مامجەلال ... ئاوات عەبدول

پێدەچێت بۆ هەموو لايەك، پارتی و یەکێتی، دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن، کورد و عەرەب، شیعە و سوننە، مامجەلالێکی بێهۆش، باشتر بێت لە مامجەلالێکی مردوو، يان مامجەلالێکی زیندوو.

ئەوە دە مانگە مامجەلال نەخۆشە، هەندێک قۆشمە دەڵێن، ئەگەر ئافرەتێک ئەو وەختە سکيشی بکردایە، ئێستا منداڵەکەی ببوو.

دەمێک بوو مامجەلال نەیدەتوانی وەك ساڵانی پێشتری، بڕیار بدات، بەشێکی لەبەرئەوەی بەر شەوارەی پۆستی فەخامەتی سەرۆککۆمار کەوتبوو، و چەشەی پارە ببوو، بەشێکی تری بە حوكمی تەمەنەکەی.

ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی بانگەشەکانی دانانی کەسێک لە جیاتی مامجەلال وەك سکرتێر، و کەسێک وەك سەرۆککۆمار، هێندە شەرمنانەیە؟ پۆستیی سەرۆککۆمار کە بۆ کورد هێندە گرنگە و لە مێژووی نزيكدا ڕووی نەداوە، بۆچیی ئەو هەموو ماوەیە بە چۆڵیی هێڵرایەوە؟

ڕەنگە لەبەر ئەوەی بێت کە هەمووان مامجەلالێکی بێهۆشيان خۆشر بوێت لە مامجەلالێکی مردوو، يان زيندوو.

شیعە دەسەڵاتدارەکان دەنگیان لێوە نایەت سەبارەت بە چۆڵیی کورسییەکەی تاڵەبانی، چونکە نەوەك هەر زيانی بۆيان نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنی جێگەگرتنەوە بۆ کورسییەکەی مامجەلال زێدە سەرئێشە بۆ حکومەتە پان شیعەکەيان دروست دەکات کە سەرەتای هەیە و کۆتایی نییە، هەروەها لە سیاسەتی گلەیی و تۆرانی مامجەلالیش نەجاتيان بووە.

سەرکردەکانی یەکێتيش بێدەنگن، ڕاستییەکەی ئەمان بەشێکی ترسە و بەشەکەی تری دەردەکورد. مامجەلال وەك ستالینۆکەیەك مامەڵەی لەگەڵ سەرکردەکانی يانونکاف دەکرد، وەهای جەڕاندون، تا دوای مردنيشی ڕەنگە کەسيان متەقيان لێوە نەیەت. هەروەها، هيچ سەرکردەیەكی يانونکاف پێی وا نییە کە بەرامبەرەکەی لە سەرکردایەتیی هێندە شەريف بێت کە شایستەی ئەوە بێت بەیعەتی بۆ بکەن بۆ سکرتێریی، يان بۆ سەرۆککۆماریی.

مامجەلال تەمەنی هەشتا ساڵە و چەند جارێک جەڵتە لێی داوە، زێدە قەڵەو و ماندوو و شەکەت بووە، ئەوەی پێی وایە مامجەلال دەتوانێت جارێکی تر کارەکانی بە باشیی بەڕێوە ببات وەك سەرۆکی عێراق و وەك سکرتێری گشتیی يەکێتی، يان گێلە، يان تاوانکار. .

خێزانی مامجەلاليش بێدەنگن، مادەم ڕووباری پارە و نەسرییەی سەرۆکایەتیی، سەرەڕای پارەی کۆمپانياکان و نەوت و داهاتی گمرک، دەڕژێتە دەریای قاسەی خانەوادەکەوە.

پارتی دیمۆکراتيش بێدەنگە، ئاخر يانونکاف ئیتر هێندە لاواز بووە، جارێکی تر ببڕای ببڕ هەڕەشە نابێت لەسەر پدك.

هەندێک کەس بە بيانوی ئەخلاقيات بابەتی دەستنيشانکردنی جێگرەوەیان بۆ مامجەلال رەفز دەکرد.

سەیرە، موخەزرەمێکی وەك رێبین هەردیيش، لە شانسی سەوزی مامجەلالدا، لێمان ببوو بە گوایە ئەخلاقیست، و باسی ئەخلاقییاتی بۆ دەکردین کاتێک باسوخواسی جێگرتنەوەی مامجەلال لە سکرتێری و لە سەرکۆماریی دەهاتە گۆڕێ، گوایە جوان نییە لە کاتێکدا مامجەلال بە ڕۆح زیندووە، باسی جێگرەوەی بکرێت.

ڕاستییەکەی لوتکەی بێ ئەخلاقی ئەوەیانە کە تا ئێستا جێگرەوەیەكی کورد بۆ سەرۆک کۆمار دانەنراوە. دەبوایە لە مانگەکانی یەکەمی نەخۆشکەوتنی مامجەلالەوە جێگرەوەیەكی کورد لە يانونکاف بۆ مامجەلال دابنرایە و هەوڵبدرایە لەگەڵ شیعە و سوننە بسەپێنرێت و متمانەی پێبدرێت.

مامجەلالی سکرتێری يانونکاف و سەرۆککۆماری عێراق ڕەنگە هێشتا بە ڕۆح زیندوو بێت، بەڵام جێی داخە زۆر دەمێکە مامجەلالە شۆڕشگێڕەکە گيانی سپاردووە.

 مخابن ئەو کوڕە چواردەساڵەی لە نزيك سکەی قەتارەکەی کەرکوک لەگەڵ جەمال نەبەز دادەنيشت و باسی کوردایەتیی دەکرد، لە دوایین ساڵەکانی تەمەنییدا بوو بە ديکتاتۆر. بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار، ئامادە بوو هەموو بەهايەك ژێر پێ بنێت، و ڕاستییەکەی ژێر پێی نا.

 ئەو کەسەی باشووری کوردستانی بۆ سوپای تورکيا دەکرد بە گۆڕستان، حەيف، کاتێک قوونی لەسەر کورسیی دەسەڵات دانا، وەك هەر دیکتاتۆرێکی تر، دوای خۆی جێگرەوەیەك يان ئالییەتێکی دياریکردنی جێگرەوەیەكی بەجێ نەهێشت، درێغ ئاییندەی گەلەکەی خۆی و حزبەکەی خۆی دا بە دەم ڕەشەباوە.

خۆبەستنەوەی سەرکردەکانی يانونکاف بە پەيڕەوی ناوخۆوە بۆ دانانی سکرتێرێکی نوێ، درۆیەکە تاکی نییە. هەمووان دەزانين پەيڕەوی يانونکاف دەمێکە پێش سکرتێرەکەی مردووە، ئەسڵەن بە مردوویی لە دايك بووە.

ئاوێتەیەك لە ترس لە خانوادە و جەنابی مامجەلال، ڕووباری پارەی گەندەڵی، و ئەو حەقیقەتەی کە هيچ سەرکردەیەك، سەرکردەیەکی تر بە هێندە شەريف نازانێت کە شایستەی ئەو دوو پۆستەی مامجەلال بێت، بریتین لەو سێ هۆیەی کە بۆچی سەرکردەکانی يانونکاف بێدەنگن لە دانانی جێگرەوەيەک بۆ سکرتێرەکەيان. . . ئەو سکرتێرەی کە تا دوایین جەڵتە لێی دا، قوون لە جەماوەرەکەی و ڕوو لە بنەماڵەی بەڕێزی بارزانی و سەرکردە شیعە و سوننەکان، دەست بە سنگەوە ڕادەوەستا، چونکە وايدەزانی ئەمان، نەوەك جەماوەرەکەی، کردوویانە بە سەرۆکی عێراق. .

دەمێکە دەبوایە يانونکاف کەسێک دەستينشان بکات بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، پێش ئەوەی ئەو حەقيقەتە ئاشکرا ببێت کە لە سەدا حەڤدەی خەڵکی کوردستان دەنگ بە حزبەکەيان دەدات.

ئەمڕۆ ڕەنگە ئۆپۆزیسیۆن ڕازی بن کورسیی سەرۆک کۆمار بدرێت بە يانونکاف، بەڵام سبەی وەك پۆستی پارێزگاری سلێمانیی سەیری دەکەن، و يانونکاف دەخەنە کونەوە بۆی.


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.