دار تا هۆرەی لە خۆ نەبێ ناقڵێشێ ...ناسر ئیبراهیمی

گەر لاپەرەکانی مێژووی کورد هەڵدەینەوە، دەبینین کە چۆن تاقمێک خەڵکی کوردستان بۆتە داردەستی دوژمنانی نەتەوەکەمان و بونەتە لەمپەرێک لە مەڕ شۆرشی کورد.جاشاییەتی و خۆفرۆشی و لەبەرەی دوژمندا هەنگاویان ناوە، لەبەر نەزانی و بەغیلی کە نەتەوەکەمان دەبێ بێ مراد بێ.

 

بە لەبەڕ چاوگرتنی هەڵ و مەرجی ناوچەو خۆ جێیی، دەنگۆی دەستتێوەردان و گۆرانی نەخشەی ناوچە و سەبەخۆبوونی کوردستان و ترسی عارەب و عەجەم و تورک لەم بابەتەوە، هەروەها لە مێدیاکان دا دەبینین کە چۆن هاشمی رەفسەنجانی هوشداری دایە کاربەدەستانی ئێرانی کەمەترسی دابەشبوونی ئێران لە ئارادا هەیە.بە کەمێک سەرنجدان، تێدەگەین کە مەبەستی پتر کوردستانە!

 

حکومەتی هەریمی کوردستان تەواوی توانای خۆی تەرخان دەکات بۆ ئەوەی کوردستان بە هەموو بەشەکانییەوە توشی شەرو کێشەو قڕە نەبێت، تەنانەت لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق.ئەو کۆنسول و سیاسەتمەدار و سەرمایەدارو کارگەو کرێکارانی بیانی کە لە باشوری کورستان هەن، دەبێتە هۆی بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری کورستان.کێشە لە کورستان بە مانای کشانەوەی ئەم هێزە ئابورییە!

 

سیاسەتێکی عاقلانەو ئاشتیانە لە کوردستان، دەبێتە هۆی سەقامگیر بونی پتری سیاسی و ئاسایش و ئارامی و دابین کردنی ناسنامەیەکی نەتەوایەتی لە ناوچەکەدا.

 

هەنگاونانی چەوتی تاقمێک لە پارلەمانتاران بۆ چەواشی کردن و لە ژێرپێی نانی عورفی پێگەی یاسایی پەرلەمان و خەڵەتاندنی خەڵک و رای گشتی کوردستان، دەبێ چ بێت و چ نییەتێکی بەدوادا هەبێت.لەم بارودۆخەی ئێستادا کە کورد پتر لە هەموو کات پێویستی بە یەکریزی هەیە، بە داخەوە دەبینین کە چۆن تەگەرە دەخرێتە بەردەم دۆزی کوردی.لە کاتێکدا دەبوایە ئەم کەسانە زۆرتر بە هەستی لێپرسیەوە برواننە مەسەلە نەتەوایەتی و هەوڵ بدەن بۆ یەکریزی نەتەوەکەمان.ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا ئەمانە نازانن کە کوردن و لە پەرڵەمانی کوردستان ئەندامن!.

 

 گەر کوردەکان لە باکوری کوردستان بۆ پرۆسێسی ئاشتی لەناو تورکیا بە لێشاوی و لێزانینەوە هەوڵ بدەن کە ئاسەواری کەمالیزم لە تورکیادا نەمێنێت و دەستوری تورکیا بگۆردرێت و نەخشی کورد بەرجەستەتر بێت، رەنگە نەتەوەکەمان دەستکەوتی باشتری هەبێت لەم بەشەی کوردستانەدا.بەڵام لەبەر بەغیلی کە نەوەک پارتێکی دیکە لە باکور دەسەلاتێک لە بۆ کورد بە نیوی خۆی تۆمار بکا و ئەوانیش بەجێی بمێنن، کردەوەو هەڵوێستی ناحەز بە دژی یەکتری هەڵدەگرن.

 

هەر وەها لە کوردستانی رۆژهەڵات لەبەر حەسادەت چاویان بە یەکتری هەڵنەدەهات، کۆمەڵەی ئێران لەترسی ئەوەی کە ح.د.ک.ا دەستکەوتێک بە ناوی خۆی تۆماربکات هەرا هەراو شەری ناوخۆی هەڵگیرساند.

 

هاوکات گۆران و دەزگای راگەیاندنەکەی بە واژو کردنی هەواڵەکان و پرۆپاگاندە ناحەزەکانی دژی حکومەتی کوردستان و سەرکردایەتی کوردستان ئاو لە ئاشی دوژمنانی کوردو کوردستان دەکات.کورد گوتەنی "دار تا هۆرەی لە خۆ نەبێ ناقڵێشێ".

 

لە کاتێکدا کە کوردستان کێشەی دەگەڵ بەغدا هەیەو دەستتێوەردانی ئێران و تورکیا لە لایەکەوەو کێشەو سوریاش بە جیا، ئەوە دەبینین کە چۆن هەندێک لە پارتەکانی کوردستان دەهۆلیان هەڵگرتوەو بە دژی حکومەت و ئەو دەسەڵاتەی کورد لە باشوری کوردستان.هەرچەند بیرو بۆچونی ئەمانە ناسراوەو شاراوه نییە و وەک هۆرە دەیانەوی لەشی میلەتەکەمان بخۆن، بەداخەوە ناشزانن کە خۆشیان تێدا دەچن و ئەو ئاسودەییەی کە ئێستا هەیانە لە کیس دەچێ.لێرەدا دەبێ بڵێم کە بەراستی نەزانی مرۆڤ ئازار دەدا، ئەمانە نازانن چ دەکەن.

 

تەلەڤیزێۆنی ک ن ن زۆرنای لێدەدا کە:

 

" پارتی سنوری لە سەر خۆرئاوا داخستوە، لەوانەیە بە فیتی تورکیا بێت"

 

 "بارودۆخی خۆرئاوا بۆنی شەری ناوخۆ دێت"

 

"پارتی پێشمەرگەی ناردو بۆ خۆرئاوا"

 

"پارتی مەشق بە هیزەکانی کوردستانی خۆرئاوا دەکا".

 

ئەم جۆرە قسانە کە لە لایەن دەوڵەتی مالکی لە بەغداوە وەپاڵ کوردیان دەدا ئێستا لە لایەن خودی کوردەوە ئاراستەی حکومەتی کوردستان دەکرێ و ئیشەکەی بەغدایان کەم کردۆتەوە.

 

نەتەوەی کورد تا کەی دەبێ بێ ناسنامە بێت، لە نەتەوە یەکگرتوەکاندا نوێنەری نەبێت.وڵاتەکەم کەی دەبیتە وڵات.کەی دەبیتە وڵات.

 

 


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.