كێ تاوانباری پیلانی تەعریبی یەزیدییەكانە؟ ...دڵشاد سەعید - سەرۆكی سەنتەری یەزیدیان لە موسڵ

ماوەیەكە ئەنوەر مەعاویە كە بەرەگەز عەرەبە، لە سایتی زیقاری سەربە حیزبی بەعس (http://www.dhiqar.net/Det.php?pid=464) لێدوان دژی نەتەوەی كورد ئەدات و ئەیەوێ ئێزیدییەكان لە نەتەوەی كورد جیا بكاتەوە.

تائێرە رەنگە بۆ عەرەبێكی بەعسی ئاسایی بێت، بەڵام ئێستا كۆمەڵێ لەو كەسانەی خۆیان بە نوسەر و رۆشنبیر ئەزانن، بۆ چاندنی تۆوی دووبەرەكی لەنێوان كورد و هەموو ئاینەكانی بەدەر لە ئیسلام، لە پەیج و سایتەكانیاندا لێدوانەكانی ئەنوەر مەعاویە بۆ دابڕینی ئێزیدی و كورد بڵاوئەكەنەوە.

یەكێك لەو پەیجانەش هی (عادل شاسواری)ی مامۆستای بەشی راگەیاندنی زانكۆی سلێمانیە كە لە چەندین وتارێكی پەیجەكەی خۆی نوسیوویەتی كە ئێزیدی عەرەبن و كورد نین.لێرەوە چەند مەسەلەیەكی گرنگ ئەخەمەڕوو:

-كارەساتە مامۆستایەكی زانكۆ نەزانێ كە ئێزیدی ئایینە نەك عەشیرەت و هۆزی نەتەوەیەك، بەڵكو هاوڵاتیانی هەر نەتەوەیەك ئەشێ ئێزیدی بن، دیموكراسی هەر نەتەوەیەك ئەوەیە كە ئاینی جۆراوجۆریشی تیا بێت، كەواتە عادل شاسواری بۆ چاوی بەرایی نایەت ئایین و مەزهەبی تر لەناو نەتەوەكەیدا هەبێت؟.

-مامۆستایەكی زانكۆ لە سلێمانی چۆن هەق بەخۆی ئەدات پشتیوانی بۆچوونی لە سەركردەیەكی بەعسی عەرەب بكات تەنها لەپێناو دابڕینی كوردە ئێزیدییەكان و تەعریب كردنیان؟.

-ئایا ئەمە چ نەخشە و پیلانێكە كە مامۆستایەكی زانكۆ ئەیەوێ بڕەو بە پرۆژەی تەعریبكردنی ئێزیدییەكان بدات؟.

ئێستاش سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی و وەزارەتی خوێندنی باڵا لەبەردەم مەسئولیەتێكی مێژوویدایە، چۆن ڕێگا بە مامۆستای خۆی داوە كە تەعریبی ئێزیدی بكات؟.ئێمەش بەرەسمی داوای رونكردنەوە لەو زانكۆیە ئەكەین

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر