گەمەی هەڵبژاردنەکان ...عارف کەریم - ستۆکهۆڵم

گەمەی هەڵبژاردنەکان ...عارف کەریم - ستۆکهۆڵم

·          ڕێککەوتنی ژێربەژێری پارتی و یەکیتی بە قازانجی کێ تەواو دەبێ؟!

·          چارەنووسی یەکیتی نیشتمانی کوردستان چی دەبێت؟

ماوەی چەند هەفتەیەکە پرسی هەڵبژاردنەکانی هەرێم، حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان(پارتی ویەکێتی)وئۆپۆزسیۆن وڕاگەیەندنە کوردییەکانی سەرقاڵ کردووە و کۆی قسەکان ئەوەیە ئایا سەرۆکی هەرێم بۆی هەیە بۆجاری سێیەم خۆی کاندیدبکاتەوە یان نا؟

هەرچی هەوادارانی بارزانییە پێیانوایە بەڵێ بۆی هەیە خۆی هەلبژێرێتەوە، هێزی ئۆپۆزسیۆنیش(گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ)لەگەڵ بەرەی میللەت و جەماوەرێکی زۆری ناو ڕیزەکانی یەکێتی و ژمارەیەکی دیار لە نووسەرو ڕوناکبیرو سیاسەتمەدارو مامۆستای زانکۆو پسپۆری سیاسی، جگەلە گۆڤارو ڕۆژنامە ئەهلییەکان و هەندێ لە کەناڵی ئاسمانی پێیانوایە بەپێی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم مەسعود بارزانی بۆی نییە لە دووخول زیاتر خۆی کاندید بکاتەوە بۆ سەرۆکایەتی هەرێم.

بێگومان سەرۆکی هەرێم خۆی لەپشتی هەموو ئەم مشتومڕو غەڵبەغەڵب و شەڕانەوەیە کە هەوادارانی بۆی ئیدارەدەکەن، ئەگەر وانییە، ئەو دەتوانێ لەکەناڵێکی ئاسمانییەوە پەیامی خۆی ڕابگەیەنێ کە نایەوێ جارێکی تر خۆی کاندید بکاتەوە و ئەوە حزبەکەیەتی کە شەڕی پێدەفرۆشێ و زۆری لێدەکات و بەناوی ئەوەوە قسەدەکات و دەخوازێ کاک مەسعود هەر سەرۆک بێت.وادیارە سەرۆک خۆی هەڵگرتووە بۆ دوا چرکەساتی ململانیکان و ئەگەر زانی لە قازانج و بەرژەوەندی ئەو تەواودەبێت ئەوا یەک ودووی لێناکات و یەکسەر خۆی کاندید دەکاتەوە بۆیە هەر بۆ ئەم مەبەستە ڕۆژی 21/09/2013ی دیاری کرد بۆ هەڵبژاردن، کەچی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێم لە 08/09/2013دا کۆتایی دێت، 13 ڕۆژەکەی دەکەوێتە نێوان 08/09-21/09/2013وە بۆئەوەیە سیناریۆی تایبەتی تیا سازبکەن تا مەسعود بارزانی ببێتەوە بە سەرۆک، یاخود هەڵبژاردنەکە دوابخەن.

بەداخەوە دەڵێم پدک لەمێژەوە، هەرلەسەردەمی مستەفا بارزانی و مامۆستا هەمزە عەبدوڵڵە و پێش شۆڕشی ئەیلول و دواتریش پێش و پاش جیابوونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی لە حزبەکە (1964)، وەکوو حزبێکی ستالینی و شموولی ڕەفتاری کردووە، سەرکردایەتی حزبەکە خۆی بە سێبەری خودا دەزانی لەسەر زەوی، قەواعیدو جەماوەری حزبەکەش وەکوو گوێرەکە و مێگەلە مەڕ حسابیان بۆدەکرا، ڕێگەیان بەکەس نەداوە بچێتەوە بە گژ دەمیاندا و ڕوبەڕویان بوەستێتەوە و ڕەخنەیان لێبگرێ یان ئەو شتانە هەڵڕێژێ کە بەدڵی ئەمان نەبووبێ، ئەگەر کەسێک هەڵکەوتبێ بێدەنگ نەبووبێ و عەیبەکانی ئەوانی خستبێتە ڕوو، ئەوا بێویژدانانە کەوتوونەتە کۆکردنەوەی توومەتی ئەخلاقی و سیاسی دژی کەسەکەو چییان لەدەستهاتبێ کردوویانە بۆ شکاندن و لەکەدارکردن و ناوزراندنی ئەو کەسە و دواتریش لە حزبەکە دەریانپەڕاندووە و مۆری خائین، جاش، خۆفرۆش، حیز و خوشک ودایک حیزو گەوادیان ناوە بە تەوێڵی کەسەکەوە، بەداخەوە دەڵێم هەتا ئێستایش پارتی دیموکراتی کوردستان کە تەمەنی 67 ساڵە بەهەمان ئەقڵیەتی کۆن مامەلەدەکات.

ئێمە بە درێژایی ئەو کاتانە هەر لەسەردەمی عەبدولکەریم قاسمەوە ئەندامی ئەو حزبە بوین، ڕاستییەکان بە چاکی دەزانین و بۆختان بۆکەس ناکەین، لەتواناشدا نییە لە وتارێکی کورتی وەکوو ئەمەدا ئەو مێژووە دورودرێژە هەڵڕێژین کە پڕێتی لە خەتا و تاوان و پێهەڵخلیسکاندن و سەرەڕۆیی و کورد کوشتن و شتی سەیروسەمەرە و بەدەیان بەڵگەو نموونەش لەبەردەمدان بۆ سەلماندنی ڕاستییەکان.

یەکیک لە بەڵگە زیندووەکانی ئەمڕۆ، کارێکی ناڕەوای شێخ ئەدهەم بارزانی ئامۆزای مەسعود بارزانییە کە لەم هەفتانەی ڕابوردوودا پەنای بردەبەر، ئەویش برێتیبوو لە پەلاماردانی کەسایەتییەکی سیاسی ناسراوی کوردستانی وەکوو مامۆستا سەلاحەددین بەهائەددین و تومەتباری کرد بە جاسووس و بەم کارەی زیانێکی گەورەی گەیاندە پارتی و شەخسی مەسعود بارزانی.

خەتاکە بەتەنها هی شێخ ئەدهەم بارزانی نییە، خەتاکە زیاتر ئەوەیە کە ئێمە خاوەنی کۆمەڵگایەکی خێڵەکی دواکەوتووین، دابونەریتە کۆنەکان باڵیان کێشاوە بەسەر جومگەکانی ژیاندا و دەیانەوێ کۆمەلگاکە لە جووڵە بخەن وڕێگربن لە هەموو جۆرە گەشەکردن و بۆپێشەوەچوونێک، ئەم کۆمەڵگایە کلتوورێکی سەقەت و تێکشکاوی تۆزلێنیشتووی پێشکەش بە ئێمە کردووە کە کلتووری بێگانە و داگیرکەری تیا تێکەڵ بووە و دەیان ساڵە حزبی سەقەت و سیاسەتمەداری سەقەت و سیستم و ئەقلی سەقەتمان بۆ بەرهەمدێنێ و ئەم قسەوباس و تومەتانەی لێدەکەوێتەوە کە زوو زوو لێرەولەوێ گوێبیستی دەبین و هەر ئەمانەشە وای لە پارتی کردووە کە لەدوای ڕاپەڕینەوە ئەوەندەی ئێستا باری لاسەنگ نەبێ و گڵۆڵەی نەکەوتبێتە لێژییەوە.

لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە:چ کاتێک پارتی و سەرۆک بارزانی بریاردەدەن بەخۆیاندا بچنەوە و واز لە شەڕ و گێچەل و شەڕی سایکۆلۆجی بهێنن بۆئەوەی هاوکاری بکەن لە گواستنەوەی هەرێمی کوردستان لەو بارودۆخە قەیراناوی و چەقبەستووەی خۆی تێدا دەبینێتەوە ولەجێی ئەوە کۆمەڵگایەکی شارستانی دروست و تەندروست بنیات بنێن، تێیدا تاکەکانی ئەم کۆمەلە ڕێزوحورمەت و مافی خۆیان هەبێت و خاوەنی قسەو بریاری خۆیان بن، کۆمەلگایەک نەفرەت لەدەسەڵاتی تاکەکەس وحزب و بنەماڵە بکات، یاسا سەروەر بێت، دیموکراتی و ئازادی لەسەر قاچی خۆیان بوەستن بۆئەوەی دەسەڵات دەستاودەست بکات و ڕێگە نەدری دەسەڵاتی دیکتاتۆر بەرهەم بیت و میللەتیش لە فرتوفێڵ و خۆڵکردنە چاوی ئەم حزب و ئەو حزب ڕزگاری ببێت.

لەمێژەوە سەرۆک بارزانی وتوویەتی دەبێ یاسا سەروەربێت و نابێ کەس لەسەروو یاساوە بێت، بەلام کە باس دێتە سەر باسی خۆی، ئەوا دەبێ یاساودەستوور چۆکدابدات و ملکەچبکات بۆ خواستەکانی ئەو! ئایا سەرۆک نازانێ هەر قسەیەک کە ئەو دەیکات و هەر تەسریحێک کە ئەو دەیدات، مەسئولییەتی تێدایە و دەکەوێ لەسەری، خۆ قسەکردن دووکەڵی جگەرە نییە بیدەی بەهەوادا، نەخێر ملیۆنان هاوڵاتی گوێی بۆدەگرن، ئەمە جگەلەوەی ژمارەیەکی تر لە لێکۆڵەر و نووسەر و ڕۆشنبیر لای خۆیان تۆماری دەکەن و لەکاتی پێویستدا -وەکوو ئێستا- دەیدەنەوە بە چاوی سەرۆکدا، نموونەی زۆرمان هەیە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەوروپا، ئەگەر بەرپرسێکی گەورە تەسریحێکی گرنگ وچارەنووسساز یاخود بەڵێنێکی گەورە بدات بەگەلەکەی ودوایی لێی ڕابکات یان پەشیمان ببێتەوە و جێبەجێی نەکات چی بەسەردێت!!!.

پێشنیاری خەڵک و سەدانی وەکوو من ئەوەیە کە کاک مەسعود بارزانی تەسلیم بە ئەمری واقیع ببێت، لەجێی خەباتی خۆفەرزکردن و چاوسوورکردنەوە، خەباتی شارستانی و دیموکراتیانە پیادەبکات و ئەو سیستمە گەندەڵەی لە کوردستاندا هەیە، بیگۆڕیت بە حکومەتی یاساو دەزگای دامەزراو، واتە بە یاساییکردنی هەموو شتێک لەکوردستاندا، لەوێدا یەکسانی کۆمەڵایەتی هەبێت، هیچ کاتیک تاکی ئەم کۆمەڵە دووچاری ئازارو ئەشکەنجە نەبیت و لە زینداندا توند نەکرێت، سامانی گەل بۆ گەل بێت، بچێتەوە بە گژ قاچاخچییە بێویژدانەکانی خواردن و دەرمانی ماوەبەسەرچووکە چاک دەیانناسێ و دەزانێ ساڵانێکی زۆرە بە سەدان تەن خواردن و دەرمان ساخدەکەنەوە لەسەری میللەتی داماو و هەژارو بێدەرەتاندا و بەڕۆژی نیوەڕۆ میللەتەکەی خۆیان ئەنفالدەکەن لەپێناوی پارەوپوولدا کە تێریشی لێناخۆن، ئەوەتا بە چاوی خۆمان دەیبینین بەهەزاران حاڵەتی شیرپەنجە و سەدان حالەتی جەلتەی دڵ و مێشک و دەیان جۆری ترلە نەخۆشی میوانی خەستەخانەکانی کوردستانن، ئەوەتا دواجار ژمارەیەک هاولاتی بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی خراپەوە چاوەکانیان لەدەست داوە بێئەوەی ئەم دەسەڵاتە ورتەی لێوەبێت و لە پیاوکوژەکان بپرسێتەوەو بیاندا بە دادگا هەروەکوو ڕۆڵەی ئەو میللەتە لە کونە دیوار هاتبنە دەرەوە و مرۆڤ نەبن!!!!!

کاک مەسعود نابێ دڵتەنگ بیت کە لەم کاتەدا بێمتمانەیی و بێزاری خەڵکی کوردستان گەیشتۆتە لوتکە و لەهەموو دەڤەرێکەوە خەلک هاوارێتی بە شیوازی جۆراوجۆر، هەیە دەچریکێنێ و دەپرسێ:داهاتی نەوت کە بە ملیار دولارە بۆ کوێی دەبەن؟ کوانێ بەشی میللەت؟بۆچی بەرپرسان نافەرموون بۆ بەردەمی گەل و پەرلەمان، ڕوونکردنەوە بدەن لەسەر گرێبەستەکان و شیرینییەکان و داهاتەکان؟!!!!!خەڵک بێزارە لە دامەزراندنی سەدان کە س بە پلەی تایبەت و لەسەر حسابی قوربانییەکانی ئەنفال و هەلەبجەو خەڵکی بێدەرەتان و لیقەوماو، سەدانی تر مووچەی خۆڕاییان دەدریتێ سەرباری مووچەکەی خۆیان، لەولاشەوە بەسەدان دەرچووی زانکۆمان هەیە بێکارن و دادو بێدادیانە بەدەست ئەم دەسەڵاتەوە کە لایان لێناکەنەوە.ئەمانەو دەیان ناعەدالەتی تر هەیە لەکوردستاندا کە لە وتارێکی وەکوو ئەمەدا جێی نابێتەوە، ئەگەر سەرۆک مەسعود بارزانی ئەمانەی سەرەوەی قبووڵ بیت، ئەوا دەسەلاتەکەی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و دەبێ خۆی ڕازی نەبێت هەڵیبژێرنەوە بەسەرۆکی هەرێم.

دەربارەی هاوپەیمانێتی پارتی و یەکێتی و ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوانیان

ڕۆژی 07/04/2013 مەلا بەختیارو فازیل میرانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان بەست سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنەکان و کاندیدکردنەوەی سەرۆکی هەرێم بۆ خولی سێیەم، هەروەها رێککەوتننامە ستراتیژییەکەی نێوانیان.مەلا بەختیار وەکوو کەسێکی شپرزە و شیواو و شڵەژاو دەهاتە پێش چاو، کەسێک خەتایەکی کردبێت و نابوود بووبێت.لەکۆنگرەکەدا ئەوەی ئاشکراکرد کە ئەوان واتە (یەکێتی)بەدیلی بارزانییان نییە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم و کاندیدی ئەوانیشە، جگەلەوە ڕونکردنەوەی دا لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و بازیدا بەسەر هەڵبژاردنی پارێزگاکاندا کە تەگبیری هەردوو حزبەکە بوو و وتی:پارتی و یەکیتی بە لیستی جیا دادەبەزن لە هەڵبژاردنەکاندا بەڵام پابەنددەبن بە ڕێککەوتننامە ستراتیژییەکەی نێوانیانەوە!!!

یەکەم ڕەخنە کە ڕووبەرووی مەلا بەختیار دەبێتەوە ئەوەیە کە ئەو لە کۆنگرەکەدا وەکوو کەسێکی نامەسئوول قسەی دەردەپەڕاند و ویستی لاسایی مام جەلال بکاتەوە و هەموو هێلکەکانی فڕێبداتە سەبەتەکەی پارتییەوە و بریار لەسەر یەکێتی بدات، چونکە پێشتر ئەوکاتانەی مام جەلال وەکوو کەسێکی کارێزمای ناو یەکێتی، ئەگەر ویستبێتی شتێک بڵێ یان بکا، کەسێک نەبووە ڕێگر بووبێت و لە ڕوویدا بوەستیتەوە و مام جەلال ڕابگرێ، بۆیە ئەوەی مەلا بەختیاریش جۆرێک بوو لە پێداگرتن لەسەر پرەنسیبی دیکتاتۆریەت و لاساییکردنەوە و بیری لەوە نەکردبۆوە کە دواتر جەماوەری یەکیتی لێی ڕاستدەبیتەوە، لەلایەکی ترەوە مەلابەختیار ڕاوێژی بە سەرکردایەتی یەکیتی و ئەنجوومەنی ناوەند و مەڵبەندەکان و مەکتەب ڕێکخستنەکان و کادیرە پێشکەوتووەکانی یەکێتییەوە نەکردووە تا لەبەر ڕۆشنایی ڕاو بۆچوونی ئەوان ئەم بریارە سەختە بدات، ئەمە لەکاتێکدا دەبێ جەماوەری یەکێتی هەقی پێبدرێ و ڕۆڵی هەبێت لە بریارە چارەنوسسازەکان و گواستنەوەی قۆناخەکان، ڕەنگە ئەو وا تێگەیشتبێ لەبەرئەوەی کاتی خۆی شەخسی مام جەلال ئیمزای لەسەر ڕێککەوتننامەکە کردووە، ئیتر ئێستا هەموو شتێک تەواوە و ئەو دەتوانێ قسەکانی مام جەلال بجوێتەوە و چۆنی بوێ وابکات و هەموو شتێکیشی بۆ دەچێتە سەر!!!، ئەم نەیزانی کە دنیاکە لەدوای نەخۆشییەکەی مام جەلال گۆڕانی گەورەی بەسەردا هاتووە و ئەوەی مام جەلال لەکاتی خۆیدا کردوویەتی و گوێی نەداوەتە کەس، ماڵوێرانی و بەدبەختی هێناوە بۆ خۆی و یەکیتی و گەلی کورد و بەدەستی خۆی پارتی سواری ملی خۆی و یەکیتی کرد و زەمینە و بارودۆخێکی وەهای خۆلقاند کە ئەو میللەتە داماو و بەستەزمانە پێوەی بناڵێنێ.

مەلا بەختیار و فازیل میرانی ویستیان لە سەر بنەمای شەخسی و حزبی گەمەی هەڵبژاردنەکان بنەخشێنن( واتە بەحزبی کردنی مەسەلەکە )و لەو ڕێگایەوە مەسەلەی دیموکراتی ئیفلیج بکەن و بیکوژن و دواتر بە هەردولایان بە هەلهەلە کێشان تەرمەکەی بنێژن و شایی و زەماوەندی لەدەور بگێڕن، ئەم سیناریۆیە هەتا ئێستایش هەر بەدەوامە و پارتی و ئەم توێژەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ترسی تەواویان لێنیشتووەو و هەر ڕۆژەی بەدوای سیناریۆو شتێکی نوێدا دەگەرێن کە سەرکەوتنی پێ تۆمار بکەن بۆ خۆیان و خەڵکی پێ چەواشە بکەن.

ئاخر کارێکی هەتا بڵێی زەحمەتە کەسێک یان کەسانێک لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی زۆر بێباکانە یاری بە چارەنووسی میللەتەکەیانەوە بکەن و بەئارەزووی خۆیان بەناوی ڕێکخستنەکەیانەوە قسە بکەن و بریاربدەن کێ دەبێ سەرۆکی هەرێم بێ ؟ لەگەڵ کێ ڕێککەوتننامە ئیمزا بکەن و لەگەڵ کێ هاوپەیمان بن و شەرێک بن؟ دیارە ئەمە شتێکی تێدایە بۆ ئەم برادەرانە و ژێربەژێر دەمیان چەور کراوە!بۆیە وەها ڕەفتاردەکەن، ئەگەر وانییە، ئەی بۆ ناچن ڕاپرسییەکی حزبی بکەن لەسەر ئەم مەسەلە چارەنوسسازانە ؟

بەشێکی تر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە قسەوباس بوو لەسەر دابەزین بە لیستی جیا لە هەڵبژاردنەکاندا کە هەموو کەس پێی خۆشبوو، بڕوام وایە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنیش پێشوازی گەرمی لێدەکەن وباوەشی بۆدەگرنەوە بەمەرجێک خزمەتی ژێربەژیری مەکتەبی سیاسی ی ن ک و پارتی پێنەکرێت کە دەڕژێتە ناو ڕێککەوتننامە ستراتیژییە تۆزلێنیشتوەکەی ڕابوردووەوە کە هیچ خێریکی بۆ خەڵکی کوردستان تێدا نییە و تەنها و تەنها لەبەرژەوەندی ئەوانەیە کە خەریکی گیرفان پڕکردنن!!!

خەڵکی کوردستان ئەزموونێکی تاڵوتفتیان هەیە لەگەڵ دەسەلاتی سیاسی دووحزبەکە و بەچاکی لەوە گەیشتوون کەلە سێبەری ڕێککەوتننامەکەدا زۆربەی زۆری هاوڵاتیان بێبەش بوون لە لەمافەکانیان، هەڕەشە وگوڕەشە و چاوسوورکردنەوە و ڕاونان و گرتن و ئازاروئەشکەنجەدان و سەرکوتکردن و زیندانیکردن و کوشتن بەردەوامە، بەتایبەتی بەرامبەر ڕۆشنبیر و شورنالیستەکان کەئەمەیش خۆی لە خۆیدا مانای ئەوەیە دیکتاتۆریەت و حوکمی موخابەراتی باڵی کێشاوە بەسەر کوردستاندا، جگەلەوە سامانی گەڵ بە تالان دەبرێت و لەو ڕێگایەوە ژمارەیەک ملیاردێری کوردی بەرهەم هێناوە و کەسیش نازانی پارەکە بۆکوێ دەبەن، مەسەلە جارەنوسسازەکانی ئێمە کاری بۆنەکراوە و بە هەڵپەسیردراوی ماونەتەوە لە بەغدا و مشتومڕی دەسەلاتی هەرێمیش لەگەڵ بەغدا هەر لەسەر پارەو پوول بووە و مالیکی چەند جاریک داوای لێکردن کە بچنە بەغدا و روو بە ڕوو لەگەڵیا دابنیشن و وتی یەک جاریش باسی مادەی 140 لەگەڵ من نەکراوە، جگەلەوەی پارەیەکی زۆری پێداون بۆ ئەو مەبەستە، کەچی لەترسی مەلەفەکانیان قبووڵیان نەکرد بچن بۆ بەغدا!!!.بەهۆی ئەوەی لەخەمی پارەوپوولدان، لەسەرکردایەتی هەردوو حزبەکە قاچاخچی نێودەڵەتی دەرمان و خۆراکی ماوەبەسەرچوو پەیدا بوون، بەترێلە بە سەدان تەن دەهێننە کوردستان و میللەتەکەی خۆیان ئەنفالدەکەن( مەلا بەختیار و کاک مەسعود و فازیل میرانی ) ئەمانە چاک دەناسن و لێی بێدەنگن...دیارە لەمەشیاندا شتێکی بۆ ئەوان تێدایە !!! پارەو پوول لە بانکەکاندا نامێنێ و کەوتوونەتە گیانی ئەو خەولکە داماو و هەژارە و یاری بە قووتی ئەوان دەکەن و پارەکانیان دەبەن، نادادپەروەری و پێشێلکردنی مافی هاوڵاتیانی کوردستان گەیشتۆتە لوتکە، فەسادکردنی کۆمەڵگای کوردستان و دابرین و ڕووتکردنەوەی خەڵک لە بەهاو شتە جوان و بەنرخەکان کاری سیستمی ئەمڕۆی کوردستانە، باوەشگرتنەوە بۆ کۆنەجاش و خۆفررۆش و موستەشارو بەعسی و فایلدار و بە پێچەوانەشەوە پشتکردنە هەزاران کەس لە قوربانیانی هەڵەبجەو ئەنفال ( منداڵ و ژن و پیرو پەککەوتە ) پیشەی دەسەڵاتی سیاسییە لە کوردستاندا، دەسەڵاتی تاک و حزب وەکوو دەیان ساڵی تر باڵی خۆی کێشاوە بەسەر پەرلەمان و حکومەت و جومگەکانی ژیاندا.

ئەمەی سەرەوە هەتا بڵێی بەشێکی کەمە لە بەرهەمەکانی ڕێککەوتننامەی ستراتیژی کە خزمەتی توێژێکی دیاری مەکتەبی سیاسی( ی ن ک ) و بنەمالەی بارزانی دەکات و ڕێگەخۆشدەکات بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی دیکتاتۆریەت لە کوردستاندا، هەروەها لە سێبەریدا گەندەڵی زیاتر گەشەدەکات و دەرگاش دادەخات لەڕووی پرۆسەی سیاسی و مەسەلەی دیموکراتی و ئایندەی حوکمڕانی لە کوردستاندا، ململانێ و پێشبڕکێکانیش قفڵ و ئیفلیج دەکات لە گۆڕەپانی سیاسیدا وچۆنیان بوێ هەویرەکە وەها دەشێلن!.

بەپێچەوانەی ئەمەوە هەڵوەشاندنەوە یاخود تێکدانەوەی ڕێککەوتننامەی ستراتیژی پارتی و یەکیتی دەروازەیەک دەخاتە سەرپشت بەڕووی گۆڕانکارییە سیاسییەکاندا و دەبێتە هۆی فراوانبوونی پانتایی دیموکراتی و بەرتەسککردنەوەی دەسەلاتی تاک و حزب وقەڵاچۆکردن و نەهێشتنی دۆخی چەقبەستووی سیاسی لە کوردستاندا کە بەرژەوەندی دوو حزبەکەی زیاتر فراوان و بەهێزتر و زاڵتر کردووە، هەروەها زەمینە خۆشدەکات لەبەردەم ڕەخنەو ڕەخنە لەخۆگرتن و داهێنان و جوانکاری و ململانێ و پێشبڕکێی شەریفانە و عادیلانە و هوشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵ بۆ بەشداریکردنیان لە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگایەکی هەڵوەشاوە و لەیەکترازاوی وەکوو ئەمەی ئێستا وتەکان بە دیموکراتی دەدات گەشەبکات و لەسەر قاچی خۆی بوەستێ تا لەو رێگەیەوە تاکەکانی کۆمەڵیش بتوانن هاوکاری بکەن لە کۆنتڕۆڵکردنی دەوڵەت و بەرپرسە گەورەکان و دواتریش حزبە کوردستانییەکان مل بنێن بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و بیر لەوە نەکەنەوە هەتا مردن سەرکردە بن، لەباتی چوونە ناو شەڕێکی ساردی بێهوودەی سایکۆلۆجی دژ بە خۆیان و میللەت، لەباتی ئەوە با لەکەلی شەیتان بێنە خوارەوە و دابەزنە ئاستی خواستەکانی خەڵکی کوردستان.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەهۆی ئەوەی ڕیزەکانی لە گرێژەنە چووە، سەرکردایەتی و خوارەوە وەکوو یەک بیر ناکەنەوە و تەکەتتول و تاقم تاقمێنە ڕێگەنادات گوتارێکی سیاسی یەکگرتوو هەبێ لەسەر بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێم و داهاتووی کوردستان، ئێستا دوای نەخۆشییەکەی مام جەلال هەلێکی زیڕینی بۆ هاتۆتە پێشەوە سەبارەت بە یەکخستنەوەی ڕیزەکانی و بەگژداچوونەوەی سیاسەتی کەمایەتی کە دەیەوێ یەکێتی بەرەو هەڵدێر و داهاتوویەکی تاریک و نادیار بەرێت، هەڵبەتە مەلا بەختیارو کەمایەتییەک لەئەندامانی مەکتەبی سیاسی دوو ڕێگا لەبەردەمیاندا هەیە کە هەڵیبژێرن، یان ئەوەتا لەناو پارتیدا بتوینەوە و دەستەمۆی ئەوان بن و دوای پارەوپوول و ئیمتیازات و پلەو پایە وسامانی تالانکراوی میللەت بکەون ودرێژە بە ڕێککەوتنە ستراتیژییەکە بدەن کە ئامانج لێی ئەو خالە گرنگانە بوو کەلەم وتارەدا ئاماژەم بێکرد، یان ئەوەتا بگەڕینەوە بۆ لای جەماوەری یەکیتی و میللەت و ئاشتیان بکەنەوە و ئەوە بکەن کە زۆربەی ئەندامانی یەکیتی شەفافانە بریاری لەسەر دەدەن، ئەگەر وانەکەن ئەوا دەبێ حساب بۆ ئەگەری درووستبوونی ڕێکخراوی نوێ بکەن کەلە ڕیزاکانی یەکێتی دەچنە دەرەوە، وەکوو ئاڵای شۆڕشی و گۆران و دەنگەکانی یەکێتی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا هەمووی دەروات بۆ ئەو ڕێکخراوە، یان ئەوەتا دەنگە نارازییەکان نایەنە دەرەوە و هەر لەناو یەکێتیدا دەمێننەوە، بەلام دەنگەکان لەکاتی هەڵبژاردندا دەڕوات بۆ گۆڕان، بڕواشم وایە هیچ کەسێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی توانای ئەوەیان نییە کە ئەم شەپۆلی بێزارییە رابگرن لە ڕیزەکانی یەکێتیدا و ناتوانن بە فرتوفێڵ و خۆڵکردنەو چاوی خەلکیی مەرامەکانی خۆیان تێپەڕینن و جێبەجێبکەن کە لە گیرفان پڕکەردن بەولاوە هیچی تری بۆ میللەت تێدا نییە.

عارف کەریم/ستۆکهۆڵم

یەکی ئایاری   2013

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.  

 

 

 

 

 

 

 


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

بابەتی زیاتری نووسەر