ئەگەر پارتى بەقسەى گۆڕان بکات . . . سیروان محمد گەنجانى

سەردانى نەوشیروان مستەفاى ڕێکخەرى گشتى بزووتنەوەى گۆڕان بۆ پیرمام، هەردووکۆبونەوەکەى لەگەڵ مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى و نێچیرفان بارزانى جێگرى ڕاسپێردراوى ئەو حیزبە بۆ پێک هێنانى حکومەتى کابینەى هەشت؛ درێژکراوەى هەمان ڕیتم و حەزو دیدگاى بزووتنەوەى گۆڕانە بۆ چۆنیەتى دروستکردنى حکومەتى نوێ، پێداگریەکى پراکتیەکیە بۆ هەموو ئەو ویست و ئارەزوو و خولیایانەى ئەم حیزبە نوێیە خەونى پێوە دەبینێت، حکومەتێکى مەتڵەب بنکە فراوان، حکومەتێک ئەوەى دەوترێتەوە جێگەى ئەوو هەموو حیزبەکانى دیکە بەتایبەتى ئۆپۆزسیۆنى تێدا ببێتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا حکومەتێک پێگەو قورسایى گەورە بدات بە گۆڕان، سەنگێکى وابدات بە گۆڕان جەماوەرەکەى هێندە خەنى بکات بتوانێت ئەگەر تا هەڵبژاردنەکانى ئایندە بازى گەورەتریش نەهاوێت لانى کەم ئەم قورساییەى ئێستاى بۆ بهێڵێتەوەو کەمێکى دیکەش لە دەنگەکانى یەکێتى ببات.

بە گۆتەى هەڵسوڕاوێکى بزووتنەوەى گۆڕان ئەم سەردانەى نەوشیروان مستەفا سەبارەت بە پێک هێنانى دەسەڵاتى دادوەرى و حکومەت و پەرلەمان و کێشە سیاسى و دەستوریەکانبووە، هەربەقسەى دەرباز محەمەدى هەڵسوڕاوى بزووتنەوەى گۆڕان بۆ ژمارەى سێ شەممەى26-11 ى رۆژنامەى هاوڵاتى لەبەر ئەوەى بزووتنەوەى گۆڕان هێزێکى سیاسى و ئایندەدار و تۆکمەو کاریگەرە؛ پارتى ناچارە حسابى بۆبکات.

حاڵى حازر گۆڕان لە نەشئەى دەرەنجامەکانى خۆیى و کەم بوونەوەى کورسیەکانى یەکێتى نیشتمانیدایە، پارتى دیموکراتیش تا ئەم سەر وەختە سەربارى ئارامى بەدەست هێنانى ئەو ئەنجامە بەرچاوەى خۆى؛ لە مانۆڕى چنینى توانا و موراوەغەى بەرگرتنە لە کاردانەوەى ئەنجامى هەرسێ لیستەکەى ئۆپۆزسیۆن و بەتایبەتيتر بزووتنەوەى گۆڕان.

ئەگەر وابێت و ئەو گفتوگۆو باسانەى کە لە دانیشتنەکان و سەردانەکانى سەرکردایەتى پارتى و گۆڕان بۆ لاى یەکتر قسەى لەسەر دەکەن-لایەنى کەم تاهەنوکە و جەختى لەسەر دەکەنەوە -پەیڤین و قسەى جدى بن یانى هەرێمى کوردستان لە قۆناغێکەوە پەڕیوەتەوە بۆ قۆناغێکى دیکە، لە سوڕى حیزبێکى دیارى کراو سالارى یەوە دەچەرخێت بۆ بەشداربونێکى هەمە لایەنەى فرە حیزبى، واتە ئیدى شتێکى نادیارى سیاسى و ئەو دیو دەرگا داخراوەکان و بڕیار گەلێکى دەرچوو لە لایەن تەنیا حیزبێکەوە نامێنێت، هەروەها کەرتى ئابوورى و بەتایبەت بڕبڕەى پشتى ناڕونى ئابوورى هەرێمى کوردستان کە بوارى نەوتە بەتەنیا لە دەستى پارتى دا نامێنێت و هەموولایەک بەتایبەتى بزووتنەوەى گۆڕانیش ئاگاى لە چۆنیەتى و قسەى لەسەر گرێبەست و پلانى لەسەر چۆنیەتى و سەرپەرشتیکردنى لە داهاتەکەیدا دەبێت.

ئەگەر هەربەڕاست پارتى بەقسەو دیدو ڕوانینى گۆڕان بکات و ئەو کارنامانەى ئەو هەیەتى ببێتە جێگەى ڕەزامەندى و تەنانەت ئەگەر بەڕێژەییش کارى پێبکرێت واتە تا هەڵبژاردنى داهاتوو هەرگیز پارتى دیموکرات ناتوانێت هەمان ئەو پارتیەى ئیستا بێت کە خۆى بە برا گەورەو حیزبى یەکەم دەزانێت.

ئەو بژاردانەى لەبەردەم پارتى دیموکرات دایە یان خاڵ خستنە سەر پیتى ئەم گفتوگۆو باسانەیە لەگەڵ بزووتنەوەى گۆڕان تاوتوى دەکات و ماڵئاوایى کردنە لە کەڵکەڵەى گەورەیى و سەردارى، ئەمە یەک و ئەگەرنا یان درێژەدانە بە مژین و چنینى کاردانەوەى ئەنجامەکانى هەڵبژاردن و دواجار سەربارى گوێ خەواندن لە هەموو پەرچە کردارە کاتیەکان و سەد کردنى هەرچى کەلێنى ئەگەرە نەخوزاراوەکان و پێک هێنانى حکومەتێکى شەراکەتى یە لەگەڵ یەکێتى نیشتمانى دا، حکومەتێکى هاوبەشى تۆکمەى وەها کە تەنیا ستراتیژیەت و سەنگى هێزو ئابوورى بخوێنێتەوەو ژمارەى کورسى و دواین ئەنجامى هەڵبژاردنەکان لەبەر چاو نەگرێت، ئەم بژارەى دواینشیان چەندە گریمانەى نەرێنى بەدواى خۆیدا دەهێنێت ئەگەر باش مەیسەرنەکرا ئەوەندەش چاوەڕوانى ئەرێنى لێ دەکرێت.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.