ئەرێ دیسان هەرایە لە مصر، ئەم جارە چی ! ... کارزان صابر

دوای کۆتای پێهێنانی ڕژێمە خۆسەپێنە دەیان ساڵەی دەوڵەتانی عەرەبی و ناوچەکە بەسەر گەلێکی خێر لەخۆنەدیو و چەوساوەی ژێر دەستی هێز، دوای چەکەرەی ئومێدی هاتنەدی ڕای گەلان، دوای کەمێ لەسەر پێ ڕاوەستانی شۆڕشی گەنجان و ئازادی خوازانی ئیڕادە پۆڵاین لە ئاست بەچۆک داهاتنی دیکتاتۆرە فیرعەونیەکان، هیوایەک بەبەر ئەم هەناسانە داهاتەوە کە هەنسکی ئازادی و هەستی خزمەتکردنی وڵات و هۆشی بەرپرسیارێتی وای لێکردبون سنگی ڕوتیان بخەنە بەر گولەی زوڵمی ئەژدیها خۆسەپێنەکانی دەسەڵاتە عەسکەریە دەمامک دارەکان،
بۆیە لەبەر چەشتنی ئەم هەموو نایەکسانی و زوڵم و ناحەقیانەی دەرباریان کرابوو بە درێژایی ژیانیان، ئامادە نەبون شۆڕشەکەیان بکەنە تۆڵەیەک بۆ ئەو دەم و چاوانای سوتەمەنی مانەوەی دکتاتۆرەکانی پێشتر بون، هەر لە ساتە وەختی گرتنە دەستی دەسەڵات بە ڕێگەیەکی ئاشتیانەو دیموکراتیانە بە هەڵبژاردنێکی ئازادانە، پەیمانی ئەوەیان دا کە ڕاست گۆبن لەگەڵ دروشم و پەیامەکانیان. .
بەڵام ئەم هەستە دیموکراتیە ئازا و ئازادە بو بە هەلێک بۆ رژێمە لەناوچوەکان تا لەوێوە بتوانن ئەم فەزا ئازادە بقۆزنەوەو خەرمانی ئومێد ئامێزی گەنجانی شۆرش بکەنە ئەو سەرابەی کە لە دوای خۆگرتنی شۆرش خەونێک بوو لە ئەجێندای هەموو پاشماوەو بەلطەجیەکانی ئەوێو ئێرە . .
بە سود وەرگرتن لە پایە ئەمنی و ئابوری ڕاگەیاندنانەی کە بە درێژای تەمەنی بیست . . سی . . ساڵەیان کاریان بۆ کردبوو هێدی هێدی توانیان بخزنەوە ناو گەمە سیاسی و هاوکێشە دەولەیەکان بە هاوکاری ئەو دەسەلات و سیستەمە خۆسەپێنانەی ترسیان لە شەپۆلی شۆرش هەبوو بۆ سەر ئەوانیش
تا کار گەیی بەوەی لە دەولەتێکی وەک مصر کە شۆرشەکەی بە جۆرێک بو سەرۆکی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە ئاستی بڵی حەق وایە چۆنیەتی شۆڕش و شۆڕشگێرانەی گەنجانی مصر بکەینە وانەیەک لە قوتابخانەکان بە نەوەکانی داهاتومانی بڵێینەوە، ئەو شۆڕشە نزیک ببێتەوە لە هەرەس و سیستەمە خوێنڕێژەکان وەک پیشەیان لەسەر پستی دەبابەو هێز جارێکی تر بگەڕێنەوە بۆ حوکمی استبدادی جارانیان، ئەمەش سەرەتاکانی لەو کاتەوە بە دیار کەوت کە سەرۆکی هەڵبژێردرای گەل لە هەڵبژاردنێکی ئازادانە بە انقلابێکی ڕەش لەسەر کار لاببرێ و وڵات بکەوێتەوە دەست پاشماوە و بەلطەجیەکان، وە دڵنیایشی ئەوکاتە دا کە لە بەرواری ٢٧/٧ لە کارەساتێکی چاوەڕوان کراو هێزە ئەمنیەکانی جاری جاران کەوتنەوە گیانی هاوڵاتیانیان و زیاد لە ١٢٠ کوژراو و نزیکەی ٥٠٠٠ برینداریان خستەوە لە ریزی ئەو خۆپشاندەرانەی کە کفنەکانی دەستیان ئاماژەیەک بو بۆ هەست کردن بە دڵرەقی بەرامبەرەکانیان
بۆیە پیرۆزبایی لە هەموو بەلطەجیەکان و هەوادارانیان دەکەن لێرە و لەوێ بە بۆنەی شکستهێنانی شۆڕشی ئازاو ئازادانەی گەنجان


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر