ئێمه هه‌ر دنیای سیاسیمان به‌ده‌ست كێماسی و په‌رته‌وازه‌یی و نه‌شاره‌زایی سیاسی موجامه‌له و گه‌نده‌ڵی و خزمخزمێنه‌و مه‌حسوبیه‌ت و مه‌نسوبیه‌ته‌وه ناناڵێنێت، به‌ڵكو دنیای ئه‌ده‌بیشمان تا ڕادده‌یه‌كی بێزاركه‌رو نه‌خوازراو توشی هه‌مان كێماسییه‌كانی دنیای سیاسیمان بووه كه پێویستی به‌چه‌ند ڕه‌خنه‌گرێكی بوێر‌و شاره‌زا و ئه‌كادیمی و پسپۆڕ و بوێر هه‌یه كه قسه‌ی جددییان له‌سه‌ر بكه‌ن.
به‌ڵام جێگه‌ی نیگه‌رانییه كه ئه‌دیبان به‌تایبه‌تی ڕه‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌بی ئێمه كه خۆیان ئه‌هلی قه‌ڵه‌من ئه‌وه‌نده‌ی قسه له‌سه‌ر دنیای سیاسی و بواره‌كانی دیكه ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌نده نه‌یان په‌رژاوه‌ته سه‌ر قسه‌كردن له‌سه‌ر دنیا ئه‌ده‌بییه‌كه‌ی خۆیان كه‌تێیدا به‌هۆی جۆرێك گه‌نده‌ڵییه‌وه كه من به (گه‌نده‌ڵی ئه‌ده‌بی) ناوی ده‌به‌م ده‌ناڵێتێت.
له قۆناغی ئێستای دنیای ئه‌ده‌بیماندا ڕێك وه‌كو دنیای سیاسیمان كه‌سانێك له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێكی په‌یوه‌ست به‌لایه‌نی و سیاسی و براده‌رایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی و ناوچه‌گه‌ری و جوانی به‌ژن و ڕووخسار و مێینه‌ییان به‌رز ده‌كرێنه‌وه‌و ده‌برێنه كه‌شكه‌شانی ئاسمان كه ده‌قه‌كانیان له‌و ئاسته‌دا نین، له‌به‌رانبه‌ریشدا كه‌سانێك فه‌رامۆش ده‌كرێن كه خودان توێژینه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی و ده‌قی جوان و سه‌رنجڕاكێشن، كه من هه‌رگیز خۆم به‌یه‌كێك له‌وان دانانێم.
ئه‌مڕۆ له دنیای ئه‌ده‌بی كوردیدا په‌یوه‌ندییه شه‌خسییه‌كان و پله‌وپایه‌ی سیاسی و ڕه‌گه‌ز و ناوچه‌گه‌ری و چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌كی ناپه‌یوه‌ست به‌دنیای ده‌قه‌وه، بڕیار ده‌دات كه تۆ خه‌ڵاتێك وه‌رده‌گریت یان بۆ كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه و ڤێستیڤاڵێكی ئه‌ده‌بی بانگهێشت ده‌كرێیت یان نا. من به‌شبه‌حاڵی خۆم ئه‌وه‌م له‌كه‌سێكی به‌ناو ئه‌كادیمی له دنیای ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردیدا بینی، ئه‌و داوای لێم كرد كه له‌باره‌ی به‌رهه‌مێكی ئه‌وه‌وه بنووسم، هاوكات پێیشی گوتم: له‌ماوه‌ی داهاتوودا بۆ فڵان ڤێستیڤاڵ و فڵان كۆڕ وه‌كو گه‌نجێك داوه‌تت ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها سۆزی ئه‌وه‌یشی پێدام كه وه‌كو گه‌نجێك كارئاسانیم بۆ ده‌كات تاوه‌كو خه‌ڵاتی ڤێستیڤاڵێكی ئه‌ده‌بی وه‌ربگرم، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه من ئاماده نه‌بووم كه به‌پێی مه‌رجه‌كانی به‌ڕێزیان قسه له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كه‌ی بكه‌م، ئیدی په‌یوه‌ندی خۆی له‌ته‌كمدا سارد كرده‌وه‌و ده‌نگوباسی ڤێستیڤاڵ و خه‌ڵاته‌كانیش نه‌ما.
هه‌روه‌ها به‌ڕێزێك له‌دوای ئه‌وه‌ی كه له یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد چه‌ند قسه‌یه‌كم له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كرد ئیدی به‌رهه‌مه‌كانی خۆی له‌بۆم هێناو داوای كرد كه له ڕووانگه‌یه‌كه‌وه كه خۆی بۆی دیاری كردم به‌زمانی عه‌ره‌بی توێژینه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر بنووسم، منیش پێم گوت: كاكی خۆم وه‌ها نابێت چونكه من له‌دنیای ئه‌ده‌بیدا قسه له‌سه‌ر هیچ ده‌قێك ناكه‌م ئه‌گه‌ر ده‌قه‌كه بۆخۆی كاریگه‌ری لێم نه‌كات و په‌لكێشی جیهانی خۆیم نه‌كات و ناچارم نه‌كات قسه‌یه‌كی له‌باره‌وه بكه‌م یان ڕایه‌كی له‌باره‌وه ده‌رببڕم، ئیدی گوێ به‌وه ناده‌م خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌ناسم یان نا، په‌یوه‌ندیم باشه له‌ته‌كیدا یان نه‌خێر.
به‌ڵام ئه‌م قسه بابه‌تییانه‌ی من كاكی شاعیری قه‌ناعه‌ت پێنه‌كرد و ده‌ستێكی به‌رزكرده‌وه‌و زمانی جه‌سته‌ی له‌ڕێگه‌ی ئاماژه‌یه‌كی ده‌ستی و ده‌موچاویه‌وه تێی گه‌یاندم ئه‌گه‌ر ئه‌و نوسینه‌ی له‌سه‌ر بنووسم شتێكیشی تێدا ده‌بێت!. منیش تێمگه‌یاند كاكی خۆم من نووسینی ئه‌ده‌بی وه‌ها تێده‌گه‌م كه یارییه‌كی چێژبه‌خشه له‌ناو ده‌قدا، هه‌ر ئه‌م چێژه‌یش پاداشتێكی مه‌عنه‌وی گه‌وره‌ی ده‌قه بۆمن، لۆیه پیوستم به پاداشتی خاوه‌ن ده‌قه‌كه نییه.
زمانی جه‌سته‌ی ئه‌و به‌ڕێزه وه‌های لێم كرد ئیدی له‌به‌ر پاراستنی كه‌سایه‌تییه خاكی و چكۆله‌كه‌ی بواری نووسینم، خۆم له تێكه‌ڵاوی كردنی هه‌ر شاعیر‌و ڕۆماننوس و ڕه‌خنه‌گرێك به‌دوور بگرم، تا ئه‌و كاته‌ی كه له‌ڕێگه‌ی چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌وه كه‌سایه‌تی وی ده‌ناسم، هه‌ر ئه‌مه‌یش وه‌های له‌من كرد ئیدی هێنده بڕوام به‌خه‌ڵاتی ئه‌و ڤێستیڤاڵ و مێستیڤاڵ و كۆڕانه نه‌ما كه به‌كه‌سانێك ده‌درێن، مه‌گه‌ر كه‌سه‌كه‌م به باشی خوێندبێته‌وه‌و ناسیبێتم.
هه‌ر له تابلۆی واقیعی ئه‌مڕۆی ئه‌ده‌بیمان سه‌روسه‌كوتی كۆمه‌ڵێك شاعیر‌و ڕۆماننووس و شانۆنامه‌نووس ده‌بینین كه عه‌نعه‌نه‌و ته‌نته‌نه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن گوایه داهێنانیان كردووه، وه‌لێ كه ده‌قه‌كانیان به‌چاوێكی ورد ده‌پشكنیت و به‌ده‌قی نووسه‌رانی بیانی به‌راوردیان ده‌كه‌یت بۆت ده‌رده‌كه‌ویت دزێكی ئه‌ده‌بی باشن. سه‌یر له‌وه‌دایه كاتێك له هه‌ر یه‌كێكیان ده پرسیت كاكه تۆ ئه‌و داهێنانه‌ت له‌كوێ هێناوه؟ ده‌ڵێت: ئه‌وه سه‌د ده‌ر سه‌د خۆماڵییه وبه‌رهه‌می بیری خۆمه، هه‌ر ئه‌م قسه‌یه نه‌شاره‌زاییه‌كی ته‌واوی ئه‌و براده‌ره‌ت له ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی نوێ نیشان ده‌دات، چونكه له‌دوای ده‌ركه‌وتنی بیردۆزه‌ی (ده‌قئاوێزان - Intertextuality) ئیدی قسه‌كردن له‌سه‌ر ده‌قێك كه سه‌د ده‌ر سه‌د به‌رهه‌می عه‌قڵی تاكه نووسه‌رێك بێت بوو به‌نوكته. ئه‌ری من نازانم چ عه‌یبه‌كی تێدایه ئه‌گه‌ر ئه‌و براده‌ره بڵێت: ڕاسته به‌رهه‌مه‌كه‌م سه‌دی سه‌د خۆماڵی نییه‌و به فرانكه نووسه‌ری بیانی كاریگه‌ر بووم، خۆ ئه‌مه له بیردۆزه‌ی ده‌قئاوێزان و ئه‌ده‌بی به‌راوردكاریدا ڕێگه پێداروه و هیچ عه‌یب نییه، به‌ڵام نازانم دزه ئه‌ده‌بیه‌كه‌ی خۆمان بۆچی ئه‌و دانپێدانانه‌ی به‌لاوه عه‌یبه؟!.
هه‌روه‌ها چه‌ندین توێژه‌ری ئه‌ده‌بی وه‌هامان هه‌یه ــ به‌تایبه‌تی له ناوه‌ندی زانكۆدا ــ كه له به‌ناو توێژینه‌وه كرچوكاڵه‌كانیاندا خه‌ریكی دزین ئه‌وجا له‌ڕێگه‌ی وه‌رگێڕانی سه‌قه‌ته‌وه، كه‌چی لافوگه‌زافی داهێنان له توێژینه‌وه‌دا لێده‌ده‌ن، كاتێكیش ده‌كه‌ونه گفتوگۆ له‌ته‌ك ئه‌ده‌بدۆستێكی زمانزاندا و دووپرسیاریان له شوناسی ئه‌سڵی بیرۆكه‌و شیكاری توێژینه‌وه‌كانیان لێده‌كات ئیدی ده‌میان ده‌بێت به‌ته‌ڵه‌ی ته‌قیوه‌وه‌و له‌قسه‌كردندا ته‌ته‌ڵه ده‌كه‌ن. من خۆم چه‌ند جارێك له‌ناوه‌ندی زانكۆدا به هه‌گبه‌ی موته‌وازیعی زانیارییه ئه‌ده‌بیه‌كانمه‌وه ڕێكه‌وتی ئه‌و به‌ڕێزانه‌م كردووه. دوایین ڕێكه‌وتیشم له‌ته‌ك خاوه‌ن بڕوانامه‌یه‌كی له‌خۆم به‌رزتردا بوو، كاتێك پێم گوت: تۆ له فڵان توێژینه‌وه‌تدا قسه‌ت له‌سه‌ر (وه‌سف له رۆمان‌دا) كردووه، سه‌رچاوه‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ت له‌كوێ بوو ده‌مه‌وێت سوودی لێوه‌ربگرم؟. كه‌چی نكۆڵی كرد له‌سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه وه‌ری گرتبێت و جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه قسه‌ی خۆی بێت، وه‌لێ كاتێك كه توانای زانستی خۆیم به قسه‌كردنه‌كانی له‌سه‌ر وه‌سف به‌راورد كرد، هه‌ستم به پارادۆكس كرد. بۆیه هیچ سوودم له قسه‌كه‌ی له‌باره‌ی وه‌سفه‌وه وه‌رنه‌گرت، به‌ڵام له‌میانی خوێندنه‌وه‌ی سه‌رچاوه ئه‌ده‌بییه‌كاندا شوناسی ئه‌سڵی قسه‌كه‌یم له كتێبی (بنا و الروایه) ی ڕه‌خنه‌گری به‌توانا (سیزا قاسم) دیته‌وه، كه توێژه‌ره‌كه‌ی خۆمان بۆ زمانی كوردی وه‌ریگێڕابوو ئه‌وجا به‌هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانییه‌وه، له‌دوای خۆیشی چه‌ند توێژه‌رێكی خۆمان نه‌قڵیان كردبوو. ئیدی ئه‌وه بواری وه‌رگێڕان لێگه‌ڕێ كه چی پاشاگه‌ردانییه‌كی تێدایه.
به‌لای منه‌وه گرنگنییه كاكی نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گر و شاعیر و ڕۆماننوس و شانۆنامه‌نوسانه چه‌ند خه‌ڵاتیان پێدراوه یان چه‌ند لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر نووسراوه ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه‌م نه‌خوێندبێته‌وه‌و نه‌چووبێته عه‌قڵمه‌وه، چونكه یه‌كێك له‌و به‌ڕێزانه‌ی كه داوای كرد له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانی بنووسم شانازی به‌وه‌وه ده‌كرد كه چه‌ند نامه‌یه‌كی دكتۆرا‌و ماسته‌ری له‌سه‌ر نووسراوه‌و چه‌ند ڕه‌خنه‌گر باسی داهێنانه‌كانیان كردووه، ئه‌مما كاتێك كه به‌رهه‌مه‌كانیم خوێنده‌وه بۆم ده‌ركه‌وت به‌نیسبه‌ت منه‌وه تورێكی ته‌ڕ ناهێنن.
به‌ر له‌وه‌ی كه بێمه ناوجیهانی ئه‌و داهێنه‌رانی دنیای ئه‌ده‌بیمانه‌وه، هاوڕێیه‌كم هۆشداری ئه‌وه‌ی پێم‌دا كه مادام له بواری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی و ئه‌ده‌بدا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی قسه‌یه‌كم بۆ ووتن هه‌یه، ده‌بێت وه‌كو دنیای سیاسه‌تی كوردی به حه‌زه‌ره‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كه‌سانێكدا بكه‌م و به‌ئاسانی قه‌بوڵی داواكارییه‌كانیان له‌هه‌مبه‌ر نوسینی ڕه‌خنه‌یی له‌سه‌ریان قایل نه‌بم. قسه‌ی ئه‌و براده‌ره‌م كه خۆی شوكور بۆخوا له‌دنیای ئه‌ده‌بی به‌دووره، بوو به بنه‌مای هه‌ڵسوكه‌وتی من له‌گه‌ڵ چه‌ند شاعیر و ڕۆماننوسێكدا، له‌دوای ئه‌وه‌یش له‌میانی ناسینی هه‌ندێك كه‌سدا قسه‌ی هاوڕێیه‌كه‌م له‌واقیعدا بینی، دواجار بڕیارمدا تا پێم ده‌كرێت خۆم له‌زۆر كۆڕ‌و كه‌س و بنكه‌و ڤێستیڤاڵێكی ئه‌ده‌بی به‌دوور بگرم. پاشان باشتر له‌وه تێگه‌یشتم كه‌كاتی خۆی بۆچی (سارته‌ر) له‌ساڵی (1964) له‌پاش ڕاگه‌یاندنی ناوه‌كه‌ی خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی به‌ناوبانگ و جیهانی (نۆبڵ) ی وه‌رنه‌گرت وقه‌تیش حه‌زی له ڕێزلێنان نه‌بوو. هه‌روه‌ها باشتر له‌وه حاڵی بووم كه بۆچی (به‌رنادشۆ) پاره‌ی هه‌مان خه‌ڵاتی وه‌رنه‌گرت و به‌ڕێكخراوه هه‌ژاره‌كانی كۆمه‌ڵی به‌ریتانیای به‌خشی وه‌ك دكتۆر (مارف خه‌زنه‌دار) له هه‌یڤپه‌یڤینه‌كه‌ی له‌ته‌ك (ئازاد عه‌بدولواحید) دا ئاماژه‌ی پێكردووه.
هاوكات باشتر له مه‌غزای وه‌ڵامێكی دكتۆر مارف سه‌باره‌ت خه‌ڵاتكردنی شاعیران و نووسه‌ران تێگه‌یشتم كه تێیدا خه‌ڵاتكردن به‌پێویست نازانێت و پێیوایه هه‌ندێك جار زیانی هه‌یه، چونكه ئه‌و خه‌ڵات و ڕێزلێنانه وه‌ها ده‌كات كه كۆمه‌ڵێك شاعیر و نووسه‌ر و هونه‌روه‌ر كه ژماره‌یان زۆره دڵیان له‌خۆیان دابمێنێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه له‌نێو هه‌موواندا ڕێز له تاكه‌كه‌سێكیان نراوه (1) . به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر پێوه‌ره‌كان پێوه‌ری نا ئه‌ده‌بیبن وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له‌دنیای ئه‌مڕۆی ئه‌ده‌بی كوردی و زۆرێك له ئه‌ده‌بی گه‌لانی دیكه‌دا هه‌یه. به‌تایبه‌تی تریش ئه‌گه‌ر خه‌ڵاتبه‌خش و خه‌ڵات وه‌رگره‌كان نزیكی دنیا گه‌نده‌ڵه‌كه‌ی سیاسه‌تی كوردی بن، یان براده‌ری سه‌رمێز و نادی و به‌رژه‌وه‌ندیخوازبن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌مڕۆ له دنیای ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا ململانێیه‌كی نائه‌ده‌بی و ملشكاندێكی خراپ و پاشقول له‌یه‌كدان و دووڕوویه‌كی قێزه‌ون و ڕق له‌یه‌كدی هه‌ڵگرتنێكی قێزه‌ون هه‌یه. هه‌روه‌ها به‌ناو ڕه‌خنه‌گری وه‌هامان هه‌یه كه مادام فڵان كه‌س خه‌ڵكی سلێمانییه یان خه‌ڵكی هه‌ولێره ئیدی هه‌رچی بنووسێت پێی قووت ناچێت و هه‌ر به‌خراپ باسی ده‌كات، كاكه من براده‌رێك ده‌ناسم ته‌نها به‌بیستنی ناونیشانی به‌رهه‌می تازه‌ی ئه‌دیبێكی سلێمانی وه‌كو بیبسی هه‌ڵچوو، ئه‌دیبه‌كه‌و به‌رهه‌مه‌كه‌یشی به‌ر له خوێندنه‌وه‌ی دایه به‌ر بارانی ڕه‌خنه‌و قسه‌ی قۆڕ.
یان كه‌سی وه‌هامان هه‌یه كه خۆی ڕه‌نخه‌گرێكی ئیحراج كردووه تاوه‌كو شتێك له‌باره‌ی به‌رهه‌مێكییه‌وه بنووسێت، كه‌چی دوای ئه‌وه‌ی كه ڕه‌خنه‌گره‌كه له‌باره‌یه‌وه نووسی بووی هاتبوو بۆلای من و ده‌یگوت تۆیش شتێكی له‌باره‌ی به‌رهه‌مه تازه‌كه‌مه‌وه بڵێ له‌ڕاستیدا فڵان كه‌س شتێكی له‌باره‌یه‌وه نووسیوه به‌دڵم نییه‌و له‌كرۆكی بابه‌ته‌كه دوور كه‌وتووه‌ته‌وه. بۆیه منیش ڕاسته‌وخۆ داوای ئه‌و به‌ڕێزه‌م ڕه‌تكرده‌وه و پێم گوت له‌ئێستادا سه‌رقاڵم و ناتوانم ئه‌و كاره بكه‌م، چونكه ده‌مزانی له‌كن كه‌سێكی دیكه منیش به‌ده‌ردی براده‌ره‌كه‌ی ده‌بات.
هه‌روه‌ها ڕه‌خنه‌گری وه‌ها ده‌ناسم كه كاتی خۆی شاعیرێك ئیحراجی كردووه تاوه‌كو شتێكی له‌باره‌وه بنووسێت، بۆیه ئه‌ویش له‌دڵسافی خۆی توێژینه‌وه‌یه‌كی له‌باره‌ی شیعره‌كانیه‌وه له‌زه‌مه‌نێكدا نووسی بوو، به‌ڵام پاش چه‌ند ساڵێك به‌منی گوت: هه‌ڵه بووم خۆزگه ئه‌و نووسینه‌م له‌باره‌ی ئه‌و (. . . ) ه‌وه نه‌نوسیبا.
ئه‌مانه چه‌ند نموونه‌یه‌كی كه‌مبوون سه‌باره‌ت دنیای پڕ له موجامه‌له‌و خزمخزمێنه و مه‌حسوبیه‌ت و مه‌نووسبیه‌ت و ناوچه‌گه‌ری ئه‌ده‌بیمان، ئیدی مه‌سه‌له‌ی ته‌داخولی سیاسه‌ت و سیاسه‌تمه‌داری گه‌مژه له‌كارو نووسینی ئه‌دیبانمان لێگه‌ڕێ كه به‌پاره‌و بیره‌و داوه‌ت هێڕیان كردوون و وتار‌و ڕاپۆرتی سیاسی وبه‌تی وه‌هایان پێده‌نووسن كه سه‌راپای كه‌سایه‌تی و كه‌رامه‌تیان ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه، هه‌ر ئه‌مه‌یشه وه‌های كردووه كه ئه‌دیبه جدییه‌كانمان خۆیان له ئه‌و ئه‌دیبه ده‌ربارانه‌و كۆڕ‌و ڤێستیڤاڵ و بنكه‌و كۆبوونه‌وه‌كانیان به‌دوور بگرن كه هه‌میشه له‌ناوی نادی و له‌به‌رده‌ركی به‌رپرسه نه‌خوێنده‌واره‌كاندا كه‌وتوون و چاویان له‌لوتف و به‌خشنده‌یی ئه‌وانه.
ماوه‌ته‌وه بڵێم: له‌مه‌ولا پێویسته كه به‌ئه‌ندازه‌ی قسه‌كردنمان له‌سه‌ر واقیعی سیاسی قسه له‌سه‌ر واقیعی ناشیرینی ئه‌ده‌بیمان بكه‌ین، ده‌نا ده‌بێت هه‌ر له ئێستاوه فاتیحه بۆ ئایینده‌ی ئه‌ده‌بی كوردی بخوێنین.
سه‌رچاوه:
1_ د. مارف خه‌زنه‌دار ئه‌زموونێكی تایبه‌تی له ڕۆژگارێكی نووسیندا، هه‌ڤپه‌یڤین: ئازاد عه‌بدولواحید، لا 72.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
