەخویند. ئەوان بەو جۆرە دەیانەویست پێمان بڵێن کە نابێ کردەوەی نەشیاو و خراپ رێگایان پێ بدرێت . / بیری چاک / وتەی چاک / کرداری چاک هەردەم وەک ئاوێنە لە ناو ژیانیاندا شەوقبداتەوە.
لە سەدەکانی رابردوودا نەخوێندەواری تا رادەیەکی یەکجار زۆر باڵی بەسەر کۆمەڵگەی ئێمەدا کێشابوو، ئەو نەخوێندەوارییەش ببوو بەهۆی ئەوە کە زۆر دەرگا لە سەر زمان و ئەدەبی کوردی قەپات بکرێن و ئەو دوو سامانە نەتەوەییە بەرەو فەوتان بچن، بەڵام بەیتبێژ و چیرۆکخوێنەکانمان، لە رێگای گێرانەوەی چیرۆک و بەسەرهاتەکانەوە، کەوتنە بەربەرەکانی دەگەڵ هۆکارەکانی فەوتانی زمان وکلتووری کوردی. شەوانی ئاوەدانی بەر ئاگردان ببوون بە سەکۆی چیرۆکی قارەمانانی نەتەوەکانمان و لە قالبی شێعر و بەیتی هونەرمەندانەدا، دیاردەکانی وەک هەژاری و نەداری، بێکەسیی کورد و زۆر شتی دیکەش دەهۆنرانەوە و لەو شەوانەدا بە گوێی نەوەکانی دواتردا دەچرپێنران. تا ئەوانیش سینە بە سینە بیانگەیەننە ئێستامان.
سەردەمانێکیش کە قوتابخانە و شوێنی فێرکردن و پێگەیاندنی منداڵانی کورد لە کوردستان کرانەوە، ئەو فێرگانە بوونە شوێنی خزمەت کردن بە زمان و تۆرەی بێگانان و هیچ بایەخێکیان بۆ پاراستنی زمان و فەرهەنگی کوردی دانەدەنا ـ ئەوەتا تا ئێستاش، بەو جۆرەی کە پێویستە، مێژووی پڕ لە کەند و لەندی کورد بە دەستی خۆی نەنووسراوەتەوە و بێگانەکان ئەو ئەرکەیان لە جیاتی ئێمە ڕاپەڕاندووە، بەڵام بە کەیفی خۆیان قەزاوەتیان لە سەر مێژووەکەمان کردووە و بە مەیلی ئەڕبابەکانیان پێنووسیان گێراوە. ئەگەر تۆزقاڵێکیش ویژدان لە نووسینەوەی ئەو مێژووەدا دەکار کرابێ، ئەوە هەر بە زمانی بێگانەکان بووە و زۆرینەی کوردی لێ بێخەبەر بووە. ئەوەش وای کردبوو کە نەوەی نوێ نەتوانێ ئاگاداری رابردووی نەتەوەکەی و داب ونەریتی گەلەکەی خۆی و گەڵانی هاوسێی نەبێت. کەچی بەیتبێژ و حەکایەتخوێنەکانمان، کە ئەغڵەب نەخوێندەواریش بوون، توانیان ببنە قوتابخانەیەکی شاراوە و پڕ لە ئەزموون، هەم بۆ پاراستنی مێژوو و کولتووری کورد و هەمیش بۆ پێگەیاندنی وەچەی دوای خۆیان و ئامادە کردنیان بۆ راپەرین بە دژی زۆرداری و پێکەوەنانی ژیانێکی باشتر. گاریگەری چیرۆکو تۆرەیی کوردی لە سەر خوێندەوانیش بەرادەیەک بووە کە ئەوانیشی لە ناو هەناویی زمان و تۆرەیی بێگانەدا وەئاگاە هێناوەتەوە و تیی گەیاندوون؛ کە ئیوە خاوەن زمان وکلتوریەکی مەزن و دەوڵەمدن، ناشی خۆتان لە ناو تورەی بێگانەدا بتوێنەوە . ئەو نیمچە قوتابخانانەی کە لە کوردستاندا هاتبوونە ئاراوە، تەنیا زمانی فارسی وعەرەبییان تێدا دەخوێندرا هیچیتر. ئەو هەنگاوەش زمانی کوردی لەبەر چاوی کوردزمانان ناحەز و دزێو دەکرد . وایکردبوو کە زمانەکە داشۆرێد لە هەرچی بایەخی بیژین ونوسین و کولتووریەوە. هەر بۆیە منداڵەکانی ئێمە، هەرچی زیاتر دەچوونە ناو ئەو فێرگانە و زیاتر زمانی بێگانە فێردەبوون، بەو ڕادەیەش لە زمان وئەدەبی کوردی دوور دەکەوتنەوە. بەڵام حەکایەتخوان، چیرۆکبێژ و حەیرانبێژان، سترانبیژ و نەقڵبێژان، بەو زمانە پاراو و کوردانەی خۆیان بەرەنگاری ئەو شەپۆلە کولتوورییە دەبوونەوە کە لە لایەن دوژمنانی کوردەوە وەرێخرا و پیلان بۆ دارێژرابوو.
لەخۆوە نییە کە مامۆستا عەلائەددینی سەجادی فەرمویەتی:
"ئینکاری ناکرێ خوێندەواری چرای ژیانە، بەڵام لە لایەکیترەوە من هەست بە زیانێکی گەورە دەکەم. لەم رووەوە هەست بەوە دەکەم چوونکا خوێندەوارییەکە بە زمانی کوردی نییە، رەنگە هەتا سەدەی بیستەم بەسەر دەچێ قەومی کوردیش نەمێنێ. "
دیارە ترسی مامۆستای زانا و بلیمەت لەوە بووە کە منداڵانی کورد، کاتێک بەشداریی لەم قوتابخانانەدا دەکەن، زۆر بە سانایی زمانی زگماکیی خۆیان لە بیر دەکەن و دەکەونە پێوشوێنی زمان وداب و نەریتی داگیرکەران و واز لە فەرهەنگ و تۆرەی خۆیان دێنن. ئەوەش لە درێژخایەندا و لە فەرهەنگی نەوەکانی دواتردا وردە وردە بەهێز دەبێ تا ئیدی وای لێدی کە کورد زمانەکەی خۆی لە دەست دەدات. هەر نەتەوەیەکیش کە زمانی خۆی لە دەست دا، ئەوە بێگومان بە تێپەڕینی زەمان بەرەو لەناوچوون دەچێ. لە ناو ئەو نەتەوانەدا کە لە ناوچەکەدا هاوسێی کورد بوون، زۆرێکیان فەوتاون، یا خود لە حاڵی فەوتان دان، بەڵام جێگای شانازییە بۆ ئێمەی کورد کە توانیومانە بە هەر نرخێک بێت و بە پشتیوانی هۆنەرانی خۆمان زمان و کولتووری خۆمان بپارێزین و رایگرین. هەرچەند بەداخەوە ئیستاش لە کوردستانی ژێر دەستەی ئێراندا (رۆژهەڵاتی کوردستان)، بۆ خەوشەدار کردن و شەقڵ شکاندنی خەرمانی زمانی کوردی، نەریتێکی ناشیرین بڵاو دەکەنەوە و گۆیا هەر کەس لە ئاخافتنی خۆیدا زۆرترین وشەی فارسی یان عەرەبی بکار بێنێت، ئەوە "باکلاسە" و بە پێچەوانەکەشی ئەگەر بە کوردییەکی خاوێن بدوێ "بێ کلاسە ". بۆیە هێندێک لە کوردە کوردی نەزانەکانمان مخابن گیرۆدەی ئەم شەپۆلە هاتوون و پێیان شەرمە زمانی پەتیی کوردی بەکار بێنن، تەنانەت جل و بەرگی کوردی لەبەر بکەن.
پاراستنی داب و نەریتە کولتوورییەکان ـ هەلووکێن و خەتخەتێن و جۆرابێن و . . . ـ کە بە درێژایی مێژوو بەشێک بوون لە ژیانی شەو و رۆژانەی ئێمە و زۆر جاران بوونەتە سەرەتای شەوێکی پڕ لە بەیت و بالۆرە و حەکایەتی کۆن و نوێ، وردە وردە لەناو ئێمەدا نامۆ دەبن، نەریتی بەسەرکردنەوە و ڕا و ڕاوێژکردن دەگەڵ پیرەپیاو و پیرەژنانی بە ئەزموون و کۆنەکارانی رۆژگارمان، بەهۆی ئەم "باکلاس و بێکلاسە"وە، خەریکە دەبنە دیاردەیەکی دەگمەن کەچی هەر ئەوانەن کە توانیویانە سینگ بە سینگ فەرهەنگ، مێژوو و کەلەپووری ئێمە تا ئەو رۆژەی ئێستامان بێنن. ئەرکی سەر شانمانە کە بە پاراستنی ئەو دیاردانە و خوێندنەوەی نوێ بۆیان، خۆمان بۆ داهاتوو پڕچەکتر و پڕ دەستکەوتتر بکەین.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
