
هەڵبژاردن یەکێکە لە کەناڵە هەرە گرنگەکانی دەستاودەستکردنی دەسەڵات بە شێوەیەکی شارستانییانە و ئاشتیانە، کێبڕکێی هەڵبژاردن لە نێوان پارتی جیاواز و کاندیدەکانیان بۆ بردنەوەی زۆرینەی دەنگەکان بەڕێوەدەچێت، دیارە بانگەشەی هەڵبژاردن ماوەیەکی دیاریکراوی بۆ دادەنرێت و قەوارە سیاسیەکان دەبێت لەو ماوەیەدا ئامانج و پرۆژەکانیان بۆ دەنگدەران بڵاوبکەنەوە و لەهەمانکاتیش بتوانن هێزە بەرهەڵستکارەکانیان لاوازبکەن بەڕەخنەگرتن و بەپێشاندانی کەموکورتیەکانیان، ئەم کارەش بەپێی بەرنامەیەکی تایبەت دەبێت و لایەنەکان لە ڕێگەی کۆبونەوەی جەماوەری و پۆستەر و وێنە هەڵواسین و کەنالەکانی میدیا هەوڵدەدەن پەیام و بەڵێنەکانیان بۆ دوای هەڵبژاردن بە باشترین شێوە بڵاوبکەنەوە
یەکێک لە مێتۆدەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن وتاری سەرکردەکانە، لێ بە پێچەوانەی زۆربەی وڵاتانی دیکە، لە هەرێمی کوردستان زۆر سست و ساردە و بەهەند وەرنەگیراوە، لەم هەڵبژاردنەی ئەمجارە ئەگەرچی پارتی و یەکێتی بەجیا دابەزیون بەڵام سەرەڕای ئەمەش کێبڕکێی سەرەکیی ئەمجارە دیسان لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دەبێ وەک جاری پێشوو، واتە لەسەر ئاستی سەرکردەش لە نێوان بارزانی و نۆشیروان مستەفا دەبێت ئەگەرچی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیش ناکرێ بەڵام ئەوان دەموچاوی هەردو بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنن و توانا شەخسیەکانیان کاریگەری دەبێ لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، بەتایبەتیش لەبەرئەوەی مام جەلال بەهۆی باری تەندروستیەوە ناتوانێ بەشداری ململانێکان بکات، ئێستا دەسەڵات لە پێگەیەکی بەرگریکردنە و کار بۆمانەوە لە شوێنی خۆی دەکات، هەرچی ئۆپۆزسیۆنە هەوڵ بۆ گۆڕینی نەخشەی سیاسی دەدات و خۆی بۆ وەرگرتنی دەسەڵات ئامادەکردوە، لێرەدا تواناکانی نۆشیروان مستەفا وەک سەرکردەیەکی نیشتمانی بەئەزمون و ڕێبەری بەرەی ئۆپۆزسیۆن وەک وتاربێژێکی لێهاتوو، ئەگەر سەرکەوتوبێ، گرنگییەکی یەکجار سەرەکی دەبێت، ئەوەی سەرنج بداتە وتاری سەرکردەکان لە کوردستان بەبەراورد لەگەڵ وتاری سەرکردەی وڵاتانی دی وەک باراک ئۆباما و حەسەن نەسڕوڵلا و ئەردۆغان بە نمونە، بۆی دەردەکەوێ کە تا ئێستا وتاربێژێکی بەهێز لە کوردستان هەڵنەکەوتوە و لەکاتی بیستن و ئامادەبونی وتارەکانیان هەست بەهیچ گڕوتینێک ناکەیت، بەڵکو لەبری وتاری ئیقناعکەر و کاریگەر، بە چاویلکەوە دەستدەکەن بە خوێندنەوەیەکی ئاسایی پەیامەکانیان کە زۆرجار لە کاغەزێک لەبەردەمیان نوسراوە، ڕەنگە جاروبار هەندێ سەرکردە جۆرێک لەم تایبەتمەندیە کاریزماییانەیان تێدابێ و بە شێوەیەکی سروشتی ڕەوانبێژبن، بەڵام لە ڕاستیدا ڕێتۆریك یان ڕەوانبێژی بەشێکە لە سیاسەت و جۆرێکە لە هونەری ئاخافتن کە دەکرێت مرۆڤ بەتەواوی خۆی فێربکات وەک هەر توانستێکی دیکەی مرۆڤ.
هەربۆیە لەم هەڵمەتەی ئێستای هەڵبژاردن کە بەگەرمی دەستی پێکردوە، هەلێکی باش و لە هەمانکاتیشدا ئەرکێکی شەخسی قورس دەکەوێتە سەرشانی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان گەر بیەوێت هاوکێشەی سیاسی بگۆڕێت لە هەرێم، ئەویش بە گەڕان لە شار و دەڤەرەکانی کوردستان و بە جۆشدانی جەماوەری دەنگدەر بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و جیاواز لەوەی ئێستا.
هەموو بابەت و پەیامێک دەکرێت بە شێوەیەکی ئاسایی بخوێنرێتەوە و دەشکرێت بە حەماسەوە دەرببڕدرێت بەبەکارهێنانی زمانێکی تایبەت وەک بەکارهێنانی وێنەی مێتافۆر و دوبارەکردنەوەی دروشمە گرنگەکان بە دەنگێکی زاڵ کە بتوانێ سەرنجی جەماوەر بۆ خۆی ڕابکێشێ و پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ بکات و بتوانێ هیوا ببەخشێت بە خەونەکانیان، پەیام و وتارەکان دەبێ زۆر بەوردی دابڕێژرێن و هیچ وشەیەک لەخۆڕا بەگوێی جەماوەردا نەکرێت و زمانی جەستە و جولەی دەستەکانیش کاریگەری خۆی دەبێ لەسەر جەماوەر، هەروەها دەبێ لەبری بەکارهێنانی بێژەری بریقەداری وەک ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوو کە ئێستا سەنگەری گواستۆتەوە، نۆشیروان مستەفا خۆی ڕۆڵی ئەم بێژەرە بگێڕێت، گرنگیی نۆشیروان مستەفا لەناو خەڵک لەم هەڵمەتەدا ڕەنگە زۆر لە گرنگیی کەناڵی کەی ئێن ئێن و وێنە و پۆستەرە شینەکان زیاتر بێت بەو مەرجەی بایەخ و بەرنامەیەکی تایبەتی هەبێت بۆ وتارەکانی و بتوانێ سۆزی جەماوەر بۆخۆی بەدەستبێنێ لەڕێگەی پێشکەشکردنی وتاری بەگڕوتین.
یونس حەمەد رەشید
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
