ئەگەر جۆرێک لە کودەتا خستنى دەسەڵاتێکى بەرقەرار بوبێت لەلایەن هێزەکانى دژە دەسەڵاتەوە، ئەوا جۆرێکى دیکەى پێچەوانەش هەیە؛ ئەو کاتەى دەسەڵات بۆ حەولى مانەوەى ڕەوایەتى خۆى سنوور بۆ دژەکانى دادەنێت، ئەو دژانەى گەرچى زمانى قسەکردن وەلا نانێن بەڵام گوێى بیستنیان نیە.
کودەتاى دەسەڵاتێکى خاوەن ماف و ڕەوایەتى کاتێکە ئەگەر ڕەوش و سەقامگیرى کەوتە بەر مەترسى لێکترازان و هەڵوەشانەوە، ئەوکاتەى زمانى گفتوگۆ و خوێندنەوەو مەدەنیانە حسابى بۆ نەکراو تەنیا مەسەلەکە بویە هوتاف و لێڵکردن و بێ سەرەو بەرەیى و بەرەو زبرى ڕۆشتن و مەترسى خستنەوە بۆ خەڵک و سومعەى وڵات، هەموو جۆرەکانى کودەتاو هەموو پاڵنەرەکانى ئەنجامدانى کودەتا ناڕەواو ناپەسەندنین، بەڵکو زۆرجاران بۆ پاراستنى ئاشتى و سەقامگیرى و کۆتایى هێنان بە ژاوەژاوى تێکدان وئاشوب تەنانەت دەگاتە پلەى زەرورەتیش، ئەوە کاتێکە هەموو پێوەر و ئەرزشێک نەخوێندرایەوەو بیانو لەدواى بیانوو، سیخورمەو بێدارکردنەوە ترازاو گەیشتە دیوى هەوڵى مل شکان و پاکتاوکردن و سڕینەوە.
گەرچى بەگشتى زاراوەى کودەتا-ئینقلاب- وەکو مۆتەکەو نامۆیەکى ناڕەوا ناسراوە، بەڵام لەڕاستیدا ئەو بینین و بەرچاوکەوتنەى بەو شێوەیە تەنیا جۆرێکە لە خراپ بەکار هێنانى کودەتا، هۆکار ئەوەیە زیاتر وەکو هەڵگەڕانەوە لەشەرعیەت و لادانى ڕەوایەتى و لەبرى ئەو هێنانەجێى ناڕەوایەتی بووە، ئەمە لە کاتێکدایە کودەتاى خراپ و ناڕەوا تەنیا جۆرێکە لەچەندین جۆرى دیکەى کودەتا کە ئەوانى دیکەیان لە نێوان گونجا و و پەسەندو پێویستدا دەبینرێنەوە، کاتێک پرەنسیپەکانى دیموکراسیەت و مەدەنیەت خرانە مەترسیەوەو پێشێل کران بێگومان پێویستە بە ڕێگەى یەکلایى کردنەوە خەم و هەوڵى زیندوو ڕاگرتنیان بدرێت.
بەشێوەیەکى گشتى سێ جۆر کودەتا هەن، یەکێکیان کودەتاى نەرم-لە ناو عەرەبدا ئینقیلابى ناعیم-ى پێ دەگوترێت، جۆرى دووەم کودەتاى سپى، دواین جۆرو ئەو جۆرەى زیاتر ناسراوە ناشیرن سەداى داوەتەوە بریتى یە لە کودەتاى سەربازى.
کودەتاى نەرم و سپى هەردووکیان بەگشتى و زۆرجاران کە لەوڵاتێکدا ڕویدابێت ئەوەندەى لە خزمەتى بەرژەوەندى باڵاى هاووڵاتیان و ئاشتى و ئارامیدا بووە کەم ڕویداوە پێچەوانەبوبێت و بوبێتە هۆى لەبار بردنى سەقامگیرى. . .
هەمیشە وابووە ئەگەر دەسەڵاتێکى خاوەن پێگەو ئەحەقیەت لە قۆناغى هەلى کودەتاى نەرم و سپیدا خۆى یەکلایى نەکردبێتەوەو خۆى نەپاراستبێت بەدڵنیاییەوە بەرامبەرەکەى بە کودەتاى سەربازى و ڕشتنى خوێن بۆى هاتوونەتە دەست. . .
سیروان محمد گەنجانى
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
