دێموکراسی که له چوار چێوه‌ی وشه‌دا خه‌ڵک و حکومه‌ت گرێدراوی یه‌کتری ده‌کات، په‌یوه‌ندی نێوان خه‌ڵک و حکومه‌ت چۆن پێکده‌هێنێ و مافه‌کانی خه‌ڵک له گۆمه‌ڵگادا چۆن ده‌چه‌سپێنێ و مانا گشتییه‌که‌ی خۆی چۆن ده‌گه‌یه‌نێت؟
خه‌ڵک و حکومه‌ت پێکهاته‌ی واژه‌ی دێموکراسینه و له شرۆڤه‌ی سیاسیش‌دا، دێموکراسی به حکومه‌تی خه‌ڵک به سه‌ر خۆیدا تاریف کراوه. به‌ڵام ئه‌و شێوه حکومه‌ته(حکومه‌تی خه‌ڵکی) چۆن به‌دی دێت و به‌ڕێوه‌ش ده‌چێت؟ له هه‌ر سه‌رده‌مێکدا به‌شێوه‌یه‌ک لێکدانه‌وه له سه‌ر ئه‌و بابه‌ته کراوه و له چوار چێوه‌ی عه‌قڵییه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندییه جیاوازه‌کاندا ڕاڤه‌ی له سه‌ر کراوه. سه‌ره‌ڕای گشت ئه‌و وڵاتانه‌ی که هه‌ڵبژاردن تێیاندا به‌ڕێوه ده‌چێت و به مافی ده‌نگدان کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له حکومه‌تداریدا شه‌ریک و به‌شدار ده‌که‌ن، ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆره‌کانیش له گوتاریاندا به ناوی خه‌ڵک و نیشتمان حوکم ده‌گێرن و ته‌نیا به ڕێگای به‌کارهێنانی وشه‌ی "خه‌ڵک"، خۆیان به حکومه‌تی خه‌ڵکی ده‌ناسێنن. به‌ڵام چون خه‌ڵک له ڕیفڕاندۆمهکاندا مافی به‌شداری کردنیان پێده‌درێت، یان چون وشه‌ی خه‌ڵک له زاری ده‌سه‌ڵاتداراندا دێته‌ده‌ره‌وه، ده‌تواندرێ بگوترێ که حکومه‌ت دێموکراتیکه؟
ئه‌گه‌ر چی چه‌مکی دێموکراسی له‌دایکبووی عه‌قڵییه‌تی سه‌رده‌می کۆنه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ گه‌شه‌سه‌ندنی شعووری مرۆڤ گه‌لێک گونجاوتر بیری لێکراوه‌ته‌وه و ریفۆرم له به‌کارهێنانیدا کراوه. ئایینێکان، کۆمۆنیسته‌کان، لیبراله‌کان، . . . به شێوه‌ی جیاواز له یه‌کتری لێکدانه‌وه‌یان له‌سه‌ر دێموکراسی هه‌یه و به‌و پێیه‌ش سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتداره‌تییان تایبه‌تمه‌ندییه‌تی خۆیانی هه‌یه. هه‌نووکه له زۆربه‌ی وڵاتانی دونیادا پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه ده‌چێت و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له چوارچێوه‌ی سیسته‌مه جیاوازه‌کاندا مافی ده‌نگدانیان پێده‌به‌خشرێت. ئه‌گه‌رچی یه‌کێک له بنه‌ماکانی دێموکراسی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه، به‌ڵام ته‌نیا به‌خشینی مافی ده‌نگدان به کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک هیچ به‌و مانایه نییه که حکومه‌ت ته‌واو دێموکراتیکه و ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵک ده‌سته‌به‌ر ده‌کات. هه‌ر چه‌نده‌ش که پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له وڵاتاندا به‌ڕێوه بچێت، به‌ڵام ئه‌وه ده‌ستووری وڵاته که چه‌ندی و چلۆنایه‌تی ماف و ئازادییه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک دیاری ده‌کات و حوکمی له‌سه‌ر ده‌دات.
کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له دیاریکردنی ده‌ستووری وڵات‌دا چه‌نده کاریگه‌رن و ئه‌و ده‌ستووره‌ش چه‌نده ماف و ئازادییه‌کان ده‌پارێزێت؟ بێگومان هه‌ر وڵاتێک فه‌رهه‌نگ و بیروبۆچوون و کولتور و دابونه‌ریتگه‌لێک تێیدا جێیان گرتووه که مێژوویه‌کی دوور و درێژیان پێک هێناوه و بوونه‌ته ڕێچکهیهکیش بۆ سه‌رچاوه‌ی عه‌قڵییه‌ت. دێموکراسی که به حکومه‌تی خه‌ڵک به‌سه‌ر خۆیدا ناوزه‌د کراوه و به ڕێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ش ده‌ست پێده‌کات، بێگومان له وڵاتانی دواکه‌وتووی وه‌ک ئه‌فغانستان و پاکستان و. . . ، ناتوانێ به‌رهه‌می وه‌ک وڵاتانی پێشکه‌وتووی سۆئێد و نۆروێژ و. . . بێنێته ئاراوه. کولتور و داب و نه‌ریته داخراوه‌کان زۆر به زه‌حمه‌ت واز له کۆنگهرایی ده‌هێنن و هه‌نگاو به‌ره‌و پێشکه‌وتن ده‌هاوێژن. هه‌ر بۆیه هیچ جێگای دڵخۆشیش نییه که ئه‌گه‌ر له وڵاتانی دواکه‌وتوودا، دیاری کردنی ده‌سه‌ڵات و سه‌رجه‌م بابه‌تی په‌یوه‌ندار به ڕیفراندۆمه‌کان له لایه‌ن کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکه‌وه به‌ڕێوه بچێت و بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت. دێموکراسی که به پێچه‌وانه‌ی سیسته‌می مۆناڕشیستهکان خه‌ڵک مه‌زنی دێنێته گۆڕێ، به‌ڵام به دوو هۆی سه‌ره‌کییه‌وه ناتوانێ مانا گشتییه‌که‌ی خۆی بگه‌یه‌نێت و پاڕادۆکسی پێده‌کرێت: 1-عه‌قڵییه‌تی دیکتاتۆرانه 2-هه‌لۆمه‌رجی دیکتاتۆرانه
له کاتێکدا بیروڕای گشتی دڵیان به به‌هاری عه‌ره‌بی خۆش کردبوو، به کۆتایی ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆرییه‌ت و سه‌ره‌تای دێموکراسیان ده‌زانی، به‌ڵام دیتمان که به هۆی دواکه‌وتوویی عه‌قڵییه‌تی زۆرینه‌یه‌کی خه‌ڵکه‌وه دێموکراسی پارادۆکسی پێکراو دیکتاتۆرییه‌تی ئایینی لێی که‌وته‌وه! ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆرانه‌ی ئایینی که بێجگه له خۆی هیچ لایه‌نێکی دیکه به ڕه‌وا نازانێ و زۆر به توندوتیژی حوکمه‌کانی ده‌سه‌پێنێ، نه‌ته‌نیا هیچ پێشکه‌وتنێکی لێ چاوه‌ڕوان ناکرێ، به‌ڵکو ڕگرسیڤانه کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و دواهش ده‌گێرێته‌وه. له چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆرییه‌تی ئایینی‌دا دێموکراسی بێمانایه و نه‌ته‌نیا خه‌ڵک له دیاری کردنی چاره‌نووسیاندا زۆر بێده‌سه‌ڵاتن، به‌ڵکو ماف و ئازادییه‌کانیش سنووردار ده‌بن.
ئایین که به په‌یامی خودا(الله) بۆ مرۆڤ داده‌ندرێ و چوارچێوه‌یه‌کی دیاری کراوه بۆ ژیان و یاساکانیشی نه‌گۆڕه، ئه‌و مافه به مرۆڤ ڕه‌وا نابینێ که گومان له کار و په‌یامی خوداکه‌یدا بکات و له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ئاییندا زۆر دێموکراتیکانه و به‌بیری ئازاده‌وه، بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆیدا بدات! له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه دێموکراسیش به‌و مانایه نییه که دیکتاتۆرییه‌ت بێنێته ئاراوه و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له دیاری کردنی چاره‌نووسیاندا بێ کاریگه‌ر بکات. ئه‌گه‌ر چی دێموکراسی سیسته‌مێکی تایبه‌ت نییه و ته‌نیا هه‌لومه‌رجێکی ئازادانه ده‌خولقێنێ و بیروبهیان سه‌ربه‌ست و ده‌رگا داخراوه‌کان به‌ڕووی گۆڕانکارییه‌کان کراوه ده‌کات، به‌ڵام عه‌قڵییه‌تی ئایینی و به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه‌یه که دێموکراسی ده‌مرێنێت و سیسته‌می توتالیتێر و دیکتاتۆرانه ده‌خولقێنێت و گۆڕانکاری ئاسته‌م و ده‌سه‌ڵاتیش قه‌تیس ده‌کات.
عه‌قڵییه‌تی دیکتاتۆرانه که له ئاکامی بیرته‌سکی و به‌رژه‌وه‌ندی خوازی تایبه‌تی و کۆنهپهرهستییهوه دێته ئاراوه، دێموکراسی له چوارچێوه‌ی خواسته‌کانی خۆیدا به شێوه‌یه‌ک فۆرمالیته ده‌کات تا بتوانێ سه‌رجه‌م نیهاد و پرۆسه دێموکراتیکه‌کان له خزمه‌ت خۆیدا به‌کاریان بێنێت. به‌و پێیه مکانیزمی داڕشتنی دێموکراسی به شێوه‌یه‌ک پڕاگماتیزه ده‌کرێ که هه‌لومه‌رجێکی دیکتاتۆرانه له دایک ده‌بێ و دێموکراسی هیچ به‌هایه‌کی نامێنێ و به لاڕێدا ده‌چێت و ته‌نیا ده‌بێته نه‌مایشێکی سیاسی و دیماگۆجیانه هۆی شهرحییهت به‌خشین.
ئه‌گه‌ر مێژووی دێموکراسی له‌به‌ر چاو بگرین و له سه‌رده‌می نوێشدا ههلیسهنگێنین، ده‌رکی ئه‌و ڕاستییه ده‌توانین بکه‌ین که دێموکراسی(حکومه‌تی خه‌ڵکی) به‌ته‌نیا بێمانایه و له چوارچێوه‌ی هه‌ڵبژاردندا ده‌مێنێته‌وه و. . . ! هه‌ر بۆیه پێویسته چاو له ده‌وڵه‌مه‌ندترین و سه‌رکه‌وتوو ترینی دێموکراسی(سوسیال دێموکراسی) بکه‌ین که له دونیای ئه‌مرۆدا بوونی هه‌یه و نه‌ته‌نیا زۆربه‌ی مافه‌کانی خه‌ڵک تێیدا ده‌سته‌به‌ر کراوه، به‌ڵکو خه‌ڵک و حکومه‌تی له‌یه‌کتری گرێداوه و هه‌لومه‌رجێکی ئه‌وتۆی پێک هێناوه که زۆر به سانایی ده‌تواندرێ گۆڕانکاری له یاسا و ده‌سه‌ڵاتداراندا بێته گۆڕێ. ئه‌گه‌ر چی ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌ته زلهێزه ئابوورییه‌کان(ئیمپریالیسته‌کان) به هۆی دوو چه‌کی جیوپۆلیتیکه‌وه(هێزی ئابووری و نیزامی) له گۆڕه‌پانی سیاسی دونیادا دێموکراسییهکهیانی به‌ناوبانگتر کردووه، به‌ڵام ئه‌وه ڕوون و ئاشکرایه که پێوانه‌ی دێموکراسی له ڕوانگه‌ی ئیمپریالیسته‌کانه‌وه بازاری ئازاد بۆ چه‌وساندنه‌وه‌یه و ده‌گینا هیچ به‌هایه‌ک بۆ ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵکی داناندرێ و هه‌ر وه‌ک لای خۆشیان که ئۆلیگارشی ماڵی له جێگای زۆرینه‌ی خه‌ڵکیانه‌وه بڕیار ده‌دات، له سیاسه‌تی نێو دهوڵهتیشیاندا به پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان ده‌جووڵێنه‌وه و هه‌موو لایه‌کیش ده‌بێ گونجاو بن، ده‌گینا. . . !
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
